رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ زیگمۆنت باومان

Facebook
Twitter
LinkedIn

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەڵەن

سازدانی هەڤپەیڤین: ڕیکاردۆ دی کوێڕۆڵ

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

زیگمۆنت باومان لە ساڵی ١٩٢٥ لە پۆڵەندا لەدایک بووە و دواتر دایک و باوکی ڕایان کردووە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، دوای ئەوەی ئەڵمانیا لە ١٩٣٩دا پۆڵەندا داگیر دەکات. باومان لە پیشەکەی وەک مامۆستا دەردەکرێت و لە پارتی کۆمۆنیستیش لەگەڵ هەزاران جوولەکەی تر لە سەروبەندی جەنگی شەش ڕۆژەدا دوور دەخرێتەوە، دواتر ڕوو دەکاتە شانشینی یەکگرتووی بریتانیا و لە زانکۆی لیدس دەگیرسێتەوە کە دواجار وەک پڕۆفیسۆری بواری سۆسیۆلۆژی وانە دەڵێتەوە. بە هۆی کارەکانییەوە چەند خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە لەوانە: خەڵاتی شازادەی ئەستوریاسی ئیسپانی لە ٢٠١٠دا. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ لە لیدز لە بریتانیا کۆچی دوایی دەکات. ئەم چاوپێکەوتنە بەر لە کۆچکردنی لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەنجام دراوە.

زیگمۆنت باومان ئاهەنگی لەدایکبوونی ٩٠ ساڵەی دەگێڕێت و دوو سەفەریش دەکات لە شوێنی نیشتەجێبوونییەوە کە شاری “لیدز”ە لە وڵاتی بریتانیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە چالاکییەک بۆ باکووری ئیسپانیا. ئەو هەست بە ماندووبوون دەکات لەو کاتەی ئێمە دەست بە چاوپێکەوتنەکە دەکەین؛ لەگەڵ ئەوەیشدا دەیەوێت بەهێمنی و بەڕوونی بیرۆکەکانی خۆی دەرببڕێت. وەڵامەکانی کاتیان دەوێت چونکە ئەو ڕقی لە وەڵامی سادە و ساکارە بۆ پرسیاری ئاڵۆز. هەر لەو کاتەوەی کە لە کۆتاییی نەوەدەکاندا گەشەی بە تیۆرییەکەی (مۆدێرنەی نەرم یان شل) داوە، کە سەردەمی ئێستا وا وێنا دەکات سەردەمێکە هەموو ڕێککەوتننامەکان تێیدا کاتی و خێرا و ڕەوان تا ئەو کاتەی تێبینیی زیاتر هەڵدەگرێت.

زیگمۆنت باومان لە کایەی سۆسیۆلۆژیدا کەسایەتییەکی پێشەنگە. کارەکانی تەرخانە لەبارەی نایەکسانی و، ڕەخنەکانی پەیوەستە بەوەی کە ئەو وەک شکستی سیاسی دەیانبینێت لە بەدیهێنانی پێشبینییەکانی خەڵک شانبەشانی دیدێکی ڕەشبینانەی بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو. ئەو پوختەی بۆچوونەکانی خۆی بەڕەشبینییەوە لە په‌رتووكی “ئایا دەوڵەمەندیی چەند کەسێکی کەم، سوود بە هەموومان دەگەیەنێت؟” دەربڕیوە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بڵاو بۆتەوە و پێی وایە کە جیهان باجێکی قوڕسی شۆڕشی نیۆ-لیبڕالیزم/لیبڕاڵیزمی نوێ دەدات کە لە ساڵانی ١٩٨٠کانەوە دەستی پێ کردووە. لە په‌رتووكی “کوێرێتی مۆڕاڵ” کە ساڵێک بەر لە مردنی بڵاو بۆتەوە و لەگەڵ لیۆنیداس دۆنسکیس نووسیویانە، لەبارەی ونبوونی کۆمەڵگە لە جیهانێکی لێوانلێو لە تاکگەرایی و فەردانییەتدا هۆشداری دەدەن.

پرسیار: تۆ نایەکسانیت وەک بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە وێنا کردووە، ئایا دیموکراسی لەژێر هەڕەشەدایە؟

وەڵام: دەتوانین وا وێنای بکەین کە خەریکە لە ساتێک نزیک ببێتەوە کە وەک قەیرانی دیموکراسی لێ بێت؛ داتەپینی متمانەی لێ بکەوێتەوە. ئەم باوەڕەیش ئەوەیە کە سەرکردەکانی ئێمە نەک گەندەڵ و گەمژەن بەڵکوو سەرلێشێواویشن. کردار پێویستی بە هێزە بۆ ئەوەی بتوانی شتەکان ئەنجام بدەی. پێویستمان بە سیاسەتە، کە توانایەکە بۆ بڕیاردانی ئەوەی کە پێویستە بکرێت. بەڵام هاوسەرگیریی نێوان هێز و سیاسەت لەسەر دەستی دەوڵەت-نەتەوە کۆتایی هاتووە. هێز بەجیهانی بووە، بەڵام سیاسەت هەر بەناوخۆیی ماوەتەوە. سیاسەت دەستەکانی خۆی بڕیوە. خەڵک چیتر بڕوای بە سیسته‌می دیموکراتی نییە چونکە ناتوانێت بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات. ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینین، بۆ نموونە قەیرانی کۆچکردن دیاردەیەکی جیهانییە بەڵام ئێمە بەبچووکی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. دامەزراوە دیموکراتییەکانی ئێمە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی سەربەخۆیی دانەڕێژراون. قەیرانی ئێستای دیموکراسی، قەیرانی دامەزراوە دیموکراتییەکانە.

پرسیار: خولانەوەکە لە نێوان جووڵەی ئازادی و ئاسایش لەو سات و کاتەدا، بە چ ئاڕاستەیەک وێنا دەکەی؟

وەڵام: دوو بەها هەن کە زۆر سەختە بۆ نزیککردنەوە و ئاشتکردنەوەیان. ئەگەر ئاسایشی زیاترت بوێت، دەبێت واز لە بڕێک ئازادیی خۆت بهێنیت؛ ئەگەر ئازادیی زیاترت بوێت، دەبێت واز لە ئاسایش بهێنیت. کێشەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت. چل ساڵ لەمەوبەر پێمان وا بوو کە ئازادی سەرکەوتنی بەدەست هێنابوو و، دەستمان کرد بە بەرخۆری. هەموو شتێک بە هۆی قەرزکردنی پارەوە گونجاو بوو: ئۆتۆمبێڵ، خانوو و….؛ کە تۆ دواتر پارەکەیت دەدا. بەڵام بەئاگاهاتنەوەکەی ساڵی ٢٠٠٨ تاڵ بوو، کاتێک قەرزەکان نەدرانەوە. داڕووخانی کۆمەڵایەتی کارەسات بوو، کاتێک کە چینی ناوەندی بەسەختی گرتەوە و، بۆ دۆخێکی ناجێگیر پەلکێشی کردن و تێیدا مانەوە: نازانن ئەگەر کۆمپانیاکەیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی تر تێکەڵ بکەن دەپووکێنەوە و کۆتایییان پێ دێت. نازانن ئەگەر ئەوەی کە کڕیویانە بەڕاستی ببێت بەهی خۆیان، چیتر ململانێ لە نێوان چینەکاندا نابێت بەڵکوو لە نێوان تاک و کۆمەڵگەکاندا دەبێت. ئەمە بەتەنیا نەبوونی ئاسایش نییە بەڵکوو ئازادییشە.

پرسیار: تۆ دەڵێی بەرەوپێشچوون ئەفسانەیە چونکە خەڵک چیتر بڕوای بەوە نییە کە داهاتووی لە ڕابردوو باشتر ببێت؟

وەڵام: ئێمە لە سەردەمی بێحکوومەتیداین؛ لەنێوان سەردەمێک کە خاوەن دڵنیایی و ئارامیی خۆمان بووین لەگەڵ سەردەمێکی تر کە چیتر ڕێگە کلاسیکییەکان ناتوانن ئامانجەکانی خۆیان بپێکن. ئێمە نازانین چی جێگەی ئەمە دەگرێتەوە. ئێمە ڕێگه‌ی نوێمان بۆ ئەنجامدانی شتەکان تاقی کردۆتەوە. ئیسپانیا بۆ داواکردنی شتەکان لە ڕێگەی جووڵانەوەی ١٥ی ئایارەوە هەوڵی دا، کاتێک خەڵک دەستی بەسەر شوێنە گشتییەکان داگرت و، هەوڵی دا شتێکی هاوشێوەی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ لە شوێنی کارڕاییی پەرلەمانی جێگیر بکات. ئەمە زۆری نەخایاند. سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت بەردەوام دەبێت. کەس ناتوانێت بیانوەستێنێت، بەڵام دەکرێت کاریگەرییەکی ڕێژەیییان لە دۆزینەوەی ڕێگه‌ی نوێدا بۆ ئەنجامدانی شتەکان هەبێت.

پرسیار: تۆ پێت وا بووە کە خواستەکانی ١٥ی ئایار و بزووتنەوە بەجیهانیبووەکە لەوە گەیشتووە کە “چۆن ڕێگه‌کەی ڕۆشن بکات بەڵام ناتوانێت بەرهەمێکی باش بەدەست بێنێت؟”

وەڵام: خەڵک لە ڕووبەر و گۆڕەپانە گشتییەکە بۆ چەند ئامانجێکی هاوبەش، جیاوازییەکانیان بۆ چەند ساتێک بەلاوه‌ ناوە. ئەگەر ئامانجەکە نەرێنی بێت بۆ کەسێکی تووڕە و یاخی دەرفەتی زیاتری سەرکەوتن دێتە پێشەوە. بەم شێوەیە، دەکرا تەقینەوەیەک بووایە بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی، بەڵام تەقینەوەکان بەهێزتر و تەمەنکورتتر بوون.

پرسیار: تۆ پێشت وایە هەر بە سروشت هیچ ژوورێک نییە بۆ سەرکردایەتی لە هاوپەیمانێتییه‌کی فرەڕەنگدا؟

وەڵام: بەبایەخەوە، لەبەر ئەوەی جووڵانەوەیەکی لەم شێوەیه‌، بێسەرکردەن و دەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن و بمێننەوە. هەروەها بەبایەخیشەوە، چونکە ئەوان بێسەرکردەن ناتوانن مەبەستی هەستەکانیان بگۆڕن بۆ کردار.

پرسیار: بزووتنەوەی ١٥ی ئایار لە ئیسپانیا، یارمەتیدەر بووە بۆ دروستکردنی هێزێکی سیاسیی نوێ؟

وەڵام: گۆڕینی حزبێک بە حزبێکی تر چارەسەری کێشەکە ناکات. کێشەکە ئەوە نییە کە حزبەکان هەڵەن بەڵکوو شتەکان کۆنتڕۆڵ ناکەن. کێشەکانی ئیسپانیا بەشێکن لە کێشەی جیهان. هەڵەیە ئەگەر پێمان وا بێت دەتوانین تەنیا لە ڕووی ناوخۆیییەوە کێشەکان چارەسەر بکەین.

پرسیار: بۆچوونت چییە لەسەر پڕۆژەی سەربەخۆییی کەتەلۆنیا؟

وەڵام: پێم وایە ئێمە هێشتا پابەندی بنەماکانی ڤێرسایین کە لەسەر بیرۆکەی مافی خۆبەڕێوەبردنی نەتەوەیی دامەزراوە. بەڵام ئەمە لە جیهانی ئەمڕۆدا خەیاڵە، کاتێک کە هیچ وڵاتێک نییە فرەنەتەوە و ئیتنیک نەبێت. ئەمڕۆ هەموو کۆمەڵگەیەک کەشکۆڵێکە لە تاراوگە و ڕەوەندی نەتەوەکانی تر. خەڵک دەچێتە نێو کۆمەڵگەکانی تر کە دڵسۆزن و باجی خۆیان دەدەن بەڵام لە هەمان کاتدا نایانەوێت واز لە ناسنامه‌ی خۆیان بهێنن. پەیوەندیی نێوان ئەو شوێنەی کە لێی دەژی لەگەڵ ناسنامه‌دا شکێنراوە. دۆخی کەتەلۆنیا، هەروەک سکۆتلەندا و لامبۆردی، لە نێوان ناسنامه‌ی خێڵەکی و هاووڵاتیبووندا دژیەکییەکیی تێدایە. ئەوان ئەوروپین بەڵام نایانەوێت لە ڕێگەی مەدریدەوە گفتوگۆ لەگەڵ بڕۆکسل بکەن بەڵکوو دەیانەوێت لە ڕێگەی بەرشلۆنەوە بێت. هەمان لۆژیک لە هەموو وڵاتێک خەریکی سەرهەڵدان و پەیدابوونە. ئێمە هێشتا پابەندی ئەو بنەمایانەین کە لە کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە چەسپێنراون، بەڵام جیهان ڕووبەڕووی گۆڕانی زۆر بۆتەوە.

پرسیار: تۆ باوەڕت بەو ڕێگەیەی خەڵک نییە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناڕەزایی دەردەبڕن، ئەوەی پێی دەگوترێت “چالاکیی کورسیی قۆڵدار” و، دەڵێی کە ئینتەرنێت بە کاتبەسەربردنێکی کەم و بێماناوە بێدەنگ و لالمان دەکات. کەوایە دەتەوێت بڵێی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مۆرفینێکی تازەی خەڵکن؟

وەڵام: پرسی ناسنامه‌ گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ لە بوونی ئەو شتەوه‌ کە تۆ لەگەڵی لەدایکبووی، بۆ بوونی ئەرک. تۆ دەبێت کۆمەڵگەی خۆت چێ بکەی. بەڵام کۆمەڵگەکان بەئاسانیش دروستناکرێن، یان دەبێت هەردووکیانت هەبێت یان هیچیانت نەبێت. ئەوەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستی دەکات شتێکی لاوەکییە. جیاوازیی نێوان کۆمەڵگە و تۆڕ ئەوەیە کە تۆ دەگەڕێیتەوە بۆ کۆمەڵگەکەت. بەڵام تۆڕ دەگەڕێتەوە بۆ تۆ و، هەست دەکەیت کۆنتڕۆڵکراوی. دەتوانی هاوڕێ زیاد بکەی ئەگەر خواستت لێی بێت. بە هەمان شێوەیش دەتوانی لایان بەریت ئەگەر مەیلت لێی بێت. تۆ ئەو خەڵکە گرنگانە کۆنتڕۆڵ دەکەی کە لەگەڵیان لە پەیوەندیدایت. لە ئەنجامدا خەڵک کەمێک هەست بە باشتربوون دەکەن چونکە تەنیایی و بەجێهێشتن ترسێکی گەورەیە لەو سەردەمی تاکگەرایییەدا. بەڵام زۆر ئاسانیشە بۆ هاوڕێگرتن و دوورکەوتنەوە لێی لە ئینتەرنێتدا کە زیاتر خەڵکانێکی بێ توانا و بێئەزموونی کاری کۆمەڵایەتین و، لە پڕۆسەکەدا شکستیان هێناوە و پێویستیشت پێیان دەبێت کاتێک بچیتە سەر شەقام، کاتێک دەچیتە شوێنی کارت، لەو شوێنەی کە هەست بە خەڵکانێکی زۆر دەکەیت و کارلێک و مامەڵەی هەستیاریش لەگەڵیاندا ڕوو دەدات.

پاپا فڕانسیس کە پیاوێکی مەزنە و لە دوای هەڵبژاردنی، یەکەم چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ “ئیگێنیۆ سکاڵفاری” کە ڕۆژنامەوانێکی ئیتاڵییە و بانگەشەی بێباوەڕبوونی خۆی دەکات ساز دەکات. ئەمە هێمایەک بوو کە گفتوگۆی ڕاستەقینە، قسەکردن نییە لەگەڵ خەڵکانێک کە باوەڕیان وایە وەک ئەوان بیر دەکەیتەوە. تۆڕی کۆمەڵایەتی فێری گفتوگۆمان ناکات چونکە زۆر ئاسانە بۆ دوورکەوتنەوە لە مشتومڕ و گفتوگۆی ڕژد. بەڵام زۆربەی خەڵک کە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکار دێنن، بۆ یەکگرتوویی و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەیان نییە بەڵکوو بەپێچەوانەوە بۆ دابڕینی خۆیانە لە ڕووبەرێکی بەختەوەر و، تەنیا ئەو دەنگانەیان گوێ لێ دەبێتەوە کە هی خۆیانن و، تەنیا ئەو شتانە دەبینن کە ڕەنگدانەوەی ڕووخساری خۆیانن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بەسوود و چێژبەخشن، بەڵام تەڵەن.

سەرچاوە: ماڵپەڕی پێنووس