رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ نایف حەواتمە

Facebook
Twitter
LinkedIn

پرۆژەی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست


سازدانی دیمانه‌: حه‌مید که‌شکولی                                                                    

سازدان و وه‌رگێرانی دیمانه: جیهاد موحه‌مه‌د که‌ریم‌‌

پ: ١/ کامیان گرنگە بە ڕای تۆ، پێکھێنانی دەوڵەتێکی شارستانیانە لەسەر بناغەی ھاوڵاتییبوون بە بێ جیاکاریی نەتەوەیی و دینی، وە بە ڕێزگرتن لە مافەکانی ھەموو نەتەوە و ئاینەکان، یان پێکھێنانی دەوڵەت لەسەر بناغەی نەتەوەیی و رەگەزیی، بە بێ لە بەرچاوگرتنی ناوەڕۆکی فەرمانڕەواییەکەی؟
و: مافی بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی چارەنوس، چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ کێشە ئاڵۆزو گرفتاویەکانی نەتەوەـ ڕەگەزە مێژووییە چارەسەرنەکراو و ھەڵپەسێراوەکانی ئەمڕۆی جیھان. مافی بڕیاردان لەسەر چارەنوس وەرگیراوە و وەردەگیرێت بە”شێوە و ناورۆکگەلێکی جوراوجۆر”، ئەویش لەسەر بناغەی پرۆسەی پەرەسەندنی مێژوویی بۆ ھەر پێکھاتەیەکی نەتەوەیی ـ ڕەگەزی. بۆیە نابێت مافی بڕیاردان لەسەر چارەنوس گیر بخوات لە گۆشەیەکی داخراوی” ئەم یان ئەو” وەک لە پرسیارەکەتاندا ھاتووە. لەسەر ھەموومانە جیاوازی بکەین لە نێوان ڕەگەزە نەتەوەییەکان، ئاین و تایەفەگەرێتی و ئاینزا دینیەکاندا. چارەسەرییەکان لە ڕەگەوە جیاوازن: ڕەگەزە نەتەوەییەکان مافی بڕیاری چارەنوسی خۆی لە چوارچێوەی” نەتەوە، گەل، نەتەوە ـ دەوڵەتی سەربەخۆدا دەبینێتەوە”. دینە جۆراوجۆرەکان، تایەفەکان و ئاینزا دینییەکان، ئایدۆلۆژییە جۆراوجۆرەکان و رۆشنبیریی خۆی لە” یەکسانی لە ھاوڵاتیبوون دا و نەھێشتنی جیاکاری لە دین و ڕەگەز و توخم و تایەفەگەرێتییدا و یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا دەبینێتەوە” .

ئاراستە مێژووییەکان ناوەڕۆکی جۆراوجۆریان لە مافی بڕیاردان لەسەرچارەنووس پێشکەش کردوە و پێشکەشی دەکەن: نەتەوە، گەل ـ دەوڵەت، سەربەخۆیی تەواو، فیدراڵیەت(بەریتانیا، ئەڵەمانیا، بلجیکا، یەکێتی سۆڤیەت، یۆگسلافیا… نموونەن)، حوکمی خۆیی، شوناسی ڕۆشنبیریی یان مافی کولتوری(زمان، مێژوو، پێکھاتەی کۆمەڵایەتی، پێکھاتەی دەرونیی، نەریت و خۆڕەوشت)،ئەمە دەربارەی رەگەزە نەتەوەییە کامڵە پێکھاتەییەکانەوە و گەشەی مێژووییەوە. بەڵام دەربارەی کۆمەڵگاکانی پێکھاتوو لە نەتەوە و رەگەز و توخمگەلێکی جۆراجۆر کە چەندین دین و ئاینیان لە خۆگرتووە، تایەفەکان و ئاینزا جۆراوجۆرەکان لە ناو یەک دین دا؛ مێژوو ئارستەیەکی تری لە خۆگرتووە کە بناغەکەی” یەکسانیی ھاوڵاتیبوونە” وە ململاێ بە گیانێکی یەکسانیی و یاسایی، تەنانەت جەنگی ناوخۆیی، بۆ گەیشتن بە “یەکسانیی لە ھاوڵاتیبوون دا بەبێ جیاکرایی لە توخم و ڕەگەز و دین و تایەفەو ئاینە جیاوازەکاندا” ئەمەش بۆ پێھێنانی دەوڵەتی ماف و یاسا بە چەندین شێواز: دەوڵەتی ناوەندی، فیدراڵیەت(نەتەوە یەکگرتووەکانی ئامریکا، کندا، ئامریکای باشور و ناوەڕاست و کارابیی، ئوسترالیا، نیوزلندە… دواتریش باشوری ئەفریقا نموونەن).

ئیستا ئاراستە مێژووییەکان دەربارەی مافی بڕیاردانی چارەنوس ئاراستەی شێوازگەلێکی نوێی بە خۆوە بینیوە و دەبینێت لە سەدەی بیست و بیستویەکدا: دەوڵەتی ناوەندی بۆ پێکھاتەیەکی جۆراوجۆر لە نەتەوە کە لە دەستور و ژیانی کۆمەڵایەتیدا مافەکانیان پارێزراوبێت(بولیفیا بۆ نموونە). یەکێتی نەتەوەیی فیدراڵی ھەڵوەشاوە(یەکێتی سۆڤەیت و یۆگۆسلافیا) و قەیرانە ڕەگەزەییە ـ نەتەوەییەکان لە فیدراڵیەتی بلجیکا، قەیرانی ئیرلەندا، ئسکوتلندا لە بەریتانیای فیدراڵی یەکێتییدا، ھەروەھا قەیرانە ڕەگەزیی نەتەوەییە مێژووییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەفەریقادا(عێراق،تورکیا،ئێران،ئپیوبیا،سودان… نموونەن). پانۆرۆمای مافی گەلان لە بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خۆیان تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگی جیھانیە، داخستنی ڕووبەری فراوانی مافی بڕیاری چارەنوس لە وڵاتانی جیھاندا نەبوونی دیموکراتیەت و چەوساندنەوەی نەتەوەیی بە ھێز دەگەیەنێت، بە مانای پرۆسەی دابەشکردن و دابەشبوون دێت، بە مانای پێوە لکاندن و پێوە گرێدانی ناوچەیی و لۆکاڵیی و کۆلۆنیالیزمی دێت، ئەمانە لەو پەروتکەمدا نووسراونەتەوە کە لە ژێر ناوی( چەپی عارەبی… جیھانبینییەکی فراوان… ڕەخنە و پێشبینییەکان)دا لە ساڵی ٢٠١٠ دا پەخشکراوە، تیایدا سەرنج و پێشبینیم لەسەر ڕاپەڕینەکان و شۆڕشەکانی داھتوو تۆمارکردوە، وە چارەسەرییە دیموکراتییە نوێکان بۆ کێشە ڕەگەزییە ـ نەتەوەییەکان لە وڵاتانی عارەبی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا باسکردوە، چارەسەرییەکان بۆ ڕزگاربوون لە ڕژێمە ستەمکارەکان و گەندەڵکارەکان تۆمارکردوە، وەرگرتنی ڕێڕەو و پرۆسەی دیموکراتییەت و دادپەروەیی کۆمەڵایەتی و مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ڕەگەزەکان و نەتەوەکان بەوەشەوە کە ڕزگاربوونە لە ھەموو شێوەکانی بەرفراوانی لکاندنێکی ھەرێمیی و ئیمپریالیی تیا باسکردوە. گەلانێکی زۆر بە ھێزی ھەرێمی فراوانخوازیی ڕاستڕەویی و کۆنەپەرستانە، بە ھێزی دەوڵەتانی کۆلۆنیالیزمیی داگیرکار و بە ھێزی ئیسرائیلی و سەھوێنیی فراوانخواز بڕیار لەسەر چارەنووسیان دراوە. گەلانێکی زۆر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عارەبییدا قوربانین، لە پێشیشەوە” گەلی فەلەستین، کورد، سودانی ئەفریقی، دارفۆری ئەفریقی…، ئەمازیغییەکان لە مغرب دا…”پەرتوکی حواتمە: ” چەپی عارەبی… “، بەشی یەکەم لاپەڕە ١٦ ـ ٧٤.


2/ ھۆکارە سەرەکییەکانی ھەڵوێستی نەرێنی دەوڵەتانی گەورە بەرامبەر بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ کە ھەر چوار پارچەکەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ببەستێتەوە بە یەکەوە چییە بە ڕای تۆ؟ وە بۆچی حاڵەتی کوردی و مەسەلەی گەلی کورد لە لایەن ھەندێک لە مەیدانە بیریی و نەتەوەییەکانی جیھانی عەرەبیەوە بە ئیسرائیل دەچووێنن؟
ناچارم یەکەم جار لە بەشی دوەمی پرسیارەکەوە دەستپێبکەم ، دەربارەی چوواندنی”حاڵەتی کوردی” وەک لە پرسیارەکەدا ھاتووە کە لە لایەن ھەندێکەوە بە “ئیسرائیلی” دوەمی دەچوێنن…، لێرەدا دەڵێم ئەمە بە ھیچ جۆرێک ڕاست نییە، ئەمە لە ئەنجامی خڵتەیەک لە خەیاڵ و تێکەڵکردن و شێواندنی بیرێکی ڕاستڕەوی نەتەوەیی عارەبی و نا عارەبییەوە ھاتووە، خەباتگێڕان و ڕۆشنبیرانی کورد بەوانەوە کە توێژێکی فراوانن لە ڕۆشنبیران، دەورێکی بەرزو پێشکەوتوویان ھەبووە لە ھەموو قۆناغەکانی خەباتدا، لە پێگەیشتن و قوڵبوونەوەی بزاوتی دیموکراتیی و گەڕانەوەی شکۆیی و گرنگی بۆ چەمکی ھاوڵاتیبوون و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ھەزاران کادری کوردی خەباتیانکردەوە و ئامادەباشیان تیا بووە لە ڕیزەکانی بەرەی دیموکراتی و شۆڕشی فەلەستینیدا، کاتێکیش کە قسە لەسەر مێژوو بکەین پێویستە وردبینیەکی زانستیانەمان ھەبێت کە کوردەکان دەورێکی باڵایان ھەبووە لە عێراق دا، وە دەوریان ھەبووە لە بەدیھێنانی”ئاشتەواتی کۆمەڵایەتی نیشتیمانی”، لێردا قسەم لەسەر سیاسەتە باڵا کەنارخراوەکان نییە، بەڵکو قسەم لەسەر بزاوتی دیموکراتی ھەیە کە گەرانتی دەدات بە بەرجەستەکردنی یەکێتی کۆمەڵایەتی عێراق لەسەر بنەمایەکی نوێ، وە قوڵبوونەوەی شوناسی ڕۆشنبیرێتیەکەی لە نێوان چینی کەنارخراو و نادیار لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا، وە ئەم پەراوێزخراوییە گشتێنراوە لە ھەموو پێکھاتەکانیدا، واتە مەبەستم لە چینە ژێرکەوتوو و پەراوێزخراوەکانە، بەرەو گۆڕانکاریی لەو واقیعەیاندا و بەدیھێنانی پێویستییە کۆمەڵایەتییە داخوازکراوەکانیان، وەبەرھێنانی ھەستی ھاوبەشیکردنیان لە ڕێگەی گرێدانیانەوە بەوەی کە دەیخوازن و بووە بە داواکارییان، ھێزی ئەم گڕێدان و ھاوبەشیکردنەیان و پەیوەستبوون پێوەی لە سەر ھیچ لایەنداریی و ھەوادارییەک و ھیچ پێکھاتەیەک ڕانەوەستێت، یان لەسەر ھیچ شوناسێک و پێکھاتەیەک، بەڵکو لێرەو لەوێ دەردەکەوێت و دەگوێزرێتەوە و خۆی دەدۆزێتەوە لەسەر بنەمای نیشتیمانیی عێراقی و بەرژەوەدنی گشتی عێراقی، وە ھیچ شوناسێکی ئەملاولا و ھیچ لقوپۆپێکی شوناسی نایشێوێنێت و جیاکاریی تیا ناکات، ئەم جومگە تێکۆشانە ڕەھەندێکی سەرەکی پێکھێناوە بۆ دۆززینەوەی ھێزی ئەم بزاوتە، کە لەسەر ڕەگەز و کۆمەڵە زۆر ھۆشیارو توێژە کۆمەڵایەتییە پەراوێزخراوەکان لە پانتایی نیشتیماندا وەستاوە، ھوشمەندییەکی گەورە دژ بە داماڵین و ڕوتکردنەوە و جیاکاریی بە ھەموو شێوەکانییەوە ….

ئەمڕۆ جیھان لە ژێر سێبەری جیھانگیریدا دەژی، گەلاننیش لە جیاتی ئەم جیھانگیرییە تێکەڵی و پێکوە لکاندنیان لەگەڵ یەکتری ھەیە، ئەم کارلێکی و تێکەڵیەش لەو پانتاییەدا دەگوزەرێت کە ناو دەبرێت بە”گوندێکی جیھانی”، پێویستە لەسەرمان و لەسەر ھەموو گەلانی خەباتگێر کە ئەم گوندی جیھانییە بگۆڕن بۆ گوندێکی مرۆیی عاقڵانی و دادپەروەر ئەمەش لە پێگەی چوونە نێو زانست و زانیاریی و پێشکەوتنەوە، قوڵبوونەوە لە مەعریفە و ئەزموونگەریی گەلان، بە ڕۆشنبیرێتی و بەھای بەرز و ھونەر و بە دەسکەوتە بەشەرییەکان… جارێکی تر بە زۆری پشتدەبەستین بە ڕۆشنبیرییی کوردی، چوونکە خاوەنی گەنجینەیەکی پڕ لە خەباتە، وە خاوەنی ڕۆشنبیرانی زۆر دیارو ئاشکرایە بە درێژایی مێژوو، ئەو ڕۆشنبیریەتییەی کە تایبەتمەندێتی خۆی ون ناکات، ھەروەھا شوناسی نەتەوەیی و مرۆیی و پێشکەوتوویی خۆی ون ناکات، ڕۆشنبیرییەکی خەباتگێڕی مرۆیی بەرز لەسەر ئاستی کارلێک و تێکەڵ لەگەڵ ڕۆشنبیریی عارەبیی و ڕۆشنبیریی میللیدا، وە لە قوڵایی مێژووەوە، توانیوێتی ڕەگەز و توخمی خۆی دەربخات و خۆی بپارێزێت لە توانەوە، توانەوە و خۆپاراستن لە ھەڵلوشینی شۆڤێنی مێژوویی و ئێستادا لەسەر دەستی ڕژێمە ھەژمووناکرە نەتەوەپەرستەکان و ستەمکاریەک لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، توانیوێتی بەرامبەر ھەموو بارودۆخە ناھەموار و پێشێلکارییەکان بوەستێتەوە، ئەم توانایە کەنارناخرێت و ناتوێنرێتەوە چوونکە توانای سازدان و پێکھێنانی نیشتیمانێکی ھەیە، کە تیایدا جیاوازی نەکرێت لە نێوان بەرژەوەندییەکاندا و ھەژاریی و بێبەشی تیا نەبێت، یان دەستیبەسەردا بگیرێت و ویستەکانی پێشێلبکرێت لە لایەن ئەمیر و پاشای تایەفەگەرێتییەکانەوە و لە پێناوی بەرژەوەندییە خۆیی و تایبەتییەکان بێ بەشبکرێن و بکرێن بە قوربانی بێکاری و بێبەشی و نەبوونی خزمەتگوزاریی و دزی و گەندەڵی دەوڵەت و دەستەبژێری حوکمڕانەکانەوە کە بە ناوی ئەمانەوە و لە سەر حسابی ئەمان لە سیاسەتێکی باو و بۆماوەدا حوکمداریی و دەوڵەتداریی دەکەن. ئەوەی کە من دەیبینم و بە دواچوونم بۆی ھەیە؛ ڕۆشنبیریی پێشکەوتووی کوردی وە بە درێژایی کەلەپوری خۆیان لەگەڵ قوڵبوونەوەی ھەستی میللی دان بۆ یەکێتیی بەرژەوەندییەکانیان و ئامانجەکانیان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیی و ڕێکەوتنی نیشتیمانیی لە دیمەنە عێراقییەکەیدا و دیسان لە ھەر چوار وڵاتەکەی تریشدا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەم پێوەرە واقیعەدا چواندنی پرسی کورد بە “ئیسرائیل” وانییەو لە جێگەی خۆیدا نییە ئەو قسەیە، ئەمە خەیاڵپڵاوییە لە لای ڕەوتە چەپە دیموکراتییە پێشکەوتووەکان ، ھەندێک لە بیر و لە ناخی ڕژێمە چینایەتییە ڕاستڕەوە کۆنەپەرستەکانەوە، لە تایبەتمەندێتی سەرچاوە و ناوەندی حوکمی ئەم ڕژێمانەوە، لە ھەژموونکارییەکی کالسیکی چەمکی”ئاسایشی نەتەوەییەوە”، ئەم بیرە کۆنەپەرستییە وەردەگرن، ئەمە سەرەڕای ڕەنگدانەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە نێوان پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە، کە خۆی لە ستەمکاریی سیاسیی و فێندەمێنتالیستی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی و دینیی و ئاینزاییەوە دەبینێتەوە بووە بە سەرچاوەیەکی تری ئەم بیرە کۆنەپەرستییە و بەرھەمھێنانی قەیرانە ئاڵۆزەکان.

پێشتر قسەمکرد لەسەر ئەو قەیرانانەی کە لە ئەنجامی شلکردن و لابردنی جڵەوی بێدەنگیکردن و چەپانندی شوناسی تووندڕەوە خوێناوییە فێندەمێنتالیستییەکان و سەلەفییەکانەوە سەرھەڵدەدات، ململانێیەکی دوولایەنی دوور لە بەکارھێنانی عەقڵی سیاسی و ڕۆشنبیری، وەک دوو لایەنە ‌ پێچەوانەییەکان” ستەم و ئازادی، دەسەڵات و سیستەمی فرەیی، ئیسلام و ئەوانیتر، ئاینزا و ئاینزاکانی تر”، کردنەوەی دەروازە لەسەر ئەم سەرکوتکردن و چەپاندنانە بوونە ھۆکار و بیانوو و ئاسانکاری بۆ ئامادە بوونی ھێزی ئامریکی لە عێراق دا، جگە لە ھەستیاریی ئەو دیدگاو تێڕوانینە ئاسایشییەی کە لەگەڵ دروستبوونەوەی عێراقی ئێستادا سەریھەڵدا، ئەمیش لە ئەنجامی پەیوەندیی و مامەڵەکردنەکانی لەگەڵ ھێزی داگیرکاریی ئامریکیدا؛ لە کاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئامریکا لایەنداری تەواویان ھەیە بۆ “ئیسرائیل”، واتە بە دوو پێوانە پێواندن و ھەڵگری تەنگەژە و گرفتە ئاکارییەکان، ئەمانە بوون بە ھۆی تێڕوانینەکانی بن لادن لە گرێدانی داگیرکاریی ئامریکا و عێراقی” مەسیحی” بۆ بانگھێشکردنی جەنگ دژ بە” کلدانیەکان ـ ئاشوری مەسیحی” واتە دانیشتوانی ڕەسەن و شارستانیەتی سومەرییەکان، ئاشوریەکان، بابلیەکان … ھتد. بە مانایەکی تر و ڕوونتر، چەپاندن و بێدەنگکردنی ھەرچ گروپ و لایانە و بیرێک دەبێت بە عەقڵانییەکی زانستیانە و لۆژیکیانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک بە ستەمکاریی، تا سەتمکاریی زیاتری لێوە بەرھەمنەھێنرێت.

ئەمانە جگە لەو قەیرانانەی تری دراوسێکان و گەمەکانیان و نێردەکانیان بۆ عێراق” فەقیە و بەشەرەکانیان”، سیاسەتی دەوڵەتان لەسەر عورفی “مامەڵەکردنێکی ئەرێنی و ڕێزلێگرتنی دولایەنە و بەرژەوەندی ھاوبەش و دەستێوەرنەدانی کاروباری ناوخۆی یەکتری، چارەسەرکردنی کێشەی گەلان بە مافی بڕیاردان لەسەر چارەنوسی نەتەوەیی لە لایەن خۆیانەوە ـ بە دیالۆگ و دانوستاندن و ڕێگەی ئاشتی، بۆچی ئەمانە تا ھەنووکە بەردەوام لە مێژوودا و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، نەک تەنیا لە دەستپێکی سەدەی بیستدا( واتە لە ھاوپەیمانێتی سیڤەر ١٩١٩) وە ھەتا ئەمڕۆ. ئێستا دەبێت بگەڕێیەنەوە بۆ بەشی یەکەم لە پرسیارەکە دەربارەی” ھەڵوێستی نەرێنی دەوڵەتانی گەورە بەرامبەر بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی”، بۆ گەڕانەوەمان بۆ ئەو ستراتیژیەتەی کە بۆ ناوچەکە لە دەستپێکی سەدەی بیستدا وێنەی کێشراوە، ئەو سنوری خەریتانەی کە ئێستا ھەن لە واقیعدا ئەوە ئەنجامی ئەو ستراتیژیەیی دەوڵەتانی ئێستا بوو، کە لە کاتی خۆیدا دەوڵەتانی نوێ لەو دابەشکردنەدا دروستبوون، وە لەسەر ئەو واقیعەی ئێستای ئەو دابەشکردن و سنوردانانەوە ململانێ ناوچەییەکان دەسوڕیتەوە.

مەسەلە و پرسە کۆنەکەی کورد سەرلەنوێ دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی عێراق لەسەر ئاستی ھەموو ناوچەکە دەستیپێکردەوە، لەگەڵ ڕاونان و وەلانانی ئەم پرسە و تێبینی گۆرانکاریی لە بەرنامەی دەوڵەتانی ناوچەکە و دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر ئەم پرسەی گەلی کورد، دەتوانین پڕۆژەی ئامریکی لەم دوو خالەدا کورتبکەینەوە: یەکەم و دیارترینیان ئەو ھەوڵەیە بۆ حوکمی یان دەستبەسەراگرتنی گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی پڕۆسێسی سیاسییە بە تەواوەتی لە دەرەوە و لە ناوەوە؛ وە ھەوڵدانی بۆ لە قاڵبدانی لە چوارچێوەیەکی زەمەنی دیاردا، بۆ بەدەستھێنان و پێگەیاندنی ھێزگەلێک لە بەرژەوەندەیەکانی و بەرنامە سیاسیەکەی کە دەربڕی تێڕوانین و دیدگای ئامریکی بێت، دوەمیش بۆ ئەوەی بیخانە نێو پڕۆژەکەی خۆیەوە ‌”پڕۆژەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”، وە چوونە ناو ململانێ ناوچەییەکانەوە “عێراقی نوێ” لەسەر بنەمای ئالۆزیی و ئاڵۆسکاویی بەرژەوەندییە ناوچەییە بەردەوامەکان لە ناوچەکەدا، ئێمە وای دەبینین کە ئەو ئەنجامانەی لە عێراقی نوێوە سەرھەڵدەدات، کە ھێزگەلێکی ناوچەیی نوێیە ھەوڵدەدات بۆ وەرگرتنی دەوری خۆی و بەرژەوەندیەکانی لە ھەموو ناوچەکەدا، وە لەسەر ئەم تێڕوانینە ڕژێمەکانی حوکم لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کەوتوونەتە جەنگێکی ناوخۆوە کە دەربڕی پێکھاتەکانیەتی، ھەر یەکەیان ھەوڵئەدات بۆ دەسەڵات، ئەوانی تر بۆ ئەوەی جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵات، وەک بینیمنا جەنگێکی تۆقێنەری خوێناوی ڕەشبینی بێ ئەنجام بەرپابووە، کە ھێزە قەومچیەکان و دینیەکان و تایەفەگەرێتی و ئاینزایی و ھێزە سەلەفی و فێندەمێنتالیستەکان گەمەی تیا دەکان، کە زۆرێک لەم ھێزانە لە دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە پشتیوانی دەکرێت دژ بە مافی گەلان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان.

تابلۆکە لەوێدا تەواو دەبێت کاتێک ئەوە زیاد بکەین کە ھێزەکانی چینی سیاسی فەرمانڕەوا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕستدا ڕوخسارگەڵێکی تایەفەگەرێتی و ئاین و ئاینزاییان ھەیە، ئەمە بەو مانایە نایەت و ئەوە ناگەیەنێت کە دەوڵەتی ڕوخاو پۆشاکێکی عەڵمانی لەبەرنەکردبوو، وەاتە مەبەستمان ئەوە نییە کە دەوڵەتی ڕوخاو بە ڕاستی عەلمانی بوو، کاتێک کە ئەوە دەبینین کە ھەموو چالاکیە ئابورییەکان یان زۆرینەی بەەدست تایەڤەیەکی سودمەندەوە بوو، بەڵام ئەوەی کە دەگوزەرا لە دەسەڵاتە فەرمانڕەواییەکەدا لە بنەڕەتەوە خۆی کێشابووەوە لە حیزبە دینی و ئاینزاییەکان …

لە کوردستانی عێراق دا، لەگەڵ تایبەتمەندیەتە ئارامییە سیاسیی و ئاسایشییەکەی، داھاتە ماڵیەکەی لە پشکی”نەوت بەرامبەر بە خۆراک” بەڵام ئەو پڕۆسێسە ئابوورییەی کە لەم ھەرێمەدا دەگوزەرێت و ئەنجامەکانی، کۆمەڵێک لە گەشەی ئابووریی و سیاسی لە خۆگرتووە، ئەم ئۆرگانیانە ھەردوو دەستگای حیزبی و کارگێریی پێکەوە ئاوێتە کردووە، حیزب وەک دامەزراوەیەک لە دامەزراوە شارستانییەکان و دەستگای دەوڵەت بەوەی کە بوونەوەرێکی کارای بنەڕەتییە لە کۆمەڵگادا جیانەکردوەتەوە، پەیوەندی و وابەستەیی خێل و پێکھاتە حیزبییە باوەکان لە ناو دەستگاکانی کارگێڕیی و دەوڵەتداریدا چوونەتە پێشەوە و فراونبوون، دەستێوەردانیان لە پێکھاتەی چالاکیە ئابووریەکان و بەرھەمھێناندا ھەیە، وە دەرکەوتن و بەرزبوونەوەی چینێکی سیاسی و دیدگا و تێڕوانینەکانیان، وە ھەڵنانی شەقاوێکی گەورە لە کەرتی موڵک و دابەشکردنی زەویوزاردا بەرزبوونەوەی بۆ ژمارەیەکی خەیاڵی …

نابێت زۆری و فرەیی داھاتە ماڵیەکان پشتگوێبخەین، وە گەشەسەندنی کەرتی خزمەتگوزاریی، باکور(واتە کوردستان) دەستکەوتێکی گەمارۆدراوە بە دەوڵەتانی دراوسێ، بەڵام گرێدراوە بە بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانەوە لە نێوان لایەنە ھێزە جێبەجێکارە ھاووپەیمانەکانی ھەرێمەکەوە، نەگەتیڤی مەیدانی زەویوزاری کشتوکاڵی چێندراو لە بەرزبوونەوەدایە، بە ھۆی ھاوردەی زۆر و ڕێگەگرتن لە جوتیارەکان بۆ کاری چاندن و کشتوکاڵی، ئەم نموونانە سەرچاوەکەی سەرمایەدارییەکی دڕندانەیە، لەگەڵ دەیان لە کەناڵە ئاسمانییەکان و ھەژموونکردنی بەسەر پانتاییە گشتییەکەدا، دیسان ئەو ژمارە گەورەیە لە ڕۆژنامە و ھەوڵدان بۆ ھەژموونکردن بە سەر ژیانی فکریی و سیاسییدا، ئەمە تەنھا کوردستانی نەگرتوەتەوە، ئەوەندەی ئەم پانتاییە ڕاگەیاندنە ھەژموونکارە تایەفەگەریانەیە، لە جیاتی بەرزکردنەوەی ھاوڵاتیبوون و دیموکراتیەت و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی وڵات، وە مافی گەلان لە بریارداندا لەسەر چارەنووسی خۆی بە بێ”میراتگری سەتەماکریی شارستانی یان دینی” … لەسەر ئەم واقیعە؛ ئەمانە سەرەڕای ئەو میراتەی کە ڕژێمی پێشوو دروستیکردبوو بە پێی سیاسەتەکانی لەگەڵ زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکەدا، ئێران، سوریا، سعودیە، سەرەڕای قەرزێکی گەورە لە سەر ئاستی ئابووری، وە ئالۆزکردنی ڕەوشی ئاسایشی عێراق خۆی، ئێمە تێکەڵەیەک لە کێشەی کۆن و نوێ لە کاروباری عێراق دا دەبینین، دەبینین چۆن کوردستانی عێراق کەوتوەتە بەر ھێرشیکردنی سوپای تورکییەوە، بە دەستپێک لە مەسەلەی ئاو ـ ەوە، ھەروەھا دەستوەردانی لە مەسەلە نەتەوەییەکانی عێراقدا، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە تورکمانەکانەوە ھەیە، مەسەلەی کەرکوک، ھەڕەشەکانی حیزبی کرێکارانی کوردستانی تورکی، کە ھەمیشە بە پرۆسێسێکی سوپایی لە ناو خاکی عێراقدا دەوەستێتەوە ھەروەک پرۆسێسە سوپاییەکانی ئێران دژی بزوتنەوە کوردستانیەکانی ئێران، لەگەڵ ئەوەی کە پەیوەندییەکانی عێراق ـ تورکیا گرێدراوبوو بە فاکتەرگەلێکی ئاڵۆزەوە لەگەڵ ڕژێمی پێشوودا،ئەمڕۆ گرێدراوە بە فاکتەرگەلێکی تر، مەحاڵە تورکیا بتوانێت ھەستێت بە پرۆسێسی سوپایی لە ناو خاکی عێراق دا بە بێ وەرگرتنی تیشکی سەوز لە لایەن ئامریکاوە، دەستێوەردانە لەشکرکێشییەکانی لە سەردەمی دەوڵەتی ناوەندی عێراقی جاراندا ئامرازێک بوو بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی بەغداد لە پێش ھێرشی داگیرکاریی ئامریکادا، بەڵکو بۆ تەنگاوکردن و بە گیرھێنانی ڕژێمی ستەمکاری پێشوو بوو، ئەوەی لە سەرو ھێڵی ٣٦ ەوە دەگوزەرا، بەڵام دوای داگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی عێراق لە لایەن ئامریکاوە، لەسەر شانیەتی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک ئەوەی ھێزێکی داگیرکارە بەرھەڵستی بکات لە ھەر دووژمنکارییەکی دەرکەی بۆ سەر خاکی عێراق، تەنانەت ئەگەر ئەو دوژمنکارییە لە لایەن ھاوپەیاماننیەوە بەرپا بکرێت، لە دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو، لە ڕیشەوە پەیوەندییەکانی کورد بە ناوەندەوە گۆرا بۆ پەیوەندییەکی دۆستایەتی و ھاوبەشی لەسەر بنەمای سیستەمی فیدارلی کە دەستوری عێراق بڕیاری لەسەر داوە … ئەگەر سەیری دەوری ئامریکی بکەین لە پەیوەندی عیڕق و تورکیادا، ھەوڵ ئەدات چوارچێوەیەکی نوێ بدۆزێتەوە بۆ ئەم پەیوەندیە، پێویستبوو ھەر لە نۆی نیسانی ٢٠٠٣ ەوە، وە لە میانەی ڕێکەوتنی”کشانەوەی ھێزە ئەمریکیەکان لە عێراق و دیسان بە پێی بەرژەوەندییکان دەوڵەتانی دراوسێی عێراق”، لەگەڵ ڕاگەیاندنی حکومەتی عێراقی ئێستا لەسەر ھەڵوێستی خۆی بەرامبەر”حیزبی کرێکارانی کوردستان لە تورکیادا”، وە جۆرکردن و ڕێکخستنەوەی ئەوراقی ماڵی عێراقی لە پێشیشەوە سەربەخۆیی عێراق، وە گەڕانەوەی حوکمی تایەفەگەرێتی، ئاینزایی لە واقیعی ناوچەیی و دەوڵەتییدا، کە دەرفەتدەدات بە مسۆگەرکردنێکی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی عێراق و داھاتەکانی، بە پێی دیسپلین و یاسا نێودەوڵەتییەکان، وە پاراستنی لە ترسناکیی دەستێوەردان و ھەڕەشەکردن، تا دەگاتە دەر‌چوونی عێراق لە بەندی حەوتەمی ڕێکەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان …

لە ڕووی بەراوردکارییەوە، دەتوانین دەستێوەردانەکانی تورکیا بۆ کوردستانی عێراق، لە ماوەی مانگی ھەشتی ١٩٩١ ەوە تا مانگی حەوتی ١٩٩٦ زیاتر لە ١٤ جار بە ھێرشی ئاسمانی و ھەشت پڕۆسەی چوونە ناوەوەی سوپا بژمێرین، سەرەڕای پڕۆسێسی “پۆڵا” کە لە ٢١ مارتی ١٩٩٥ەوە دەستیپێکردووە و لە ٤ی ئایاری ١٩٩٥دا کۆتای ھاتووە، کە تیایدا ٥٠ ھەزار سەرباز بەشداری تیا کردوە تا گەیشتوەتە قولایی ١٠٠ ـ ٢٠٠ کم لە ناو خاکی عێراق دا، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٩٧ ەوە سوپای تورکی ١٣ پرۆسەی سوپای بەرپاکردوە لە ناو خاکی عێراق دا ئەوەنەش پڕۆسێسەکانی داگیرکاریی بوون، وە ٥٨ پڕۆسەی ھێرشی ئاسمانی کردوە، ٣٨ پرۆسەی تۆپ بارانی کردوە، بەڵام تانسۆ شیلەر وەزیری دەوەرەی تورکیا لە حکومەتەکەی نجمەدین ئەربەکاندا لە ساڵی ١٩٩٥ ـ ١٩٩٧، حکومەتەکەی ڕایگەیاند کە دەیەوێت “ناوچەیەکی دابراو لە ناو خاکی عێراق دا دروستبکات بە قوڵایی ٢٠ کم و بە درێژایی ٣٣١کم، واتە بە درێژایی ھەموو سنوری نێوان ھەردوو دەوڵەتی تورکیا و عێراق …

ئەو ڕێکەوتنەی کە ناودەبرێت بە “ڕێکەوتنی کشانەوەی ھێزەکانی ئامریکا لە عێراق و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ” وەک چوارچێوەیەکی ستراتیژیی لە نێوان ئامریکا و عێراق دا، زۆر رووی جیاواز لە خۆ دەگرێت، وەک” پاراستنی عێراق لە دەستێوەردانە دەرەکەییەکان” بە دەوڵەتانی دراوسێ و دوردەستیشەوە، وە بەرھەڵستیکردنی ئەوانەی کە ناویان دەبەن بە “یاخی بووەکان و شکاندنی سنوری یاساکان”، لەگەڵ ئەمەشدا دەرفەتدان بۆ دروستبوونی ڕێکەوتنی تر لە گەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا لە میانەی خوێندەوەی پرسەکانی ئاسایش، وە ئەوەی کە ناو دەبرێت بە ڕێکەوتنی”سعد ئاباد و ڕێکەوتنی جەزائیر” بۆ وەبیرھێنانەوەی کورد و رەھەندە مێژووییەکەی، سەرەڕای ئەو ھاوپەیمانێتییە مێژووییەی دەوڵەتییانەی ناوچەکە و قەیرانە ئاڵۆزەکانی، بە تایبەتی ڕێکەوتنەکەی ئامریکا ـ عێراق دەتوانرێت خوێندەوەی بۆ بکرێت لەسەر ئەوەی کە ھەیە لە واقیعدا، بە پاوانخوازیی و بەرزخوازیی تورکیای ئێستا، وە دەوری لە بەرنامە پلاندارێژاوەکەی واشتنتۆنەو لە قەیرانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لە میانەی تێڕوانینی ئامریکا بۆ بەرژەوەندییەکانی …

مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووس مافێکی گشتییە بۆ ھەموو گەلان، پێشتر و لە شەستەکان و حەفتاکاندا جەختمان لەسەر مافی گەلی کورد بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی کردەوە( بگەڕێەوە بۆ پەرتوکی حەواتمە:”چەپی عارەبی … تێڕوانینی بوژانەوەی گەورە ـ ڕەخنە و پێشبینەیکان” لاپەڕە ٢٣، لاپەرە ٢٩)، کە بامانایەکی زیاتر و فراوانتر و گەشاوەتر، کوردەکان خەباتێکی بەردەوامیان بەرپاکردوە لە پێناوی بەھا بەرزەکاندا، بە تایبەتی لەوکاتەی کە خەباتێکی دیموکراتیانەیان کردوە لە پێناوی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییدا کە بە ملوێنەھا لە کەسانی تریان لەگەڵدا بووە کە کورد نەبوون بۆ ڕۆژێکی ئارام و ئاسایش و شەوێکی ئاشتیی و ژیانێکی خۆشەویستیی و ئاسو‌دەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، ئەمانە مافی خۆیان بووە لە ھەڵبژاردنە ئازادە عەقڵانێتە لێتوێژەروەکانیاندا، بەم مانایە ڕۆشنبیرانی کورد ھەڵگری پێشکەوتووخوازیین بە داھێنانەکانیان و ھەوڵە بەرفراوانەکانیان، لە ماوەی مێژوویی خەباتیاندا لە پێاوی بەھا مرۆییە بەرزەکاندا، ململانێی مرۆیی گەردونی ڕەوا بۆ خودی مرۆڤ و پێشکەوتنەکانی، نامەی عەقڵ لە قوڵایی بانگێشتی مرۆیی بۆ ئازادیی کە بە ڕاستی و ڕێکی ناڕەوان بە بێ خۆشەویستی، بۆ ژیانێک کە ڕاست و ڕێک نابێت بەبێ دادپەروەریی … ژیانێکی زیاتر لە پیرۆزیی و بەرزیی، وە تژی لە نرخ و بەھا … جەختدەکەمەوە لەسەر عەقلانیەتی کوردی، وەلێکۆڵینەوە و لێتوێژینەوەی لەسەر گرەوە ترسناکەکان لە مێژوویی جوڵانەوەی نیشتیمانی کوردییدا، وە کورتکردنەوە و پوختەکردنی لە بیستەکانی سەدەی ڕابوردوودا؛ بە قوڵبوونەوە و لێکۆلێنەوە بۆ ستراتیژەتە دەوڵەتییەکان و نەخزان بۆ گرەوە ناوچەییەکان و دەوڵەتییە نامسۆگەرەکان، لە کاتێکدا کە ئەوەی کە دەگوزەرێت لە ناوچەکەدا لە لایەن ھێزە ناوچەییەکانەوە بە بێ حسابکردن بۆ ئالۆزیی و گرفت و کێشەکان لەو مەرجبەندییەی کە لە گەڵ دەوڵەتە زلەکان دروست بووە لە گرەوە مێژووییەکاندا …

3/ ھەڵوێستت چییە لەسەر سازدانی پڕۆسەیەکی ڕاپرسیی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی مافی چارەنوسی کەمەنەتەوایەتییەکان لە جیھانی عەربیدا، وەک سەحرای غەربی و خواروی سودان و کەمەنەتەوایەتییەکانی تر لە پاشەڕۆژدا، لەگەڵ ئەوەی کە مافی چارەنوس بۆ ھەر گەلێک مافێکی دیموکراتی و مرۆیی و یاساییە و بەندێکە لە بەندەکانی جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨دا ئەم مافەی داوە بە ھەر نەتەوە و کەمەنەتەوایەتیەک ؟
بێگومان و بەئاشکراو بێ ئەملاولا لەگەڵ مافی بڕیاردانی چارەنووسین، وەک لە پرسیارەکەدا ھاتووە: مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووس بۆ ھەموو گەلێک مافێکی دیموکراتیی و مرۆیی و یاساییە، جاڕنامەی جیھانی بۆ مافی مرۆڤ ئەم مافەی ڕاگەیاندووە، بەروپێشەوە چوونی مێژووی بزووتنەوەی گەلان جەختی لەسەر کردوەتەوە، ئەمەش پاڵمان پێوە دەنێت کە بەرەو ئاراستەی خەباتمان بڕۆین، ئەوەشمان لە وەڵامەکانی پرسیاری پێشوتردا پیشاندا. وە لەو پەرتووکەکانمدا: ” ئۆسلۆ و ئاشتیەکی تری ھاوسەنگ”، “بەرنامەی نیشتیمانی کاتی “، “دوورتر لە ئۆسلۆ … فەلستین بەرەو کوێ؟!”، دواتر پەرتوکی”ا چەپی عارەبی … دیدگا و سەرکەوتنە گەوەرکان ـ رەخنە و پێشبینییەکان” ساڵی ٢٠١٠، کە بە ١١ چاپ دەرچووە تا ھەنووکە …


4/ بەرھەڵستکارییەکانی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی و قەوارە نەتەوەییەکانی تر وەک کەمەنەتەوایەتییەکانی ئەمازیغ و خەڵکی سەحرای غەربی چییە؟
ھەموو مەسەلەیەک تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە و جیایە لەوی تر، سەحرای ڕۆژئاویی ڕاپرسیی خۆی ھەیە و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرەشتییان کردوە، بەڵام ئامازیغییەکان تایەبەتمەندێتییەکی ڕەگەزی و ڕۆشنبیرییان ھەیە، وە دەورێکی باڵایان ھەیە لە دامەزراندنی “دەوڵەتی شارستانی دیموکراتی نوێدا”، کە لەسەر پرنسیپی ھاوڵاتیبوونێکی تەواو و بەدیھێنانی یەکسانی لە نێوان ھەموو ھاوڵاتیاندان لە مافەکان و ئەرکدا پێکدێت، وە نەبوونی جیاکرایی لە نێوانیاندا بە ھۆکاری توخم و نەتەوە و ڕەگەز و بڕوا یان ئاین و لایەنداریی سیاسیی و حیزبیی، وە پەیوەندییەکان بە پێی دەستورێکی شارستانیی کە گەل ڕێکیدەخات، وە تیایدا ئازادی دامەزراندی حیزب و سەندیکاکان لە خۆ دەگرێت، وە مافی کۆمەڵە و ڕێکخستنەکان، وە ئازادی پراکتیزەکردنی سروتە دینییەکان، وە ڕێزگرتن لە ھەموو دینەکان، وە تێکەڵ نەکردن لە نێوان سیاسەت و دین دا، دەستوری نوێ لە حوزەیرانی ٢٠١١ دا دەستوریدا بەوەی کە”زمانی ئەمزیغیەکان زمانێکی فەرمییە و یەکسانە بە زمانی عارەبی، زانکۆی مێژوو و ڕۆشنبیریی ئەمازیغیەکان، ئەمازیغیەکان زمانی خوێندن و قوتابخانە و پەیمانگاکانیان ھەیە” ئەمانە ھەنگاوگەلێکی فراوانن بەرەو جیھانێکی کراوە بەسەر مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووس …، وە پێکھێنانی ھێزێکی چەکدا کە بەرپرسبێت لە سەربەخۆیی و پاراستنی نیشتیمان و خاک، وە دەستوەرنەداتە کاروباری سیاسییەوە. ئەوەش زیاد دەکەین بۆ ناوەڕۆک؛ کە دەستور ڕەنگدانەوەی سەرچاوە جۆراوجۆرەکان بێت بۆ شوناسی نیشتیمانی بە جۆرێک کە پاڵپشتبێت بۆ یەکگرتووی نیشتیمان، وە نە سەپاندنی یاساگەلێک کە ژیانی ھاوڵاتی رێکدەخات لە بوارە تایبەتەکاندا بە شێوەیەک ناکۆک بێت لەگەڵ باوەڕەکانیاندا، یان یاسادانانێک لە بوارە گشتییەکان و تایبەتەکاندا ناکۆک بێت لەگەڵ مسۆگەرکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکندا، ھەروەھا دەستوری داھاتوو دەقێک بێت بۆ ھەموو کۆمەڵگا عارەبییە جیاوازەکان لەسەر” دەوڵەتی شارستانی دیموکراتی نوێ”وە ھیچ دەقێکی تیا نەبێت کە ناکۆک بێت لەگەڵ” شارستانیەتی دەوڵەتدا”.

بەڵام دەربارەی ئەو ئاستەنگانەی کە دێتە ڕێی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی؛ پێشتر لە وڵامەکاماندا ئەمەمان باسکرد، دەربارەی ئالۆزیی و ئالۆسکاویی ڕەوشی دەوڵەتان و ناوچەکە، وە دەربارەی ستراتیژیەتی دەوڵەتییە باڵاکان و ھەژموونکارەکان و ھاوپەیمانێتیان لەگەڵ دەوڵەتانی تری باڵاو و ناوچەکەدا، لە ڕوانگەی ئەو ئاڵۆزییەی کە “پرۆژەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەوەرە” ھێناوێتیە ئاراوە و ئەو بە دواھاتنانەی کە لێیکەوتوەتەوە … دەتوانین ئەمە ھەستپێبکەین لە پرسیارێکی کراوەدا لەسەر”بەھاری عارەبی”، ئەو شۆڕشانەی کە دەستیپێکردوە لەسەر بناغەی شوناسەکانی وە پێشەکییە نیشتیمانییەکەی، بەڵکو لە ڕوانگەیەکی کاراوە لەسەر ئازادی عەقڵی نیشتیمانی لە نەخۆشیەکانی داگیرکاریی و دەستبەسەراگرتن و ستەمکاریی، ئەمە مەرجبەندییەکی بابەتیی میژووییە بۆی، ئەم مەرجبەندیەش لە دەورەکەیەوە لە میانەی مەرجنبەندییەکی تری ڕەوشتی و ماف و نەتەوەییەوە دەردەکەوێت، وە لە میانەی بەڵگەنامەو ڕاگەیاندن نێونەتەوەییە فەرمییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەردەکەوێت، وە بەرەو لێدانی گەندەڵی و وەستانی بزووتنەوەی ھەژارییە ناچارییەکان، وە برسێتی و نەخوێندەواری، وە پێشکەشکردنی چەندین وەڵام لەسەر پرسیارە تیژ و تووندەکان.

بەڵام پرسیاری یەکلاکەرەوە ئەوەیە: ئایا لە توانادا ھەیە ئەم پڕۆژانە بەدیبھێنرێت؟ دەوڵەتە باڵا ھەژمووندارەکان حوکمی زۆرێک لە بوارەکانی سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەن!، دەبینین چۆن بزووتنەوەی ریفۆرمخوازی لە بەحرین دا پەردەپۆش دەکەن، واشتنتۆن حوکمی زۆرێک لە بوارە سیاسیەکان دەکات لە ڕێگەی سیمبول و دەسەڵاتەکانیەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی خۆی دەستوەردەداتە ژیانی سیاسی خەڵکی و ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە ڕیفۆرمخوازەی لە بەحرین دا دەگوزەرێت. پەردەپۆشییەک لە لایەن کەنالە ئاسمانییەکانەوە و لە لایەن ڕاگەیاندنەکانەوە بەرپا دەکرێت، بە شێوەیەک کە پەیوەندیدارە بە بەرنامەیەکی شاراوەی قەیرانە ئیسلامییە ئاینزاییەکانەوە، بە جۆرێک ئەم پەردەپۆشییە بەرپا دەکرێت کە بەرژەوەندی ئەو حوکمە لۆکالییەکانی ھاوپەیمان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەل واشنتۆندا بپارێزێت.

بەم شێوەیە و ھەندێک بە جیاوازییەوە دەتوانین ھەمان شت ببینین لە مەیدانی تەحریری پایتەختی میسردا؛ لە نێوان لاوانی شۆڕشگێری میسری و “کۆمەلێک بۆ ملکەچەکردنی شۆرش”، ئیسلامی سیاسی ڕاسترەو ھەرچی ھەیە دەیخاتە بەرنامەڕیژییەوە لەگەڵ ھێزی میراتگرەکانی ڕژێمی پێشوودا، ھەڵبەت بە پاڵپشتی ھێزە دەوڵەتی و لۆکاڵییە ھەژموونکارەکان، وە بە پاڵپشتی لۆجستی و ئیعلامی سیاسی سیستەمی حوکمی و کەناڵە ئاسمانییەکانی خلیج؛ دزینی شۆرشی میسر و شکاندنەوەی بە بەرژەونەدی ئیسلامی سیاسی و زلھێزەکانی جیھان، ترسناکترین بەرنامەی پلانداڕێژراو ئەو ھێزە ھەژموونکارە دەوڵەتییانەیە لەگەڵ ھەندێک لە ھیزە جیبەجێکارە لۆکاڵیەکاندا، کە ھێزە ھەژموونکارەکان پلانیان بۆ داڕشتووە کە دەورێکی باڵایان ھەبێت لە خەریتەی نوێ و ئارستە نوێکاندا بە بەرژەوەندی ھەموولایەکیان، وە پێدانی دەورێکی باڵا بە ئیسلامی سیاسی سونی، لە پەیوەندییە دەوڵەتییە سیاسییە ئابوورییەکاندا، بەو خەونەوە کە بە شێوەیەکی نوێ بگەڕێنەوە بۆ میژووی دووروو درێژی عوسمانیەکان وبە”عوسمانیکردنێکی” نوێوە، بە پێخۆشحاڵی و خۆ ھەڵکێشانەوە سەرکردە سیاسییەکان ڕایدەگەیەنن و دەڵێن” ئێمە نەوەی عوسمانییەکانین … ؛ ئەمە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت کە بەرامبەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەوەستێتەوە، ئەویش لە ئاڵۆگۆڕە سیاسیی و ئاسایشیی و پەیوەندییە دەوڵەتیە ھەژموونکارەکاندا.

ئەم پڕۆژانە و بارە قورسە جۆراوجۆرەکانی زریانی ئایدۆلۆژیی و تایفەگەریی، پڕ لە فتنە ناوخۆییە خوێنڕێژەکان، و سەنگەرلێدانی جەنگێکی بێ بناغەو بێ بیانوو، تەنیا بۆ ئەوەی ڕێگربن لە ھەرچ ڕووناکایی و ڕۆشنگەرییەکی نوێ لە ناوچەکەدا، ئەمەش لەسەر دەستی فتواچییە تەکفیرییەکاندا کە لە دواکەوتوویەتییانەوە جەنگی” پیسی و ڕقوکینە” بەرپا دەکەن … ئەم بەرنامە و پلانرێژیی و بەرژەوەندییانە دوورە لە بەرژوەندی ڕاستەقینەی گەلەوە، بە پێی بەرنامە و چاودێریی لایەن ھەژموونکراە بێگانەکانەوە دەجوڵێت؛ بەرەو ھەژمووکردن و تاریکستانی و دەستبەسەرگرتنێکی زۆرداریی و خوێناوی … وە حساباتێکی بەرتەسک … گەورەترین شتێک کە بکرێت خۆ رزگارکردنە لەم ئالۆزییە عارەبەییە بە پلەی یەکەم، ڕزگاربوون لە ئاسۆیەکی داخراو دوایھێنان بەم قۆناغی ناھەموارییە، وە ھەوڵدان بۆ دووبارە نەبوونەوەی ستەمکاریی و ھەژموونکاریی نوێ، ئەمانە ھەمووی ئەو ئاراستە و دروشمانەیە کە شۆرشی ئەمڕۆی عارەبی بەرزیان کردوەتەوە، دروشمگەلێکی بابەتیانە و واقعیانە بۆ داواکردنی دادپەروەریی و ئازادیەکان و دیموکراتیەت و مافەکان و بەھاکانی دەوڵەتی دادپەروەر … کە لە پێناویدا خوێنێکی بێگەرد و پاک ڕژێنراوە بەو ھیوایەی کە پاشەڕۆژێکی باش بێتە ئاراوە …

وەرگیراوە لە:

وێبسایتی پلاتفۆڕمی دابڕان