رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ ژان-لوک نانسی

Facebook
Twitter
LinkedIn

“چیتر خۆرئاوا بوونی نییە”

سازدانی: ئێلین کوو.

وەرگیڕانی: ڕاڤین کامەران.

فەیلەسووفی فەڕەنسی، ژان-لوک نانسی لە ساڵی ١٩٤٠ـدا لەدایکبووە، ئەو یەکێکە لە بیریارە گرنگەکانی ئێستای جیهان. ساڵانێک پڕۆفیسۆر بووە لە زانکۆی مارک بلوخ لە ستاسبۆرگ. لە سەرەتادا باکگراوەندێکی مەسیحیی هەبووە و دواتر ئاشنا بووە بە فەلسەفەی هایدگەر. دواتر کاریگەر بووە بە بوونیاتگەرەکان و پەیوەندی لەگەڵ ژاک دێریدادا دەبەسێت، لەنێوان کۆمەڵێک شتدا تێڕامانە فەلسەفییەکانی لەمڕۆدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. گفتوگۆکەمان دەربارەی ئەو زەحمەتانەی لەمڕۆدا ڕووبەڕووی فەیلەسووفان دەبێتەوە، دەستپێکرد.

پرسیار: پێت وایە  لەمڕۆدا گەورەترین ئاڵەنگاری و زەحمەت کە ڕووبەڕووی ئەندێشەی فەلسەفی دەبێتەوە چییە؟

ژان-لوک نانسی: لە فەلسەفەدا هیچ شتێک نابەخشرێت.[واتا] ناکرێت هیچ مانایەک بە ڕوون و ڕەوان دابنرێت. بۆ نموونە قسەکردن دەربارەی “مرۆڤ”، “کۆمەڵگە” یاخود “زانست” ئاسان نییە، وەک ئەوەی وا دەردەکەوێت لە واقیعدا ئەم وشانە زۆر بە باشی پێناسە و دەستنیشان کراون. بەرەنگارییەکە بریتی نییە لەوەی بەوردی لە ناسنامەیەکی دیاریکراو تێبگەین. نابێت فەیلەسووفێک [هەموو چەمک و ئایدیاکان] وەک دیارییەک وەربگرێت. دەبێت هەموو واتا پێشووترزانراو و چەقبەستووەکان بە بەردەوامی پێناسبکرێنەوە و بەرەو ڕووی ئەگەریی تازە بکرێنەوە.

پرسیار: چۆن فەیلەسووفێک دەتوانێت لە سەردەمێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و قەلەقیی وەک ئێستا، کۆمەڵگە فێربکات بەو جۆرە بیر لە وەڵامە ڕاستەکان بکەنەوە؟

نانسی: ئەمە ڕێک ئەو نائارامییەیە کە دەکرێت بۆخۆی تەڵەیەک بێت. بە واتایەک، نائارامی لەسەر حەقە: هیچ هۆکارێک بۆ چاوەڕوانکردن نییە و دۆخەکە بەو جۆرەیە کە دەشێت لە هەرکاتێکدا ژیانێکی شیاو و ڕێزدارانە لەناوبچێت و نەفرەتی لێبکرێ. لە لایەکی دیکە چەندین پرسیاری لێڵ و ئاڵۆز هەیە کە دەکرێت بە تۆنێکی “ڕادیکاڵانەوە”، هەروەک حەز دەکەین وا بڵێین، وەڵام بدرێنە، ئەمەش دەتوانێت زۆر مەتریسدار بێت. دوایین نموونەی بریکست نموونەیەکی باشە؛ دەنگەکان چوونە شوێنی خۆیان و دەنگدەر و لایەنگران دوودڵ بوون لەوەی پرسیار لەبارەی [ئەو دەنگدانەوە] بکەن. یاخود پۆدیمۆس[1] کە زۆر بەخێرایی بەهێز بوو و زۆر بەخێراییش توانا و هێزەکەی لەدەست دا، لەبری ئەوەی بتوانێت هێزەکەی فراوان بکات. لەوەش زیاتر، ئەم ئاڵۆزییەی ئێستا بەرهەمی دژبوونی “نائارامییەکان”ـە: ئەوانەی هەستیان بە دوورخستنەوە دەکرد و ئەوانەی نائارام بوون دەترسان دووبکەونەوە (لە چینی ناوەڕاست)؛ نائارامیی خەڵک لە پەنابەرەکان دەبینرایەوە، ئەو نائارامییەی کەسانێک دەترسان لەلایەن پەنابەرانەوە بپلیشێنەوە و ژێرکەون.

لە ئێستادا [هەوڵدان] بۆ پێشکەوتن زۆر زەحمەتتر بۆتەوە وەک لە سەردەمی بەرەنگاریی کرێکاران یاخود کۆتایی دیکتاتۆرەکان. چۆن دیکتاتۆریەتی فرانکۆ ئەوەندە درێژەی کێشا لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵک دژی بوون؟ چونکە ئەو کاتە سەردەمی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی ئابووریی ئەورووپا بوو و گۆڕانی دۆخەکان ئامادەکارییەک بوو بۆ کۆتایی پێهێنان بە دیکتاتۆریەت. بۆچی [لە ئێستادا] سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی ئەورووپی لە قەیراندان؟ چونکە مەکینەکەیان کۆن بووە. پێویستە لەسەرمان ڕێگەی نوێ بۆ دۆخی نوێ بدۆزینەوە کە تێیدا تەکنیکەکان، هێزەکان و چاوەڕوانییەکان بەهێواشی بگۆڕین. لەڕاستیشدا پێویستە لەمە تێبگەین: ئارامییەک کە چالاکە وەک لەوەی ناچالاک بێت. نائارامییەکیش ئارامە و ئارامییەکیش کە نائارامە.

پرسیار: تۆ زۆرجار دەربارەی تیرۆریزم دەنووسیت، بیروڕای تۆ چییە؟ بەتایبەت دوای ئەو هێرشانەی کرانە سەر فەڕەنسا.

نانسی: تیرۆریزم دوو ڕووخساری هەیە: گۆڕانکاریی باڵادەستیی خۆرئاوا و بڵاوبوونەوەی توندوتیژانەی ئیسلام. کە وا دەبینرا هاوکێشەکە [بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام] لەسەر دەستی کۆڵۆنیالیزم تێکشکا و کۆتایی بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی هێنا. ئەم تیرۆریزمە پەردە لەسەر ئەو دۆخە توندوتیژە لادەدات کە لەلایەن دژوازییەکی بەهێزی نێوان مۆدێلی خۆرئاوا و گەشەکردن دروست بووە لەگەڵ بوونی واقیعی ئەو وڵاتانەی هەست بە پەراوێزخراوی دەکەن.

لەهەمان کاتدا، خۆرئاوا لە هێزی خۆیدا لاوازە. چیتر بڕوای بە شارستانیەتی خۆی نەماوە، زیاتر لە تەکنیکەکانی خۆیدا نووقم بووە، سەیرکە سەرمایەداری چۆن گەشە دەکات بەبێ ئەوەی گوێ بداتە ستانداردە جیاوازەکانی ژیان، لەکاتێکدا هیچ ئابوورییەکی سۆسیالیستی نەیتوانیووە درێژە بکێشیت (ئابووریی سۆڤیەت لە دۆخێکی سەرمایەدارانەدا بوو). لەڕاستیدا چیتر “خۆرئاوا”ـیەک بوونی نییە و لەبری ئەوەی ئەوەی هەیە جەمسەری ئابووریی-تەکنیکیی هێزەکانە کە سەرچاوە سەرەکییەکەی ئەمریکا و نائەمریکای ئاسیایە، ئەوانەی شوێن پێی کارەکانیان لە هەموو جێیەک دەبینرێت، چیتر ئەورووپا جەخت لەسەر بوونی خۆی ناکاتەوە و ملکەچی دابەشکردنی هێزەکانی جیهان بووە.

پرسیار: ئەی جیهانگیری…؟

نانسی: هەربۆیە جیهانگیری هانی تەقینەوەکان دەدات، هەموو جۆرەکانی کۆمەڵگە و کولتوور دادەڕمێت. بۆ ماوەی پێنج سەدە پێمان وابوو دەتوانین بگەین بە یۆتۆپیاکان. ئێستا پێویستە جیاواز بیربکەینەوە و بیرکردنەوەمان لەسەر شوێنی ناو جیهان چڕ بکەینەوە. ئەمەش کاتی زۆر دەوێ… چەندین سەدە، بەڵام کۆمەڵگاکان هەمیشە ئەوەیان سەلماندووە دەتوانن لەگەڵ زەحمەت و ئاڵەنگارییەکان ڕووبەڕوو ببنەوە.

پرسیار: کاتێک ئاماژە بۆ “سەرسامیی ئازادی” دەکەیت مەبەستت چییە، ئایا پێت وایە ئێمە ئازادین یاخود نا؟

نانسی: ئازادی دەسەڵاتێک نییە تا یەکانگیری ببین یاخود مافێکی بێخەوشی خۆمان بێت. ئازادی لەو شوێنەی واقیعدایە کە بوونی ئێمە پڕۆگرام نەکراوە و پێویستە [بوونمان] خۆی ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە. هەرچۆنێک بێت، ئازادیش وەکو بوون لە جیهاندا دۆخ و سنوورگەلی خۆی هەیە. ئێمە ئازادی نین ئەگەر مەبەستمان لە ئازادی “توانامان هەبێت ئەوەی دەمانەوێت و پێمان خۆشە ئەنجامی بدەین” و “لە هەموو شتێک ئازاد بین” چونکە ئێمە بە زۆر شتەوە پەیوەستین و زۆرجاریش “ویست”ـی ئێمە تەنیا بریتییە لە ئارەزوو، هیوا و بەدەستهێنان[ی شتگەلێک] لە شوێنێکی ترەوە. تێگەیشتن لەمە واتا دەستپێکی ئازادی. هەربۆیە ئازادی سەرساممان دەکات، چونکە ئەوە دەدۆزینەوە شتێک هەیە زۆر لەوە ڕوونترە وەک لەوەی بیرمان لێدەکردەوە.

بۆ نموونە: من نەخۆش دەکەوم و ناتوانم کارەکەم بکەم، بەڵام دەتوانم دۆخەکەم وەک ئەزموونێک تەماشا بکەن؛ ئەزموونی بەرپرسنەبوون لە هەموو بڕیارەکانم. هەندێکجار نەخۆشکەوتن وانەیەکی باش دەداتە ئەو کەسانەی تەندرووستیان باشە.

پرسیار: ئایا دەکرێت ئازاری هەلی فراوانبوونی ئازادی بکەیت شی بکەیتەوە؟

نانسی: من مەبەستم ئەوە نییە… و ناشڵێم ئەوە هەل و دەرفەتە.  ئازارچەشتن ڕووداوێکی خۆش نییە، هۆکارێکە بۆ یاخیبوون و بەتایبەتی لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر بگەڕێی بۆ ئەوەی چۆن یاخی ببیت. بە واتایەکی تر، لەپێناو چی کۆتاییەک؟ بێگومان ئامانجەکە ئەوەیە چیتر ئازار نەچێژی، بەڵام دەبێت ئەمەش پێناسە بکرێتە. بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ وشەی ئامانج لە “کۆمۆنیزم” و “سۆسیالیزم”دا بەند کرابوو. بەڵام هەرگیز ئەم چەمکانە گەشەیان نەکرد، جگە لە فۆڕمی سۆڤیەت نەبێت، فۆڕمێک کە شکستی هێنا.

پرسیار: بۆچی شکستی هێنا؟

نانسی: هێشتا بەتەواوەتی شیکاری بۆ نەکاراوە یاخود بەوردی باس نەکراوە. لەبری ئەوەی قووڵتر لە پرسیارەکە بڕوانرێت کۆمینستەکان بە تووڕەکردنی سەرمایەداریی پیس دڵخۆشن کە هەموو ئایدیایەکی مەسرەفکردنی ئازادیی کۆمەڵگایەک شوێنی دەگرێتەوە. ئەوان گلەییان لە نایەکسانی و نادادپەروەری هەیە، بەڵام نازانن ئازادی لەکوێ دەدۆزرێتەوە. بۆنموونە ئەمڕۆ زۆرجار گوێمان لە مووچەیەکی مامناوەندیی جیهانی دەبێت. ئەمە وەک حیکایەت وایە و بیرۆکەیەکی باشە، بەڵام هاوکات ئەم بیرۆکەیەکی ترسناکیشە کە کۆمەڵێک خەڵک لەناو ئەم مامناوەندێتییە بەند دەکات. ڕاستییەکەی ئەوەی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بۆ ئەوەی داهێنان بکەیت، پێویستە سەرەتا بیربکەیتەوە. پێویستە بقیژێنین، برێکست هاوارێک بوو لەلایەن ئەو چینەی ئەورووپا بەڕێوە دەبات و بەسووک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. پێویستە گوێ لە هاوارەکان بگرین. بەڵام دەبێت چیی لێوە تێبگەین؟ ئەمە ئەو شتەیە دەمێنێتەوە تاوەکو ببینرێت.

پرسیار: لە کتێبەکەتدا “هەڵوەشاندنەوەی مەسیحییەت”، باسی ئایین دەکەیت لەمڕۆی جیهاندا، دەتوانی کەمێک زیاترم لەم بارەیەوە پێ بڵێیت؟

نانسی: پرسەکە دەربارەی شکان یاخود قەڵاچۆکردن نییە، بەڵکوو دەربارەی لێکهەڵوەشانەوە و لێکترازانی کۆشکێکە کە ئەوەمان پیشان دەدات لە چی شتێک پێکهاتووە. لە ئێستدا، مەسیحییەت لە ئایینەوە دروست نەبووە. بەڵکوو لە گۆڕانکاریی هیومانیزمی سەردەریای ناوەڕاستەوە دروست بووە لە کاتێکدا دەبوایە ئەمە تێکەڵ بە جیهانی دێرین بکرێت، جیهانی سنوورەکان، جیهانی فانی و تەنانەت دەتوانین ناوی بنێین جیهانی دووبارە پێناسکردنەوە. لە هەموو شوێنێکدا خواوەندگەلێک هەبوون بە کۆمەڵێک ئەرکی تایبەتەوە، یاساکان گوێڕایەڵییان دەکرد. لە هەندێک خاڵدا ئێمە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمادا یەکەم “جیهانگیری” دەبینین – لەکاتێکدا کۆچکردن لە ناوچیەکی داخراوەوە هەبووە و بارودۆخەکان چەقیان بەستبوو (وەک “مرۆڤی ئازاد بەرامبەر کۆیلە). دواتر ئارەزووی ناکۆتا و جاویدانی و پەیمان بۆ هەتاهەتای سەرهەڵدەدات. ئەم خواستنە گۆڕانکارییەکی لە شارستانییەت، کولتوور و کۆمەڵگادا بەرهەم هێنا و تا سەرکێشییەکانی جیهانی مۆدێرن درێژە بوویەوە.

پرسیار: لە کۆتاییدا با کەمێک باسی هونەر بکەین.  ئێوە بە چ شێوەیەک بیر لە هونەری هاوچەرخ دەکەنەوە و جیاوازیی لەگەڵ هونەری سونەتی چۆن دەبینن؟

نانسی: هونەری سوونەتی پەیوەندیی هەبوو بە ئەگەرییەکانی پیشاندان و نواندنەوەی واقیع – درککردن بێت بە ئایینێک، سیاسییەک یاخود پاڵەوانێکی حەقیقی. بەڵام هونەری مۆدێرن حەقیقەت وەک پڕۆسەیەکی بەردەوامی گەڕان دەبینێت. چیتر شێوە و فۆڕمێکی جێگیر و نەگۆڕ لە ئارادا نییە، تەنانەت هونەر خۆشی ناتوانێ فۆڕم بەرهەم بهێنێت لە چەمکی فۆڕمدا هەربۆیە ئێمە زیاتر وشەی ئەبستراکت یاخود ڕەنگی بێ فۆڕم بەکار دەهێنین (ڕۆتکۆ، نیومان، پۆڵاک). لە ئێستادا تەواوی کولتوورەکە وا دروستکراوە کە واتای “هونەر” زیاتر ناڕوون و لێڵ دەکات، بەتایبەتیش چونکە چیتر هونەر نوێنەر و پیشاندەری واقیع نییە.

پرسیار: ئەمەش بە چ واتایەک دێت؟

نانسی: مانای “هونەر”، بەشێوەیەک لە شێوەکان ناڕوونە، چونکە ڕێگە نادات خۆی لە ڕێی زمانەوە فۆڕمولە بکات. بیر لە موزیک بکەرەوە: موزیکی دوانزە تۆنی، موزیکی زنجیرەیی، ئێلیکترۆنیکا، جاز، ڕۆک و تێکەڵکردنی تۆنی موزیکی، پانارۆمایی دەنگمان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە (هەروەک بیناییمان، بەڵام دەنگ دەستتێوەردانێکی بەهێزتری هەیە: بیرلە بە کارەباییکردنی [موزیک] بکەرەوە، تەپە، ڕاپ، پێداکێشان، زرمە و هتد.) ئێمە بەدوای هەستی تازەدا دەگەڕێین و بێگومان ئەمەش مەترسیی خۆی هەیە. ئێمە بە دوای هەستەکان و ئەوەی ناڕوونە دەگەڕێین تا بە مانایەک ببن بە هی “ئێمە.”


[1] حیزبێکی سیاسیی ئیسپانیایە، لە ساڵی ٢٠١٤ـدا دروست بوون.

سەرچاوە کلیک بکە