رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ جۆیڵ سایمن

Facebook
Twitter
LinkedIn

جۆیڵ سایمن بەڕێوبەری جێبەجێکاری رێکخراوی سی پی جەیە (کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان). ئەو ڕۆژنامەنووسێکی چالاکە و لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە پۆستی بەڕێوبەری جێبەجێکاری وەرگرتووە و پێشتریش جێگری بەڕێوبەر بووە. رێکخراوی سی پی جەی رێکخراوێکی سەربەخۆی ئەمریکایە کە بۆ ماوەی چل ساڵ دەبێت کار بۆ پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان دەکات و نووسینگەی سەرەکییان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکایە.

ئەم دیمانەیە لەلایەن ئان کووپەرەوە ئەنجامدراوە، کە پێشتر بەڕێوبەری جێبەجێکاری رێکخراوی سی پی جەی بووە. دیمانەکە لەدوای بڵاوبوونەوەی وتارێکی جۆیڵ سایمن ئەنجامدرا کە لە ستوونێکی گۆڤاری کۆڵۆمبیا جۆرنالیزمی تایبەت بە کارەکانی ڕۆژنامەوانی بلاوکردبووەوە و تیایدا باسی ئەو هەڕەشەیەی کرد کە لە سەردەمی کۆرۆندا لەسەر ڕۆژنامەنووسان دروستبووە. جۆیڵ لەم چاوپێکەوتنەدا چاوێک بە دۆخی ئازادی ڕۆژنامەوانیدا دەخشێنێت و قسە لەسەر هەڵوێستی حکومەتە جیاوازەکان دەکات، بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان.

ئان: ئەو هەڵوێستانەی کە حکومەتە جیاوازەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکانیان گرتوویانەتەبەر شایەنی سەرنج و هەڵوێستەکردنە. وتارەکەی تۆیش کە لە کۆلۆمبیا جۆرنالیزم بڵاوتکردبووەوە چەندین نموونەی جیاوازی تێدا بوو، لەوانەیش ئێران، ڤەنزوێلا، ئەفریقای باشوور، ئازەربایجان، هەنگاریا و هیندۆراس و چەندین وڵاتی دیکەیش. بەڕای تۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان لەم کاتەدا چی لە پشتەوەیەی و ئەو حکومەتانە دەیانەوێت چ پەیامێکی ڕۆژنامەنووسان بشارنەوە؟

سایمن: هەرکەسێک لە ئەمریکا ئاگاداری وتارەکانی سەرۆک ترەمپ بووبێت لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، زۆرباش لەوە تێدەگات کە سەرۆکی وڵاتەکانی تریش بۆچی هەڵوێستیان بەو جۆرەیە کە هەیە. سەرۆکە جیاوازەکان لەلایەن ڕاوێشکار و شارەزایانەوە ئەوەیان پێدەگوترێت کە پێویستە بڕیاری دراماتیکی و هەڵوێستی دیاری خۆیان دەربخەن سەبارەت بە ڤایرۆسەکە. بەڵام ئەوان هەمیشە ترسیان لەو کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتیانە هەیە کە دەکرێت بڕیارەکانیان دروستیان بکات. هەربۆیە بێدەنگی هەڵدەبژێرن لەزۆربەی کاتەکاندا. وە هەوڵی تەواویش دەدەن کە هەموو ئەو ڕاستیانە بشارنەوە کە مەترسی ڤایرۆسەکە و خێرایی بڵاوبوونەوەکەی دەردەخەن لە وڵاتەکەی خۆیاندا. ئەمە لە زۆربەی وڵاتەکاندا بەم جۆرەیە. نەک هەر چین، بەڵکو ئێران، ڕووسیا، میسڕ و عێراقیش بە هەمان شێوەی چینیان کرد. بۆیە ئاشکرایە کە زۆرینەی زۆری حکومەتەکان نایانەوێت قسەوباسێکی زۆر لەئارادا بێت لەسەر ڤایرۆسەکە و پرسیار لەسەر هەڵوێست و بڕیارەکانی حکومەت دروست ببێت. هەر ئەمەیشە کە گرینگی ئازادی ڕۆژنامەوانی دەردەخات.

جگە لەو حکومەتانەی کە لەسەرەوە باسمانکردن و دەچوونە نێو کاتیگۆرییەکی تایبەتەوە، دەمەوێت باسی دوو جۆر حکومەتی دیکەیش بکەم کە دەچنە نێو دوو کاتیگۆری جیاوازی دیکەوە. یەکەمیان کاتیگۆری حکومەتە بەپەرۆشەکانە و دووەمیشیان حکومەتە ئاڵۆزەکان. لە کاتیگۆری یەکەمدا حکومەتەکان کۆرۆنا وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن تا هێز و دەسەڵاتی خۆیان زیاتر بسەپێنن. بۆیە پێیان دەڵێم حکومەتە بەپەرۆشەکان. هەنگاریا لە نموونەی ئەم حکومەتەیە. ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە چەند بڕیارێکی پەرلەمانی دەرکرد کە بوونە هۆی ئەوەی زۆرینەی زۆری دەسەڵات بچێتە دەستی خۆیەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە. ئازەربایجانیش بەهەمان شێوەی هەنگاریا لەم کاتیگۆریەدایە. ئیلهام عەلیەڤی سەرۆک کۆمار ڕاگەیاند کە بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسەکەوە، پیویستە ئەو ماوەیەکی زیاتر لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە.

سەبارەت بە کاتیگۆری حکومەتە ئاڵۆزەکانیش، ئەفریقای باشوور و هیندستان دوو نموونەی گونجاون. ئەفریقای باشوور و هیندستان هەردووکیان دوو وڵاتی دیموکراتن. وە ئازادی ڕۆژنامەوانی وەک بنەمایەکی سەرەکی دیموکراسییەت، لە هەردوو وڵاتەکە بانگەشەی بۆ دەکرێت لەلایەن حکومەتەکانیانەوە. بەڵام هەردوو حکومەت لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە چەند بڕیارێکیان دەرکرد کە یەکیان نەدەگرتەوە لەگەڵ دیموکراسیەت. بۆ نموونە لە هیندستان سەرۆک وەزیران بڕیاری ئەوەی دەرکرد کە نابێت هیچ ڕۆژنامەنووسێت بەبێ بوونی سەرچاوەی فەرمی و حکومی بابەت لەسەر ڤایرۆسەکە بڵاوبکاتەوە. ئەم بڕێارە دواتر جێگیرکرا و بوو بە یاسایەکی جێگیری وڵاتەکە.

ئان: ئەم شەپۆلی چەپاندنی ڕۆژنامەنووسانە بەجۆرێک هاوشێوەی ئەو شەپۆلەیە کە لەدوای ڕووداوەکانی یانزەی سێپتەمبەرەوە دروستبوو. لەو کاتەدا هەڵمەتێکی توند بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەستیپێکرد. بۆ نموونە لە بازاڕی بۆرسەی نیویۆرکدا ڕێگە بە پەیامنێرەکانی تۆڕی هەواڵی جەزیرە نەدەدرا ڕووماڵ بکەن. ئەوە هەر هەڵوێستێکی ڕاستەوخۆ و کورتخایەن بوو، ئەگینا هەڵوێست و کاریگەرییە درێژخایەن و ناڕاستەوخۆکان زۆر زیاتربوون لەو کاتەدا. بەتایبەت دوای ئەوەی کە بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان تۆمەتی تیرۆرستی و بیانووی پاراستنی ئاساییشی ناوخۆیی بەکاردەهێنرا. ئەو شەپۆلە و ئەو یاسایانەی کە لەو کاتەدا دەرچوون، کاریگەرییەکانیان هەتاوکو ئێستایش بەردەوامە. ڕای تۆ چییە لەسەر ئەو کاتە و ئیستایش کە هەمان شت خەریکە دووبارە دەبێتەوە بەجۆرێکی تر؟

سایمن: ئەو حکومەتانەی کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی میدیا دەدەن، بەجۆرێکن کە بەردەوام دەیانەوێت دەرفەتە جیاوازەکان بقۆزنەوە و لە قازانجی خۆیان بەکاری بهێنن. بەتایبەت دەرفەتی دەربڕینی ڕا جیاوازەکان کە هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر هۆشیارببنەوە. ئەمە لێرە لە کاتی ڕوودانی ڕووداوەکەی یانزەی سێپتەمبەر وەکو بیانوویەک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر کاری پێدەکرا.

هۆکاری ئەمە زۆرجار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتەکان ناتوانن بە ڕاستەوخۆیی ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە. وڵاتی زیمبابۆی نموونەی ئەمەیە و لەو کاتەی کە ئەمریکا لەو جۆرە هەڵوێستانە دەنوێنێت، زیمبابۆی پشتگیری دەکات کە چۆن ئەمریکا دژی ڕۆژنامەنووسان وەستاوەتەوە و بێدەنگیان دەکات. ئەمە وادەکات کە زۆر بە ئاسانی ڕۆژنامەنووسان وەکو تیرۆرستێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت وەک لە ڕۆژنامەنووس کە خاوەنی ئەرکی و پێگەی خۆیەتی. ئەمریکا بانگەشەیە ئەوەی دەکرد کە ڕۆژنامەنووسەکان یاخود دەبێت لەگەڵیان بن، یاخود وەک دوژمن سەیردەکرێن. جگە لە ئەمریکایش تورکیا و میسڕ دوو وڵاتن کە زۆرترین کەیسی دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووسانیان هەبووە بە بیانووی تیرۆریزم. لە کۆتایی ٢٠١٩دا لە ئامارێکدا کە تیایدا ئاماژە بە دادگاییکردنی ٢٥٠ ڕۆژنامەنووس کرابوو لە سەرتاسەری جیهان، تورکیا و میسڕ زۆرترین پشکیان هەبوو لە ژمارەی دادگاییکردنەکان. ئەمەیش دەری دەخات کە تێکەڵکردنی بابەتی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ کارە تیرۆرستییەکاندا بابەتێکی گرینگ و بەردەوامە و لە زۆرینەی زۆری وڵاتەکاندا ڕؤژنامەنووسان دەچەوسێنرێنەوە و تۆمەتی تیرۆرستبوونیان دەدرێتە پاڵ.

ئان: ئایا هیچ بەرهەڵستییەک هەبووە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە لە دژی ئەو کەیسانەی کە تیایدا حکومەتە جیاوازەکان ڕۆژنامەنووسان بە تۆمەتی تیرۆریزم دادگایی دەکەن؟

سایمن: بەڕای من بەرهەڵەستییەک لە ئارادا نەبووە کە شایەنی پێزانین بێت و کاریگەری گەورە و گرینگی هەبووبێت. چونکە دیاردەی تیرۆریزم لە فراوانبووندایە و بەشی زۆری وڵاتەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن. ئەوەیش وایکردووە کە دەرفەت بۆ حکومەتەکان دروستببێت تا لەڕێگای ئەم بابەتەوە ڕۆژنامەنووسان بچەپێنن. هەرکاتێکیش وڵاتێکی ڕۆژئاوایی هاتبێتە دەنگ، ئەوان وتوویانە کەئێمە لە دژی تیرۆریزم دەجەنگین نەک ڕای ئازاد و ئازادی ڕۆژنامەوانی. ئەمە هەر ئەوەیە کە ڕۆژئاوا داوایکردووە. بۆیە حکومەتەکان دەڵێن کە ڕۆژئاوا مافی ئەوەی نییە ڕەخنە بگرێت.

بەڵام چەند کەیسێکی تایبەتی هەن کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئیدانەیانی کردووە و پێویستە ئاماژەیان پێبکەین، بەڵام ژمارەیان کەم و دیاریکراون. بۆ نموونە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئۆبۆمادا ئیدانەی چەندین کەیسی لەو جۆرە کراوە کە لە وڵاتانی تورکیا، میسڕ و ئیسۆپیا بوونیان هەبووە.

ئان: ئەی ئێستا، هیچ بەرهەڵستییەک هەیە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوا دژی ئەو وڵاتانەی کە بە بیانووی کۆرۆناوە ڕۆژنامەنووسان دەچەپێنن؟

سایمن: من خۆم ئەندامانی سی پی جەیم ڕاسپپارد کە بەدوای بەرهەڵستییەکی لەم جۆرەدا بگەڕێن. بەڵام هیچ نموونەیەکیان دەستنەکەوت.

ئان: هیچ نموونەیەکی تر هەیە کە تیایدا حکومەتی وڵاتێک بە بیانووی حاڵەتی لەناکاوی کۆرۆناوە ڕۆژنامەنووسانی چەپاندبێت و ڕێگری لە کارەکانی کردبێت؟

سایمن: جگە لە بابەتی تیرۆریزم کە پێشتر باسمان کرد، دەمەوێت ئاماژە بە دوو باەتی دیکەیش بکەم کە بە هەمان شێوە پەیوەندیدارن. ئەوانیش بابەتەکانی بەهاری عەرەبی و ڕەگەزپەرستی. ئێمە دەزانین کە تەکنەلۆژیای زانیاری لەم سەردەمەی ئێستادا چەندێک کاریگەری گەورەی هەبووە بەسەر چالاکیە مەدەنییەکانەوە و چەندێک سوودی هەبووە بۆ خەڵک. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت ئەوەیش بزانین کە حکومەت و بەرپرسە جیاوازەکان چەندێک زیانیان لەم پەیوەندیەی نێوان چالاکی مەدەنی و تەکنەلۆژیای زانیاری بینیوە و چەندێک کاردانەوەیان هەبووە بەرامبەری. بە کورتی ئێستا دەسەڵاتداران دەزانن کە بۆ هەبوونی دەسەڵات، پێویستە کۆنترۆڵی تەکنەلۆژیای زانیاری بکرێت و ئەوەیش مەرجێکی بنەڕەتییە و نابێت بە هیچ جۆرێک بشتگوێ بخرێت. ئێە بینیمان کە چۆن ناڕەزایەتی لە وڵاتانیو ەک ئێرانەوە دروستدەبوو و دواتر کاریگەری دەبوو لەسەر دروستبوونی انڕەزایەتی لە وڵاتانی تری وەک ڕووسیا و چین. ئەمەیش وایکرد کە بەشێکی زۆر لە حکومەتە جیاوازەکان کاردانەوەی ڕاستەوخۆیان بۆ ئەم بابەتە هەبێت و کۆنترۆڵی سۆشیال میدیایان کرد. هەر لێرەشەوە ڕێژەی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان بەشیوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوونکرد وەک لە پێشتر.

لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا سەرۆک ترەمپ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم بابەتە دەیویست کۆمەڵێک یاسای نوێ دەربکات کە بەهۆیانەوە کۆنترۆڵی میدیا و سۆشیال میدیاکان بکات، ئەویش بە بیانووی ئەوەی کە ڕێگە بگرێت لە بڵاوبوونەوەی “هەواڵ و زانیاری ساختە”. سەرۆک ترەمپ دەرکردنی یاسای نوێ بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختەی بە حاڵەتێکی پێویست و لەناکاو وەسف دەکرد. هەرچەندە من وەک خۆم هاوڕا نیم و بابەتەکە بە پێویست و لەناکاو نازانم، بەڵام لە چەندین وڵاتی جیاواز حکومەتەکان هاوڕای ترەمپبوون و هەمان کاردانەوەیان هەبوو. ئەنجامی ئەمەیش بەرزبوونەوەی ڕێژەی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان بوو. لە ساڵی ٢٠١٥ تا ئێستا، ڕێژەی ئەو ڕۆژنامەنووسانای کە بە تاوانی بلاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری هەڵە دەستگیرکراون سێ هێندە بووە. ژمارەکان پێشتر لە نێوان ١٠ کەیس و ٣٠ کەیسدا بوو لەساڵێکدا. بەڵام ئێستا بە ئاسانی دەتوانین ٢٥٠ کەیسی جیاواز ببینین. ئەمەیش بەرزترین ڕێژەی ساڵانەیە کە سی پی جەی هەتاوەکو ئێستا تۆماری کردبێت.

ئان: لە وتارەکەی کۆڵۆمبیا جۆرناڵیزم ئاماژەت بەوە داوە کە چەندین کاریگەری درێژخایەن دروستدەبن بەسەر ڕێگری و چەپاندنەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان لە سەردەمی کۆرۆنادا. هەروەها ئاماژەیشت بە یەکێک لەو ڕێگرییە درێژخایەنانە داوە و باسی ئەوەت کردووە کە چۆن بەهۆی ئەم سیاسەتەی ئێستاەوە دەکرێت لە داهاتوویشدا ئێمە ناچاربین سنوورەکان قبوڵبکەین و رێگرییەکان بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەوانی و ڕادەڕبڕین وەکو خۆیان بمێننەوە. ئەمە واتای ئەوەی ڕۆژنامەنووسان ئەو بانگەشەیە قبوڵبکەن کە حکومەتەکانی وەک چین دەیکەن و دەڵێن کۆنترۆڵکردنی میدیا و سۆشیال میدیا ئەرکێکی بنەڕەتی و پێویست بوو تا قەیرانی کۆرۆنا تێپەڕێنرێت. ڕۆژنامەنووسان ئەگەر بیانەوێت ئەم بانگەشەیەن قبوڵنەکەن ئارگیومێنتەکەیان چی دەبێت؟

سایمن: لە چین ئەم بانگەشەیە زۆر بە تودنی کراوە لەلایەن حکومەتەوە و بەردەوامیش دووبارەی دەکەنەوە و بڵاوی دەکەنەوە، لەڕێگای تۆڕە فراوانە پڕوپاگەندییەکانیانەوە. چین دەڵێت کە گوایە کۆنترۆڵکردنی میدیا و سۆشیال میدیا لەلایەن حکومەتەوە کاریگەری گەورەی هەبووە بۆ تێپەڕندنی قەیرانەکە و ئەوان بەهۆی ئەوەوە توانیویانە بەسەر کۆرۆنادا سەربکەون. ئەوان بەردەوام ئاماژە بە سەرکەوتنی خۆیان دەکەن بەسەر کۆرۆنادا و وەکو بەڵگە بەکاری دەهێنن بۆ ڕەوایەتی دان بە سیاسەتەکەیان. بەڵام نابێت بیرمان بچێت کە ئێستا و پێشطریش چین خاوەنی میدیایەکی سەربەخۆ و ئازاد نەبووە و هەمیشە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا بووە. ئەمەیش گومانی گەورە دروست دەکات لەسەر بانگەشەکانی حکومەت و ئەگەری ئەوە هەیە کە تەواوی بانگەشەکانی هەڵەبن و ڕاستییەکان بەجۆرێکی دیکە بن. بۆیە ئێمە ناتوانین هیچ کام لە بانگەشەکانی چین وەک ڕاستییەکی تەواو وەربگرین.

ڕاستت بوێت من ئەوە بە ئەرکی ڕۆژنامەنووسان نازانم کە ناڕاستی ئەم جۆرە بانگەشانە بسەلمێنن و ڕووبەڕووی ببنەوە، بەڵکو ئەرکی کەسایەتی پەیوەندیدار و ئەو بەرپسانەیە کە ئەرکیانە دیموکراسی بەرقەرار بکەن. بێگومان ناڵێم کە ڕۆژنامەنووسان بێدەنگبن و هیچ نەڵێن، دەبێت قسە بکەن و ڕووبەڕووی ئەم جۆرە بانگەشانە ببنەوە لەکاتێکدا کە کەسایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێدەنگن. چونکە ئازادی ڕۆژنامەوانی مافێکی سەرەتایی هەر وڵاتێکی دیموکراتە و پێویستە سەرکردەکان ئەو مافەیان دەستەبەرکردبێت و ڕۆژنامەنووسانیش خەریکی کاری خۆیان بن کە گواستنەوەی زانیاریی و هەواڵە بە خەڵک. بەڵام ئێمە پێچەوانەکەی دەبینین، کەسانی وەک ترەمپ بە ئاشکرا پێشێلکاری مافی ڕۆژنامەوانی دەکەن. هەربۆیە من داوای کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتیم کردووە بۆ ئەو هەڵوێستەی کە لە ئیستادا دژی ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەوانی بە بیانووی کۆرۆناوە دەگوزەرێت. چونکە ترسی من لەوەیە دوای تەواوبوونی کۆرۆنایش، ئێمە ناچاربین باجی ئەم هەڵانە بدەین کە لە ئیستادا ئەنجامدەدرێن.

ئان: رێکخراوەکەتان بابەتێکی بڵاوکردەوە لەسەر خۆپارستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەو بابەتە بۆ ٢٣ زمانی جیاواز وەرگێڕدراو ئێستا بە هەموو زمانەکان بەردەستە لەناو تۆڕی ئینتەرنێتدا. لەناو بابەتەکەدا زانیارییەکانی خۆپارێزی تیایە، بۆ نموونە دەست شۆردنی بەردەوام و نزیک نەبوونەوە لە خەڵکی تر کە هەمووی زانیاری سەرەتایین و لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە خراونەتە بەردەستی خەڵک. هەروەها چەند بەشێکی بابەتەکە تەرخانکراوە بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران. بۆنموونە بەکارهێنانی مایکی درێژ لەلایەن میدیاکارانی کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان لەجیاتی مایکی دەستی. ئێوە وەک سی پی جەی چ پێشنیارێکی دیکەتان بۆ ڕۆژنامەنووسان هەیە تا خۆیان بپارێزن لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانیان؟

سایمن: لەڕاستیدا ژمارەی ئەو زمانە جیاوازانەی کە ڕاپۆرتەکەی بۆ وەرگیردراوە لە ئێستادا گەیشتووەتەوە نزیکەی ٤٠ زمان و لە زیادبوونیشدایە. وەک خۆیشت ئاماژەت پێدا ڕاپۆرتەکەی ئێمە زیاتر تایبەتە بە ڕۆژنامەنووسان و چۆنییەتی خۆپاراستنی ئەوان. بەڵام مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانیش بە هەمان شێوەی خەڵکی ئاساییە. بۆیە ئامۆژگاری من ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانیش بەردەوام دەستیان بشۆن و مەودای دووری خۆشیان لە خەڵکانی تر بپارێزن. بەڵام چونکە ئەوان کارەکەیان زیاتر مەیدانییە و مەترسییەکی زیاتریان لەسەرە، بۆیە دەبێت لە خەڵکی ئاسایی زیاتر ئاگاداری خۆیان ببن و لە هەموویشی گرینگتر من ئامۆژگاری ەئوەیان دەکەم کە بەردەوام چاودێری سەرچاوە تەندروستییەکان بکەن لەسەر ئەو ڕێنماییانەی کە بڵاو دەکرێنەوە.

سەرچاوە: