رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ فەرەیدوون حەسەن

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئا: ئازادبوون

فەرەیدوون حەسەن سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادبوونە، ساڵانێکە لە بواری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کار دەکات، جگە لەوەی چەندین نووسین و وەرگێڕانی هەن و چالاکیی زۆری لە بوارە جیاوازەکانی تردا بەڕێوە بردووە. لەم دیمانەیەدا کە ماڵپەڕی ئازادبوون سازی داوە، باس لە ئامانج و دیدگا و کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی ئازادبوون و وردەکاری و هۆکارەکانی دامەزراندنی باس دەکات.

ئازادبوون: بایۆگرافیایەکی کورتتمان پێ بڵێ و ئەزموون و چالاکییەکانت لە کاری ڕێکخراوەیی و کۆمەڵگەی مەدەنیدا چی بوون؟

فەرەیدوون حەسەن: ناوم فەرەیدوون ‌حەسەنە، بەشی ئابووریم لە زانکۆی بەغداد لە ساڵی ١٩٨٥دا تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٩١ەوە بەردەوام لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنی و ناحکومییەکاندا کارم کردووە و پڕۆژەم هەبووە. سەرەتا لە ڕێکخراوە بیانییەکانی وەکو tdc ،mag و وادی کارم کردووە.

لە سەرەتادا لە ڕێکخراوی amg ی بەڕیتانی  بەڕێوەبەری پرۆگرام بووم، پاشان لە ڕێکخراوی وادیی ئەڵمانی و دواتر لە ڕێکخراوی tdc ی فەڕەنسی. هەروەها لە چەندین ڕێکخراوی تر کارم کردووە. خۆیشم لە دامەزراندنی دوو ڕێکخراودا بەشداریم کردووە: ڕێکخراوی دەریا لە ساڵی ٢٠٠٣دا و ڕێکخراوی ئازادبوون لە ساڵی ٢٠١٩دا.

ڕێکخراوی دەریا، کە ڕێکخراوێکی کولتوورییە بۆ دابڕاوان، لە ساڵی ٢٠٠٤ لە فەڕەنسا داممەزراندووە. مەبەست لە دابڕاوان ئەوانەن کە بە هەر هۆیەک بێت لە سەرچاوەکانی کولتوور و زانست و زانیاری و پەروەردە دابڕاون، کە هەموو کەمئەندامان و بەندکراوان و ئاوارە و نەخوێندەوارەکان دەگرێتەوە. کێشەی ئەم کۆمەڵە خەڵکە، كێشەی ئەکسێسەبڵتییە، واتە پردی پەیوەندی لە نێوان ئەوان و سەرچاوەکاندا نییە. بابەتەکەش ئەوە نییە خۆیان نەزانن، بەڵکوو نەبوونی ئامڕازە. ڕێکخراوەکە کاری کردووە بۆ دووبارە دابینکردنی سەرچاوەکانی زانیاری و پەروەردە و ڕۆشنبیری بۆ کەسانی دابڕاو و پەراوێزخراو.

هەروەها بەشداریم لە دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادبوون لە ساڵی ٢٠١٩دا، جەخت دەخاتە سەر دامەزراندن و پەرەپێدانی چەمکی تاکگەرایی.

یەکێک لە بۆچوونە گرنگەکان لای من لە بواری ڕێکخراوی مەدەنیدا، ناپەسەندبوونی ئەو جۆرە ڕێکخراوانەیە کە شت بەسەر خەڵکدا دابەش دەکەن. بە واتایەکی تر، خەڵک فێری پشتپێبەستن بە غەیری خۆیان دەکەن. دوو جۆر پڕۆژەم پێ باشە، ئەویش ئەوانەن کە خەڵک فێری ڕۆحی بەرپرسیارێتی دەکەن، لەوانە ئەو پڕۆژانەی کە پەیوەندییان بە بواری ئابووری و بەرهەمهێنانەوە هەیە، هەروەها ئەو پڕۆژانەی لە بواری کولتووری و ڕۆشنبیریدان. هەر بەو شێوەیەش کارم کردووە، بۆ نموونە لە ڕێکخراوی وادی پڕۆژەی کشتوكاڵیمان بۆ کەڕوڵاڵەکان و لە ڕێکخراویtdc  سەنتەری گەنجان  و لە ڕێکخراوی دەریا پڕۆژەی کتێبخانەی دەنگیمان دامەزراندووە.

ئازادبوون: هۆکارەکانی دروستبوونی بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادبوون و سەرپێخستنی ڕێکخراوەکە چی بوون؟

فەرەیدوون حەسەن: سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم کە بیرۆکەی ئەم ڕێكخراوە لای کاک تەحسین قادر گەڵاڵە بووە، بە دەستپێشخەریی ئەو کۆ بووینەتەوە و ئەم ڕێکخراوەمان دامەزراندووە، ئەمە پێویستە بمێنێتەوە بۆ مێژوو کە ئێمە لەگەڵیدا هاوکار و بەشدار بووین.

هۆی سەرەکیی بایەخدانمان بە چەمکی تاکگەرایی و دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە، ئەوەیە کە پێمان وایە لە هەرێمی کوردستان یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بوونی ئەو هەموو کێشەیە، بریتییە لەوەی زۆربەی شتەکان بە پێچەوانەی ئەو وێنە ڕۆشنبیری و ڕەنگینەی کە خۆیانی پێ دەنوێنن، لەژێرەوە بە شێوازێکی خێڵەکی و بنەماڵەچێتی و گرووپچێتی دامەزراون و دەچن بەڕێوە، کە تێیاندا ئازادی و ڕۆڵ و داهێنانی تاکەکەس و بەرپرسیارێتی ونە. تەنانەت لە کاتی دەنگداندا، کە نموونەی ئەوپەڕی ئازادیی مرۆڤ و ئیرادەی سیاسییە، لە ناو کابینەی دەنگدانەکدا ئازادیی خۆی نییە، هێندەی نوێنەری ئەو گرووپەیە کە لێوەی هاتووە، جا خێلە یان بنەماڵە یاخود حیزب یان هەر گرووپێکی تر. هەروەها ئەگەر لەسەر ئەم شێوازە تەماشای بکەین، لە زۆربەی بوارەکانی تردا سەرنج دەدەین کە بوون و ئازادی و ڕۆڵ و داهێنان و بەرپرسیارێتیی تاکەکەس ونە، لە کاتێکدا کە ئامادەیی و چالاکی ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییە گەورەیەی هەیە، یەکەم لە گۆڕینی ئەم دیمەنە پڕ كێشە و قەیران کە لە کوردستاندا بەدی دەکرێت، دووەم لە چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشخستنی کۆمەڵگە و سێیەم لە داهێنان و بەرەوپێشبردنیان، کە ئەم ڕۆڵانەی تاک ونن، هەمووشی لە سایەی نەبوونی تاکگەراییدا.

لە لایەنێکی تریشەوە، بۆ دەربازبوون لە هەموو ئەم قەیران و كێشانەی کە ئێمە هەمانن، پێویستە بروا بە بنەمای هاووڵاتیبوون بهێنین، کە تێیدا هەر تاکێک هاووڵاتییەکی ئازادە، ئەم بنەمایە تا ئێستا دانەڕێژراوە، نە لە ئاستی فیکری و نە لە ئاستی پراکتیکیدا، لە هەموو ئاستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و نەریتی و ئابوورییشدا. لەم پێشینەیەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بۆچی ئێمە لەم بوارەدا بە گرنگی دەزانین کار بکەین و چالاکی بنوێنین؛ بۆ ئەوەی بەشدار بین لە دامەزراندن و خوڵقاندنی کولتووری تاکەکەسی ئازاد و داهێنەر و بەرپرسدا.

من هەمیشە بایەخ بە وشەی بەرپرس و داهێنەر دەدەم، بۆ ئەوەی دیار بێت کە تاکەکەس بریتی نییە لە تەنها مومارەسەی ئازادی. واتە ئازادی ئەگەر مافێک بێت، ئەرکێکی بە دوادا دێت. تاکی ئازاد بە تەنها چێژ لە ئازادی نابینێت، بەڵکو هەڵدەستێت بە شاندانە بەر بەرپرسیارێتییەکان. ئەمانە هەمووی ئامانجی سەرەکیی ڕێکخراوی ئازادبوونە.    

بێگومان هەموو ئەم بوارانە پێویستیان بە کارکردن هەیە، بەس بە بڕوای من دوانیان سەرەکین: بواری کولتووری و فیکری، یان ڕۆشنبیری. هەروەها بواری ئابووری و سیاسی. ئازادی و تاکگەرایی لە بواری فیکری و ڕۆشنبیریدا، دەبێت بە قووڵی کاری لەسەر بکرێت، پاشان بواری ئابووری و سیاسی. بە دوایدا بوارە کۆمەڵایەتییەکان و بواری ڕۆحی و پەروەردەیی و ئەوانەی تر دێن.

بناغە لەم کارەی ئێمەدا لە بواری ڕۆشنبیری و سیاسی و ئابوورییەکەدایە. بەو مانایەی کە چەمکی تاکگەرای لێرە دانەمەزراوە و پێویستە بە قووڵی بچێتە  ناو کولتووری ئێمەوە و بەو مانایەش لە ڕووی سیاسییەوە تاک ئازاد نییە، بەڵکو شوێنکەوتە و پێوەگرێدراوی کۆمەڵە. بەو مانایەش کە تاک دەسەڵاتی ئابووریی ئازادی نییە، بۆ نموونە کە تاکێک کار دەکات ئەم کارە بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی و خێزانییە کە دەیبات بەرێوە، یاخود بنەماڵەییە، هەر وەک چۆن کەسێک پڕۆژەیەکی هەیە کە خۆی بە تەنها خاوەنی نییە، بەڵکو هیی بنەماڵەکەیەتی.

من پێم وایە لە قووڵترین ئاستی تەنیاییدا، لێرە مرۆڤەکان تەنیاییەکانیشیان کۆلێکتیڤە، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەم کێشەیە تەنها هیی کورد نییە، بەڵکو کێشەیەکی خۆرهەڵاتییە. کائینی کوردی لەبەر ئەوەی تەجروبەی مێژووی دەسەڵات و چەند بوارێکی تری هەژارترە، ئەم کێشە و ئەزمانە خەستتر بوونەتەوە. نموونەی ئەوەش مرۆڤی کورد تەنانەت لە ژووری نوستنەکەشی بە تەنیا نییە. بۆچی؟ چونکە کێشەی ئەو لەگەڵ خێزانەکەیدا  بە تەنها کێشەی ئەوان نییە، بەڵکو کێشەیەکی گشتییە، کێشەی بنەماڵەکانیانە، کێشەی کولتوور و کێشەی چواردەوریانە، هەروەها بێگومان کێشەی زەمەنەکەیانە. بگرە خۆشەویستییەکیان بە تەنها هیی خۆیان نییە، هێندەی پەیوەستە بەو مۆدێلەی خۆشەویستی و پەیوەندیی کولتووری و زەمەنی، کە بە ناچاری تێیدان. نموونەیەکی تر، تەنانە لە پیاسەیەکی تەنیایشدا بە تەنیا نییە و خەیاڵ و دنیابینی و هیواکانی کۆلێکتیڤە. بۆیە بە ڕای من لە کاتی تەنیاییشدا مرۆڤی کورد هەر ئازاد نییە و کۆلێکتیڤە، تەنانەت بە کۆلێکتیڤی خەون دەبینێت.

ئازادبوون: ئەو ئاستەنگانەی هەم لە گەڵاڵەکردنی بیرۆکەکە و هەم دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادبووندا هاتنە پێشێ، چی بوون؟

فەرەیدوون حەسەن: بە گشتی وەک هەر دەستپێشخەرییەکی تر، نەک تەنها ڕێکخراو، بەڵکو هەر بوارێکی تر کە بتەوێ دەستپێشخەری بکەیت، لەم وڵاتەدا تووشی چەند بەربەستێکی گشتی بووین. بۆ نموونە لێرە لەبری کارڕاپەڕاندن و کارئاسانکردن، کارسەختکردن هەیە. ئەمەیش لە زۆر ئاستدا، بە تایبەتی لە ئاستی ئیداری و ڕۆتیندا، لە ئاستی مۆڵەتپێدان و لە ئاستی سیاسی و پەسەندکردنی بیرۆکەکە و چەند بەربەستێکی گشتیی تر، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت ئەوەیش بڵێت کە سووربوون و ئیرادەی دۆست و برادەران بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە و دامەزراندنی، زۆر کارئاسانکەر بوو و زۆرینەی بەربەسەتەکانی نەهێشت، بۆیە توانیمانە لە ماوەیەکی کەمدا هەم دایبمەزرێنین، هەم چالاکیش بین.

لە ڕاستیدا بە گشتی ئەو بەربەستە هەیە، بۆ گەیاندنی فیکرێکی نوێ هەمیشە تووشی بەربەست دەبیت، لەبەر هۆکارێک کە ئەویش ئەوەیە خەڵک بە گشتی لە دنیادا و بە تایبەتی لە لای ئێمە، کەم ئامادەیی تێدایە کە لە ڕەوتی باوی کۆمەڵگە بترازێ و بیرۆکەیەکی نوێ پەسەند بکات. نموونەیەکی تر لەسەر ئەوەی بۆچی خەڵک لە تەنیاییەکەیشیدا کۆلێکتیڤە، ئەوەیە کە یەکێک لەو بنەمایانەی خەڵک دەبات بەرێوە، بە تایبەتی لێرە، خەڵک دەترسێت لەوەی لە خەڵکی تر نەچێت و لە دەرئەنجامەکانیشی دەترسێت، کە ئەمە ڕۆحی ئازادی و ئیرادە و بەرپرسیارێتی و خەیاڵ و داهێنان تێیدا کز دەکات، ئەگەر نەڵێین دەکوژێت. لێرەدا بەربەستی دووەم کە هاتووەتە ڕێگەمان، ئەوەیە کە بە ئاسانی ئەم بیرۆکەیە هەزم نابێت و پێویستی بە کات و بە شەرحە، بەڵام ئەوەی دواجار ئێمە لێی تێگەیشتین، ئەوەیە کە ئەم بەربەستە بریتییە لە حەقلی کارەکەمان و ناکرێت هەر چاوەڕوان بین هەتاوەکو خەڵک قەناعەت دەکات، بەڵکو دایدەمەزرێنین و دوایی لەسەر ئەم بوارە کار دەکەین، بۆیە ئێستایش لە بەردامماندایە و ئەو کارە ماوە کە خەڵک قەناعەت پێ بێنین. نەک بە تەنها بەو شێوەیەی ئەم بیرۆکەیە بە تەنها لای ئێمەیە و نەقڵی بکەین بۆ خەڵک، بەڵکو خەڵک بەشدار بکەین لەم کارەدا، بە واتا تاک دەبێت خۆیشی بەشدار بێت لە بەدیهێنانی ئازادیی تاکگەرایی خۆیدا، ئازادیی تاکگەرایی مەسەلەیەک نییە ئێمە دابینی بکەین و خەڵک وەک چاکەتێک لە بەری بکات و چێژی لێ ببینێت، بەڵکو دەبێت خۆی بەشدار بێت لە هێنانەئارا و خوڵقاندنی، کە ئەم مەبدەئی بەشداری و ڕۆحی بەرپرسیارێتییە زۆر گرنگە، دەبێت بەو ڕۆحیەتەوە ئیش بکەین. ئەو دوو ئاستە وەک بەربەست تووشمان بووە، یەکەم وەکو ئاستێکی گشتی و بەربەستێکی گشتی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و نەبوونی دامەزراوە و تەجرووبە لەم وڵاتانەدا، بەربەستی دووەم لەسەر ئاستی فیکری و ئەوەی خەڵک ئامادە نییە با ئاسانی دەست لە بیرۆکە باوەکان هەڵبگرێت و قەناعەت بە بیرۆکەی نوێ بهێنێت و بچێتە سەر بیرۆکەی نوێ، لەبەر ئەوەی خەڵک دەترسێت لەوەی جیاواز بێت و لە تەییاری باو نەچێت.

ترسی کۆمەڵایەتی شتێک نییە لە یەک نوقتە و لە یەک جێگەدا مرۆڤ دەستی بۆ بەرێت و هەڵیگرێت و لایبەرێت، ئەمە مەسەلەیەکی کولتووری و مێژوویی و دەروونیی درێژخایەنە لە ئاستێکدا ئیشی لەسەر دەکرێت و سفری ڕووت ناکرێتەوە. بێگومان منیش تێمدا ماوە، بەڵام مرۆڤ دەبێت لە خۆیدا کەمی بکاتەوە و هاوسەنگی ڕابگرێت و لە هەندێک ئاستی دەربکات و هێشتا  لە هەندێک ئاستدا هەر دەمێنێتەوە، منیش لە شوێنێکدا ترسێکی کۆمەڵایەتی تێمدا دەمێنێتەوە، بۆ نموونە ئەو ترسەی لە جیابوونەوەی ژنومێردێکدا هەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، زۆر قەبەتر و گەورەترە، وەک لەو ترسەی کە لە فەشەلبوونی لە پڕۆژەیەکی ئابووریدا هەیەتی، دەتوانێت ئاسانتر شکستی خۆی ڕابگەیەنێت لە پڕۆژەیەکی ئابووریدا، بەڵام ڕاگەیاندنی شکست لە پڕۆژەی زەواجدا کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی زۆر قورسترە، ترسەکەی یەکجار قووڵتر و گەورترە، بۆیە مرۆڤ هەقیەتی گومانی لەو بڕیارە هەبێت. ئەمە نموونەیەکە بۆ ڕوونکردنەوەی ئاستە جیاوازەکانی ئەم ترسە کۆمەڵایەتییە.

من یان هەر کەسێک چۆن ئەم ترسە لە خۆیدا بڕەوێنێتەوە، بێگومان کۆمەڵێک بنەمای کارکردن هەیە کە پەیڕەوی بکات و بڕوای پێی هەبێت، ئەمانە هەمووی هاوکاریی دەکەن، بەڵام خاڵی سەرەکی بە بڕوای من بریتییە لە سەربەخۆیی فیکری. مۆتۆری یەکەمی هەڵسووڕاندنی ڕەوانەوەی ئەم ترسە لە کوێدا دەدۆزیتەوە؟ بە ڕای من لەو ژێرزەمینەدا کە سەربەخۆیی فیکریی لێ شاردراوەتەوە. مرۆڤ دەبێ بچێت ئەوێ بدۆزێتەوە و سەربەخۆیی فیکرییە کە مرۆڤ وا لێ دەکات تەسلیم بە هیچ ئیرادەیەکی تر نەبێت هیچ مەنهەجێکی بیرکردنەوەی تر ڕامی نەکات و تەسلیم بە هیچ پڕۆژەیەکی کۆلێکتیڤیی تر نەبێت، لەبری ئەوە سەربەخۆیی فیکرییە کە ئیرادەی ئازا و ئازادی ئینسان پەروەردە دەکات، لەوەی کە خۆی خۆی بناسێتەوە و دان بە خۆیدا بنێت. هەروەها  بناغەیەک دادەڕێژێت کە ئەم سەربەخۆیانە دنیا ببینێت و سەربەخۆیانە بیر بکاتەوە و داهێنان بکات، بێگومان ئەمە شتی تازەی لێ دێتە دەرەوەوە، ئەو کاتەی ئیرادەی ئینسانی سەربەخۆ دروست دەبێت کە بڕیار لەسەر شتەکان بدات و ئەگەر ئینسان سەربەخۆیی فیکریی هەبێت، بوێر و ئازاش دەبێت.

یەک دەرئەنجامی زۆر گەورە و بایەخدار لە بوونی سەربەخۆیی فیکریدا ئەوەیە کە مرۆڤ کاتێک سەربەخۆ بیر دەکاتەوە، تەسلیم بە مەنهەجە فیکرییەکانی تری ئایدۆلۆجیا و وەهم نابێت. ئەو کاتە نابێ بە بەندە و کۆیلەی هیچ سیستەمێکی فیکری باخود وەهمی، کە باو و زاڵە لە کۆمەڵگەدا و لەبری ئەوەی کاتی بیرکردنەوەی و کاتی کارەکانی خۆی تەرخان بکات بۆ خزمەتی قەناعەتێکی کۆلێکتیڤ و ئایدیۆلۆژیایەکی موتەوەهمی باو، بە بیرکردنەوەوە سەرقاڵ دەبێت.

دوای سەربەخۆیی فیکری، مرۆڤ پێویستی بە بوونی مەنهەجێکی فیکریی واقیعییانە و زانستییانەیە، چونکە بەبێ بوونی مەنهەجێکی فیکری، مرۆڤ ئەگەر ئازادی و سەربەخۆیی تاکەکەسیشی بە دەست هێنابێت، ئەوا دیسان تووشی وەهم دەبێت.

وەهمیش دوو ئاستی هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە مرۆڤ واقیع وەک خۆی نابینێت و ئاستی دووەمیش ئەوەیە کە وەهم جێی واقیع دەگرێتەوە و دەبێت بە خاوەن دەسەڵات لە مێشکی ئەو مرۆڤەدا، یاخود لە کۆمەڵگە و کولتوورەکەدا. لە ئاستی یەکەمدا ناواقیعیەت بەرهەم دەهێنێت و لە ئاستی دووەمدا دیکتاتۆریەتی عەقڵیی فاشیل.

ئازادبوون: دروشمەکانی تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان لە چییەوە هاتوون و بۆ بوون بە تێمای کارکردنی ڕێکخراوەکە؟

فەرەیدوون حەسەن: لە ڕاستیدا مەرج نییە ئەو سێ دروشمەی دانراون پەیوەندییان بە ڕیزبەندیی بایەخەوە هەبێت، هەرسێکیان بە یەکسانی گرنگن.

مرۆڤ سەرەتا پێویستە تاکێکی ئازاد و سەربەخۆ بێت دوای ئەوە پێویستە توانا فەردییەکانی وەک توانای فیکری و کۆمەڵایەتی و ئابووری پەرەی پێ بدرێ. ئەگەر مرۆڤ سەربەخۆیش بێت، بەڵام مەنهەجێکی فیکری و زانستیی نەبێت، ئەمە واتای وایە تواناکانی پەرەی پێ نەدراوە و کەسێک ئەگەر سەربەخۆیش بێت و توانای بیرکردنەوەیشی هەبێت، بەڵام ئەگەر هەلی کاری بۆ نەڕەخسێت، واتەی وایە هەلی ئابووریی بۆ نەڕەخساوە و لە شوێنێکدا هەر وەکو بەندە دەمێنێتەوە، بەوپێیە بە گرنگی دەبینین کە مرۆڤ لە ئاستە سەرەتاییەکانی توانا و تەکنەلۆژیا و دەسەڵاتدا نەمێنێتەوە بەو واتایەی کە لە هەڵقەی سروشتدا پێویستە داخڵی دنیای مۆدێرن ببین. بەو واتای ئەگەر مرۆڤ تواناکانی کەم بێت، یاخود بێتوانا بێت لە هەڵقەی سروشتی پەیوەندی لە نێوان خۆی و سروشتدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر تواناکانی پەرەی پێ درا، ئەوا دەکرێت جورئەت بکات تێکەڵ بە مێژووی سەردەم و تەنانەت جیهانگیریی سەردەم ببێت. بەبێ توانای تێکەڵبوون بە جیهانگیریی سەردەم، ناگاتە تاکێکی ئازاد و سەربەخۆ، بەڵکو دەکاتە تاکێکی عەبد و بڕغوویەک لە ناو مەکینەیەکدا، چونکە جیهانگیری و مۆدێرنبوون پێویستیان بە توانایە، بەڵام جیهانی سروشتی تەنها پێویستی بە توانای بایۆلۆجی هەیە.

لەبەر ئەوە پێویستە مرۆڤ لەپێشدا تاک بێت، تاکێتییەکەی و ئازادیی تاکییەکەی بناسرێتەوە،
تەنها بڕغوویەک نەبێت لە ناو مەکینەیەکی کۆلێکتڤدا، بەڵکو خۆی جیهانێکی سەربەخۆ و بوونێکی وجوودییە لەسەر ئەم ئەرزە، دوای ئەوە پێویستە ئەم کەسە توانای هەبێت، چونکە ئەگەر توانای نەبێت پەیوەندییەکانی تەنها پەیوەندیی نێوان خۆی و سروشت دەبێت، بەڵام کە توانیی توانا عەقڵی و جەسەدی و سکیڵ و مەهاراتەکانی پەرەی پێ بدات، ئەو کاتە ئیرادەی ئەوەی دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ دنیای سەردەمدا بکات.

بە نیسبەت پەرەپێدانیشەوە، مەبەستمان ئەوەیە کە مرۆڤ لایەنێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسییە، پێویستی بەوە هەیە کە پڕۆژەی هەبێت، پێویستی بەوە هەیە کە تاکێکی ئازاد بێت، بەڵام تاکێکی بەرهەمهێن و چالاک بێت لە کۆمەڵگەدا و لە پڕۆژەیەکدا ئیش بکات و لە پڕۆژەیەکدا دەور و وجودی هەبێت. ئەم شتە بە تەنیا ناتوانرێت لە تاکدا بکرێن، کە ئێمە ئەم دروشمە دەڵێین مەبەستمان ئەوەیە تاکێتیی تاک بناسرێتەوە، بەڵام تاک بە تاکوتەنیایی ناتوانێت بە تاکێتیی خۆی هەڵبستێت، بە تایبەتی لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی کۆڵێکتیڤدا، بۆیە لە چوارچێوەی ئەم کۆمەڵگەیەدا مرۆڤ جگە لەوەی کە سەربەخۆیە، پێویستی بەوەیە کە تواناکانی گەشەی پێ بدرێت و لە بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی کۆمەڵگەکەیدا بەندێکی چالاک و بەشدار بێت، ئەمە دەکاتە ئەوەی کە لە دوو ئاستەوە ئیش بکرێت، هەم لە ئاستی تاکەکە خۆی لە ڕووی فیکر و دەروون و پەروەردە و هەموو ڕووەکانی دیکە کاری لەسەر بکرێت، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگەیشدا پەرەی پێ بدرێت، واتە تاکگەرایی تەنها بەرپرسیارێتیی خودی تاک نییە، بە تەنیا بیهێنێتە ئاراوە، بەڵکو بۆ هێنانەدیی تاکی بەرپرس و سەربەخۆ کۆمەڵگەیش بەرپرسە ڕێگەی بۆ خۆش بکات و هاوکاریی بکات و لەم پرۆسەیەدا بەشداری بکات.
کە ئێمە دەڵێین تاکی سەربەخۆ پێویستە پەرەی پێ بدرێت، بەشێکی خۆیەتی، بەڵام کە دەڵێین ئەم تاکە پێویستە لە پرۆسەیەکی گەشەپێداندا بێت، واتای ئەوەیە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگە دیاری دەکەین، کۆمەڵگە بە خۆی و هەموو ئاستی بوونە کۆمەڵایەتی و سیاسی و حوکمدارییەکانیەوە لە هەموو ئاستەکاندا کۆمەڵگە پێویستە گەشە بە توانا و فرسەت و ئیرادەکانی تاک بدات.

ئازادبوون: هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت یان قوتابخانەیەکی فیکری هەیە کە ڕێکخراوی ئازادبوون لە ڕێیەوە فەلسەفەی خۆی دابڕێژێت؟

فەرەیدوون حەسەن: دەتوانم من ئەمە بە دوو ئاست وەڵام بدەمەوە. یەکەم لە ئاستی خودی شەخسیی خۆمدا، من بە ڕاستی وەکو تاکی خۆم کە ناوم فەرەیدوونە، لە ژیانمدا بڕوام بەوە نەبووە دوای هیچ ئایدیۆلۆژیایەک بکەوم و خۆم من هیچ ئایدیۆلۆژیایەکم نییە دوای کەوتبم. لەبری ئایدیۆلۆژیا بڕوام بە تێڕوانینی زانستی و سەیرکردنی واقیعییە، دەکرێت لە ناو گرووپی دۆستان و هاوڕێیاندا دۆستێک هەبێت خۆی بڕوای بە ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو هەبێت، بەڵام ئەمە لەم پانتایی و بوارەی کە ئێمە ڕێکخراوەکەمان تێدا دامەزراندووە، کار ناکات، بۆیە لە ئاستی گشتیی دامەزرێنەر و هەڵسووڕاوانی ڕێکخراوەکەیشدا هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراومان نییە، نە لە ئاستی سیاسی و نە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو ئێمە لەسەر بیرکردنەوەی زانستی و واقیعی دەڕۆین و ئەوەی کە بڕوامان پێیە ئەوەیە کە دەبێت هۆشیاری و ئاگاداریی ئێمە لە کولتووری مۆدێرن زیاتر بێت لەوەی کە ئێستا هەیە.

ئازادبوون: ئەو میکانیزمانە چین کە ڕێکخراوی ئازادبوون دەیەوێت لە ڕێیانەوە ئامانجەکانی بهێنێتە دی؟

فەرەیدوون حەسەن: ئێمە لەم بوارانەوە ئیش دەکەین بۆ ئەوەی تاکی ئازاد و سەربەخۆ خۆی بەشدار بێت لە پرۆسەکەدا، تاکی سەربەخۆ هەر داهێنانێکی باش و واقیعی و بەسوودی هێنایە ئاراوە، ئەوەیش دەبێتە بابەتێک کە بۆ خزمەتکردن و هاوکاریکردن. بە ڕای من – دەتوانم بڵێم ئەمە ڕای شەخسیی خۆمە، بەڵام ڕایەکی متەوازیعە و دەکرێت دۆست و هاوڕێکانی تر دەوڵەمەندی بکەن و من ڕەتی ناکەمەوە و هەر ڕایەکی تریش دەوڵەمەندی بکات – سێ شت هەن بتوانین دەستنیشانیان بکەین: میکانیزمی یەکەم دێبات و گفتوگۆ و بایەخپێدانی چالاکیی فیکری و جووڵاندنی فیکرە. بۆچی ؟ چونکە هەر خودی کۆنسێپتی تاکگەرایی لێرە بە تەواوی دانەمەزراوە، بۆ ئەوەی ئێمە بەشداری بکەین لە دامەزراندنیدا. من ئیدیعای ئەوە ناکەم کە ئەوە ئێمەین یەکەم جار ئەم شتە دەهێنینە ئێرە و دایدەمەزرێنین، ڕەنگە ئەوە کارێکی سەخت بێت و بە تەنها بە ئێمە نەکرێت، بەڵام ئیشەکەی ئێمە جووڵاندنی ئەم شەمەندەفەرەیە، ئیشەکەی ئێمە جووڵاندنی ئەم شەپۆلە و شەڵەقاندنی ئەم گۆمەیە، ئیشی ئێمە دەستپێشخەرییەکەیە. دووەم میکانیزممان، پڕۆژە و کار و چالاکییە، کە ئێمە لە هەموو بوارەکاندا دەیکەین و هیی سێیەمیشمان چالاکی و ئیرادەی ئازاد و خودی کەسەکانی کۆمەڵگە خۆیانە، ئەوانەی کە بڕوایان پێیەتی و بەشداری لەم مەسەلەیەدا دەکەن. ئەمە میکانیزمەکانی ئێمەیە، بەڵام ئەم میکانیزمانە لە چی بوارێکدا؟ لە ڕاستیدا لە هەموو بوارەکاندا لە هەموو بوارێکی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا کە دەسەڵاتمان بەسەریدا بشکێت، بە تایبەتییش سیاسی.

ئێمە ڕێکخراوێکی ناحکومین، کاری سیاسی و حیزبی ناکەین، حەز دەکەم ئەمە ڕوون بێت. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوا نایەت بایەخ بە مەسەلە سیاسییەکان نەدەین، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بایەخی گرنگ و قووڵیشی پێ دەدەین، چونکە هەر وەکو لە سەرەتای قسەکانەوە وتمان، یەکێک لەو جێگەیانەی بە قووڵی ونبوونی تاکی کوردیی تێدا دەربکەوێت، پانتایی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. من ئیدیعای ئەوە ناکەم کە ئێمە مەدرەسەیەکی فیکری بین، بەس تەمەننا دەکەم بتوانین و ئەو توانایەمان هەبێت ببین بە مەدرەسەیەکی فیکری. بە ڕاستی هەمیشە مەدرەسە فیکرییەکان بە درێژایی مێژوو لە ژیانی مرۆڤدا دەور و کاریگەریی گرنگیان بە جێ هێشتووە، ئینجا بە هەر ئاقار و ئاڕاستەیەکدا بووبێت، لە کاتی خۆیاندا و هەندێک جار دوای خۆیشیان. من تەمەننا دەکەم ئەم دەستپێشکەرییەی ئێمە بگاتە ئەو ئاستەی ببێتە مەدرەسەیەکی فیکری و دووبارە ئیدیعای ئەوە ناکەم ئێمە مەدرەسەیەکی فیکریمان هەبێت، بەڵام ئەم کارەی ئێمەیش هیچ ئامانجێکی خۆی پێ نایەتە دی، بەبێ بوونی بایەخی فیکری. کەواتە ئێمە بایەخی فیکریمان هەیە، نەک تەنها لەبەر ئەوی ئێمە ئازا و پاڵەوانی بواری فیکرین، لەبەر ئەوەی لە ئەزەلەوە کێشەکان کە باسیان دەکەین، عوقدە و گرێکانیان بەشێکی لە بوارە فیکرییەکەیدا دانراوە، لەبەر ئەوە گرنگە بایەخ بە دیوە فیکرییەکە بدەین، چونکە بەشێک لە چارەسەرەکە لەوێدان. کەواتە بەبێ بوونی بایەخدان بە بناغەی فیکری، تۆ ناتوانیت پڕۆژەی تر بونیاد بنێیت و ئیدیعای مەبادیئی تر بکەیت، پێویستە بناغەی فیکری هەبێت و ئیشی لەسەر بکات و دایبمەزرێنێت. ئەمە بە نیسبەت ئەوەی کە ئەمە مەدرەسەیەکی فیکری بێت، بەڵام ئێمە ئیدیعای ئەوە ناکەین، بەڵکو بایەخێکی گرنگ و جەوهەریمان بە دیوە فیکرییەکە هەیە، هەم لە بواری تاکگەرایی و هەموو ئەو بوارانەی کە پەیوەندییان بە بواری تاکگەرایی و وەزعی تاکگەرایی ئێستاوە هەیە لە کۆمەڵگەدا. بێگومان ڕەنگە ئەمەیش کڵێشە بێت کە بڵێم ڕقم لە کڵێشەکانە، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش بە ڕاستی لەگەڵ دامەزراندنی ڕێکخراوەکەی ئێمە و ڕستێ لە چالاکیی یەکەم بە دوایدا، کێشەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پەیدا بوو و هەموو دنیا پێوەی گیرۆدە بوو، نەک بە تەنها ئێمە. ئێمە ئەم کارە بە خۆبەخشی دەکەین و بە هیوای هیچ جۆرە ئامانجێکی مادی و غەیرە مادی نین لە ڕێگەی ئەمەوە پێی بگەین، دیارە هەر کەسەو سەرقاڵیی خۆی هەیە، ڕەنگە بڕێک لە کاتەکەمان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمە ئیرادەمان لاواز ناکات لەسەر سووربوونمان لەسەر بابەتەکە و ئێمە ئیدیعای ئەوە ناکەین کە ئێمە ئەم کێشانە حەل دەکەین، ئێمە دەڵێین تەنها دەستپێشخەری دەکەین کە ئەم بوارانەی کە بە گرنگی دەزانین. ئا بەم شێوازە بەشداری ئەکەین، لە سەرەتای ڕەوتی ڕێگەی چارەسەریاندا تەنها بەشدارین، چارەسەرەکە لای ئێمە نییە، بەڵام ئەمە سەرەتای ڕێگەیەکە کە بە گرنگی دەزانین و بە ڕاستی دەبینین و هەوڵ دەدەین بڵاوی بکەینەوە، دەبێت خەڵکیش بێت و بەشدار بێت.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم دوو قسەیەدا، ئێستا بێین شیکاری چارەسەرەکانی ئێرە بکەین، کە دوو لایەنە: یەکەمینیان بێ چالاکی نەبووە، بە تایبەتی ساڵی پار کۆمەڵێکی زۆر لە دێباتی هەم فیکری و هەم سیاسی،  کە بێگومان بە گشتی نا، بەڵام ئەمە قۆناغی دامەزراندن بوو و لە قۆناغی دامەزراندندا بێگومان ڕیزبەندیی بایەخەکان هێشتا بە تەواوەتی دانەمزراوە. واتە بایەخی ئێمە لەوانەیە لە لایەنە فیکرییەکە کەمێک ون بووبێت، بەڵام بایەخمان هەیە پێی، چونکە لایەنی کەم هەستاین بە دێباتی فیکری لە ناو خۆماندا بۆ بەرچاوڕوونیی خۆمان و بۆ ئەوەی ساغ بینەوە لەسەر ئەو چەمک و مەفاهیمانەی دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین  و هەندێ چالاکیی فیکری کراون. وەکو ئەو چالاکییانەی چەند ڕۆژێک لە دوکان بەڕێوە چوو، کە ئەو کاتە بە داخەوە لێرە نەبووم. جگە لەوە کۆمەڵێك دێباتی سیاسی و فیکریی وەک بابەتی دەستووری عێراقی و هەوڵەکانی دەستکاریکردنی دەستوورەکە، کە ئەمە بە تەنها مەسەلەیەکی سیاسی و یاسایی نییە، بەڵکو دیوێکی فیکریی تێدایە و دێبای فیکریی لەسەر دەخوڵقێت.

ئێمە لەو دێباتانەدا کە بە زۆری میوانداریمان کردووە، بریتی نەبووە لە تەعبیرکردن چالاکیی خۆمان، ئێمە خەڵکانێکی بەڕێز و چالاکمان بانگ کردووە و کە تەرحی بابەتی خۆیان بکەن، بەڵام ئێمە هەمیشە ڕۆڵەکەمان جەختکردنەوە وبوە لەم بابەتانە و ویستوومانە بیجووڵێنین، بەس سەرەتایەک بووە لە دوای ئەم ئەزمەی کۆرۆنایە، بۆ جاری دووەم تێگەیشتین کە ڤایرۆسەکە شتێکی کاتی نییە و بە تەنها بۆ دوو مانگ و تەواو ببێت، کەواتە نایشبێت هەر دانیشین و تەسلیم ببین، دەستمان کردووە بە چالاکی و لە ئێستادا وردە وردە دەمانەوێت دیسان بێینەوە سەر مەنهەجی خۆمان، زۆر جار بایەخمان بە دیوی فیکری هەیە، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکە کاتی دەوێت. بۆ نموونە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر کارێک تەنها نابێت بەشیکی بگرین و حوکمی کۆتایی بدەین، چونکە ئەمە پرۆسەیەکە پێویستی بە کاتە، ئێمە هێشتا لە کۆتایی کاتەکەدا نین تا تەقیمی کۆتاییمان بڵێین، بەڵام لە حاڵی حازردا لە پلانڕێژیداین بۆی، کە بایەخ بە دیوە فیکرییەکە زیاد بکەین.

ڕاستە کە زیاتر هەڵوێستمان وەرگرتووە وەک لە کردنی چالاکی، بەڵام ئەوە حوکمێکی موتڵەق نییە بەسەرماندا بدرێت و نەتوانین لێی دەربچین، قەدەرێک نییە کە دەربازبوون لێی نەبێت، بەڵام گومانت نەبێت لەوەی ئێمە هێواش هێواش بایەخمان بە دیوە فیکرییەکە زیاتر دەبێت و بە ڕاستی ئەمە پێویستی بە تەرح و قسەکردنی زۆرە، بە گشتی لە وڵاتانی خۆرهەڵات و دنیای عەرەبی و بە تایبەتی لە کوردستاندا. ئەم هاوکێشەیەی نێوان مادەی ناواخنی و جەوهەری ڕۆشنبیری و هەڵوێستی بواری ڕۆشنبیری، کێشەی تێدایە و تەماوییە، پێویستی بە چارەسەرکردنە، بەو مانایەی کە ئایا ڕۆشنبیری بە تەنها بریتییە لە هەڵوێستوەرگرتن؟ بە ڕای من نەخێر. من ڕایدەگەیەنم بە ڕوونی، کە وا نییە، ڕۆشنبیری بە تەنها بریتی نییە لە هەڵوێستوەرگرتن، ڕۆشنبیری بە پلەی یەکەم بریتییە لە کارێکی فیکری، بەڵام مرۆڤی ڕۆشنبیر دەتوانیت هەڵوێست وەربگرێت، بەس کاری یەکەمی ڕۆشنبیر بیرکردنەوە و تەحلیل و چارەسەری کێشەکانە، ئێمە لە سەرەتای پڕۆسەیەکی ئاواداین کە جار جار مەسەلەی هەڵوێستوەرگرتن ڕوو دەدا، بەڵام ئەوە دەورە سەرەکییەکەمان نییە، بە دڵنیاییەوە.

ئازادبوون: پلانتان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ حیزب و حکومەت و ڕێکخراوەکانی تردا هەیە؟

فەرەیدوون حەسەن: بێگومان بەو مانایە نا کە ئامانجێکی مەرکەزی بگرینە بەر، بەڵکو وەکو واقیعێکی حاڵ ئێمە وەک ڕێکخراوێکی فیکری و مەدەنیی ناحکومین، جارێ بە نیسبەت ڕێکخراوەکانی تر بێگومان لە پەیوەندیداین، خۆی بەشێک لە سروشتی کاری ڕێکخراوەکان ئەوەیە کە لە پەیوەندیدا بن و زۆر جار تۆڕ و چەتری پڕۆژە و کار پێکەوە دابمەزرێنن و ئەوە یەکێکی ترە لە میکانیزمەکانی کاری ئێمە و بە نیسبەت حیزبی کوردییەوە، وەکو ئامانجێکی مەرکەزی نییە کە بڵێین ئێمە پڕۆژەکەمان بۆ ئەوەیە کە بگەین بەوەی پەیوەندی بە حیزبەوە بکەین، بەڵام وەکو واقیعی حاڵی ژیانی ئەم میللەتە و کۆمەڵی کوردی تەنانەت لە بیرە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکەیشەوە بە سیاسەت ڕەنگ کراوە، بۆیە ناتوانین خۆمان لە بواری سیاسی دەرباز بکەین، هیچ کەسێک ناتوانێت لە هەریمی کوردستان بەبێ بوونی فەهم و تێگەیشتنێکی بەرفراوانی سیاسی بتوانێت ئیدیعا بکات کە تێڕوانینی واقیع و حوکمی واقیع بە مەسەلە ڕۆشنبیری و فیکرییەکانیشەوە، بۆیە ئەگەر من ئیدیعا بکەم ئێمە بایەخمان بە مەسەلە سیاسییەکان و واقیعە سیاسییەکان نییە، ڕاست ناکەم، لەبەر ئەوە بەڵێ، جگە لە ڕێکخراوەکانی تر لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ڕۆشنبیرەکان لەگەڵ نووسەران و لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکان و لەگەڵ ئەحزابی سیاسی و لەگەڵ گرووپی سیاسیی تریش، هەروەها لەگەڵ ئەوانەی پێیان دەگوترێت گرووپی فشار، بەڵێ کارێکی ئاساییە کە پەیوەندیمان هەبێت و ئەمە بۆ گەیشتن نییە بە هیچ ئامانجێکی دیاریکراو، بەڵکو بەو مانەیەی ئەم پرۆسەیەی ئێمە بڕوامان پێیەتی، ئەوەیش بەشێکە لە پانتاییەکانی کارکردن و شتێکی زۆر سروشتییە، نەک تەنها حیزبەکان، بەڵکو حکومەت و پەرلەمانیش، بۆ نموونە ئەگەر باسی ڕیفۆرم بکەین، ڕیفۆرم بەبێ پەیوەندی بە حوکمەت و حیزبەکانەوە، چۆن دەکرێت؟ یان بابەتی سیاسی کە کورد هەموو ژیانی بارگە کراوە پێی، چۆن کاری لەسەر دەکرێت؟ بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت دەکرێت و شتێکی سرووشتییە.

چەند بنەما و ڕاستییەک هەن دەبێت ڕیزیان بکەین: یەکەم، دەبێت مرۆڤ لەبیری نەچێت چ ڕێکخراو و چ تیمێک و چ حکومەتێک و چ پەرلەمانێک؟ هەموو ئەمانە ئامێر و ئەدەواتن مرۆڤ بەکاریان دەهێنێت بۆ گەیشتن بە بە ئامانجەکان. بۆ نموونە بابەتی گەندەڵی، تەنها پەیوەندیی بە حکومەتەوە نییە، لە هەموو شوێنێک و هەموو ئاستێکدا ئەگەری ڕوودانی هەیە، بە ڕێکخراوە ناحکومییەکانیشەوە، بۆیە کاتێک باسی ڕیفۆرم بکەین هەڵەیە، کە وا بزانین تەنها حوکمەت دەبێت ڕیفۆرم بکات. ڕیفۆرم لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەگەر لە هەموو ئاستەکاندا نەکرێت، ئەوا بێسوودە، وەک ژوورێک ئەگەر تەنها لایەکی پاک بکرێتەوە و لاکەی تری بە پیسی بمێنێتەوە، ئەوا لا پاکەکەیش پیس دەبێتەوە. ڕیفۆرمیش پاکسازییەکە دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا بکرێت، نەک تەنها ‌‌حکومەت، بەڵکو بە ئاستی حکومی و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی و تاکی مرۆڤیش لە هەموو ئەم ئاستانەدا دەبێت ڕیفۆرم بکرێت، بە ڕێکخراوە ناحکومییەکانیشەوە. لەبەر ئەوە ئێمە هاتووین ڕێکخراوی ناحکومی وەکو ئامڕازێک یاخود ئامێرێک بەکار دەهێنین، بۆ ئەوەی لەم چوارچێوەیەدا کار بەڕێوە بەرین، چونکە ڕێکخراو کاریگەرترە لە تاک و تەنانەت کۆمەڵێک تاکیش، چونکە چوارچێوەیەکی یاسایی و فەرمییان بە دەستەوە نییە، بۆیە ئەگەر بێتو کاری ڕێکخراوەیی کێشەی تێدا بێت، ئەویش بابەتێکی ترە بۆ دیراسەکردن و ئامادەین قسەی لەسەر بکەین. ئەگەر پڕۆژەی ڕیفۆرمکردن و چاکسازی لە ناو ڕێکخراوە ناحکومییەکان بێت و ببێت بە بابەتێک ئێمە یەکێک دەبین لەوانەی دەستپێشخەریی تێدا دەکەین و تێیدا چالاک دەبین؛ ئەمە یەکەمین شت. دووەمین شت، با ئەو جیاکارییە بکەین. ئەمەی ئێمە دەستمان داوەتێ پەیوەندیی بە چالاکییەوە هەیە، چالاکییەکەیش لە بواری فیکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و پڕۆژە و یاسا و ئەم بابەتانەوەیە. ئەمەی ئێمە پەیوەندیی نییە بە دابەشکردنی ئارد و نەوت و خۆراک و خێر و خێرخوازییەوە، ڕێکخراو هەیە ئەم کارانە دەکات، کە جێگەی پێزانین و ڕێزلێگرتنیشە، چونکە ڕێکخراوەکان کاری جیاواز جیاواز دەکەن هەیانە تەنها لە بواری ئاوارەدا کار دەکات کە کارێکی زۆر ئینسانی و جێگەی دەستخۆشی و نرخاندنێکی زۆر بەرزە، بەڵام ئێمە لە بواری دیاریکراوی خۆماندا کار دەکەین، کە بواری ڕۆشنبیری و سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئەم بابەتانەیە. لەبەر ئەوە ڕێکخراو تەنها ئامڕازێکە بە کاری دەهێنین و دەکرێت گەر ڕێکخراویش نەبوو، میمبەری تر هەن وەک دامەزراندنی ڕۆژنامە یاخود ڕادیۆ یان هۆکارەکانی کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندن، لەبەر ئەوە ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە بواری ڕێکخراوەییش ئەم کێشانەیان تێدایە، بەڵام ئێمە نەهاتووینەتە ئەم بوارەوە بۆ پڕۆژەی بیناسازی و دابەشکردن و کۆکردنەوەی کۆمەکی پارە بۆ دابەشکردن، هەرچەندە هەر لایەنێکی تر بیانکات دەستخۆشییان لێ دەکەین.