رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پەڕاوی نۆبێڵ: ژیان و کارەکانی ئەلفرێد نۆبێڵ

Facebook
Twitter
LinkedIn

نیڵس ڕینگەرتز

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ئەلفرێد نۆبێڵ لە بەرواری لە ١٨٣٣/١٠/٢١ لە شاری ستۆکهۆڵم، چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. باوکی کە ناوی ئیمانوێل نۆبێڵ بووە، ئەندازیار و داهێنەر بووە، کە کاری لە دروستکردنی پرد و بیناکانی شاری ستۆکهۆڵمدا کردووە. جگە لە کارە ئاساییەکەی خۆی، ئیمانوێل کاری لە دۆزینەوەی ڕێگای نوێدا کردووە لە شکاندنی بەرد، کە پەیوەندیەکی زۆری بە کارەکەی خۆیەوە هەبووە. دایکیشی ناوی ئەندریەت ئەلسێل بووە. ئەندریەت لە خێزانێکی دەوڵەمەند گەورە ببوو. لەو ساڵەی کە ئەلفرێد لەدایک دەبێت، باوکی بەهۆی دروستبوونی چەند کیشەیەک لە کارەکەیدا و لەدەستدانی چەندین کەلوپەلی بیناسازی، تووشی مایەپووبوونێکی گەورە دەبێت و ناچاردەبێت کە ستۆکهۆڵم جێبهێڵێت. دوای جێهێشتنی ستۆکهۆڵم، ئیمناوێل ڕوودەکاتە فینلەندا و ڕووسیا، بۆ دەستپێکردنی کارێکی نوێ. ئەم بارودۆخە نوێیەی خێزانی نۆبێڵ، ئەندریەت ناچاردەکات کە ئەویش دەستبکات بە کارکردن. هەربۆیە لە دووکانێکی خواردەمەنی فرۆشتن کاردەکات و بەدەوام هەوڵدەدات کە داهاتێکی مامناوەندی بۆ خێزانەکەی پەیدا بکات.

خێزانی نۆبێڵ لەم دۆخەدا دەمێننەوە تا ئیمانوێل دەتوانێت سەرکەوتنێکی باش لە کارەکەیدا بەدەستبهێنێت، لە شاری سەینت پیترسبۆرگی ڕووسیا. ئەو لەوێ کارگەیەکی میکانیکی دەکاتەوە و تیایدا، کەلوپەلی جەنگی دروستدەکات. کەلوپەلەکانیشی بۆ سووپای ڕووسیا دەبێت. وە لەگەڵ بەردەوامبوونیشیدا، دەتوانێت بیرۆکەی ئەوە بدات بە قەیسەری ئەوکاتی ڕووسیا و جەنەڕاڵەکانی، کە گرینگی بدەن چەکی ناو ئاو، کە بەهۆیەوە ڕێگری بکرێت لە هێرشی کەشتیە جەنگیەکانی دوژمن. ئەمەیش بەهۆی ئەوەی کە سنوورێکی ئاوی فراوان لەژێر دەسەڵاتی قەیسەردا بووە و بەم ڕێگایە، بەرگرییەکی باش دروست دەبوو بۆ سەر ئەو سنوورانە.

دواجار ئیمانوێل بیرۆکەکەی خۆی جێبەجێکرد و دەستیکرد بە دروستکردنی مینی ناو ئاو. ئەو مینە لە تۆپێکی تەختەیی پکهاتبوو، کە ناوەکەی پڕدەکرا لە باروت. ئەم جۆرە چەکە خزمەتێکی زۆری بە سووپای ڕووسیای ئەوکات کرد و توانی چەندین هێرشی ئاوی لە دژی ڕووسیا پووچەڵبکاتەوە. لە گرینگترین ئەو هێرشانەیش، هێرشی کەشتیە جەنگیەکانی بەڕیتانیا بوو کە لە جەنگی “کریمیان” دەیانویست لەڕێگای سنوورە ئاویەکانەوە کۆنترۆڵی شاری پیترسبۆگ بکەن. مینە ئاوییەکانی ئیمانوێل ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە شکاندنی ئەو هێرشە.

دوای ئەوەی کە لە کارە نوێیەکەیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئیمانوێل نۆبێڵ لە ساڵی ١٨٤٢ ژن و منداڵەکانیشی برد بۆ شاری سەینت پیترسبۆرگ تا لەگەڵ خۆیدا بژین. لەوێ منداڵەکانی دەستیانکرد بە وەرگرتنی پەروەردەی تایبەت و وانەکانی زانستا سروشتیەکان، زمان و ئەدەبیان دەخوێند لەژێر سەرپەرشتی مامۆستای تایبەتدا.

لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا، ئەلفرێد نۆبێل دەیتوانی بە ڕوون و ڕەوانی بە زمانەکانی سویدی، ڕووسی، فەڕەنسی، ئینگلیزی و ئەڵمانی قسەبکات. خوولیای سەرەکیشی بریتیبوو لە شیعر و ئەدەبیاتی ئینگلیزی، لەپاڵ زانستەکانی کیمیا و فیزیا. باوکی ئەلفرێد دەیویست کوڕەکانی لەگەڵ خۆیدا کاربکەن و لە بوارەکەی خۆیدا، پەرە بە تواناکانیان بدەن. بۆیە هەرکات ئەلفرێدی ببینیایە کە خەریکی شیعر و ئەدەبیاتە، دڵگران دەبوو و بە کەسێکی داخراو و گۆشەگیریشی دەزانی بەو هۆیەوە.

ئیمانوێل لەپێناو گەشەکردن بە توانا زانستیەکانی ئەلفرێد، دەینێرێتە دەرەوە وڵات تا لە بواری ئەندازیاری کیمیاییدا کاربکات. هەر بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەی دوو ساڵدا، ئەلفرێد سەردانی سوید، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئەمریکایشی کرد. لەناو هەموو شوێنەکانیشدا، پاریس سەرنجی ئەلفرێدی ڕاکێشا. هەربۆیە لەوێ توانی کارێک بدۆزێتەوە  ولەناو تاقیگەیەکی تایبەتدا، لەژیردەستی پرۆفیستۆر تی جەی پێلوز کاربکات، کە کیمیازانێکی بەناوبانگی ئەوکاتە بوو. هەر لەوێ توانی کیمیازانی ئیتاڵی ئەسانیۆ سۆبرێرۆ بناسێت، کە سێ ساڵ بەر لە ناسینی ئەلفرێد ماددەی نایترۆگلیسرینی داهێنابوو، کە ماددەیەکی تەقینەوەی بەهێزبوو.

نایترۆگلیسرین ئاوێتەیەکی کیمیایی بوو کە لە تێکەڵکردنی هەریەک لە ماددەکانی گلیسرین، گۆگرد و ترشی نیتریک پێکهاتبوو. هێزی تەقینیەوەی ئەم ماددەیە ئەوەندە بەهێز بوو، کە چاوەڕوان نەدەکرا لە هیچ بوارێکی پڕاکتیکیدا بەکاربهێنرێت بەهۆی ئەو مەترسیە زۆرەی کە دروستیدەکرد. هێزەکەی زۆر بە ئاسانی دەیتوانی هێزی باروت تێپەڕێنێت.

ئەلفرێد نۆبێل زۆر سەرنجی لەسەر ئەو ماددەیە بوو. بەتایبەت لەو ڕووەوەی کە لە بواری پڕاکتیکدا بەکاربهێنرێت، بۆ نموونە لە بواری بیناسازی. هەربۆیە پێیوابوو کە دەبێت ڕێگەیەک بۆ بەکارهێنانی ماددەکە بدۆزرێتەوە کە تیایدا هیچ مەترسیەک بۆ بەکارهێنەر دروستنەبێت. بۆ ئەم مەبەستە لەکاتی سەردانکردنی ئەمریکادا، ئەلفرێد چاوی بە جۆن ئێریکسن کەوت. کە ئەندازیارێکی بەتوانای سویدی-ئەمریکی بوو و توانیبووی پەروانەی کەشتیەکانی دروستبکات. دوای ماوەیەک ئەلفرێد لەلایەن خێزانەکەیەوە بانگرایەوە بۆ شاری ساینت پیترسبۆرگ، بەهۆی ئەو داواکاریە زۆرەی کە لەسەر کارەکەی باوکیدا دروستببوو لەلایەن سووپای ڕووسیاوە. دوای ئەوەی کە ئەلفرێد دەگەڕێتەوە، لەگەڵ باوکیدا کار و تاقیکردنەوە لەسەر ماددەی نایترۆگلیسین دەکەن و هەوڵدەدەن کە وەک ماددەیەکی تەقێنەرەوەی سوودبەخش، بەکاریبهێنن.

دوای تەوابوونی جەنگ و گۆڕانی بارودۆخی وڵات، ئیمانوێل نۆبێڵ دووبارە تووشی مایەپووچی بووەوە. هەر بیە لەگەڵ دوو کوڕیدا کە بریتیبوون لە ئەلفرێد و ئیمیل، شاری سەینت پیترسبۆرگیان جێهێشت و ڕوویانکردەوە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید. بەڵام دوو کوڕەکەی دیکەی کە ڕۆبەرت و لودویگ بوون، لە سەینت پیترسبۆرگ مانەوە. ئەوان نەیاندەویست کە دەست لە کار و وەبەرهێنانەکانی ڕووسیایان هەڵبگرن و بەردەوامبوون لە کارکردن پێکەوە. تا دواجار لە بواری پیشەسازی نەوتدا کاریان کرد لە ناوچەکانی باشووری ڕووسیا. لە ئەنجامدا توانیان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنن و بوون بە یەکێک لە دەوڵەمنترینەکانی ناوچەکەی خۆیان.

دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتی سوید لە ساڵی ١٨٦٣دا، ئەلفرێد نۆبێڵ سەرنجی تەواوی خۆی خستە سەر کارکردنی تاقیکردنەوە لەسەر ماددەی نایترۆگلیسرین. ئەلفرێد چەندینجار تاقیکردنەوەی لەسەر ماددەکرد و تەقینەوەی گەورەی ئەنجامدەدا. لە یەکێک لە جارەکاندا، چەندین کەس و لەناویشیاندا ئیمیلی برای گیانیان لەدەستدا و بوون بە قوربانی. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتداران ماددەکە بە ماددەیەکی ترسناک لە قەڵەم بدەن و ڕێگە لە تاقیکردنەوەی زیاتری بگرن. ئەم ڕێگرییە بوو بە هۆکاری ئەوەی کە ئەلفرێد تاقیکردنەوەکانی خۆی لەسەر ماددەکە، لە شاری ستۆکهۆڵمەوە بگوازێتەوە بۆ دەریاچەی مالارین. ئەلفرێد هەرگیز نەوەستا لە تاقیکردنەوەکانی و دواجار ڕێژەیەکی زۆر لە ماددەکەی بەرهەمهێنا، لە ساڵی ١٨٦٤.

لەپێناو ئەوەی کە مەترسیەکەی کەم بکاتەوە و وا لە ماددەکە بکات کە بۆ بەکارهێنان بشێت، ئەلفرێد نایترۆگلیسرینی تێکەڵ بە ماددەیەکی تر کرد بەناوی “کیسلگۆر”ـەوە. ئەم تێکەڵکردنە وای لە ماددەکە کرد کە لە شلەیەکی ڕوونەوە، ببێت بە شلەیەکی خەست. بەم جۆرەیش ئەلفرێد دەیتوانی ماددەکە بە شێوە و قەبارەی جیاواز بەکاربهێنێت. لە ساڵی ١٨٦٧دا ناوێکی نوێی لە ماددەکا ناو کردی بە داینامایت. دواتریش ڕێگەیکی دۆزیەوە تا لە دووراییەکی زۆرەوە ماددەکە هانی تەقینەوە بدات. هەموو ئەمانەیش لەکاتێکدا بوون کە ئامێرەکانی هەڵکەندن بەرەو پێشکەوتن دەچوون و زیاتر بەکاردەهێنران. داینامایت سوودێکی زۆری هەبوو لە بواری هەڵکەندنی زەوی و شاخ و کانەکاندا. وە بە باشی یارمەتی دروستکردنی تونێل و کەناڵ و چەندین بواری دیکەی بیناسازی دەدا.

ئەم مەودا زۆرەی بەکارهێنانی داینامایت، وایکرد کە بازاڕێکی گەرمی بۆ دروستببێت. لەم ماوەیەدا، ئەلفرێد نۆبیل ئەوەی سەلماند کە ئەو بازرگانێکی سەرکەوتوویشە و بە شێوەیەکی باش بازرگانی بە داینامایتەوە دەکرد. لە ساڵی ١٨٦٥ توانیبووی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نایترۆگلیسرین کە لە کارگەیەکی نزیک شاری هامبۆرگ دروستیدەکرد، ئەوەندە بەرز بکاتەوە کە هەناردە بکرێت بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، لەگەڵ ئەمریکا و ئوستوڕاڵتا.

دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، چەندین کارگەی دیکەی دروستکردنی داینامایت دروستبوون لە وڵاتە جیاوازەکاندا. لە ماوەیەکی کەمدا نزیکەی ٩٠ کارگە لە ٢٠ وڵاتی جیاواز بوونیان هەبوو. ئەلفرێدیش سەرەڕای ئەوەی کە لە شاری پاریس نیشتەجێبوو لەو کاتەدا، بەڵام بەردەوام گەشتی دەکرد بۆ وڵاتەکانی دیکە. ڤیکتۆر هیوگۆ ئەلفرێدی بە دەوڵەمدترین گەڕیدەی ئەوروپی وەسفدەکرد.

هەرکاتێک کە ئەلفرێد خەریکی کارکردن نەبوایە لە داینامایت، خۆی بە کاری دیکەوە خەریکدەکرد لە تاقیگە جیاوازەکانیدا لە شارەکانی، هامبۆرگ، ئەردیر، پاریس، سێڤرن، کارلسکۆگا و سان ڕیمۆ لە ئیتاڵیا. ئەو جگە لە کارکردن لەسەر ماددە تەقەمەنیەکان، کاری لەسەر زۆر شتی دیکە کردووە، لە نموونەی کارەکانی بریتین لە لاستیک و چەرمی دەستکرد، ئاوریشمی دەستکرد و چەندین بەرهەمی دیکەیش. کە لە ساڵی ١٨٩٦دا کۆچی دوایی کرد، ئەلفرێد نۆبێڵ خاوەنی ٣٥٥ دۆزینەوەی جیاوازبوو.

کارکردنی بەردەوام و گەشتکردنی یەک لەدوای یەک، کاتێکی زۆریان بۆ ئەلفرێد نۆبێل نەهێشتبووەوە کە کات بۆ ژیان و کار و چالاکیە تایبەتیەکانی دابنێت. لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا، ئەو وەکو پیرەپیاوێکی ماندوو و نەخۆش دەردەکەوت، بەهۆی ئەو کارە زۆرەی کە ئەنجامیدەدا. لەو سەردەمەدالە ڕۆژنامەکاندا بانگەوازی بڵاودەکردەوە بۆ دەستکەوتنی یاریدەدەر. لە یەکێک لە بانگەوازەکاندا بەم جۆرە دواکەی کردبوو “پیاوێکی تەمەن گەورەی خاوەن پەروەردەیەکی باش، پێویستی بە خانمێکی گەنجە. خانمەکە پێویستە زیرەکبێت لە زمان و بتوانێت وەک سکرتێر و بەرپرسی کارەکانی ماڵەوە کار بۆ پیاوەکە بکات.”

چەندین ئافرەتی جیاواز دەیانویست بەدەم داواکاریەکەی ئەلفرێدەوە بچن و ببن بە یاریدەدەری. بەڵام لە هموویان گونجاوتر، ژنێکی نەمسایی بوو بەناوی کۆنتێس بێرثا کینسکی. بێرثا ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەلفرێدا نەماوەیوە و دوای تێپەڕبوونی کاتێکی کەم، گەڕایەوە بۆ نەمسا تا شوو بە کۆنت ئارثەر ڤۆن شوتنەر بکات. بەڵام ئەلفرێد و بێرثا تا کۆتاییەکانی تەمەنیان وەک هاوڕێی یەکتری مانەوە و بەردەوام نامەیان بۆ یەکتری دەنارد.

بێرثا ڤۆن شوتنەر بووە بە کەسێک کە چالاکی بەردەوامی هەبێت لە دژی جەنگ و توندوتیژی. ئەو توانی کتێبێکی بەناوبانگ بنووسێت بەناوی “چەکەکانتان دابنێن” کە دواتر وەک هێمای ئاشتی سەیردەکرا. گومان لەوەدا نییە کە چالاکیەکانی بێرثا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دوا خواستی ئەلفرێد نۆبێڵ هەبووە کە تیایدا ئەلفرێد داوادەکات خەڵاتێکی تایبەت هەبێت بەو کەسانەی کە لەپێناو ئاشتیدا کاریانکردووە. چەند ساڵیک دوای مردنی ئەلفرێد نۆبێڵ و لە ساڵی ١٩٠٥دا، پەرلەمانی نەرویجی بڕیاریدا کە خەڵاتی نۆبێڵی ئاشتی پێشکەشی بێرثا ڤۆن شوتنەر بکات.

بەشێکی زۆر لەو پایە بڵندەی کە ئەلفرێد نۆبێل توانی بۆخۆی بەدەستبهێنێت لە میژووی مرۆڤایەتیدا، تێکەڵکردنی مێشکێکی چالاکی زانستیانە بوو لەگەڵ توانایەکی زۆری پیشەسازی و بازرگانی. نۆبێڵ سەرنجێکی زۆری لەسەر ئاشتی و ئارامی ژیان بوو، کە ڕادیکاڵبوونی ئەوی دەسەلماند لە بەرامبەر بەو دۆخەی کە لەو کاتەدا هەبوو. وە حەزێکی زۆری بۆ ئەدەبیات هەبووە و تەنانەت شیعریشی نووسیوە. داهێنانی خەڵاتی نۆبێڵیش، درێژەپێدەری ئەو کارانەی دیکەی بووە. بەشێک لەو کۆمپانیایانەی کە ئەلفرێد دایمەزراندوون و کاری تێداکردوون، هەتاوەکو ئیستایش ماون و ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە جیهانی پیشەسازیدا.

ئەلفرێد نۆبێڵ لە بەرواری ١٨٩٨/١٠/١٢ لە شاری سان ڕیمۆی وڵاتی ئیتاڵیا کۆچی دوایی دەکات. ئەو کاتەی کە مرد و وەسێتنامەکەی ئاشکرابوو، هەمووانی تووشی سەرسوڕمانێکی زۆرکرد. چونکە کەس چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد کە ئەو هەموو سەرمایەیە لە بوارێکدا خەرج بکرێت کە تیایدا خەڵات و ڕێزلێنان بە کەسانی دیکە ببەخشرێت لە بوارەکانی فیزیا، کیمیا، پزیشکی، ئەدەب و ئاشتی. شایەنی باسە کە دوو ئەندازیاری لاو بوونبە جێبەجێکەری وەسێتنامەکەی ئەلفرێد نۆبێڵ لەدوای مردنی. ئەوانیش بریتی بوون لە ڕاگنار سۆلمان و ڕودۆلف لیەکویست. ئەوان رێکخراوێکیان دامەزراند کە بەرپرسبێت لە بەکارهێنانی سامانەکی ئەلفرێد نۆبێڵ و خەرجکردنی لە خەڵات و ڕێزلێنانەکەدا.

سەرچاوە (کلیک بکە)