رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ مێرڤێ تاهیرۆغڵو

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

مێرڤێ تاهیرۆغڵو لەدایکبووی شاری ئیستەنبووڵ و خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە زانکۆی جۆرجتاون لە بواری هونەرەکانی مێژوو. میرڤێ سەرۆکی پرۆگرامی دیموکراسیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستە، هەروەها یەکێکە لە چالاکوانە دیارەکانی تورکیا و کار لە بوارەکانی دیموکراسیی ناوخۆ، سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندیی نێوان واشنتن و ئەنقەرە دەکات. نووسینەکانی میرڤێ لە جۆرناڵە بەناوبانگەکانی وەک واشنتن پۆست، واڵ ستریت جۆرناڵ و چەندین شوێنی دیکە بڵاو دەکرێنەوە. لەم دیمانەیەدا کە لە مانگی ٢ی ئەمساڵدا سازدراوە، میرڤێ سەرنج دەخاتە سەر بابەتی کوردەکانی تورکیا و پەنابەرە سوورییەکان، لەگەڵ سیاسەتی گشتیی سەرۆکی وڵاتەکە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگانە.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: دەربارەی پەنابەرە سوورییەکان، چی وا لە ئەردۆگان دەکات کە لە بەخێرهاتنی گەرم و بانگکردنیان بە ”براکانمان” ڕەوانەیان بکاتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە هێشتا جەنگ تێیاندا بەردەوامە؟

مێرڤێ تاهیرۆغڵو: ئەوە قەیرانێکی گەورەی مرۆڤایەتییە کە ئێستا لە تورکیادا ڕوو دەدات بەرامبەر بە پەنابەرە سوورییەکان. ژمارەی ئەو پەنابەرانە نزیکە لە ٤ ملیۆن کەس لە ئێستادا. زۆریی ئەم ژمارەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٢ و سەرەتاکانی تێکچوونی بارودۆخی سووریا. لەو کاتەدا، تورکیا پێشوازیی گەرمی لە پەنابەرەکان کرد و بۆ ئەم کارەیشی، ستایشێکی زۆری بۆ خۆی بە دەست هێنا. وە جۆرێکیش دەردەکەوت، کە کێشەی پەنابەر لە ناوچەکەدا بە باشی چارەسەر دەکات. بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک ئەوە دەرکەوت کە ئەردۆگان ئەو ژمارە زۆرە پەنابەرەی بۆ ئەوە هێشتووەتەوە، کە وەک چەکێک بە کاریان بهێنێت، بە تایبەت لە پەیوەند بە شەڕی ناوخۆی سووریا. هەروەها بە هۆی پەنابەرەکانەوە ئەردۆگان هەڕەشەی بەردەوام دەخاتە سەر ئەڵمانیا و وڵاتە ئەورووپییەکانی تر، کە پەنابەرەکان ڕەوانەی ئەو وڵاتانە بکات. هەڕەشەکان بۆ دەستکەوتنی پاڵپشتیی سیاسی و قازانجی مادییە لە وڵاتە ئەورووپییەکانەوە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەردۆگان پەنابەرە سوورییەکان لە هەمان کاتدا وەک چەکێک دژی ئەورووپییەکان و هۆکارێکیش بۆ دەستتێوەردانی دۆخی ناوخۆی سووریا بە کار دەهێنێت. ئەمەیش دەری دەخات کە مامەڵەی ئەو لەگەڵ پەنابەرەکاندا تەواو سیاسی و بەرژەوەندیخوازییە نەک مامەڵەیەکی مرۆڤایەتی.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: ئەی پەیوەندیی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و پەنابەرە سوورییەکان چۆن دەبینیت؟

مێرڤێ تاهیرۆغڵو: ئەوە پرسیارێکی زۆر قورسە، چونکە ئەکەپە ماوەی ١٧ ساڵە هەر خۆی لەسەر حوکمە. بۆیە ناتوانین بزانین کە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێستا دەسەڵاتیان هەبوایە چییان دەکرد بۆ پەنابەرە سوورییەکان. بەڵام گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە کە جەهەپەیە، هەر لە سەرەتاوە دژی سیاسەتی ئەکەپە بوو لە بەرامبەر پەنابەرەکان. چونکە هەر شتێک دەکرا لەگەڵ ئەو پەنابەرانەدا، ڕاستەوخۆ هەموان دەیانبینی. هەرچەندە ئەکەپە نەیاندەهێشت کە ئۆپۆزسیۆن یان چالاکوانەکان مافی مرۆڤ سەردانی کامپەکان بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی پەنابەرەکان بن، بەڵام پرۆسەکە بە تەواوی نادیار نەبوو تا دۆخەکە نەبینرێت. بە تایبەت ئێستا کە ژمارەیان ئێجگار زۆرە و لە زۆر ناوچەی وەک ناوچەکانی نزیک ئیستەنبووڵیش کامپیان بۆ دروست کراوە. هەر بۆیە خەڵک بە ئاسانی دەتوانن ژیانی پەنابەرەکان ببینن و لە هەمان کاتدا خۆیشیان ببن بە بەشێک لە کێشەکان. بۆ نموونە ئەوەی کە خەڵکی تورکیا هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانە بەرامبەر بەو پەنابەرانە بنوێنن و پێشێلکارییان بەرامبەر بکەن. ئەمە بابەتێکە کە دەبێت حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگیی تایبەتی پێ بدەن.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: دەربارەی هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پەنابەرەکان چی دەڵێیت؟

مێرڤێ تاهیرۆغڵو: هەڵویستی ئەوانیش بەشێک بووە لە کێشە. ئەوان نایانەوێت چیتر پەنابەر لە تورکیاوە وەربگرن و وڵاتە ئەورووپییەکان پەنابەری زیاتر بگرنە خۆیان. بە تایبەت دوای ئەوەی کە پارتە ڕاستڕەوەکان بەردەوام قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکەن و فشار دروست دەکەن بۆ سەر یەکێتییەکە. هەر بۆیە ئەوان پێیان وایە کە ڕاستترین کار ئەوەیە، بڕە پارەی زیاتر بدەن بە تورکیا تا پەنابەرەکان زیاتر بهێڵێتەوە لە ناو خاکی وڵاتەکەیدا، لەجێی ئەوەی کە سنووریان بۆ بکاتەوە بەرەو ئەورووپا. بەڵام ئاشکرایە کە ئەو ڕێگەیەیش سەرکەوتوو نەبووە و هێشتا کێشەی پەنابەرەکان چارەسەر نەبووە. چونکە ئەگەر بپرسین کە ئەو پارەیەی لە یەکێتییەوە دەچێتە دەستی تورکیا چۆن خەرج دەکرێت، ئەوا وەڵامێکی دڵخۆشکەرمان دەست ناکەوێت. هەر بۆیە یەکێتییەکەیش ئەمەیان پێ خۆش نییە و ئامادە نین بەردەوام بن لەسەر ناردنی پارە و هاوکاری. ئەردۆگانیش هیچ چارەسەرێکی نییە و ئەوەی ئەو دەیەوێت تەنها بەکارهێنانی پەنابەرەکانە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر یەکێتییەکە بۆ بابەتی سیاسی.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: بۆچی دەبێت کوردەکان پشتگیریی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بکەن، لە کاتێکدا کە ئۆپۆزیسیۆن پشتگیریی ئەردۆگانیان کرد لەو هێرشانەی کە بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردییەکان ئەنجامی دا؟

مێرڤێ تاهیرۆغڵو: ئەم بابەتە گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەبوو لای ئەردۆگان، پێش ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئۆکتۆبەر دەست پێ بکات. لە ڕاستیدا دەبێت بیسەران و خوێنەرانی ئەم چاوپێکەوتنە ئەوە بزانن کە تورکیا گۆڕانکارییەکی گەورەی بە خۆیەوە بینی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی پاردا. جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە، لە چەند ناوچەیەکدا لە پێش ئەکەپەوە بوو. بە تایبەت لە ئیستەنبووڵ ئەندامێکی جەهەپە توانیی پۆستی پارێزگار وەربگرێت. ئەو خۆی کەمپەینی بانگەشەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد و هەموو دانیشتوانی ئیستەنبووڵی کردبووە ئامانج. ئەمەیش سەرکەوتنێکی گەورەی بە خۆی و ئۆپۆزیسیۆنیش بە دەست هێنا. و ئەوەیشی سەرنجڕاکێش بوو لە بانگەشەکردنەکانیدا، ئەوە بوو کە خۆی بە سەرکردە و ڕابەرێکی متمانەپێکراو و بەتوانا بە خەڵک دەناساند. ئەمەیش سەرنجی خەڵکی زۆر ڕاکێشا، چونکە نزیکەی ١٧ ساڵ دەبێت کە کەسی دیکە جگە لە ئەردۆگان، نەیتوانیوە ڕۆڵی سەرکردە ببینێت بۆ گەلی تورکیا. کوردەکانیش ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە هەڵبژاردنی ئەم کەسە. هەر ئەمەیە کە گەورەترین مەترسیی بۆ سەر ئەردۆگان و پارتەکەی دروست دەکات، چونکە ئەگەر کوردەکان، بە تایبەت پارتی هەدەپە کە دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە، لەگەڵ جەهەپە یەک بگرن، ئەوا دەتوانن هێزی ڕووبەڕوونەوەی ئەردۆگانیان هەبێت. هەر بۆیە ئەردۆگان کە بڕیاری هێرشەکەی دا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، جەهەپەی ناچار کرد بە پاڵپشتیکردن. ئەو پاڵپشتییەیش یەکگرتنی جەهەپە و هەدەپە تەواو دوور دەخاتەوە. کە ئەمەیش سیاسەتێکی زیرەکانەی ئەردۆگانە و تەنها لە قازانجی خۆیدایە.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: بۆچی دەبێت هەدەپە شەڕ بۆ دیموکراسیەتی تورکیا بکات لەجیاتیی شەڕکردن بۆ مافەکانی تورکیا؟

مێرڤێ تاهیرۆغڵو: زۆرینەی شوێنکەوتوانی هەدەپە داوای بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن، بە تایبەت کوردە ناسیۆنالیستەکان. من زۆر بە گرنگی دەزانم کە سەیرێکی سەرچاوەی هەدەپە بکەین و لێی تێبگەین. مەبەستم لە سەرچاوە دروستبوونی یەکەم هەڵبژاردنیانە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥. ئەوان لە ماوەیەکی دیاریکراودا توانییان یەک بگرن و پارتەکە دروست بکەن، دواتر لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن و دەسکەوتێکی گەورە بە دەست بهێنن، کە تاکو ئێستا هیچ پارتێکی کوردی نەگەیشتبێتە ئاستی. ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە بوو لەچاو هەوڵەکانی پێشتردا کە کوردەکان دابوویان. لە یەکەم هەڵبژاردندا توانییان ڕێژەی ١٠٪ بە دەست بهێنن. سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکیان کە سەرکردەیەکی کاریزمایە و ماوەی سێ بۆ چوار ساڵە لە زیندانە، توانیی دەنگی ١٣٪ی دانیشتوانی تورکیا بە دەست بهێنێت.

ئەگەر ئیستا سەیری ئەو ڕێژەیەی ساڵی ٢٠١٥ی هەدەپە بکەینەوە، ئەوا دەبێت وەکو سەرکەوتن هەژماری بکەین. ئەو سەرکەوتنەیش متمانەیەکی زۆر بە خەڵکی تورکیا دەبەخشێت لەسەر ئەوەی کە پشت بە هەدەپە ببەستن. من خۆیشم پێم وایە کە هەدەپە ئامانجی ئەوە نەبووە تەنها وەکو پارتێکی کوردی و نوێنەری کورد کار بکات، بەڵکو ئامانجی ئەوە بووە کە پارتێک بێت بۆ هەموو خەڵکی تورکیا. تورکیا لە ئیستادا پێویستی بە پارتێکی لەم جۆرەیە و خەڵکیش ئەمە باش دەزانن. هەر بۆیە ئەگەر هەدەپە کار بۆ دیموکراسیەتی تورکیا بکات، زۆر باشترە لەوەی کە تەنها کار بۆ مافەکانی کورد بکات. هەر ئەوەیشە کە وای کردووە ئەردۆگان و ڕکابەرەکانی دیکە بەردەوام هەدەپە بە کوردی ناسیۆنالیست بناسێنن، تەنانەت وەکو تیرۆرست و لادەر. لە کاتێکدا ئەوە ڕاست نییە و ئەگەر سەیری پارتەکە و ئەندامەکانی بکەین، ئەوا زۆر ڕوونە کە ئەو تۆمەتانە ڕاست نین.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: ڕات چییە لەسەر ئازادکردنەکەی عوسمان کاڤالای چالاکوان کە تەنها بۆ دوو سەعات بوو؟

مێرڤێ تاهیرۆغڵو: هەواڵی ئازادکردنەکە خۆش بوو، تا ئەو کاتەی کە کەیسێکی دیکە بۆ عوسمان دروست کرا و دادوەر دووبارە بڕیاری زیندانیکردنی دەرکردەوە. ئەمەیش شتێکی نوێ نییە لە تورکیا و پێشتریش هەمان چیرۆک بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاشدا ڕووی داوە. هەردوو ئازادکردنەکەیش دوای ئەوەی دروست بوون کە دادگای ئەورووپی خۆی بەسەر کەیسی ئەو دوو کەسەدا ڕۆیشتبووەوە و داوای ئازادکردنی بەپەلەی بۆ هەردوو زیندانییەکە کردووە.

دەبێت بزانین کە سیستەمی دادوەریی تورکیا، پێویستە گوێڕایەڵی دادگای ئەورووپی بکات. چونکە تورکیا ئەندامە لە کۆنگرەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ. هەر بۆیە تورکیا وەکو ئەندامێکی ئەو کۆنگرەیە ناچارە بڕیارەکانی دادگای ئەورووپی جێبەجێ بکات. هەر بۆیە ئەو کەسانە ئازاد دەکات بەڵام دوای ماوەیەکی کەم و بە دروستکردنی کەیسی نوێ، دەستگیریان دەکاتەوە. ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە کە تەنانەت دادگایش لەژێر هەژموونی سیاسیی ئەردۆگاندایە و بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەو کار دەکات. سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا دوو نموونەن لەو کەسانەی کە بە هۆی ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی ئەردۆگان و دژایەتیکردنی ئەو زیندانی کراون، نەک لەبەر ئەنجامدانی تاوان.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: پێت وایە کە دەبێت یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ حکومەتی تورکیادا بکەن؟

مێرڤێ تاهیرۆغڵو: پیش هەموو شتێک، دەبێت یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا هەردوو بزانن کە بە تەواوی چی دەگوزەرێت لە ناو تورکیادا. بە تایبەت ئەو زۆرداری و پێشێلکارییەی کە حکومەت لە ناوخۆدا بەرامبەر بە خەڵکەکەی خۆی دەیکات، تا دەگات بەو سیاسەتە توندەی کە لە دەرەوەی وڵات پشتی پێ دەبەستێت. چونکە ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا تەنها سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆگان لەبەرچاو بگرن و کاردانەوەیان بەس بۆ ئەوە هەبێت بەبێ ڕەچاوکردنی سیاسەتی ناوخۆ، ئەوا هیچ شتێک ناگۆڕرێت و ئەردۆگان و سیاسەتەکەی وەک خۆیان دەمێننەوە. بە تایبەت ژیانی خەڵکی سیڤیل کە لەژێر چ فشارێکدایە بە هۆی ئەردۆگانەوە. ئەگەر ئەوان لەو ئاستەوە کار لەسەر تورکیا بکەن، ئەوا دەتوانن هاوکاریی وڵاتەکە بکەن تا بچێتەوە سەر ڕەوتێکی دیموکراسییانە.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: ئەردۆگان چۆن دەوەستێنرێت؟

مێرڤێ تاهیرۆغڵو: یەکەمین کاری گرنگ و کاریگەر کە ئەنجام بدرێت، ئەوەیە ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە دۆخی ناوخۆی تورکیا بکات و هەڵوێست بنوێنێت لەسەری. چونکە لە ئیستادا تاکە شتی گرنگی تورکیا لای ئەمەریکا بریتییە لە سیاسەتی دەرەوە. بەڵام ئەگەر هەموان سەرنجیان بخەنە سەر ئەوەی کە ئەردۆگان چۆن دەسەڵاتی خۆی بە کار هێناوە، بە تایبەت لە ناو وڵاتدا، ئەوا تورکیا بە ئاقارێکی نوێدا دەڕوات.

تا ئێستا بۆ نزیکەی ١٧ ساڵ دەچێت کە ئێمە لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی ئەردۆگانداین. ئەمەیش وای کردووە کە تورکیای ئیستا تەواو جیاواز بێت لە تورکیای پێش ئەردۆگان. هەر بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ ناوخۆی تورکیادا بۆ ئەمەریکا و هەر حکومەتێکی تری دەرەکی قورس دەبێت. بەڵام هەر دەبێت لە شوێنێکەوە دەست پێ بکەین. بە تایبەت لە پشتگیریکردنی دیموکراسی و کارکردن بۆ بەرقەرارکردنی، چاکسازیکردن لە یاسا و دەستووردا، زەقکردنەوەی ئەو دادگاییە ناڕەوایانەوە و ئەو حوکمە بەتاڵانە، کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی لایەنەکانی ژیان لە لایەن حکومەتەوە و زیادکردنی سانسۆر. بەم کارانە دەتوانرێت دۆخی تورکیا بگۆڕدرێت و ئەو لایەنانەیشی وەک ئەمەریکا کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پارێزگاری دیموکراسین، دەبێت هاوکار بن لەم کارانەدا.

سەرچاوە (کلیک بکە)