رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ نەدین ماینزا

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدانی: پەیمانگەی واشنتن کوردی

وەرگێڕانی: ژیر دانا

نەدین ماینزا نووسەر و شارەزای مافەکانی مرۆڤە. ئەو ئەزموونی زیاتر لە دوو دەیە کارکردنی هەیە لە بواری ئازادیی ئایینەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. دامەزرێنەری ڕێکخراوێکە بە ناوی ”دەنگە یەکگرتووەکان” کە کار لە بواری گرنگیدان بە دۆخی خێزانە هەژارەکان دەدات.

نەدین لە ئێستادا ئەندامی ڕێکخراوی ”نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی ئایین”ە (USCIRF) کە کار لەسەر چاودێریکردن و دەستەبەرکردنی ئازادیی ئایین دەکات لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم دیمانەیەی نەدینیش لە لایەن پەیمانگەی واشنتن کوردییەوە ئەنجام دراوە و تێیدا قسە لەسەر دۆخی ژیانی کەمە نەتەوایەتی و ئایینییەکانی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا و بە تایبەتی کورد دەکات.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: سوپاسی قبووڵکردنی ئەم دیمانەیە دەکەین. دەمانەوێت سەرەتا باسی ئامانجی ڕێکخراوەکەتان بکەیت کە چییە و چۆن کار دەکەن؟

نەدین ماینزا: ڕێکخراوەکەمان (نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی ئایین – USCIRF) ماوەی ٢٢ ساڵ دەبێت دامەزراوە. کارەکەمان ئەوەیە کە چاودێریی وڵاتە جیاوازەکان بکەین کە چۆن ئازادیی ئایینیی هاووڵاتییەکانیان دەپارێزن. جیاوازییشمان لەگەڵ ڕێکخراوە هاوشێوەکان ئەوەیە کە ئێمە گرنگی نادەین بە پەیوەندی و بەرژەوەندیی وڵاتەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ئامانجمان ئەوەیە کە لە هەموو وڵاتێک خزمەت بکەین و هەوڵی پاراستنی ئازادیی ئایینیی تێدا بدەین.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: وەک ئاشکرایە کارەکانی ئێمە پەیوەندیی بە دۆخی کوردەوە هەیە. کوردەکانیش بەسەر چوار وڵاتی جیاوازدا دابەش بوون. بۆیە دەمانەوێت باسی ئازادیی ئایین بکەیت لەو چوار وڵاتەدا. ئەگەر لە ئێرانیشەوە دەست پێ بکەین، مامەڵەی ئێران چۆن دەبینیت لەگەڵ کەمایەتییە ئایینییەکاندا؟

نەدین ماینزا: ئێران وڵاتێک بووە کە ئێمە گرنگییەکی زۆرمان پێ داوە و لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە کاری لەسەر دەکەین. چونکە ئێران وڵاتێکە کە سیستەمێکی تەواو ئایینی بەڕێوەی دەبات و لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێک کەمینەی ئایینیی زۆر لە وڵاتەکەدا هەن، کە هەمان ئایینی سیستەمەکەیان نییە. هەرچەندە ئێران دان بە ئایینەکانی وەک ئیسلامی سوننە، جوو، زەردەشتی و مەسیحیدا دەنێت، بەڵام هێشتا مامەڵەیەکی ئێجگار خراپ لەگەڵ پەیڕەوکارانی ئەم ئایینانە دەکات بە هۆی ئایینەکانیانەوە. ئەمە جگە لە مامەڵەی لەگەڵ بەهاییەکان کە لە هەموو ئەوانی تر خراپترە و بەپێی یاسا و دەستوور دژی ئەوان وەستاوەتەوە. بە تایبەت لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا، ئێران مافی کەمایەتییەکانی زیاتر پێشێل کردووە و بەشی زۆری ئەو کەسانەی کە بە هۆی ئایینەوە گیراون، ڕێگە بە ئازادکردنیان نەدراوە.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: کەواتە ئێران تەنها دژی ئایینە جیاوازەکان نییە و لە ناو ئیسلامیشدا دژی سوننەکانە؟

نەدین ماینزا: بەڵێ، بە تایبەت ئەگەر سوننە و کوردیش بیت لە هەمان کاتدا. ئێران مەترسییە بۆ هەموو کەسێک ئەگەر ئەو کەسە ئیسلامی شیعە نەبێت.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: با بێینە سەر عێراق. بەوپێیەی کە سەردانی عێراق و بە تایبەت هەرێمی کوردستانیشتان کردووە، ڕاتان چییە لەسەر کەمایەتییەکانی وەک ئێزیدی و مەسیحی و ئەوانی تریش؟

نەدین ماینزا: ئێمە زۆر سوپاسگوزاری هەرێمین بۆ ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ کەمایەتییەکاندا دەیکات. من خۆم پێم وابێت لە ساڵی ٢٠١٥ بوو کە سەردانی هەرێمم کرد. سەرم سووڕما لەوەی کە چۆن زۆربەی ئەو کەمایەتییانەی لە خۆ گرتووە لە کاتێکدا داعشەکان تەنها چەند سەعاتێکی کەم لێیانەوە دوور بوون. هەرێم بووە بە بەهەشت بۆ بەشی زۆری کەمایەتییەکان لە وڵاتی عێراقدا.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: ئەمە جێگای دڵخۆشییە. ئەی ڕات چییە لەسەر ناوچەکانی دیکەی عێراق؟ بە تایبەت دوای ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە زۆربەی مەسیحییەکان ناچار بوون بەرەو هەرێم یان دەرەوەی وڵات ڕابکەن بە هۆی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە لە لایەن میلیشیا و دەسەڵاتە ئایینییە زۆرینەکانەوە دەکرایە سەریان.

نەدین ماینزا: ئێمە بەردەوام چاودێریی عێراق دەکەین. تەنها لە ساڵی پاردا من دوو جار سەردانی عێراقم کردووە. سەردانی یەکەم بۆ یادی پێنج ساڵەی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بوو. بە داخەوە دەبێت بڵێم کە دۆخی ئێزیدییەکان لەو کاتەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی بە خۆیەوە نەبینیوە. ئەو کاتەی کە ئێمە لەوێ بووین، زۆربەی کاتەکە تەنها لە ناو باڵوێزخانەی ئەمەریکا بووین و نەماندەتوانی بچینە شوێنە جیاوازەکان. بەڵام هێشتا خەڵک بەردەوام سەردانیان دەکردین و دۆخی خۆیان باس دەکرد کە چەندێک خراپن. ئەوەیشی جێی سەرنج بوو، ئەوە بوو کە ئێزیدی و مەسیحییەکان لە دوای نەمانی داعشیشەوە هێشتا ئامادەی گەڕانەوە نەبوون بۆ ناوچەکانیان. ئەمە وای کرد من سەردانی دووەمی خۆم بکەم بۆ چەند ناوچەیەکی جیاوازی وەک موسڵ و تەلقیف و حەمدانیە. لەو سەردانەدا تێگەیشتم بۆچی کەمایەتییەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. من خۆم لە ڕێگەی نێوان هەولێر و موسڵ بە ناو ١١ خاڵی پشکنینی جیاوازدا تێپەڕیم. بەشێکی ئەم خاڵانە تایبەت بوون بە حکومەت، بەڵام بەشی زۆریان هیی حەشدی شەعبی و ئەو هێزانە بوون کە سەر بە ئێرانن. ئەمە ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە کەمایەتییەکان بەردەوام لەژێر فشاری ئەم هێزانەدان، بۆیە نایەنەوێت بگەڕێنەوە.

ئەو هێزە میلیشیایانە کێشەی گەورە و جیدین بۆ ئازادیی ئایین لە عێراق. من ئەوە دەزانم کە ئەم هێزانە چۆن جێگای خۆیان کردووەتەوە و بۆ هەندێک خەڵک، بوون بە سەرچاوەی کار و ژیان. بەڵام ئەگەر بە گشتی سەیریان بکەین ئاشكرایە چۆن لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندان و بۆ بەرژەوەندیی ئەوێ کار دەکەن. هەر بۆیە کەمایەتییە ئایینییەکان لەژێر مەترسیی گەورەدا دەبن کاتێک ئەم هێزانە بوونیان هەبێت و دەسەڵاتیان لە خودی حکومەت زیاتر بێت.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان چییە لەم بابەتەدا؟ تۆ وتت کە داواتان لە حکومەتی ئەمەریکی کردووە بۆ فشارکردنە سەر عێراق، بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتانە. ئەمەریکا چیی پێ دەکرێت بۆ کەمینە ئایینییەکان؟

نەدین ماینزا: ئەوە ئاشکرایە کە حکومەتی ئەمەریکی، گرنگییەکی زۆر بە ئازادیی ئایین دەدات. بەڵام کارکردنی ئێمە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە حکومەتی ئەمریکییەوە نییە و وەک دوو لایەنی سەربەخۆ کار دەکەین. هەر بۆیە ناتوانم دڵنیا بم لەوەی کە حکومەتی ئەمەریکی ڕۆڵی چی دەبێت.

بەڵام دەبێت ئەوەیش بزانین کە حکومەتەکەی تڕەمپ لە باشترین نموونەکان بووە لە بابەتی ئازادیی ئاییندا، بۆیە بەردەوام هەوڵ دەدات سەرەڕای قورسی و ئاڵۆزیی بارودۆخەکە. کێشەی سەرەکیی عێراق پشتنەکردنە لە ئێران. بۆیە چاوەڕێکراوە بەردەوام ئەو میلیشیا چەکدارانە هێزیان لە دەست بێت و وڵات بەڕێوە ببەن. بیریشمان نەچێت هەر سەرۆکوەزیرێک لە عێراق هەڵبژێرێت، پێویستە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارە شیعەکانی هەبێت. بۆیە سەرۆکوەزیرەکان ناتوانن پشتی ئێران نەگرن و لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان کار بکەن. ئەم سەرۆکوەزیرە نوێیەیش بە هەمان شێوەیە و ئەگەر کارێکیشی لە دەست بێت، بەم نزیکانە ناتوانێت ئەنجامی بدات، چونکە ماوەیەکی کەمە دەسەڵاتی وەرگرتووە.

ماوەیەک لەمەوبەر من سەردانی ئوردنم کرد. لەوێ لە ناو ئاوارەکاندا خێزانێکم ناسی کە دەیانویست بگەڕێنەوە ناو عێراق، کە گەڕابوونەوە کچێکیان کوژرابوو. هەڕەشەی ئەوەیشیان لێ کرابوو کە کەسێکی دیکەی خێزانەکەیان دەمرێت، ئەگەر بمێننەوە. بۆیە چاوەڕێ ناکرێت کە دۆخەکە بەم نزیکانە گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی گەورە بە خۆیەوە ببینێت.

قوربانییەکانی جینۆسایدی ئێزیدییەکانیش هێشتا لە دۆخێکی خراپدان. زۆربەیان لە ناو کامپەکانی هەرێمدان و ناتوانن بگەڕێنەوە. هەرێم کارێکی گەورەی کردووە کە ئەو ئاوارانەی لە خۆ گرتووە. بەڵام ئەوە چارەسەر نییە و پێویستە کارێک بکرێت کە ئەوان بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و شارەکانی خۆیان بونیاد بنێنەوە. بەڵام هەتا میلیشیا لەو ناوچانە هەبن و دەسەڵات و هێزیان هەبێت، ئەوانیش هەرگیز نایانەوێت بگەڕێنەوە.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: لە قسەکانتدا ئەوە دیارە کە پێشنیاری خۆبەڕێوەبردن دەکەیت بۆ ئەو کەمینانە. پێت وایە کە خۆبەڕێوەبردنی کەمینەکان چارەسەرێکی باش بێت بۆ هەموو لایەنەکان؟

نەدین ماینزا: بەڵێ من ئەوە بە چارەسەر دەزانم. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ڕێکخراوەکەم بە ئاشکرا کاری لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە، بەڵام من وەک خۆم بە جیا کارم لەسەری کردووە. هەروەها بە ڕێگەیەکی باشی دەزانم تا کێشەی کەمینەکانی عێراقی پێ چارەسەر بکرێت.

لە شارەکەی من ئەگەر پۆلیسێک هەبێت، پۆلیسەکە خەڵکی شارەکە خۆیەتی. واتە ئەوەیە کە کار دەکات بۆ شوێنێک خەڵکی شوێنەکە خۆیەتی و سەر بە شوێن یاخود لایەنێکی دەرەکی نییە. ئەمەیش وا دەکات کە کەمینەکان کێشەیان بۆ دروست نەبێت و هەر کەسەو بەرپرس بێت لە خۆی.

بابەتی فیدڕاڵیزم بابەتێکە کە دەمێکە لەم وڵاتانەدا باسی لێوە دەکرێت. بەڵام بابەتەکە زۆر لەوە قورسترە کە بە هەنگاوی سادە هەوڵ بدرێت دۆخی وڵاتەکەی پێ بگۆڕرێت. پێویستە کاری زۆری بۆ بکرێت.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: با بچینە سەر سووریا. تۆ پێشتر سەردانی ئەو ناوچەیەی سووریات کردووە کە لەژێر دەسەڵاتی کوردەکاندایە. ڕات چییە لەسەر کەمایەتییەکانی ئەو ناوچەیە؟

نەدین ماینزا: ئەو حکومەتە ئۆتۆنۆمییەی سووریا، بۆ ئازادیی ئایین باشترین نموونەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. من تا ماوەیەک لەمەوپێشیش نەمدەزانی شوێنێکی وا هەیە و کە زانیم، سەرم سووڕما. لەوێ مافەکانی مرۆڤ زۆر بە باشی دەستەبەر دەکرێن و ئەوان ئەزموونێکی ڕاستەقینەی دیموکراسی دەکەن. شتە سەیرەکە ئەوەیە کە هەموو ئەو دەستکەوتانەیان لە کاتی جەنگی ناوخۆی سووریا و داعشدا بە دەست هێناوە، کە بە ڕاستی شایەنی پێزانینە.

ئەوان ژەنەڕاڵێکیان هەیە ناوی مەزڵووم عەبدییە و کاریزمایانە. ئەو ژەنەڕاڵە دەیتوانی حکومەتێکی دیکتاتۆری بونیاد بنێت و دەسەڵاتێکی جیاوازتر بگرێتە دەست. بەڵام ئەو کارەی نەکرد و لەبری ئەوە، خۆبەڕێوەبەرییەکی نموونەیی دروست کرد کە چارەسەری زۆرێک لە کیشەکانی ناوچەکەی کردووە.

وەک دەزانین، چەندین وڵات هەن کە جەنگ و شۆڕش و ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات تێیاندا ڕووی داوە. ئێمەیش بەردەوام ویستوومانە یارمەتیی ئەو وڵاتانە بدەین و فێریان بکەین کە چۆن مافەکانی مرۆڤ دەستەبەر بکەن. بەڵام ئەنجامەکە هەرگیز ئەرێنی نەبووە و لە زۆر شوێنی وەک ئەفغانستان، دوای گۆڕانکارییەکان دۆخەکە تەواو خراپتر بووە. جیاواز لەو وڵاتانە، خۆبەڕێوەبەریی سووریا ئەم کارەی بەبێ یارمەتیی ئێمە کردووە و ئەنجامێکی باشیشی هەبووە.

ئەم سەرکەوتنە بە دڵی هەموان نییە. چەندین لایەن هەن بەردەوام لە دژی ئەم خۆبەڕێوەبەرییە دەوەستنەوە و دەیانەوێت لە ناوی ببەن، چونکە خۆبەڕێوەبەرییەکەی سووریا لەجیاتیی ئەوەی بە چەک ڕووبەڕووی دوژمنەکانی ببێتەوە، ئەزموونکردنی ئازادیی ڕاستەقینە پیشانی دوژمنەکانی دەدات. هەر بۆیە ئەوانیش بەردەوام وەک کێشە سەیری دەکەن. تورکیا دەیەوێت بە تەواوەتی لە ناوی بەرێت و بەردەوام هەوڵ دەدات هێرشی بکاتە سەر. بۆیە من بڕوام وایە گرنگترین کار بۆ ئەمەریکا، پشتگیریکردنی تەواوی ئەو خۆبەڕێوەبەرییەیە.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: کوردەکان بە دەیان و سەدان ڕاپۆرتیان بڵاو کردووەتەوە کە تێیاندا ئاماژە بە هێرشی تورکیا و ئەو گرووپە جیهادییانە دەکات کە تورکیا پشتگیرییان دەکات. ڕێکخراوەکەی ئێوە هیچ چاودێریی ئەو کارانەی تورکیا دەکات کە لە دژی کوردەکانی سووریا و ئێزیدی و مەسیحییەکانیش دەکرێت؟

نەدین ماینزا: بەڵێ، ئێمە بەردەوام چاودێریی تورکیا دەکەین و هەوڵی بەردەوامایشمان داوە کە حکومەتی ئەمەریکا ڕێگری لەو کارانەی تورکیا بکات. سەرۆک ئەردۆگان بە ئاشکرا وتوویەتی کە ئەو ناوەستێت لە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان و بەردەوام دەبێت لە داگیرکارییەکانی. ئەمەیش هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ ئازادیی ئایین لە ناوچەکەدا و تورکیا بە ئاشکرا دەیەوێت ئەو شوێنە نەهێڵێت کە ئازادیی ئایین تێیدا ئەزموون دەکرێت.

تورکیا مەترسییەکی بەردەوامە بۆ سەر هەموو کەمایەتییە ئایینییەکان لەو ناوچانە، بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحیەکان. هەروەها تاکە ئەندامی ناتۆیە کە ئێمە ڕاپۆرتمان لە دژی هەبێت بۆ ئەو پێشێلکارییانەی کە بەردەوام ئەنجامیان دەدات.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: ئەمەریکا بڕیاری داوە هێزەکانی بە تەواوەتی لە عێراق و سووریا بکشێنێتەوە. ئەمە مەترسییەکی ئێجگار گەورەیە بۆ سەر کوردەکان. ”USCIRF” چ کاردانەوەیەکی هەیە بۆ ئەم بڕیارەی ئەمەریکا؟

نەدین ماینزا: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە حکومەتی ئەمریکا ئازادیی ئایین لەم ناوچانەدا بکات بە سەرەکیترین بابەتی خۆی، چونکە دەزانین ئەگەر ئەمەریکا لەو ناوچانە، بە تایبەت کوردستانی سووریا نەبێت، چ مەترسیەک لەسەر خەڵک دروست دەبێت. بەڵام ڕاستییەکە هەمیشە بەو جۆرە نابێت کە ئێمە دەمانەوێت. مەترسییەکان بەرەو زیادبوون دەچن و تەنانەت حەشدی شەعبییش پشتگیریی خۆیان بۆ ئەسەد ڕاگەیاندووە. ئەمەیش مەترسییەکی تازەیە بۆ سەر ڕۆژئاڤای کوردستان.

لە ئێستادا تەنها ٤٠٠ سەربازی ئەمەریکی لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا هەن، لە کاتێکدا ئەوان لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە هێزی سەربازی هەیە. چونکە جیاواز لە وڵاتانی تر، ئەوان دەزانن خۆیان چۆن بەڕێوە ببەن، هەر بۆیە پێویستیان نییە کە ئەمەریکا فێری بەڕێوەبردنیان بکات و تەنها پێویستیان بە پاڵشتیی سەربازییە. بۆ ئەوەی خەمی هێرشەکانی تورکیا و میلیشیا ئیسلامییەکانیان نەبێت و خەریکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی خۆیان بن.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا، خزمەتێکی زۆری بە قوتابخانە ئیسلامییەکانی وڵاتەکەی کردووە، لە ناویشیاندا قوتابخانەکانی ئیمام حەتیپ. لە ئەزموونەکانی ڕابردووەوە بۆمان دەرکەوتووە کە ئەو قوتابخانانە، ئیسلامیی توندڕەو بەرهەم دەهێنن. پێت وایە کە ئەو سیاسەتەی ئەردۆگان زیان بێت بۆ سەر ئازادیی ئایین لە تورکیا و ناوچەکە بە گشتی؟

نەدین ماینزا: ”USCIRF” چاودێریی سیاسەتی پەروەدەی لە تورکیای کردووە و خەمی خۆیشی دەربڕیوە. من خۆیشم نووسینی تایبەتیم لەسەر ئەم بابەتە هەبووە کە چۆن ئیسلامیی فاشی بووە بە کێشەیەکی گەورەی ئەم ناوچەیە، نەک تەنها بۆ ئایین و کەمینەکانی تر، بەڵکو بۆ خودی ئایینی ئیسلامیش کێشەن و ئەوەندەی ئیسلام بە دەستی ئیسلامی کوژراوە لەم ماوانەی دواییدا، ئەوەندە بە دەستی نائیسلامییەوە نەکوژراون.

سەرەتا پێمان وابوو کە سیاسەتەکانی تورکیا، تەنها بۆ ناوخۆی تورکیا کێشەن. بەڵام دواتر بۆمان دەرکەوت کە ئەوەی دەستووری تورکیا ناهێڵێت ئەردۆگان بیکات، ئەو دەتوانێت لە سووریا بیکات. چونکە زۆرینەی ئامانجە ئاشکراکانی بە هۆی دەستوورەوە ڕێگریی لێ دەکرێت لە تورکیا. بەڵام دەستووری سووریا وەک تورکیا نییە و مەودایەکی زۆری بۆ ئەردۆگان جێ هێشتتووە کە دەست وەربداتە بارودۆخی ئەو وڵاتە و پێشێلکاری بەرامبەر بە ئازادیی مرۆڤەکان بکات.

سەرچاوە (کلیک بکە)