رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ نوام چۆمسکی

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدانی: نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس

وەرگێڕانی: ژیر دانا

پڕۆفیستۆر نوام چۆمسکی، فەیلەسووف، ڕەخنەگر و چالاکوانی سیاسیی ئەمەریکی – ئیسرائیلییە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٢٨ە. پسپۆڕی سەرەکیی چۆمسکی زمانە و زۆرترین کاری لە فەلسەفەی زماندایە، بەڵام لە چەندین بواری دیکەدا کار و چالاکیی هەیە، بە تایبەت لە فەلسەفەی شیکاریدا. هەروەها بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی زانستی هزر دادەنرێت، کە زانستێکە کار لەسەر تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی هزر و بیری مرۆڤ دەکات.

چۆمسکی لە زۆربەی قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیدا، گرنگیی تایبەتی داوە بە بابەتەکانی ڕاگەیاندن و میدیا و پەیوەندییان بە کولتوورەوە؛ چەندین کتێب و دیمانەی جیاوازی لەسەر ئەم بابەتانە بڵاو بووەتەوە.

ئەم دیمانەیە لە لایەن نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس ئەنجام دراوە، کە نووسەر و سەرنووسەری گۆڤاری ”دیموکراسی و سروشت”ن. دیمانەکە لە ژمارە ٥ی گۆڤارەکە لە ساڵی ١٩٩٩دا بڵاو بووەتەوە.

نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس: تۆ پێشتر ئاماژەت بەوە دابوو، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئازادترین وڵاتی سەر زەوییە لە ڕووی ئازادیی ڕۆژنامەوانییەوە. بە جۆرێک کە ئەو تێکۆشانەنەی بە درێژایی مێژووی وڵاتەکە ئەنجام دراون، وایان کردووە لە ئێستادا ئەمەریکا ئازادتر بێت لە هەر وڵاتێکی دیکە، تا مرۆڤ بتوانێت ئازادیی ڕادەڕبڕینی هەبێت. ئەمەیش لە کاتێکدا کە بە بڕوای مارکس، ئازادی لەژێر سایەی ئەم جۆرە سیستەمەدا ئازادییەکە تەنها بۆ بۆرژوا و چینە باڵاکانە. هەروەها بە بڕوای ئەنارشیستەکانی ئەم سەردەمەیش، ئەمە ئازادی نییە و هەر شتێک کە ئەنجام دەدرێت، دەبێت لە دەزگا و ناوەندەکانی سیستەمەوە بێتە دەرێ. ئاشکرایشە کە ئێستا ماس میدیا بە تەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئابووری و سیاسەتدایە، نەک خەڵک خۆی، کە پێشتر تۆ ئەمەت بە بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی وەسف کردووە. ئێستا دەمەوێت بپرسم کە بە چ مانایەک تۆ ئەمەریکا بە ئازادترین وڵات دەزانیت لە ڕووی ئازادیی ڕادەربڕین و بە تایبەت ڕۆژنامەوانییەوە، لە کاتێکدا کە هەموو کارێکی ڕۆژنامەوانی ئەگەر هاوتای ویست و ئامانجەکانی ماس میدیا نەبێت، کە لەژێر دەستی ئابووری و سیاسەتدایە، بە توندی ڕەت دەکرێتەوە؟

نوام چۆمسکی: سەرەتا پێویستە کە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە یەکتر جیا بکەینەوە. هەرچەندە ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە ئەمەریکا، ئازادییەکی تا ڕادەیەک ڕووکەشییە. بەڵام ئەوەی کە شایەنی بەرگریلێکردن و ستایشکردنە، ئازادیی ڕادەربڕینە. ئەمەریکا توانیویەتی ئازادیی ڕادەربڕین دەستەبەر بکات و بیگەیەنێتە ئاستێکی باڵا، نەک ئازادیی ڕۆژنامەوانی.

سەبارەت بە ئازادیی ڕۆژنامەوانییش، گومان لەوەدا نییە کە لەژێر کۆنتڕۆڵێکی بەردەوامی ئابووری و سیاسەتی وڵاتەکەدایە، هەر وەک چۆن کە زۆرینەی زۆری لایەنەکانی تری ژیانیش بە هەمان شێوە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئابووری و سیاسەتدان. بەڵام ئەو کۆنتڕۆڵکردنە هێشتا کۆنتڕۆڵکردنێکی ڕەها نییە و نایشتوانین بە ڕەهایی بڵێین ئازادییەکەی تەواو ڕووکەشییە. هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت ڕەها بێت و تەنانەت لە وڵاتێکی تۆتالیتاری یان وڵاتێک کە کۆیلەی تێدا بێت، ‌هێشتا کۆنتڕۆڵی ڕەهای هیچ شتێک ناکرێت. هەروەها هەمیشە دەرفەتی ئەوە دەبێت کە بتەوێت فشار لە ڕێگای ماس میدیاوە دروست بکەیت، یاخود لەودیو ماس میدیا خۆیەوە، فشار دروست بکەیت.

نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس: ئێمە دەزانین کە ماس میدیاکان چەندێک گرنگن و چەندێکیش پەیوەندییان بە ئازادیی گەیشتن بە زانیارییەکان هەیە، بەڵام کاتێک ماس میدیا لەژێر دەستی دەسەڵاتی حکومی یان سەرمایەداریدا بێت، چۆن دەتوانین گرەنتیی هەبوونی ئەو ئازادییە بکەین، کە دەمانگەیەنێت بە زانیاری؟ یاخود ئەڵتەرناتیڤ چییە؟ ڕۆڵی میدیا چییە لەو کۆمەڵگە نموونەییەی کە تۆ لە کتێبی ”هێزی ئەگەرە باشەکان”دا باست کردووە؟

نوام چۆمسکی: ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەو دەسەڵاتە حکومی یان سەرمایەدارییە، دەسەڵاتێکی دیموکراسییە. ئەزموونکردنی ڕاستەقینەی دیموکراسییەک کە بە تەواوی لەسەر بنەمای یەکسانی دامەزرابێت بە مانا ئەریستۆییەکەی، دەتوانێت ئەو کێشەیەمان بۆ چارە بکات. واتە لە جێی ئەوەی خاوەنی ماس میدیا دەسەڵاتێکی سیاسیی دیاریکراو یان دەسەڵاتێکی سەرمایەداری بێت، خەڵک خۆیان بن. خەڵکانێک کە هەمان نوێنەری زۆرینە بن. کە بەو شێوەیە بوو، کێشەی ماس میدیا دەبێت بە کێشەی خەڵک، ئامانجەکانی دەبێت بە ئامانجی خەڵک. لایەنێکی بەرامبەر و دژ بوونی نابێت تا زیان بە لایەنی بەرامبەر بگەیەنێت و ئازادییەکانی لێ وەربگرێتەوە.

سەبارەت بەو کۆمەڵگە نموونەییەی کە من باسم کردبوو، من هیوایەکم پێی نەبووە کە بەم نزیکانە شتێکی وا دروست ببێت و هێشتایش هیوام نییە، چونکە تێگەیشتنی ئێمە بۆ مرۆڤ، هێشتا زۆر سنووردارە بۆ کردار و تواناکانی. بۆ ئەوەی لە خۆمان و تواناکانمان تێبگەین، پێویستە بتوانین وێنایەکی فراوان و گەورەمان بۆ جیهان هەبێت و بەردەوامیش تاقیکردنەوە بکەین. هەندێک جار لەو جۆرە تاقیکردنەوانە دەکرێت و سەرنجی من زۆر ڕادەکێشن. بۆ نموونە، جارێكیان بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیم بینی، کە چاوپێکەوتنی خەڵک بوو لە ناو شوێنێکی گشتیی شاری ڕیۆ دی جانیرۆ. دەرهێنەر و ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەکە تەنها یەک کەس بوو. ئەو کەسەیش تەنها کەسێکی ئاسایی بوو و پسپۆڕ و شارەزای هیچ کام لە بوارەکان نەبوو. لە بەرنامەکەدا ئەم کەسە دەچوو لەگەڵ کەسانی دیکە قسەی دەکرد. بەم جۆرە میدیا ڕێک بەشێکە لە خەڵک و تەواوی ویست و ئامانجەکانیشی دانەبڕاو دەبێت، لە ویست و ئامانجەکانی خەڵک. پێویستە تاقیکردنەوەی لەم جۆرە بە بەردەوامی بکەین. تا زیاتر بکەین، زیاتر دەتوانین لە خۆمان تێبگەین و دواتریش دەکرێت هەنگاو بەرەو کۆمەڵگە نموونەییەکە بنێین کە لە ئێستادا توانای ئەو هەنگاوەمان نییە.

نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس: بە ڕای تۆ گۆڕانی میدیایەک کە لەژێر دەستی دەسەڵاتێکی دابڕاو لە خەڵکدا بێت، چۆنە بۆ ژێر دەستی میدیایەک کە دیموکراسییانە لەژێر دەستی خەڵک خۆیدا بێت؟ مەبەستی ئەم پرسیارە زیاتر ڕۆیشتنە بۆ ئەوەی کە باسی ئەو گرووپ و لایەنانە بهێنینە پێشێ، کە لە ئێستادا خەریکی ئەم گۆڕانکارییەن و دژی دەسەڵاتەکانن، بە تایبەت دەسەڵاتە ئابوورییە دژ بە خەڵکەکان. ئەم گرووپانە کارێکی زۆریان کردووە و بەردەوامیش لە هەوڵدان، بەڵام ئەنجامێکی زۆر باشیان نەداوە بە دەستەوە هەتاوەکو ئێستا. بە ڕای تۆ پشتگیرکردنی ئەمان گرنگ و لەپێشە، یاخود دروستکردنی گرووپ و لایەنی نوێ بە دنیانبینی و پلانی نوێوە، کە بتوانێت ماس میدیا لە دەسەڵاتی دژ بە خەڵک وەربگرێتەوە و ئەو حکومەتە ئۆلیگارشییانە شکست پێ بهێنێت کە ئیستا بوونیان هەیە؟

نوام چۆمسکی: ئەوانەی تۆ باست کردن، هیچیان ئەڵتەرناتیڤ نین و تەنها هەوڵن بۆ دروستبوونی ئەڵتەرناتیڤ. نایشبێت ئێمە پشتگیریی تەنها دانەیەکیان بکەین و ئەوی دیکە پشتگوێ بخەین، بەڵکو دەبێت لە یەک کاتدا، هەردوو هەوڵەکە بەرەوپێش ببەین. هەم ئەوەی کە یارمەتیی گرووپ و کۆمەڵەکانی ئێستا بدەین، کە خەریکی چالاکین و دەیانەوێت دژی ئەو ئۆلیگارشیەت و تۆتالیتاریەتە بن. هەمیش ئەوەی کە بیر لە دروستکردنی کۆمەڵە و گرووپی جیاواز بکەینەوە، کە لەوانی پێشتر ئازادتر و بیرفرواناتر بن، تا ئەنجامێکی جیاوازتر بدەن بە دەستەوە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە تاکەکان هەمیشە سوودی خۆیان دەخەنە پێش سوودی ئەوانی تر و کۆمەڵەوە. هەروەها کاتی هەموان سنووردارە و توانا و ئامانجی هەر تاکێکیش، جیاوازە لەوەی تر. بەڵام خۆشبەختانە ئەمە ڕێگری ناکات لەو هەوڵانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، بەڵکو بە جۆرێک هانی هەموان دەدات کە پێکەوە کار بکەن. چونکە ئۆلیگارشیەت و تۆتالیتاریەت، دژی زۆرینەیە.

نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس: وشەی ”کولتوور” لای تۆ مانایەکی تەواو جیاوازتر و فراوانتری هەیە، لەو مانایەی کە لای خەڵکی ئاسایی و زۆرینە هەیە. دەتوانێت کەمێک باسی کولتوورمان بۆ بکەیت لە ڕوانگەی خۆتەوە، بە تایبەت ڕەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەعریفییەکانیەوە؟

نوام چۆمسکی: تا ئێستا ئاگاداری ئەوە نەبووم، کە وشەی ”کولتوور”م بە مانایەکی جیاواتر بە کار هێنابێت. بەڵام هەمیشە ویستوومە کە سەرنجم زیاتر لەسەر ڕەهەندە فروانەکانی بێت، بۆ نموونە ڕەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەعریفییەکان. هەر وەک خۆت باست کرد.

نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس: ڕای تۆ چییە لەسەر پەیوەندیی نێوان چین و کولتووردا؟ بە ڕای تۆ چینی باڵای کۆمەڵگە، دەتوانن کولتووری تایبەت بە خۆیان بسەپێنن بەسەر ئەوانی تردا؟

نوام چۆمسکی: ئەگەر وشەی کولتوور بەو مانا فراوانەی کە پێشتر باسمان کرد بە کار بهێنین، ئەوا هەڵە دەبێت ئەگەر بڵێین چینە باڵاکان کولتووری خۆیان بەسەر چینەکانی خوارەوەدا دەسەپێنن. هەر ڕەهەندێکی کولتوور، دەکرێت بە جیاوازی کاری خۆی بکات. بۆ نموونە ڕەهەندی سیاسیی کولتوور، لای چینە باڵاکان بە جۆرێکە کە دەیانەوێت هەمیشە خۆیان تێیدا ئەکتیڤ بن و چینە نزمەکان پاسیڤ بن. واتە چینە نزمەکان ژێردەستە و گەمارۆدراو و سنووردار بن لە کاتێکدا خۆیان بە تەواوەتی ئەکتیڤ بن لە ناو ڕەهەندی سیاسیی کولتووردا. سەبارەت بە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و مەعریفی، چینە باڵاکان دەیانەوێت لە ڕێگای ئەم ڕەهەندانەوە نرخی خۆیان زیاد بکەن و نرخی چینە نزمەکان کەمتر و کەمتر بکەنەوە. واتا خۆیان بەردەوام لە زیاکردنی مەعریفە و سەرچاوەی مرۆیی خۆییان ببن و چینە نزمەکانیش هەمیشە بیریان لای مانەوە بێت بە زیندوویی. بەبێ گوێدانە چۆنیەتیی ژیان و دەستکەوتەکانیان. ژیانی ئەوان بێنرخ دەردەکەوێت. ژیانی چینە باڵاکانیش بە جۆرێک دەبێت کە هەمیشە هەوڵیان لە باشکردنی چۆنیەتیی و چەندێتیی دەستکەوتەکانیاندایە، نەک تەنها هەبوونی دەستکەوت. کەواتە بابەتەکە هەمیشە سەپاندن نییە، بە جۆری جیاواز کار دەکات.

نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس: پرسیارێکی تر ئەوەیە، کە ڕات چییە لەسەر بەکارهێنانی کولتوور وەک بازرگانی بەرامبەر خەڵک؟ دەتوانین دراما و بابەتە میدیاییەکان بکەین بە نموونە، کە لە وڵاتەکانی وەک ئەمەریکا و بەڕیتانیادا هەن. ئەو بەرنامە تەلەڤیزیۆنییانە ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە کولتووری خەڵک دەبن، لە کاتێکدا کە ئامانجێکی تەواو بازرگانییان هەیە. پێت وایە کە هیچ ئەڵتەرناتیڤێک هەبێت بۆ ئەم جۆرە لە بەکارهێنانی کولتوور لە وڵاتە سەرمایەدارییەکاندا؟

نوام چۆمسکی: لەو بڕوایەدا نیم کە ئەم بابەتە تەنها لە وڵاتانی وەک ئەمەریکا و بەڕیتانیادا بەو شێوەیە بێت. ئەوەندەی ئاگادار بم لە ئەمەریکای لاتین، دراما بەڕازیلییە بازاڕییەکان زۆرترین ڕەواجیان هەیە لە ناو هەموو وڵاتانی ئەمەریکای لاتین. لە کاتێکدا کە زۆر لە دراما ئەمەریکییە بازاڕییەکان بێماناترن. واتا کێشەیە لە هەموو شوێنێک بوونی هەیە.

سەبارەت بە ئەڵتەرناتیڤیش، وەلامەکە وەک هەمیشە باش بەکارهێنانی ئەو فاکتەرانەیە کە بەردەستن لای خەڵک. واتا بەکارهێنانی دەزگاکانی سیستەم لە دژی سیستەم خۆی.

نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس: پێشتر ئایدیاڵیستەکان پێیان وابوو، کە ئەگەر بمانەوێت ئەڵتەرناتیڤێک بۆ کولتووری ئێستا دروست بکەین، پێویستە لە ناو خودی کولتووری ئێستادا دروستی بکەین. تا ئێستایش زۆر کەس لەسەر ئەم بڕوا ئایدیاڵیستییانەن و پێیان وایە کە گۆڕانکاری لە دەرەوەی دۆخی ئێستا، ڕێی تێناچێت. ڕای تۆ چییە لەسەر ئەم بابەتە؟

نوام چۆمسکی: من ئەو ڕایە بە ئایدیاڵیستی نازانم، کە دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤ بۆ کولتووری ئێستا، پێویست بێت هەر لە ناو کولتووری ئێستاوە دروست ببێت. ئەم ڕێگایە تا ئێستایش جێبەجێ دەکرێت و چەندین ئەنجامی باشیشی داوە بە دەستەوە. ئەو بڕوایەی باکۆنین تەواو ڕاستە کە پێی وایە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی داهاتوویی، پێویستە هەر لە ناو کۆمەڵگەی ئێستادا بێت. بە مانایەک نا کە ڕێگاکەی بەردەممان ئاسان بێت. بەها کۆمەڵایەتییەکان و دەزگا جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ئاڵۆز کار دەکەن و گۆڕینیان پێویستی بە کارێکی زۆر هەیە. هیچ ڕێگایەکی ئاسان بوونی نییە بۆ دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤ بۆیان. ئەگەر ڕێگایەکی ئاسانیش هەبێت، ئەنجامەکەی پێچەوانەی ئەو ئامانجە دەبێت کە ئێمە دەمانەوێت.

نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس: دیاردەیەکی نوێ کە لە ئێستادا لە ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی دیکە دروست بووە، زۆربوونی ئەو کەناڵانەیە کە گرنگی بە بابەتی ئایینی دەدەن. بە ڕای تۆ هۆکاری ئەمە شکستی دەوڵەتی سۆشیالیستییە، کە بۆشاییەکی گەورەی دروست کردووە و دەرفەتی ڕەخساندووە تا لایەنە ئایینییەکان ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە، یاخود هەوڵێکی دیکەی حکومەتە سەرمایەدارەکانە کە بە جۆرێک دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە قازانج بکەن و خەڵکی کۆنتڕۆڵ بکەن؟

نوام چۆمسکی: شکستی ئەو دەوڵەتە سۆشیالیستییانەی کە تۆ باسی دەکەیت، دەبێت وەک سەرکەوتن سەیر بکرێت لە لایەن چەپەکانەوە. چونکە ئەو دەوڵەتانە ڕێگری گەورە بوون لە گەیشتن بە سۆشیالیزمی ڕاستەقینە. باسکردنی چەمکی کۆن لە ئێستادا هیچ سوودێکی وای نییە بۆمان. ئەگەریش دەتەوێت باسی چەمکی سۆشیالیستی بکەین، هەر ئەوەندە بەسە بزانین کە لە سۆشیالیزمدا، بەرهەمی بەرهەمهێنەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێت و ستەم بەرامبەر بە زەحمەتکێشان نامێنێت. ئەمانە هیچی لەو دەوڵاتە سۆشیالیستییانە بە تەواوەتی نەبوون. ئەمە جگە لەوەی کە تەنانەت ئازادیی سەرەتایی مرۆڤەکانیشی تێدا نەبوو و ئەو ئازادییە لە شوێنی تر دروست دەبوو وەک لە ناو دەوڵەتە سۆشیالیستییەکان.

لەو باوەڕەدا نیم کە گەشەکردنی میدیا ئایینییەکان لە ئەمەریکا، هیچ پەیوەندیی بە شكستی دەوڵەتە سۆشیالیستییەکان و ئەو بۆشاییەوە هەبێت کە ئەوان دروستیان کردووە، بەڵکو پەیوەندیی بە کاتی گونجاوەوە هەیە. چونکە ئەوان هەمیشە هەبوون و بەهێزیش بوون. بەڵام تەنها لە کات و شوێنی گونجاودا دەردەکەون. ئەوەتا ئەوەندەی لە ئەمەریکا ئەم دیاردەیە هەیە، لەو شوێنانە نییە کە دەوڵەتی سۆشیالیستی تێیاندا شکستی هێناوە.

بۆیە سەرچاوەی ئەم دیاردەیە، سەرچاوەیەکی بەهێز و تەمەندرێژە. ڕیشەکەی لە ناو مێژوودا هەیە. پێم وایە هەر کەس بیەوێت باسی ئەم بابەتە بکات، پێویستە زۆر دوور بکەوێتەوە لە گشتیکردنەوە و سادەکردنەوەی.

نیکۆس ڕاپتیس و تاکیس فۆتۆپۆلۆس: لە کۆتاییدا دەمەوێت بپرسم کە ئایا ڕات چییە لەسەر هاوشێوەکردنی کولتوور و کۆمەڵگە جیاوازەکان؟ بۆ نموونە هەوڵێک هەیە کە هەموان وەک یەک لێ بکات؛ هەموان چێژ لە یەک جۆر مۆسیقا وەربگرن، سەیری یەک جۆر بەرنامە بکەن، بیرکردنەوەیان یەک جۆر بێت و… هتد. ئایا ئەمە پەیوەندیی بە ئابووری و بازاڕی ئازادەوە هەیە؟

نوام چۆمسکی: ئەمە بەشێکی سەرەکیی جیهانگیرییە و لە ئێستادا لە هەموو شوێنێک ڕوو دەدات. بەڵام کاردانەوەیش لە دژی بەردەوام ڕوو دەدات. بۆ نموونە لە ئەورووپا کاردانەوە بەرامبەر بە سڕینەوەی کولتوورەکان و یەکخستنی هەموویان بۆ کولتوورێکی نوێ و یەکگرتوو زۆرە. تەنانەت کاردانەوە لە دژی یەکخستنی شوێنی بڕیار کە مەبەستم لێی یەکێتیی ئەورووپایە، زۆر جار دەبینرێت. ئایینییە فەندەمێنتالیستەکانیش، کاردانەوەیەکی زۆریان هەیە بەرامبەر بەم جیهانگیرییە. بەڵام هەموو کاردانەوەکان باش نین و هەندێکیان زۆر ناشیرینن.

سەرچاوە کلیک بکە