رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ ئیمانوێل لێڤیناس

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدان: رامین جیهانبەگلو

وەرگێڕان: هاوڕێ عەبدوڵا

Download PDF

ئیمانوێڵ لیڤیناس فەیلەسووفێکی فەرەنسی بە ڕەگەز لیتوانییە، لە ساڵی ١٩٠٦ لە لیتوانیا، لە خێزانێکی جوولەکەدا لەدایک بووە. خێزانی لێڤیناس رێزێکی زۆری زانست و فەلسەفەیان گرتووە. ئەگەرچی لێڤیناس لە لیتوانیادا ژیاوە، بەڵام لە ژینگەیەکی کولتوریی رووسیدا گەورە بووە. ئەم وتووێژە ساڵی 1994 رامین جیهانبەگلو لەگەڵ لێڤیناسدا ئەنجامی داوە. ئەم وتووێژە لەسەر قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی لێڤیناس دەوەستێت و ئاوڕ لە ژیانی پەروەردەیی لێڤیناس و قۆناغەکانی خوێندن و ئەو هەلومەرجە تایبەتەی سەدەی بیست دەداتەوە کە بیرکردنەوەی لێڤیناس پێک دەهێنن. لێرەدا لێڤیناس باسی ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کتێبی_پیرۆز دەکات لە ژیانی پەروەردەیی ئەودا، هاوکات سەرسامیی خۆی بە هایدیگەریش دەردەبڕێت. هەڵبەت پێش هایدیگەر، لێڤیناس هۆسرێل کەشف دەکات، بەڵام کە بەر بە هایدیگەر دەکەوێت، ئیدی ڕوو لە هۆسرێل وەردەگێڕێت و بە شوێن هایدیگەر دەکەوێت. وەک خۆی دەڵێت ناتوانم هەرگیز لە دیوە نازییەکەی هایدیگەر خۆش بم، بەڵام هەرگیز ناتوانم نکۆڵی لە گەورەیی هایدیگەریش بکەم.لەم وتووێژەدا لێڤیناس لەسەر پرسە سەرەکییەکانی ناو فەلسەفەکەی دەوەستێت و ئاوڕ لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو فەلسەفەکەی دەداتەوە: ئەخلاق، رووخسار و ئەویتر… بەشێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی لێڤیناس ئەمانەن: سەرجەمێتی و ناکۆتا، کات و ئەویتر، هەڵهاتن…

پرسیار: تۆ لە ساڵی ١٩٠٦ لە لیتوانیا لەدایک بوویت، لە قۆناغی مناڵیتدا لە لیتوانیا چ بیرەوەرییەکت هەیە؟

وەڵام: من لە خێزانێکی جوولەکەدا لەدایک بووم، کە تێیدا ڕێزێکی زۆری فەلسەفە و زانستیان دەگرت. باوکم لە کۆڤنۆ (kovno) کتێبفرۆشی هەبوو، بەو هۆیەوە هەمیشە لەگەڵ کتێبدا ژیاوم. ئەگەرچی ئێمە لە لیتوانیادا دەژیاین، بەڵام من لە ژینگەیەکی کولتوریی ڕووسی گەورە بووم، چونکە لەو قۆناغەدا زمانی ڕۆشنبیران ڕووسی بوو، لیتوانی زمانی خەڵک بوو. جوولەکەکان بەگشتی لەگەڵ مناڵەکانیاندا بە ڕووسی قسەیان دەکرد. یەکەمین بیرەوەریی گرنگی من، جەژنی سێ سەد ساڵەی بنەماڵەی ڕۆمانۆف بوو لە ساڵی ١٩١٣ دا. ئەوکات شەش ساڵان بووم. هێشتاش شەقامەکانی شارم لەیاد ماوە کە بە ئاڵای پادشایەتی داپۆشرا بوون. دووەمین بیرەوەریی گرنگی من لەو قۆناغەدا، هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانیی ساڵی ١٩١٤ یە، ئێمە لیتوانیامان جێ هێشت، ویستمان لە خارکۆف -لە ئۆکرانیا- بژیین. شەش مانگ درێژەی کێشا تا گەیشتین بە خارکۆف، چونکە لە کاتی سەفەردا لە شارەکانی تریش ڕادەوەستاین. لە خارکۆف بۆ قوتابخانەیەکی ڕووسی ڕۆیشتم. لەوێ بوو بۆ یەکەمین جار هەستم بە گەورەیی ئەدەبیات و فیکری ڕووسی کرد

پرسیار: کام لە نووسەرە ڕووسییەکان لەو قۆناغەدا کاریگەریی زیاتری لەسەر تۆ دانا؟

وەڵام: لە دە ساڵیدا مرۆڤ هەم دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کولتوری گشتییەوە، هەمیش ئەدەبیاتی فەرمی و کتێبە مێژووییەکان. ئەگەرچی جوولەکە بووم، بەڵام لە ژینگەی حیکایەتە ڕووسییەکان گەورە بووم. نووسەرانی گەورەی وەک پووشکین، تۆڵستۆی، تۆرگنێفم بە لاوە گرنگ بوون. بەگشتی من وەک مناڵێکی ئاسایی ڕووسی گەورە بووم.

پرسیار: چەند ساڵێک دواتر شۆڕشی بەلشەفیکی ڕوو دەدات و دیسانەوە دەگەڕێیتەوە بۆ لیتوانیا؟

وەڵام: کاتێک شۆڕش هەڵگیرسا، ئێمە ناچار بووین ئۆکرانیا جێ بێڵین و بۆ زاگەکەمان لە لیتوانیا بگەڕێینەوە. لەوێ بوو خوێندنی ناوەندیم بە زمانی ڕووسی لە قوتابخانەیەکی جوولەکەیی، تەواو کرد. لەو قۆناغەدا لە لیتوانیا قوتابخانەی جوولەکەیی بە زمانی ڕووسی‌ بوونی هەبوو. تاقیکردنەوەی کۆتایی من، بەرانبەر بە دیپلۆمی فەرەنسی بوو، دەوڵەت ئەمەی بەڕەسمی ناساندبوو. ئێمە تاقیکردنەوەمان بە ئامادەیی نوێنەری حکوومەتی لیتوانیا بە کۆتا هێنا.

پرسیار: ئایە تەنینەوەی شۆڕشی بەلشەفیکی، لەگەڵ ئەوەی مناڵ بوویت، کاریگەریی لەسەر دانایت؟

وەڵام: لە کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕوسیادا لە مانگی دووی ساڵی ١٩١٧ دا، من زۆر لاو بووم. ساڵی دواتر بوو بۆ دواناوەندی ڕۆیشتم. باوکم و دایکم کە دوو جوولەکەی بۆرژوا بوون، زۆر لە شۆڕش دەترسان. بە باوەڕی ئەوان ڕابەرانی بەلشەفیک دێوانە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا کە بەشێکی زۆری ڕابەرانی شۆڕش جوولەکە بوون، بەڵام ئەوە هیچ گۆڕانێکی بەسەر بڕیاری ئەواندا نەهێنا. بەڵام من شەیدای شۆڕشی ڕووسی بووم، وەک لاوێک نەمدەتوانی خەباتی ئەو شۆڕشە بەهەند وەرنەگرم. هەستم دەکرد لە چرکەساتێکی گەورەی مێژووی مرۆڤایەتیدا دەژیم. سەرەڕایی ئەوەی وەک خەباتگێڕێکی سیاسی بەکردەوە تێکەڵی شۆڕش نەبووم، بەڵام ئەوەی لە دەوروبەرم دەگوزەرا هێجگار هەستبزوێن بوون. تا ڕۆژێک لە مانگی حەوتی ساڵی ١٩٢٠ دا دایک و باوکم بڕیاریان دا بۆ لیتوانیا بگەڕێنەوە، من پێم خۆش نەبوو، پێم وا بوو پشت لەو شڵەژانە مێژووییە دەکەم. بەڵام بۆ من شیاو نەبوو وەک مناڵێکی جوولەکە پشت لە خێزان و پەروەردەم بکەم، بەو هۆیەوە لەگەڵ دایک و باوکم لە ساڵی ١٩٢٠ -١٩٢٣ درێژەم بە ژیان دا لە لیتوانیا.

پرسیار: ئایە وەک جوولەکەیەک “کتێبی پیرۆز” ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە ژیانی پەروەردەیی تۆدا؟

وەڵام: لە مناڵیمدا هەمیشە “کتێبی پیرۆز” بوونی هەبووە. هەمیشە “کتێبی پیرۆز” بەشێک بووە لە پەروەردەی من. لە شەش ساڵیدا دایک و باوکم منیان بۆ وانەی عیبریی تەوراتی دەنارد، هەر بۆیە کاتێک چووم بۆ دواناوەندی بە عیبری دەمخوێندەوە و دەمتوانی دەقی یەهودی وەربگێڕم. بەڵام لەو کاتەدا تەفسیری “کتێبی پیرۆز”ـیان بە من نەدەدا. دواتر دەرکم بە گرنگی ئەو تەفسیرانە کرد لە تێگەیشتنی “کتێبی پیرۆز”ـدا.

پرسیار: ئایە لەو کاتەدا بەرهەمە فەلسەفییە یەهودییەکانیشت دەخوێندەوە؟

وەڵام: لە دواناوەندیدا فەلسەفەیان پێ نەدەوتینەوە، بەڵام من خۆم کەم کەم مەیلم بە لای فەلسەفەدا ڕۆیشت. لەوانەیە بە لای تۆوە سەیر بێت گەر بڵێم بیرکردنەوەی فەلسەفی لە نووسەرانی ڕووسی -وەک دۆستۆڤیسکی، تۆڵستۆی و تۆرگنێف-ـەوە فێر بووم. ڕۆمانی ڕووسی پڕە لە پرسی فەلسەفیی دەربارەی مانای ژیان و پەشێویی مێتافیزیکی.

پرسیار: دوای ئەوەی بڕوانامەی دیپلۆمت وەرگرت، ساڵی ١٩٢٣ بەرەو فەرەنسا هاتی و چوویتە زانکۆی ستراسبۆرگ. بۆچی ستراسبۆرگت هەڵبژارد؟

وەڵام: دایک و باوکم ئەوێیان بۆ هەڵبژاردم. لەو دەمەدا ستراسبۆرگ شارێکی پلە دوو بوو، نە زۆر گەورە بوو، نە زۆر بچووک. ئەوسا لە ستراسبۆرگدا کولتوری ئەڵمانی جێگەیەکی گرنگی هەبوو، بۆیە خەڵکی بە ئەڵمانی قسەیان دەکرد. دایک و باوکم ستراسبۆرگیان هەڵبژارد، چونکە نزیکترین شار بوو لە لیتوانیاوە.

پرسیار: کاتێک بۆ ستراسبۆرگ ڕۆیشتی، زمانی فەرەنسیت دەزانی؟

وەڵام: نە. تەقریبەن نە. بەڵام پێش ئەوەی خوێندنی فەلسەفە دەست پێ بکەم، زمانی فەرەنسیم خوێند و کەمێکیش خەریکی لاتینی بووم.

پرسیار: لە زانکۆی ستراسبۆرگدا پرۆفیسۆر مۆریس پرادین (Pradines) و بلۆندێل (Blondel)ـت ناسی.

وەڵام: بلۆندێل مامۆستایەکی زۆر چالاک و بەخشندە بوو. بیروبۆچوونی بلۆندێل زۆر لە تیۆری دۆرکهایمەوە نزیک بوو. شەیدای کولتوری ڕووسی بوو، هەروەها پەرۆشی هەبوو بۆ کۆی کولتورەکانی تر. لەگەڵ ئەوەی جوولەکە نەبوو، بەڵام گرنگییەکی زۆری بە تەفسیرەکانی “کتێبی پیرۆز” دەدا. هەڵبەت مۆریس پرادینیش مامۆستایەکی گەورەی فەلسەفەی گشتی بوو. ئەو دەروونناسی و فەلسەفەی نوێی بەباشی دەناسی. پرادین تیۆری لیڤی-بروێلی (Levy-Bruhl) وەردەگرت و لە ڕوانگەیەکی عەقڵگەرایانەوە تەفسیری دەکرد.

پرسیار: لەو کاتەدا چ فەزایەک بەسەر زانکۆی ستراسبۆرگدا زاڵ بوو؟

وەڵام: کەشێکی پڕ لە ئارامی. دەکرێت بڵێم وەک جوولەکەیەک، هیچ مامۆستا یان خوێندکارێک ناڕەحەتی نەکردم. تەنانەت مامۆستایەکم هەبوو ڕاستڕەوێکی مەسیحیی چالاک بوو، بە ناوی کارترۆن. لە ڕاستیدا ئەو ڕۆژگارە بە هۆی ئەو بارودۆخە سیاسییە زاڵەی ئەوروپاوە، خوێندکاران زۆر سیاسیتر بوون لە ئەمڕۆ. تەقریبەن هەموو هاوپۆلەکانم چەپ بوون. خوێندکارێکی زۆر چەپی مەسیحی بوون.

پرسیار: لە زانکۆی ستراسبۆرگدا زیاتر بەرهەمی کێت دەخوێندەوە؟

وەڵام: لەو کاتەدا فەلسەفەی نوێ، فەلسەفەی بێرگسۆن بوو. هەمووان دەربارەی بێرگسۆن و چەمکی “دیورەیشن” [1](durée) ـی ئەو، قسەیان دەکرد. منیش لەژێر کاریگەریی بێرگسۆندا بووم، بەتایبەت ڕوانگەی بۆ چەمکی “کات”. هێشتاش بێرگسۆن دەخوێنمەوە و پێم وایە بەبێ فەلسەفەی بێرگسۆن، فەلسەفەی هاوچەرخ مانایەکی نییە.

پرسیار: دوای ئەوەی بەکالۆریۆست لە فەلسەفەدا وەرگرت، دەستت بە نامەی دکتۆراکەت کرد، هەر بەو جۆرەش بوو ئێدمۆند هۆسرێلت کەشف کرد.

وەڵام: خانمێکی گەنج بە ناوی گابرێل فایفەر (Pfeiffer) کە لە “دەزگای توێژینەوەی فەلسەفیی ستراسبۆرگ” کاری دەکرد، پێشنیاری ئەوەی بۆ کردم بۆ کارکردنم دەربارەی تیۆری “ئیدراک”، کتێبی لێکۆڵینەوە لۆژیکییەکانی هۆسرێل بخوێنمەوە. ئەو کتێبە زۆر ئاڵۆز بوو، بەڵام دەرچەیەکی نوێی بە ڕووی بیرکردنەوەی فەلسەفیی مندا کردەوە. ئەو ئایدیایەی کە ڕوانینێک لەگەڵ شتێک هاوجێ دەبێت، بریتییە لەو ڕوانینەی کە شتەکە دای دەپۆشێت، هەروەها ئەو ئایدیایەی کە پەڕینەوە لە شتەوە بۆ “مەبەست” و لە “مەبەست”ـەوە بۆ هەموو ئەو شتانەی کە ئەم مەبەستە لە پێگەی ئاسۆی بیرکردنەوەدا لەخۆی دەگرێت، بیرکردنەوەی ڕاستەقینەی فینۆمینۆلۆژییە، بە باوەڕی من ئیمکاناتێکی زۆری لە خۆدا هەڵگرتووە. بەو هۆیەوە بوو لەگەڵ هۆسرێلدا پەیوەندیم دروست کردوو و لە ساڵی ١٩٢٩ بۆ بینین و ئامادەیی لە وانەکانیدا بۆ فرایبۆرگ ڕۆیشتم. مانەوەم لە فرایبۆرگ نزیکایەتیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هۆسرێلدا بۆ ڕەخساندم.

پرسیار: هۆسرێل چ جۆرە مرۆڤێک بوو؟ چ تایبەتمەندییەکی هەبوو؟ لە فەزای زاڵی وانەکانیدا چ بیرەوەرییەکت هەیە؟

وەڵام: هۆسرێل لە ڕووی کاری وانەوتنەوەی زانکۆوە مرۆڤێکی زۆر نەریتی بوو، بەڵام دەپرژایە سەر بابەتگەلێکی زۆر نوێ. لە ڕاستیدا هۆسرێل بیرکردنەوەی کەسێکی نیشان دەدا کە وەزیفەی فەلسەفیی خۆی بەئەنجام گەیاندووە، هەر چەندە وای دەردەخست کە ئێمە هێشتا لە سەرەتای خوێندنەوە فینۆمینۆلۆژییەکانیداین و کار و کۆڵینەوەی فەلسەفی تر ماوە تا بکرێت و ئەو ئەرکە بەئەنجام بگات. وتووێژ لەگەڵ هۆسرێل دژوار بوو، چونکە پرسیاری تۆی بە گوتارێک لە زەمینەی سیستەمی فیکریی خۆی وەڵام دەدایەوە. هیچ شتێکی چاوەڕواننەکراو بوونی نەبوو، وەڵامی پرسیارەکە پێش خستنە ڕووی دەزانرا، چونکە وەڵام لە ڕەوتی گەشە و فیکری هۆسرێلدا زانراو بوو.

پرسیار: با ئێستا لەبارەی هایدیگەرەوە بدوێین. تۆ هاتنت بۆ فرایبۆرگ بە هۆی هۆسرێلەوە بوو، بەڵام هایدیگەرت کەشف کرد.

وەڵام: لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا بۆ هۆسرێل، من زۆر زوو وازم لەو هێنا و بە شوێن هایدیگەردا ڕۆیشتم. من تەنیا کەس نیم کە ئەو گوزەرەم ئەنجام داوە. هایدیگەر لە هەمان کۆلێژ وانەی دەگوتەوە کە هۆسرێلی لێ بوو. بەڵام زۆرینە بۆ وانەکانی هایدیگەر دەڕۆیشتن تا وانەکانی هۆسرێل. هەمووان بۆ شوێنی نمایشی جەماوەری دەڕۆیشتن کە هایدیگەر وانەی تێدا دەوتەوە. ئەمە بۆ هۆسرێل ترسناک بوو! ئەو پەیوەندییە تا ئەندازەیەک منی دەخستەوە یادی پەیوەندیی نێوان شۆپێنهاوەر و هیگڵ لە زانکۆی بەرلین. زۆرینەی خوێندکاران لە وانەکانی هیگڵدا ئامادە دەبوون و شۆپێنهاوەر دەمایەوە و چەند خوێندکارێکی دەرەوەی زانکۆ دەهاتن. بە بیرم دێت بۆ ئامادەبوون لە وانەی پاشنیوەڕۆی هایدیگەردا، دەبوو لە بەیانییەوە جێگە بگریت. وانەکانی هایدیگەر زۆر سەرنجڕاکێش بوون. فیکری هایدیگەر ورد و بەباشی شێوەی گرتبوو. ئەو بە شێوەیەکی بلیمەتانە و لێزانانە شیکردنەوەی فینۆمینۆلۆژیی هۆسرێلی بەکار دەهێنا. هەر وانەیەکی بۆ ئێمە شتێکی نوێی تێدا بوو. ناتوانم پێت بڵێم تا چ ئەندازەیەک شیکارییەکانی هایدیگەر بۆ بوون (L’être) و هەبوو (l’étant)، هەروەها جیاوازییە ئۆنتۆلۆژییە ناسراوەکەی کە لە کتێبی بوون و کات (Sein and Zeit)ـدا بەری دەکەوین، منیان شۆک کرد.

پرسیار: چ بیرەوەرییەکەت لەگەڵ هایدیگەردا هەیە؟ شەخسییەن دەتناسی؟

وەڵام: هیچ کات شەخسییەن ئەوم نەناسیوە. هیچ کات لە دەرەوەی سیمینارەکانی، پەیوەندیی هاوڕێیانەم لەگەڵیدا نەبووە. دەزانیت هایدیگەر کەسێکی زۆر پێگەدار بوو، بە هۆی دژە سامیبوونییەوە زۆر جێگەی متمانە نەبوو، بەڵام لەگەڵ مامۆستا و خوێندکارە یەهودییەکاندا پەیوەندییەکی دروست و باشی هەبوو. درەوشانەوەکەی زۆر سەرنجڕاکێش و بە تین و تاو بوو. بۆ منیش زۆر بەرهەمدار بوو.

پرسیار: بەڵام تۆش کاریگەریی هایدیگەرت زۆر لەسەر بوو.

وەڵام: بەڵێ، زۆر. بوون و کات کاریگەریی زۆری لەسەر من دانا. وام هەست دەکرد لەگەڵ هایدیگەردا دەرگایەک بەرەو ڕووی هەموو شتێک بۆ من دەکرێتەوە. لە هایدیگەرەوە هێزێک دەدرەوشایەوە هەموومانی سەرسام دەکرد. دەبێت ئەوەت پێ بڵێم ئێمە هەموومان تاسەداری هایدیگەر بووین. ئەو بە جۆرێک دەپەیڤی کە هیچ کەس پێش ئەو، بەو جۆرە نەپەیڤیوە.

پرسیار: هێشتاش بە هەمان ئەندازە سەرسامی هایدیگەری؟

وەڵام: ڕاستگۆیانە پێت بڵێم، زەحمەتە بۆم سەرسامی ناسیونال-سۆشیالیستێک بم. بەڵام بلیمەتیی هزری و فەلسەفیی هایدیگەر نکۆڵی لێ ناکرێت. من هەستم بەوە کردووە و هەمیشەش هەستی پێ دەکەم. ئەمە بەهێزترین کاریگەرییەک بووە کە لە ژیاندا وەرم گرتبێت. پێم وایە لە هەمان کاتدا کە هایدیگەرم ناسی -واتا 1920 -1930- ئەو نازی بوو، بەڵام هێندەش قسەی نەدەکرد. لە هەلومەرجی مێژوویی نازیزمدا، هایدیگەر باوەڕی وا بوو قەڵەمڕەوی چارەنووسی “بوون”ـی لەئەستۆدایە. ڕاستییەکەی ئەوەیە هەر چۆنێک بێت هایدیگەر ماوەیەک باوەڕی بە هیتلەر هەبوو، لەوانەیە هایدیگەر لە بوونی هیتلەردا ئومێدی بە جیهانێکی نوێ هەبووبێت. بە هەرحاڵ بۆم ئەستەمە ئەم شتانە لەبیر بکەم. 

پرسیار: بە باوەڕی تۆ هەنووکەییبوونی هایدیگەر لە چیدایە؟

وەڵام: قورسە ئەوە بوترێت. پێم وایە ئەوەی لە هایدیگەرەوە دەمێنێتەوە دەستنیشانکردنی ئەو بنەڕەتەیە کە جۆری مرۆڤ شوێنی دەرکەوتن و خوڵقاندنی ڕووداوی فەلسەفییە. بە باوەڕی هایدیگەر ڕووداوی فەلسەفی بەتەواوی بە بنەڕەتی “بوون”ـەوە پەیوەستە. تەواوی فەلسەفە لە هایدیگەر بە دواوە لەسەر بنەمای ئەم بونیادی “بوون”ـە گەشەی کردووە. بە باوەڕی هایدیگەر پرسی ئەسڵ و بنەڕەت لە مرۆڤدا وەک هەبوویەک بەدیار دەکەوێت. بەڵام بوونی مرۆڤ وەک هەبوویەک، بەتەواوی بریتییە لە تێگەیشتنی “بوون”. بێگومان فەلسەفەی هایدیگەر بەرهەمێکی نوێی فیکری یۆنانی و ڕادیکاڵیزەکردنی دووبارەی پرسە فەلسەفییەکانە.

پرسیار: ئایە خۆت بە فەیلەسووفێکی هایدیگەری دادەنێیت؟

وەڵام: هایدگەری نا. بەڵام دواجار هایدیگەر پرسگەلێک دەخاتە ڕوو کە منیش ئەو پرسانەم بۆ گرنگە. بە باوەڕی من ئەو مانایەی چەمکی “بوون” کە لە فەلسەفەی هایدیگەردا ڕەنگی داوەتەوە، زۆر گرنگە. بە هەرحاڵ، هایدیگەر بەشێکە لە ژیانی فەلسەفیی من. ئەو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من داناوە و ناتوانم نکۆڵی لەو کاریگەرییە بکەم. هێشتاش هەر جارێ کتێبی “بوون و کات”ـی دەخوێنمەوە، هەست دەکەم لەژێر ئەفسون و سەرنجڕاکێشیی هایدیگەردام.

پرسیار: لە شوێنێکدا نووسیبووت هایدیگەر فێری کردم کە “بوون” وەک زایەڵەیەکی زمانی فەهم بکەم.

وەڵام: ئاهـ، تۆ ئەو ڕستەیەت لەیاد ماوە، بەتەواوی دروستە. دەزانیت “بوون”  پێش هەر شتێک کردارێکە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لەم بونیادە ڕێساییەدا، تێگەیشتنێکی بنەڕەتیتر دەربارەی مرۆڤ دێتە ئاراوە. لە ڕێگەی چەمکی “بوون”ـەوە، مرۆڤ ئیدی تەنیا شوێنی بەدیارکەوتنی دەروونناسیی ئاژەڵ نییە، چونکە گەر مرۆڤ بوونی نەبێت چەمکی “بوون”ـیش بوونی نییە.

پرسیار: دەگەڕێینەوە بۆ یادەوەرییەکانت. دەتوانیت دەربارەی ئەو موناقەشەیە بدوێیت کە ساڵی ١٩٢٩ لە داڤۆس (Davos) لەنێوان ئێرنست کاسێرەر و مارتن هایدیگەردا ڕووی دا؟

وەڵام: جۆرە دانیشتنێک بوو دەربارەی کانت و فینۆمینۆلۆژیا. جگە لە هایدیگەر و کاسێرەر، فەیلەسووفی فەرەنسی “ژان کاڤایس”ـیش بوو کە دواتر نازییەکان وەک ئەندامێکی بزووتنەوەی بەرەنگاری، گولەبارانیان کرد. من بۆ بەشداریکردن لەو دانیشتنە لە ستراسبۆرگ خوێندنی بەخشراوم -لەسەر ڕاسپاردەی هایدیگەر- وەرگرت. من هێشتا شتگەلێکی گرنگی ئەو موناقەشەیەم لەیاد ماوە، بەتایبەت ڕووبەڕووبوونەوەی هایدیگەر و کاسێرەر. کاسێرەر دەربارەی تەفسیری هایدیگەریی کانت دەدوا و هایدیگەریش بۆچوونەکانی دەربارەی کانت دەخستە ڕوو. کاسێرەر تا ڕادەیەک نوێنەری نەریتی کلاسیک و ئەرستۆکراتیی ژینگەی زانکۆی ئەڵمان بوو. ئەو هەمیشە کەسێکی بێدەنگ بوو. هایدیگەر لە ڕاستیدا ڕەمزی یەکێتیی فەیلەسووف و نیشتمان بوو. هایدیگەرم لە پۆشاکی خلیسکانێ و کڵاوی شاخەوانیدا دێتەوە یاد کە هەموو ڕۆژێک بەپیادەڕەوی بۆ شاخ دەڕۆیشت. هایدیگەر زۆر وەرزشڤان بوو، لە کاتێکدا کاسێرەر زۆر ئارام بوو، تەقریبەن دۆخێکی خانەدانئاسای هەبوو. یادەوەرییەکی ترم، شانۆگەریی موناقەشەی نێوان کاسێرەر و هایدیگەرە کە لەگەڵ خوێندکاران و مامۆستایاندا نمایشمان کرد. پرۆفیسۆر بۆلنۆ ڕۆڵی هایدیگەری دەگێڕا و منیش ڕۆڵی کاسێرەر. ئەو ڕۆڵەیان بۆیە بە من دابوو لەبەر ئەوەی ڕەنگی قژی من لە ڕەنگی قژی کاسێرەرەوە زۆر نزیک بوو. هەڵبەت بڕێک بۆدرەی سپییان لە قژم دا.

پرسیار: با ئێستا دەربارەی قۆناغی جەنگی دووەمی جیهانی بدوێین؟

وەڵام: دوای تەواوبوونی نامەی دکتۆراکەم، ڕۆیشتم لە پاریس نیشتەجێ بووم. منیان بە بەڕێوەبەری “کۆلێژی جوولەکەی ڕۆژهەڵات” دامەزراند، کە بۆ وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکان مامۆستایان پەروەردە دەکرد، هەروەها دەستم بە نووسینیش کرد. یەکێک لە نووسراوە فەلسەفییەکانی ئەو کاتەم، ناوی “هەڵهاتن” (De L’évasion) بوو. ناوەڕۆکی ئەم نووسراوە، پێشبینیی پەیدابوونی ئایدۆلۆژیای هیتلەری بوو کە بەرە بەرە هەموو شوێنێکی دەگرتەوە. کاتێک ئەمڕۆ دووبارە ئەو دەقە دەخوێنمەوە، تەواوی قورسایی ئەو بێهیواییە هەست پێ دەکەم کە ئەو سەردەمە بەرانبەر ئەو ڕووداوە مێژووییەی کە لە ئەڵمانیا ڕووی دەدا هەستم پێ دەکرد. چوار ساڵ دوای نووسینی ئەو دەقە، لە ساڵی ١٩٣٩ دا خۆم لە چوارچێوەی ئەو ڕووداوانەدا بینییەوە، وەک وەرگێڕی ڕووسی و ئەڵمانی چوومە خزمەتی سوپای فەرەنساوە. دوای شکستی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٣٩ دا خرامە بەندینخانەوە و بۆ ئەڵمانیا گواسترامەوە.

پرسیار: تۆ وەک بەندکراوێکی جوولەکە هیچ کێشەیەکت نەبوو؟

وەڵام: من بارودۆخێکی زۆر تایبەتم هەبوو، چونکە ئەڵمانییەکان دەیانزانی جوولەکەم، بەڵام جلوبەرگی سەربازیی فەرەنسی، منی لە بەندینخانەی کاتیی بەندکراوەکان ڕزگار کرد. سەربازە جوولەکەکانیان لە سەربازە فەرەنسییەکان جیا دەکردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەڵکمان لە ڕێساکانی ڕێککەوتننامەی ژنێف بینی.

پرسیار: قۆناغی بەندکراویت چۆن تێپەڕاند؟

وەڵام: من لە ئۆردوگایەکی شاری هانۆڤەردا بووم. لەبەر جوولەکەییبوون ئازاریان نەدەداین، بەڵام تەواوی ڕۆژ ناچار بووین لە جەنگەڵدا کار بکەین.

پرسیار: کاتت بۆ خوێندنەوە هەبوو؟

وەڵام: وەکوو هەموو بەندکراوەکانی تر تەنیا حەقی وەرگرتنی کیسە و نامەمان هەبوو. کتێبیشمان بەدەست دەگەیشت، هەڵبەتە نازانم لە کوێوە و لە لایەن چ کەسێکەوە. تەنانەت لە قۆناغی بەندکراویدا دووبارە فرسەتی خوێندنەوەی هایدیگەریشم هەبوو، ڕۆسۆ و پرۆست و هیگڵیشم خوێندنەوە. بارودۆخێکی ئایدیاڵ نەبوو، بەڵام مایەی بەرگەگرتن بوو. بە هەرحاڵ کاتم بە فیڕۆ نەدا. دەزانیت جەنگ و بەندینخانە هەلومەرجێکن تێیاندا پرسە ئۆنتۆلۆژییە مرۆییەکان وەک زەروورەتێکی ئەخلاقی دەخرێنە ڕوو.

پرسیار: مادام هاتینە سەر ئەخلاق، هەستی تۆ لەو کاتەدا بەرانبەر بە ستەمکاریی نازییەکان لە ئۆردوگای بەندکراوەکاندا چۆن بوو؟

وەڵام: لە بەندینخانەدا هیچ شتێکمان لەو بارانەوە نەدەزانی. دواتر بوو تێگەیشتین. جێگەی باوەڕ نەبوو، تەنانەت بۆ بەندکراوانی جەنگیش. جیاوازیی ئێمەی سەربازانی جوولەکەی بەندکراو لە بەندینخانەی ئەڵمانەکان و ئەو جوولەکانەی کە بۆ کورە مرۆڤ‌سوتێنەکانی ئاوشفیتز نێردرا بوون، ئەوە بوو هەر چەندە بەدڕەفتارییان لەگەڵ دەکردین، بەڵام وەک سەرباز بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەیانپاراستین. بەڵام جوولەکەکانی تریان وەک ئاژەڵ دەبینی و دەستیان لە کەس نەدەپاراست. لەگەڵ ئەوەشدا ئاوشفیتز هەمیشە ئیهانەیەکە بۆ کۆی ویژدانی مرۆڤایەتی.

پرسیار: یەکەمین کتێب کە تێیدا ڕوانگەی خۆتت ڕوون کردووەتەوە، کتێبێکی بچووکە بە ناوی “لە وجودەوە تا مەوجود” (De l ‘Existence a l ‘Existent) کە لە کاتی جەنگ و لە بەندینخانەدا نووسیوتە.

وەڵام: بەڵێ، ڕاستە. نووسینی ئەو کتێبە لەو ئۆردوگایەی کە بەندکرابووم دەستم پێ کرد و دواتر لە پاریس بڵاوم کردەوە. پێم وایە ئەوەی لەو کتێبەدا گرنگە، وەسفی پرسی بوونی بێناوە. پرسێک کە لێرەدا دەخرێتە ڕوو ئەو شتەیە کە بە “بوونی هەیە” (il y a) ناوی دەبەم. کاتێک دەربارەی “بوونی هەیە” دەدوێم، مەبەستم ڕەهەندی ناکەسیی “بوون”ـە. دەبێت لەوە تێبگەین کە بێناوی و بێلایەنیی چەمکی “بوونی هەیە” لەگەڵ بەخشندەیی چەمکی “esgibt”ـی هایدیگەر وەک یەک دانەنێین، چونکە لە چەمکی “esgibt” کرداری ئەڵمانیی “geben” بوونی هەیە کە بە مانای “دان” دێت. لە ڕوانگەی هایدیگەرەوە “esgibt” ڕەحمەتێکی بڵاوبووەوەیە. چەمکی “بوونی هەیە” لە جۆرە بێماناییەکی (non-senes) بێناو و ناکەسی، سەرچاوە دەگرێت. دەبێت “بوونی هەیە” بەو جۆرە لێی تێبەگەین وەک چۆن دەستەواژەی “ڕۆژە” دە‌هێنینە سەر زمان. لەم ڕستەیەدا مەفهومی بەخشندەیی بوونی نییە. ئەم ئەزموونە ترسناکە، بەناکەسیکردنە، تۆقینێکی تەواوە بەرانبەر بە بوون.

پرسیار: لەگەڵ ئەوەشدا لەودیو وەسوەسەی بێناوی و ترس لە “بوون”ـی بێناو، بۆ یەکەمین جار لە بەرهەمەکانتدا پرسی “ئەویتر” دەخەیتە ڕوو.

وەڵام: ڕاستە. دەرچوونی ڕاستەقینە لە چەمکی “بوونی هەیە” لە “بوون بۆ ئەویتر”ـدا نووستووە. بێمانایی بوون تەنیا لە قبوڵکردنی بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە “ئەویتر” کۆتایی دێت. “من” تەنیا کاتێک لە کۆتی “بوونی هەیە” ڕزگاری دەبێت کە پەیوەندییەکی بێمەبەستانەی لەگەڵ ئەویتردا هەبێت. ئەویتر واتا دەرچوون لە خود. هەر چی دواتر نووسیم، ڕیشەی لە ئایدیای “بوون بۆ ئەویتر”ـدایە کە لەو کتێبەدا باس کراوە.

پرسیار: لە کتێبی “کات و ئەویتر”دا، دووبارە بابەتی “ئەویتر” دەبینین کە چوار وانەتە لە “قوتابخانەی فەلسەفە”ـی ژان واڵ پێشکەشت کردووە. دەتوانیت دەربارەی ئەو کتێبە بدوێیت؟

وەڵام: لەگەڵ ژان واڵدا زۆر هاوڕێ بووم، پێم وایە فەیلەسووفێکی گەورەیە. ژان واڵ ئەو قوتابخانەیەی لە نزیکی سۆربۆن دامەزراندبوو تا دەرفەت بدات بەو فەیلەسووفانەی کە لە دەرەوەی زانکۆن، قسەی خۆیان بکەن. ئەو داوای لە من کرد چەند وانەیەک دەربارەی کارەکانم و بیرکردنەوەی فەلسەفیم بخەمە ڕوو. بابەتی کاتم وەک دەلاقەیەک بەرەو ڕووی “ئەویتر” هەڵبژارد و هەوڵم دا ئەوە نیشان بدەم کە کات بەرهەمی کردەی “من”ـێکی تاقانە و تەریک نییە، بەڵکوو زادەی دروستبوونی پەیوەندیی تاکە بە ئەویترەوە. لە کتێبەکەدا هەوڵ دراوە پرسی کات نەک لە چوارچێوەی ئەزموونی پەتیدا ببینرێت، بەڵکوو هەوڵ دراوە پرسی کات لە ڕوانگەی پەیوەندیی بە “ئەویتر”ـەوە سەیر بکرێت.

پرسیار: کەوایە بە باوەڕی تۆ کۆمەڵایەتیبوون (socialité) دەرچوونە لە خود بۆ بینینی ئەویتر. ئایا چەمکی “بەرپرسیارێتی”  لێرەدا دێتە ئاراوە؟

وەڵام: بەرپرسیاربوون واتا بێلایەن نەبوون بەرانبەر بە ئەویتر. بەر لەوە هۆسرێل بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە حەقیقەت دەخستە ڕوو. بە باوەڕی من بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە حەقیقەت، بەبێ بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە ئەویتر، بوونی نییە. پەیوەندیی نێوسوبێکتیڤیتی (intersubjectivité) تەنیا لە ئەخلاقدا بە مانای بەرپرسیارێتی بوونی هەیە. بە واتایەکی تر، تاکەکەس تەنیا بە شێوەی پەیوەندیی نێوسوبێکتیڤ بوونی هەیە. سوبێکتیڤیتە (Subjectivité) بوونی بۆ خۆی نییە، بەڵکوو بوونی بۆ ئەویترە.

پرسیار: ئایە بەرپرسیارێتیی ئەویتر بەرانبەر بە من چییە؟

وەڵام: بەرپرسیارێتیی ئەویتر بەرانبەر بە من بە خۆیەوە پەیوەستە. پەیوەندیی بەرابەریەک بوونی نییە. ئەویتر بەر لە من حزووری هەیە. ئەوە “من”ـم کە بۆ ئەویتر بوونم هەیە. بەرپرسیارێتیی من هەمیشە لە بەرپرسیارێتیی هەموو ئەوانی تر زیاترە. وەک چۆن دۆستۆڤیسکی لە برایانی کارامازۆفدا دەڵێت: “ئێمە هەموومان لە بەرانبەر هەموواندا بەرپرسیارین بەرانبەر بە هەموو شتێک و هەموو کەسێک، من زیاتر لەوانی تر.”

پرسیار: لە ڕوانگەی تۆوە لەنێوان “بەرپرسیارێتی” و “ڕووخسار”دا پەیوەندییەک بوونی هەیە. چۆن دەکرێت ئەم دەستڕاگەیشتنە بە ڕووخسار وەک زەروورەتێکی ئەخلاقی دابنرێت؟

وەڵام:  ئەویتر ڕووخسارە، ڕووخسار مانایەکی تایبەتی ئەویترە. هەر بۆیە باشترین شێوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویتردا لە ڕێگەی ڕووخسارەوەیە. بینینی ئەویتر ڕووبەڕوو، سەیرکردنی ڕووخساری، بەتەواوی ئیمکانی ناکۆتای پەیوەندیی ئەخلاقی دەڕسکێنێت. ڕووخسار ئەو شتەیە کە لە ماناکەیدا هاتووە: “تۆ هەرگیز مەکوژە” و تەواوی پەیوەندیی ئەخلاقی لەژێر سایەی ئەم فەرمانەدایە. لە یەکەمین دەرکەوتنی ڕووخساری ئەویتردا، ئەم فەرمانەی تەورات بوونی هەیە: “تۆ هەرگیز مەکوژە.” ڕووخساریش فەرمانێکە بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەویتر و بەتەنیا جێ نەهێشتنی ئەویتر.

پرسیار: لە ڕوانگەی تۆوە ڕووخسار تایبەتمەندییەکی “پیرۆز”ـیشی هەیە. ئەم چەمکی پیرۆزییە چۆن هاتووەتە ناو فەلسەفەی “ئەویتر”ـی تۆوە؟

وەڵام: پێم وایە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان تەنیا لەسەر بنەمای پیرۆزیی بوون بۆ ئەویتر دامەزراوە. لە ڕووخساردا پیرۆزییەک هەیە، بەڵام بەتایبەت پیرۆزییەکە لەو ڕەفتارەدایە کە وەک ئاراستەیەکی ئەخلاقی ڕووبەڕووی ڕووخساری ئەویتر دەکرێتەوە. کاتێک دەکەوینە بەردەم ڕووخسار، ڕاستەوخۆ ئەندێشەی پیرۆزیش بوونی هەیە. بەرپرسیارێتیی تاکی مرۆڤ لە بەرانبەر ئەویتردا، لەخۆگری پیرۆزیی ئەرکەکەیەتی بەرانبەر بە ڕووخساری ڕووت و بێگانەی ئەویتر.

پرسیار: ڤیتگنشتاین دەڵێت: “ڕووخسار، ڕۆحی جەستە”یە. دەربارەی ئەمە چۆن بیر دەکەیتەوە؟

وەڵام: بە باوەڕی من فۆرمۆڵی ڤیتگنشتاین خاڵییە لە هەر جۆرە ئەخلاقێک. ڕاستییەکەی ئەوەیە ڕووخسار دەلاقەیەکە بەرەو ڕووی ئەویتر، مرۆڤ واتا ئەم ئیمکانی پیرۆزییە. لە بووندا “لەپێشتر دانانی خەمی ئەویتر بەر لە خۆم” پیرۆزییەکی تێدایە. مەبەستی من لە ڕووخساری ئەویتر، بەرپرسیارێتیی منە بەرانبەر بە ئەویتر و ئەمە هەمان پرسی عەدالەتە.

پرسیار: مەبەستی تۆ لە عەدالەت چییە؟

وەڵام: مەبەستی من لە عەدالەت، چاوەڕوانیی جۆرە دادوەرییەکە کە ئەویتر تاقانە دەبینێت. دادپەروەربوون واتە دۆزینەوەی جوانی و چاکیی ئەویتر بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خۆت، واتە دادوەریی بەگوێرەی حەقیقەت و لەگەڵ ئەو کەسەی کە دادوەری دەکرێت بە میهرەبانییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. دادپەروەربوون واتە کەمکردنەوەی ئەو مەودایانەی کە دادپەروەری لە چاکە جیا دەکەنەوە.

پرسیار: پێت وایە کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکان، کۆمەڵگای دادپەروەر بن؟

وەڵام: ئەوەی ڕاستی بێت، کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکان کۆمەڵگای لیبراڵن، بەڵام پێویستمان بە کۆمەڵگای باشتریش هەیە، لەبەر ئەوەی خۆبەخۆ عەدالەت لە کۆمەڵگای لیبراڵدا بوونی نییە. دەبێت بەردەوام بزاڤگەلێک لەناو ‌ئەم کۆمەڵگایانەدا بێنە کایەوە کە ببنە هۆی دروستبوونی ئەو هەستەی کە عەدالەت هێشتا دادپەروەر نییە. لەوانەیە تەنانەت ئەولەویەتی دیموکراسیش هەر لێرەوە بێت، چونکە ڕیشەی دیموکراسی لە جۆرە عەزاب‌ویژدانێکی پەیوەندیدار بە عەدالەتەوە بوونی هەیە. دیموکراسی دەزانێت بەتەواوی دادپەروەر نییە، هەر بۆیە دەست بۆ چاکەخوازی دەبات و ئەگەر لەبیری بکات کە دەتوانێت دادپەروەرتر بێت، ئەو کاتە ئەو مەترسییە بوونی هەیە کە دیموکراسی وەک سیستەمێکی تۆتالیتار دەرکەوێت و لەو حاڵەتەدا ئەویتر وەک هەبوویەکی تاقانە و تاکێکی زیندوو لەناو دەبات و خۆی لەناو جیهانێکی ڕێکخراو و ڕێنوێنیکراودا قەتیس دەکات.

پرسیار: لە شوێنێکدا بینیم کە لە کتێبەکەی ڤاسیلی گرۆسمانەوە -ژیان و چارەنووس- وتەت وەرگرتبوو.

وەڵام: زۆر ستایشی گرۆسمان دەکەم. ئەو ڕۆماننووسێکی گەورەیە و بە وردی سەرنجی قەیرانە سەرەکییەکانی سەدەکەمان دەدات. گرۆسمان شاهیدی گەورەترین قەیرانی مەعنەویی ئەوروپای مۆدێرنە. گرۆسمان ئەوەمان بۆ دەردەخات چۆن هزرێکی بەخشندەی وەک سۆشیالیزم -کە بەفەرمی ناسینی ئەویترە و سیستەمێکە لەسەر بنەمای چاکەخوازی- لە جیاتیی ئەوەی وەک ڕەوتێکی سیاسی و ڕێکخراوی و سیستەمێکی عەقڵی بێتە کایەوە، دەگۆڕێت بۆ سیستەمێکی ترسناکی ستالینی. ئەوەی گرۆسمان نیشانی دەدات ئەو نائومێدییە پەتییەیە کە لە سیستەمی ترسناکی ستالینیزمەوە دەردەکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە شتێکی ئەرێنی بەدەست دێت، ئەویش ئەو هێزە چاکەخوازە بچووکەیە، کە لە فۆرمی کارە جوزئی و تاکەکەسییەکاندا دەردەکەوێت و لەنێوان دوو کەسدا ڕوو دەدات و لەناو هیچ سیستەمێکدا بوونی نییە. وەک ئەو نمایشەی کۆتایی کتێبەکەی گرۆسمان کە تێیدا ژنێک لەنێوان ئەو کۆمەڵە دنە دراوەی دژ بە سەربازێکی ئەڵمانی، دوایین پارچەنانی دەدات بە سەربازەکە. دواجار ئەمەش جۆرە گەڕانەوەیەکە بۆ ئەخلاق بەبێ دەستەودامێنبوونی سیستەمی ئەخلاقی.

پرسیار: ئەمە هەمان ئەو بیرۆکەیەیە کە لە کتێبی “سەرجەمێتی و ناکۆتا”ـدا دووبارە دەگەڕێیتەوە سەری.

وەڵام: ئەو کتێبەم پێش خوێندنەوەی کتێبی “ژیان و چارەنووس”ـی گرۆسمان، نووسی. بەڵام ئایدیای “چاکەخوازی” بەو جۆرەی کە لە کتێبەکەی گرۆسماندا خراوەتە ڕوو، لە کتێبەکەی منیشدا بوونی هەیە. ئەوەی دەمویست لەو کتێبەدا ڕوونی بکەمەوە، ئەوە بوو کە مێژووی فەلسەفە ناکرێت بۆ گشتێتییەک کورت بکرێتەوە کە تێیدا ئاگایی بە خود، هەمان ئاگایی بە گشت بێت. من دژ بەو بیرۆکەیە وەستاومەتەوە کە پێی وایە دواجار دەشێت هەموو ئەزموونەکان لە مەعریفەیەکدا و لە هزرێکی موتڵەقدا یەکانگیر بکرێن و سەرجەمێتییەکیان بەبەردا بکرێت، هەوڵم دا ڕێگەیەکی تر بکەمەوە بۆ گەیشتن بە مانای ناکۆتا.

پرسیار: ئەمە هەمان شتە کە ناوی دەنێیت “سەنتێزهەڵنەگر” (non-synthetisable).

وەڵام: ڕێک وایە. ئەوەی ناوی دەنێم “سەنتێزهەڵنەگر” پەیوەندیی ئەخلاقیی نێوان مرۆڤەکانە، ڕووبەڕوویی نێوان دوو کەس بەبێ ئەوەی بۆ سەنتێزێک کورت ببێتەوە. سوبێکتیڤیتەی ڕاستەقینەی مرۆڤ سەنتێزهەڵگر نییە، لایبنز ئەمە دەستنیشاننەکراو دادەنێت، واتا تاکەکەسەکان دەتوانن پێکەوە بن، بێ ئەوەی بە سەرجەمێتییەکەوە پەیوەست بن.

پرسیار: بەم پێیە، لە فەلسەفە سەرجەمێتییەکان جیا بوویتەوە. 

وەڵام: لەو کتێبەدا هەوڵم داوە ئەوە نیشان بدەم بانگەشەی ئەخلاقی، زەروورەتی ئۆنتۆلۆژی پێویست نییە. دەبێت لەوە تێبگەین کە ئەخلاق جۆرێکە لە فەلسەفەی یەکەم، لەبەر ئەوەی ماهیەتێکی بەرایی هەیە. ئەخلاق لە سەرووی بیرکردنەوەی ئەبستراکتەوە نییە، ئەخلاق وەک بەرپرسیارێتییەک لە کرۆکی سوبێکتیڤیتەی مرۆڤدایە.

پرسیار: هەروەها لەم بانگەشە ئەخلاقییە بەرانبەر بە ئەویتر “ناکۆتا”یەک بوونی هەیە. ئەم “ناکۆتا”یە چۆن خۆیمان نیشان دەدات؟

وەڵام: ئێمە لەبەردەم ڕووخساری “ئەویتر”دا ڕووبەڕووی “ناکۆتا” دەبینەوە. ڕووخسار ئاماژەی ناکۆتایە. کاتێک بەرپرسیارێتییەک لە بەرانبەر ڕووخساری ئەویتردا لەئەستۆ دەگرین، ناکۆتا حزووری دەبێت. بە واتایەکی تر تاکێک کە لەبەردەم ئەویتردا دەڵێت “منم” شاهیدی لەسەر ناکۆتا دەدات. لە ڕاستی و دروستیی ئەم شاهیدیدانەوەیە ناکۆتایەک کە دەرەکییە، دەگۆڕێت بۆ ناکۆتایەکی ناوەکی.

پرسیار: ئایە دەستڕاگەیشتن بە ناکۆتا بۆ هەموو کەسێک یەکسانە؟ ئایە هەموو کەسێک دەتوانێت لە ڕێگەی کردەی ئەخلاقییەوە شاهیدی ناکۆتا بێت؟

وەڵام: ئەخلاق حەقیقەتێکی هاوبەشە لەنێوان هەموو تاکەکاندا. هەر کەسێک ئەم بانگەشە ئەخلاقییە تەنیا دەتوانێت لە خۆیدا ببینێتەوە. ئەم بانگەشە ئەخلاقییە لە یەکێتییەکەیدا شیاوی ئاڵوگۆڕە و پێش هەر شتێک بیرکردنەوە لە بوون بۆ ئەویتر، ڕووداوی پیرۆز مومکین دەکات.

پرسیار: بەڵام ئایە ئەم بەرپرسیارێتییە لە ڕووخساری هەموو کەسێکدا دەبینین، تەنانەت لە ڕووخساری جەلادێکیشدا؟

وەڵام: نابێت پەیڤی “ڕووخسار” بە مانایەکی سنووردار وەربگرین. دەبێت لەم بارەوە ورد بین. مەبەستی من لە “ڕووخسار”، دەم، لووت، یان ڕەنگی چاوەکان نییە. ڕووخسار ئاماژەهەڵگرێکی بێسیاقە. ڕووخسار مانایە لە دەرەوەی کەسێتیی تاکەکەسێکەوە. ڕووخسار ئیمکانێکە بۆ تاکەکەسیی مرۆیی تا لە یەکێتییەکەیدا مانا ببینێتەوە. هەر ئەویترێک تاقانەیە. ئەویتر لە یەکێتییەکەدا لە جۆری مرۆڤ و فرەیی مرۆڤانە سەربەخۆیە. هەر جارێک کە من نیگای ڕووخساری ئەویتر دەکەم، بەرپرسیارم بەرانبەری. ئەمە لە ڕاستیدا ڕەوشی پیرۆزی بوون بۆ ئەویترە. ئەگەر من جەخت لەسەر کەسێتیی فڵان کەس بکەمەوە، هەموو شتێک لەم ڕەوشەدا هەموار دەبێتەوە. پیرۆزی ڕەخساو بوونی نییە، ئەگەر بوون خۆی بە هۆکار و ڕیشەی بوونی خۆی بزانێت. ئەمە من دەخاتەوە بیری ئەو ڕستەیەی پاسکاڵ کە هەمیشە وەریدەگرم و لە پێشەکیی کتێبی “جۆرێکی دیکە لە بوون یان لەودیوی ماهیەتەوە” هێناومەتەوە: “شوێنی من لەبەر هەتاودا ئەمەیە؛ سەرەتا و وێنەی داگیرکردنی هەموو سەر ئەرز.”

پرسیار: بۆ کۆتاییهێنان بەم وتووێژە حەز دەکەم دوایین پرسیارت لێ بپرسم. کاتێکی زۆرمان نییە تاوەکوو قسە دەربارەی پەیوەندیی تۆ بە خوێندنەوە یەهودییەکانەوە بکەین، بەڵام بەگشتی دەزانرێت کە تۆ لەم بوارەدا هەم لە فەرەنسا و هەمیش لە دەرەوە، بڵێیت و نەڵێیت وەک مەرجەع ناسراویت…

وەڵام: پێشووتریش ئەوەیان پێ وتووم، بەڵام ڕاستگۆیانە بڵێم کارم لە زەمینەی نوێکردنەوەی یەهودییەتدا نییە. ناکرێت لەبەر ئەوەی ئایەتە تەلمودییەکان لە شیکردنەوە فەلسەفییەکانمدا دەهێنمەوە، بە نوێکەرەوەی یەهودییەت دابنرێم.

پرسیار: لەگەڵ ئەوەشدا “کتێبی پیرۆز” زۆر دەخوێنیتەوە.

وەڵام: هەمیشە وتوومە ئەوروپا واتا “کتێبی پیرۆز” و یۆنان. ناکرێت بەبێ “کتێبی پیرۆز” لە فیکری ڕۆژاوا تێبگەین. “کتێبی پیرۆز” فێرمان دەکات، دەبێت دراوسێکەمان وەک خۆمان خۆش بوێت و تاک لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە پەیوەندیی لەگەڵ ئەویتردا دەبەستێت. گەر “کتێبی پیرۆز” گرنگ بێت، لەو ڕووەوەیە.

پرسیار: ئایە خۆت بە بیرکەرەوەیەکی دینی دادەنێیت؟

وەڵام: دین هاوشێوەی فەلسەفە نییە. پایەکانی دین لەسەر بنەمای حەقیقەتگەلێک دامەزراون کە بەیەکجاری بۆ هەمیشە جێگیرکراون. فەلسەفە بەو جۆرە نییە، فەیلەسووف کار بە دین ناکات، بەڵام لە پێگەی کەسێکی باوەڕداردا کە کاری فەلسەفە دەکات، ئەرکە دینییەکان ئەنجام دەدات. هەر بۆیە هیچ کات نەمویستووە نەریتی فەلسەفیی ڕۆژاوا لەگەڵ کەلامی تەوراتیدا تەبا بکەم. هیچ کات نەبووە نەریتی بیرکردنەوەی ڕۆژاوایی مافی ژیانی نەبێت، تەنیا لەبەر ئەوەی من ئەزموونی تەوراتی وەک ئەزموونی بنچینەیی مرۆڤایەتی دەبینم. گەر ئەو دوو نەریتە لە مندا و لە بیرکردنەوەی مندا خۆیان سازاندووە، بێگومان بە هۆی ئەزموونی ژیانی منەوەیە.

*سەرچاوە: نقد عقل مدرن، گفتگوهایی با اندیشمندان جیهان، رامین جهانبگلو، ترجمە حسین سامعی، جلد یکم، چاپ چهارم، سال 2007.

*ئەم وتووێژە ساڵی ١٩٩٤ ئەنجام دراوە.


[1] چەمکی دیورەیشن (Duration)، چەمکێکی سەرەکیی بێرگسۆنە و لە لای ئەو مانایەکی تایبەتی هەیە. لای بێرگسۆن دیورەیشن کاتە ناوەکییەکەی مرۆڤە و ڕەبتی بە ژیانی سایکۆلۆژیی مرۆڤەوە هەیە.

#being_free_organization #Capacity_building #Individuality #azadbun #beingfree #رێکخراوی_ئازادبوون #ئازادبوون #تواناسازی #تاکگەرایی #میدیا #فکر #کولتوور #ئەدەب #هونەر #تاک #منظمة_ازادبون