رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ فرمێسک جاف

Facebook
Twitter
LinkedIn

دەروونناسی تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی

خوێندنەوەیەک بۆ کۆمەڵگای کوردی

سازدانی: ئاراس ئەنوەر


فرمێسک جاف ماستەری لە چارەسەری کلینیکی هەیە، پێشتر لە ڕاسڵ سەنتەر کاری کردووە، ئێستا لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە چارەسەرکاری دەروونییە،
تەنها وەک چالاکی نزیکەی ١٥ چالاکی مەیدانی هەبووە، لەگەڵ هاوپیشەکانی دەیان چالاکی هۆشیارکردنەوەیان بۆ منداڵ و مێردمنداڵ و گەنجان و خەڵک بە گشتی لە دەرووندروستی ئەنجامداوە، ئێستاش ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی دەرووندروستیە لە کەناڵی ئاسمانی کوردسات.

پرسیار/ تاک، تاکبوون، تاکگەرایی چین؟

وەڵام/ تاک و تاکایەتی، تاکگەرایی سێ چەمکن کە زۆر جاران بە هەڵە وەکو هاومانای یەکتری بەکاردەهێنرێن، و لە ئێستاشدا لەگەڵ چەمکەکانی کۆمەڵ و کۆمەڵگەرایی، لەلایەن کۆمەڵناس و دەروونناسان و بەتایبەتتر دەروونناسانی کۆمەڵایەتی جیهانی جێی گفتووگۆ و لێکۆڵینەوەن.

تاک لە وەرگێڕانە فەرهەنگییەکەی بە مانای یەک دانەبوون دێت و تاکایەتی ئەو یەک دانەبوونەیە بە جۆرێک کە تایبەتمەندییەکانی لە کەسی تر نەچێت و (خود) بوونی خۆی بە تەواوەتی پاراستبێت.

لێرەشدا دیسان چەمکێکی دیکە بە باسەکە تێهەڵکێش دەبێت کە ئەویش (خود) و (چەمکی خود)ە. جگەلەوەی کۆمەڵ و کۆمەڵگەراییش بە پێی بیردۆزە نێوان فەرهەنگییەکان دێتە ناو باسەکەوە.

پرسیار/ لە ڕوانگەی فەرهەنگییەوە، چۆن هەردوو چەمکی تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی جودا لە یەک شرۆڤە دەکرێن؟

وەڵام/ تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی ناسێنەرەوەی فەرهەنگە جیاوازەکانە. لە تاکگەراییدا سەنتەری هاوسەنگی ڕاگرتن خودی تاکە کەسە، بەوەی بەخۆی پشت بەستووبێت و تواناکانی خۆی لەبەرچاوبگریت و لە بڕیار و شێوازی ژیانکردنیدا سەربەخۆیی هەبێت و تایبەتبوونی خۆی بپارێزێت. ئەم جۆرە فەلسەفەی ژیانکردنە دیسانەوە بێبەری نییە لەو فەلسەفەی پەروەردەکردنەی کە ئەو کۆمەڵگا و گروپە تێیدا ژیان دەکەن کە تاکگەرایی لە هەموو چمک و سوچێکی دامەزراوەکانی دەوڵەتەکەیان ڕەنگی داوەتەوە.

لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە ئەو جۆرە لە کۆمەڵگا بە پێی بیردۆزی- ناسنامەی کەسێتی کە لەلایەن هێنری تاجفێڵ داهێنراوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. لەم ڕوانگەیەدا ئەو ناسنامە و شوناسەی تاک هەیەتی هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکی دەوروبەر و کۆمەڵگاوە نییە، هەڵسەنگاندنی خود بە پێی تایبەتمەندییەکانی تاک دەبێت و ئاستی ڕەزامەندی و خۆشگوزەرانیش هەر بەو لایەنەوە بەستراوەتەوە.

هەڵسەنگاندنی خود/ ئەو چەمکەیە کە دەروونناس کاڕل ڕۆجز جەختی لێ دەکاتەوە، ئەو نرخاندن و بەهاپێدانەیە کە تاک بە بوونی خۆی ئەدات، کە دەکرێت ئەرێنی یاخود نەرێنی بێت.

لە بەرامبەردا کۆمەڵگەرایی، هەڵسەنگاندنی خود و ئاستی ڕەزامەندبوون بەو گروپە کۆمەڵایەتییە بچوک یان گەورەیەی کە کەسەکەی تێدا دەژی دەبەسترێتەوە. لێرەدا سنوری ئازادییەکان لەلایەن کۆمەڵەوە دەستنیشان دەکرێت، هەربۆیە پابەندبوونی دینی و کۆمەڵایەتیش لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا زۆرە.

تایبەتمەندی تاکەکەسی وەک هەڕەشە بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبینرێت و پشتبەستن بە یەکتری و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکان لەلایەن ئەوانیترەوە بە تایبەتمەندییەکی قەبوڵکراو دائەنرێت لە کاتێکدا لە کۆمەڵگا تاکگەراکانی وەک ئەمریکای باشوور و ئەڵمانیا و ئیرلەندا و ئوستڕالیا ئەو سیفەتە بە شەرم ونەنگی دادەنرێت.

پرسیار/ ئەم دابەشکارییە لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە چۆنە؟

وەڵام/ گەر بە پێی ئەو دابەشکارییە بڕوانینە شێوازی لێکدانەوە و چارەسەرەکان کە بۆ دیاردە نەخوازراوە کۆمەڵایەتی و نەخۆشییە دەروونییەکان هەیە، ئەوا کۆمەڵێک جیاوازی زۆر بەرچاو دەبینین، چونکە قوتابخانە تاکگەراکانی وەک دەروونشیکاری فرۆیدی و تاکایەتی لە ئێستادا ئەو تاکگەراییە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەروونییەکاندا دەبینن، کە زیاتر جەختکردنە لەسەر ململانێ ناوەکییەکانی بونیادی کەسێتی کەسەکە، کە بەهەمان شێوە لە چارەسەریشدا تەنها هەست و سۆزەکانی کەسی تووشبوو لەبەرچاو دەگیرێت و شێوازەکانیش تاکەکەسییە.

لە بەرامبەر ئەم چارەسەرشدا قوتابخانەی پەیوەندییە نێوان کەسییەکان جەختێکی زۆر لە بازنەی پەیوەندییەکانی تاک دەکاتەوە لە هۆکار و لێکدانەوە و چارەسەری نەخۆشی و گرفتە دەروونییەکاندا.

پرسیار/ ئایا هۆکاری نەخۆشییە دەروونییەکان تەنها پەیوەندیدارە بە کۆمەڵگاوە؟ ئایا خودی بوونی بایۆلۆجی و سروشتیی تاک لەبەرچاو ناگیرێت؟

وەڵام/ ئەوەی کە ڕوونە لە نەخۆشیزانی نەخۆشییە دەروونییەکاندا، هۆکاری بایۆلۆجی و ژینگەیی پێکەوە کاریگەری لە تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی دائەنێن، بەتایبەتی هۆکارە ژینگەییەکانی وەک (ئەزموونەکانی ژیانی مندالی و ڕووداوە زەبرئامێز و تەنگەژەئامێزەکان و خراپ مامەڵەکردن و شکاندنەوە). هەر بۆیە ناتوانین کەسەکە لەو کاریگەرییانەی کە کۆمەڵگاکەی هەیەتی دابماڵین بە تایبەتی لە کۆمەڵگا ئاساییەکاندا کە کوردستانیش وەک هەرێمێکی سەربەخۆی ئێستا و ژێردەستە و پارچەبووی ڕابردوو بێ بەش نییە لەو کاریگەرییە خێڵی و عەشیرەتەی کە بە سەرییەوە هەبووە،،، و بەردەوام بوونە سیمبولی قوربانیدان و لە خۆبوردەیی و میهرەبانی بۆ یەکتری و کۆمەڵگا، تایبەتمەندی کەسێکی دەروون دروست و جێی ڕەزامەندییە.

پرسیار/ تاکگەرایی لە ژینگەی جیاوازی نێوان نەوەکاندا، بەتایبەت لە کوردستان چۆن دەبینی؟

وەڵام/ ئێستاش ئەو تێکهەڵکێشییەی کە لە زۆرینەی کۆمەڵگاکاندا دروست بووە بە تایبەتی بە هۆی پێشکەوتنەکانی جیهان و دەستگەیشتووی بەوەی کە لە دنیادا دەگوزەرێت، لەلایەکەوە بۆشایی زیاتری دروستکردووە لە نێوان ئەو لێکتێنەگەشتن و هەڵەتێگەشتنانەی لە نێوان نەوەکاندا هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ کۆمەڵگایەکی کۆمەڵگەرایی وەک کوردستان شەپۆلی تاکگەرایی کەمێک لە ناکاو بێ ئامادەسازی پەروەردەیی بووە، کە بووەتە هۆی ئەوەی بەرکەوتنی نێوان نەوەی نوێ و پێشووتر توندتر ببێت و لە هەندێکیشیاندا وەک کاردانەوەی نەرێنی خۆیان وابەستەی ئەو تاکگەراییە بکەن کە هیچ بەهادانانێکی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو نەگرێت بۆ ئەو کۆمەڵەی تێیدا ژیاوە و ئەژی.

لە ئێستادا ئەتوانین بڵێین ئامادەسازی نەکردن بۆ گۆڕانەکان و دۆزینەوەی داڕشتنی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی کە لێک نزیککردنەوە و ئاوێتەی ئەو دوو ڕێبازەی تیادابێت بوەتە هۆی ئەوەی کە فشاری کۆمەڵایەتی بۆ هەردوو گروپەکە دروست ببێت و بەریەککەوتن و ململانێی زۆر لە نێوانیاندا دروست ببێت کە ئەگەر بێت و یەکێک لەو کەسانە گرفت یاخود نەخۆشی دەروونی هەبێت، خودی ئەو ململانێ و لێکتێنەگەشتنە، بارودۆخەکە خراپتر دەکات.