رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سێبەری نیشتمانێکی تر

Facebook
Twitter
LinkedIn

کتێبی ئازادبوون ژمارە (٩)

سێبەری نیشتمانێکی تر

نووسەر: د. دڵشاد مستەفا

وتەی نووسەر:

دەقی شانۆیی یەکێکە لەو بنەمایانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە نێو پرۆسەی شوناسی شانۆی گەلێک یان بزاوتێکدا جێی خۆی هەیە، بۆیە بیرکردنەوە لە بەرهەمهێنانی دەقی شانۆیی، مامەڵە کردنە لەگەڵ پانتاییەکی فرەهەستەوەر کە لە مێژە شانۆکاری کورد دەیەوێت دەست و پەنجەی لەگەل نەرم بکات. پرۆژەی ئەم کتێبە هەوڵێک بۆ هەنگاونان بەرەو ئەو دنیایە و جوڵەیەکە لەناو ئەو بۆشاییەی هەمیشە شانۆکاری کورد دەربارەی دەدوێن کە دەقی کوردی بەوشێوەیەی پێویستە لەگۆڕێ نییە.

ئەم چوار دەقەی لەم کتێبەدا کۆبوونەتەوە پێشتر نمایش کراون دەقەکانی (نیگاری خۆکوژێک) و (تاریکتر لە شەوەزەنگ) لە دەرهێنانی هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش ) نمایشکراون، هەڵبەتە هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) زۆرترین کاری لە دەقەکانی مندا کردووە. دەقی ( ژیان بە تامی مردن) بە زمانی نەرویجی و لەلایەن هاوڕێی هونەرمەند (سدیق عەزیز) ەوە نمایش کراوە. سەرەتای پرۆژەی دەقەکە لە بیرۆکەیەکی کاک سدیقەوە دەستی پێکرد و دواتر گەورەبوو تا ئەو دەقەی لێ بەرهەم هات و کاک تاریق هێدی کردییە نەرویجی و بە ئامادەکردنێکی ترەوە نمایش کرا. دەقی (سێبەری نیشتمانێکی تر) کە ساڵی ٢٠١٠ نوسراوە، بەهاری ساڵی ٢٠١١ لەلایەن هونەرمەند (فەرهاد عەبدوڵڵا) ەوە کاری تێداکراوەو لە فێستڤاڵی شانۆی سلێمانی لە بەهاری ئەو ساڵەدا نمایش کراوە .

ئەوەی شیاوی ئاماژە پێکردنە دەقەکان لەسەر بنەمای دەقی نمایش نوسراون و خۆیان بە هەموو شێوەیەک لە چوارچێوەی ئەدەبی چاڕسکەر دەپارێزن، چونکە خودی نوسەر خۆی سەر بەو دنیایەیە و وەک ئاکتەر و دەرهێنەر ساڵانێک لەشانۆدا کاری کردوە. ئەو ئەزموونە بەشی خۆی کاریگەری لەسەر فۆرمی دەقەکان و شێوازی داڕشتن و بەرگوزارکردنیان هەیە و خوێنەر دەتوانێت بە ئاسانی لەسەرجەم دەقەکاندا هاست بەو جیاوازییە بکات.

هەموو ئەم دەقانە لەگەڵ خۆیان جۆرێکی تر لە ئەزموونی نوسین فەراهەم دەکەن و پرسەکانی ئازادی و کوردبوون و مرۆڤ بوون تاوتوێ دەکەن، کە من وا دەبینم بەر لەوەی بیرلەوە بکەمەوە خۆم بە دنیا بناسێنم پێویستیم بەوەیە لە شار و وڵاتەکەی خۆمدا بناسرێم، ڕونتر هەنگاوی جیهانی بوون لە خۆماڵی بوونەوە دەست پێدەکات و گەر بە جیهانیبوون ئەو شوناسە کوردی و خۆماڵیەم لێ بسەنێتەوە هەنگاوی ئەوم لا پەسەند نییە. هەڵبەتە ئەو پرسە پێویستی بە توێژینەوەی زانستی قوڵ هەیە و لە ئێستادا وەک چەمک و پرسێکی گرنگ سەرقاڵیم و بە هیوام لە داهاتودا بیخەمە بەردەم خوێنەری کورد. ئەو خوێنەرەی لەهەموو شتێک بۆ من گرنگترە ..