کتێبی ئازادبوون ژمارە (٢٥)
نووسین؛ یاسین ئافتاو
«کۆمەڵگەی مەدەنیی؛ شیمانە و دەرکەوتەکانی لە هەرێمی کوردستان»؛ کتێبێکە دەربارەی دەرکەوتەکانی کۆمەڵی مەدەنیی لە هەرێمی کوردستانی نێوان ساڵانی «٢٠٠٣-٢٠١٠». کتێبەکە لە بنەمادا توێژینەوەیەکی کۆمەڵناسانەیە و لەو ئەگەر و گریمانانەی کۆڵیوەتەوە کە هیوای ئەوەیان بە جڤاتی باشووری کوردستان دەدا ببێتە خاونی کۆمەڵێکی مەدەنیی بەهێز، کۆمەڵگەیەک نەک هەر چاودێر و خەنیمی دەسەڵات بێت، بەڵکو تەواوکەر و پاڵپشتیشی بێت لەو دۆخانەدا کە دەسەڵاتی کوردی تووشی دەستەپاچەیی دەبێت و کۆمەڵگە دەکەوێتە بەر هەڕەشە و مەترسییەوە.
کتێبەکە لە چوار بەش پێک هاتووە، سێ بەشی تیۆریی و یەک بەشی پراکتیکیی، لە سێ بەشی یەکەمدا هەموو ئەو چوارچێوە مێتۆدییەی کتێبەکەی لەسەر دامەزراوە دەستنیشان کراوە، لە بەشی یەکەمدا تێرمە بەکارهێنراوەکانی ناو کتێبەکە ناسێنراون و ئەو چوارچێوەیەش کە کاری تێدا کردووە ڕوون کراوەتەوە. لە بەشی دوومدا مێژووی چەمکی کۆمەڵی مەدەنیی و ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانەی هەوڵی پێناسەکردن و خستنەڕووی ئەو چەمکەیان داوە ئاماژەیان پێ دراوە، لە بەشی سێیەمیشدا هەوڵ دراوە دەرکەوتەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان و مێژووی دەرکەوتن و جۆرەکانیان و زۆر لایەنی دیکە ڕوون بکرێنەوە.
لە بەشی مەیدانیی کتێبەکەشدا، بوونی هەموو ئەو دەرکەوتە و شیمانانەی کۆمەڵی مەدەنیی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاست کراونەتەوە کە سەر دەکێشن بۆ گەڵاڵەکردنی کۆمەڵێکی مەدەنیی بەهێز، بەڵام تا کاتی ئەنجامدانی توێژینەوەکەش هەر لە دۆخی دەڵەمەیی و نەخەمڵیوییدا بوون. بەپێی دەرەنجامەکانی کتێبەکە ئەو دەرکەوتانە ئاماژەن بۆ ماتەوزە و توانستی شاراوەی مەزن لە جڤاتی کوردییدا کە لەباریاندایە ببنە پایەکانی کۆمەڵی مەدەنی کوردیی لە باشووری کوردستان.
سەبارەت بە کاتی نووسینی کتێبەکە نووسەر نووسیویەتی: “سەرباری ئەوەی پێداویستییەکی ئەکادیمیی زانکۆ بووە لە ڕشتەی کۆمەڵناسییدا، بەڵام لەکاتێکدا بەرهەم هێنراوە، کە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی ئەوساتە؛ پڕ بوو لە بزاوت و جووڵە و هەیەجان، لە لایەک بزووتنەوەیەکی سیاسیی گەورەی وەکو گۆڕان یەک ساڵە وەکو کارەکتەرێکی سەنگین و بەهێز لە گۆڕەپانە سیاسییەکەدا پێی چەقاندووە، لە لایەکی دیکەوە گرووپی ڕۆشنبیران لەوپەڕی هێز و بزاوت و چالاکییدان، فیگەرێکی کێوئاسای وەکو مامۆستا شێرکۆ بێکەس، گۆڤارێکی شکۆداری وەکو ڕەهەند و نووسەرە زیتەکانی، مێدیای ئازادی وەکو هاوڵاتی، ئاوێنە، لڤین، ڕادیۆ نەوا، ئێن ئاڕ تی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بزاوتی ژنان، بزاوتی وەکو (هەتا کەی)؛ گرووپە خوێندکارییەکانی وەکو هەڵوێست و هتد؛ هەموو ئەمانە وەکو ڕەوتێکی مەدەنی پارسەنگ بۆ دەسەڵاتی بەهێزی ڕۆنراو لەسەر ڕێکەوتنی ستراتیژیی یەکێتیی و پارتیی لەئارادابوون و مژدەی کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگ و دادپەروەر و خۆشگوزەرانی بەگوێی هەموو دونیادا دەدا، هەر ئەمەش بوو وای لە نیوەی جیهان کرد هەرێمی کوردستان وەکو (عێراقەکەی دیکە) ناوزەد بکەن، چونکە عێراقەکەی تر سەرقاڵی یەکدیی سڕینەوە و قەتڵ و عام و ڕاونانی ناڕازیی و یاخییەکان و بەرتەسککردنەوەی سنووری ئازادییەکان بوو”.
دەربارەی بایەخی لێکۆڵینەوەش لە کۆمەڵی مەدەنی، نووسەر پێی وایە پرسی كۆمهڵی مهدهنی بۆ كۆمهڵگهیهكی وهكو كۆمهڵگهی كوردی گرنگییهكی زیاتری ههیه له ههركامێك له كۆمهڵگهكانی دیكه، چونكه لهم كۆمهڵگهیهدا هێشتا دهسهڵاتێكی تۆكمه درووست نهبووه، لهمڕووهوه كۆمهڵی مهدهنیی ههم پاڵپشت و ههم بناغهیهكی باش دهبێت بۆ ئەو دەسەڵاتە دەڵەمەیەی کە هەی و ههم چاودێرێكی باشيش دەبێت کاتێک دەسەڵاتەکە بە تەواوەتیی دەچەسپێت. كاریگهرییه ئابووریی و فهرههنگیی و سیاسییهكانی كۆمهڵی مهدهنیی بۆ كۆمهڵگهیهكی وهكو كۆمهڵگهی كوردیی زۆر دهبن.
نووسەر پێی وایە سەرەتای خەمڵینی دەرکەوتەکان ئــــەرێنیی بوون و ئەگەر دەسەڵاتێکی سیاسی هۆشمەند و دووربین هەبووایە، ئەوا هەر بە ڕاستیی کۆمەڵگەی کوردیی لە باشوور دەکرا هەنگاوی گەورە بنێت لە پرسی کۆمەڵی مەدەنییدا؛ سەبارەت بەو سەرەتایەی کە دەرکەوتەکانی کۆمەڵی مەدەنیی تێدا ڕسکان، نووسەر دەنووسێت: “لەو کاتەدا هیوایەک هەبوو بەوەی دەسەڵاتی کوردیی لە باشووری کوردستان (بە هەردوو باڵەکەیەوە)؛ ببێتە باوەشێکی میهرەبان و گەرم بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە کوردستانی باشوور، بەڵام نە ئەو دەسەڵاتە و نە ئۆپۆزسیۆنە تەمەنکورتەکەشی (گۆڕان: ٢٠٠٩-٢٠١٣)؛ نەیانتوانی ئەو کارە بکەن، یەکێتیی و پارتیی بە لێدان و بەرتیلپێدان و کڕین و ئیحتیواکردنی هەموو هێز و ڕەوتەکانی کۆمەڵی مەدەنیی، ئەو پێکهاتە گرنگەی کۆمەڵگەی کوردییان وێران کرد، بزووتنەوەی گۆڕانیش، ئەو هێزەی کە هەموو ڕەوت و هێزە مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستان خوێن و گۆشتی جەستەی خۆیان پێ بەخشیی هەتا پایەدار بێت، بەڵام سەرەنجام بووە میراتییەکی بەدفەڕ و بێئەرزش و لە بیچمی کۆمپانیایەکی بێنرخدا بۆ دوو منداڵ بە میراتیی جێهێڵدرا، لەگەڵ دوکانێکی سیاسیی (بزووتنەوەی گۆڕان) کە خەریکی بەرهەمهێنانی مرۆڤی سەنگەرگۆڕ و خراپترینی ئەو وەزیرانەیە کە هیچ کابینیەکی یەکێتیی و پارتیی بەخۆیەوە نەدیوە”.
سەرباری ئەوەی نووسەر ڕەشبین نییە بە داهاتووی هەوڵەکان و کارکردن بۆ سەرپێخستنەوەی کۆمەڵی مەدەنیی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام پێشی وایە، ئەو سەرەتا ئـەرێنییەی تیایدا دەرکەوتەکانی کۆمەڵی مەدەنی زۆر بە بەهێزی دەرکەوتن، بە هۆی تەسکبینیی دەسەڵاتی سیاسیی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە و هەموو هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات و بگرە خودی چالاکانی بواری کۆمەڵی مەدەنیی ئەو سەرەتا هاندەر و ئەرێنییە گۆڕا بۆ کابووس و ئێستا دوای زیاتر لە ١٦ ساڵ، کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان هێندە لاواز بووە، ئەگەر مانگێک مووچەی بۆ نەیەت لە بەغدادی پایتەختی عێراقەوە، تووشی دەیان تەنگژە و قەیران دەبێت و ژیان دەگاتە ئاستی چەقبەستن.
لەو ئاقارەشدا نووسەر دەنووسێت: “هەموو دەسەڵاتێکی بەهێز کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی بەهێزی لەپشتەوەیە، کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەو سەنگەرەیە کاتێک دەسەڵاتی سیاسیی دەشکێت خۆی تێدا دەگرێتەوە، ئەو پارە سپییەیە کە هەڵگیراوە بۆ ڕۆژی ڕەش، کۆمەڵگەی مەدەنیی پۆلی پێچەوانەی دەسەڵات نییە، بەڵکو ئەو زەمینە بەهێزەیە کە پێیەکانی دەسەڵات لەسەری جێگیر دەبن، هەر دەسەڵاتێک کۆمەڵگەی مەدەنیی نەبێت، وەکو تەلارێکی مقەبا وایە لە هەوادا، هەر دەسەڵاتێک بە مەبەستی لەناوبردن ڕووی چەک و پارە و هەژموونی بکاتە کۆمەڵگەی مەدەنیی، وەکو ئەوە وایە بە نیازی کوشتن لوولەی تفەنگ بنێتە ناو دەمی خۆی، لەناوبردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، کتومت بریتییە لە خۆکوژیی دەسەڵات، بێگومان دەسەڵاتێکی باش”.