نووسین: حەمید زنار
وەرگــێــــڕان: شــوان ئــەحمەد
پێڕست
تا ئایین ژێدەری نۆرم و بەهاکان بێت، دیموکراسی پایەدار نابێت………………………………………
یەکتاپەرستی، سەرچاوەی دەمارگیریی و توندوتیژییە……….
کارێکی نابەجێیە ئیسلام وەک ئایین، تێکەڵ بە ئیسلامیزم بکەین…………………………………………….
بۆچی ئیسلام وەک هەڕەشەیەکی گەورە، بۆسەر خۆرئاوا سەیردەکرێت؟…………………………………………………..
فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی……………………………………..
فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی لە بەلژیکا…………………………..
دەربارەی مەترسییەکانی فێندەمێنتالیزم……………
ژن و نێرسالاری و فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی…………………..
ڕەقهەڵهاتنی هزری ئیسلامی…………………………….
ئیسلام و دیموکراسی……………………………………..
تەنگژەی فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی………………………….
دەربارەی بزاوتە ئیسلامییەکان………………………….
عەبدولناسر و ئیخوان موسلمین…………………………….
دەربارەی تاڵیبان و بن لادن………………………………..
خۆرهەڵاتناسی نوێی فەرەنسی………………………………
ئیسلام و هاوڕەگەزبازیی………………………………
ئیسلام هاوڕەگەزبازیی قەدەغەنەکردووە……………………..
تا ئایین ژێدەری نۆرم و بەهاكان بێت، دیموكراسی پایەدار نابێت.
– گفتوگۆ لەگەڵ ئەدۆنیس –
*چۆن سەیری ئەو ڕوداوانە دەكەیت كە ئێستا لە وڵاتانی عەرەبیدا ڕودەدات؟
– پێموانیە كەس دوودڵ و ڕاڕابوبێت لە داكۆكیكردن لەو گۆڕانكاریانەو لە پشتیوانیكردنی داواكاریەكان؟ ئەو تەقینەوانەی لە تونس یان قاهیرە یاخود لە وڵاتانی دیكەی عەرەبیدا ڕویاندا، گرنگ و پێویست بوون و نامەوێت بچمە ناو وردەكاریەكانیانەوە. بەڵام یەكەم شت كە گازندەی لێبكەم ئەوەیە، ئەو رووداوانە خاڵی بوون لەهەر پرۆژەیەك ببێتە دەسپێك و باعیسی گۆڕانكاریی نەك هەر لە دەسەڵاتدا، بەڵكو لە گۆڕینی كۆمەڵگە و گۆڕینی ئایدیا و گۆڕینی كولتووریشدا. ئەوەی بینیمان لە پشت ئەو تەقینەوانەوە، گوتارێكی كولتووری گۆڕانخواز لە ئارەدانەبوو، بەڵكو خەسڵەتی گشتی ئەو تەقینەوانە ئاینی بوو.
هاوكات تێبینی ئەوەشمان كرد كە پرۆژەی سیاسی ئەو تەقینەوەیە، پرۆژەی گەڕانەوە بوو بۆ بنج و بناوانێك كە خەڵكوخوا ناپاكیان لەگەڵداكردبوو، بۆیە بە پێویستیان دەزانی بگەڕێنەوە لای، ئەوەش بۆخۆی بە جۆرێك لە جۆرەكان بریتیبوو لە بنج و بناوانی ئایینی. گەر لەنێو ئەو رووداوانەدا قاهیرە و تونس هەڵبوێرین، دەبینین جوڵە و بزوتنی میللی راستەقینە و ئۆرگانی رووینەدا، ئەویش بەمانای تەقینەوە لە بەر هۆكارگەلێكی نێوخۆیی. ئاخر تەقینەوەكانی دواتر زیاتر دەرەكی بوون، نەك ناوخۆیی. دەمویست خۆپیشاندانێكی گەورە و بەرفراوان ببینم كە لە دیمەشق یاخود حەلەب رووبدات، واتە خەڵکوخوا بڕژێنە سەر شەقامەكان لە پێناو گۆڕینی كۆمەڵگەكەیاندا، هەروەك ئەوەی كەم تا زۆرێك لە تونس یاخود لە قاهیرە روویدا.
تێبینیەكی دیكەم ئەوەیە، ئەو جموجۆڵانە وەرگۆڕا بۆ بزاوتێكی چەكداری توندوتیژ. ئەوەش بواری رەخساند تا خەڵكانێكی دەرەكی كرێگرتە كە كاریان كوشتن و بڕینە، بێنەناوەوە. باسكردنی ئەم وردەكاریانە گرنگە، گەر بێتو بیبەستینەوە بە مێژووی عەرەبەوە. بە كورتیەكەی ئامانجی ئەو رووداو و تەقینەوانە لە دەوری دەسەڵات دەخولایەوە، ئەویش بە مەبەستی گۆڕینی ڕژێم و لە پشتی ئەوەوە، هیچ پرۆژەیەكی سەرتاسەری لە ئارەدانەبوو.
ئاخر بەدرێژایی مێژووی شۆڕشەكان، ئێمە پرۆژەیەكمان بۆ رزگاری نەبینیوە كە لەدەرەوەڕا بێت، لەبەرئەوە ئەم جوڵە و بزوتنانە بەجۆرێك لە جۆرەكان پشت بە مۆبێلیزەكردن دەبەستێت، لەمڕۆشدا وڵاتانی عەرەبی لەهەر كاتێكی دیكە زیاتر گوێ لەمستی دەرەوەن. دەی چۆن دەكرێت لەدۆخی شۆڕشدا بژین، لەكاتێكدا ئەو گروپە سیاسیە چەكدارانە سەر بەهێزی دەرەكین و گوێ لەمستی ئەوانن. ئەوەش شتێكە لە مێژوی وڵاتانی عەرەبیدا رووینەداوە. بەجۆرێك سیاسەتی دەرەكی و بیانی دەتوانێت لەناوەوە عەرەب داگیربكات و پێویستە ئەم پرسەش، دەرگیری مێژوویەكی دیاریكراو و كولتوورێكی تایبەت بكرێت.