کتێبی ئازادبوون ژمارە (٢٧)
نووسین؛ هەڵوێست کەریم
کشتوکاڵیی پیشەسازی وەک پڕوپاگەندەیەک بۆ لەناوبردنی برسێتی لە جیهان و مژدەبەخشێک بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی زۆر، پشت بە زانستی میکانیکی دەبەستێت. ئەم کشتوکاڵە توانای بەرهەمهێنانی ٢٥٪ خۆراکی هەیە، لە کاتێکدا لە ٧٥٪ی سەرچاوەکانی زەویی بەکار دەهێنێت و سروشتی خاک و ئاویش دەشێوێنێت، لە هەمان کاتدا هەمەچەشنەی بایۆلۆژی و تۆوی ڕەسەن و کشتوکاڵی نەریتی و ئەو ئابوورییە ناوخۆییەی لەناو بردووە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی کشتوکاڵی نەریتی دروست بووە.
کشتوکاڵی پیشەسازی وەک دەرکەوتەی یان پەراوەی شۆڕشی سەوز؛ وردتر بڵێین وەک دەرکەوتەی سیستەمی سەرمایەداری، خۆراکی کرد بە کاڵا بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و بەرەیەکی گەورەشی بۆ دروست کرد.
ئەم کشتوکاڵە هەمان تەکنەلۆژیای جەنگەکانی بەکارهێنا. ئەو پەیین و قرکەرە/ژەهرەی بۆ گەشەی خێرای بەروبووم و قڕکردنی مێرووەکان بەرهەم دەهێنریت، هەمان ماددەی کیمیاییە کە لە تاقیگەی نازییەکاندا بەرهەم دەهێنرا. ئەم جۆرە لە کشتوکاڵ لەلایەن ئەمریکا و کۆمپانیا کیمیاییەکانەوە سەپێندرا، بۆ دروستکردنی بازاڕ بوو بۆ پیشەسازی کیمیایی، مەبەستیش لێی فرۆشتنی ماددە کیمییاییەکانی ئەو کەرەستانە بوو کە بۆ جەنگ دروست کرابوون.
قسەکردن دەربارەی شۆڕشی سەوز فرە رەهەندە و دەکرێت لە رەهەندە ئیکۆلۆژی، ئابووری، سیاسی، کلتووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە گفتوگۆی بکەین. ئەم پێشەکییە تەنیا تەماشای یەک ڕەهەند لەو بوارانە ناکات، بەڵکو هەموویان بەشێوەیەکی پێکەوەگرێدراو و هاوبەش شرۆڤە دەکات، چونکە لێکەوتە و قەیرانەکانی ئەو شۆڕشە لە رەهەندە کۆمەڵایەتی و کلتورییەکەشدا کەمتر نەبووە لە ڕەهەندە ئیکۆلۆژییەکەی. ڕەنگە یەکێک لە جوانترین و پڕبەپێستترین پێناسە کە بۆ ئەم شۆڕشە کرابێت، وتەکەی ئیکۆلۆژست و زانای فیزیکی هندی و چالاکوانی سەروەریی خۆراک، دکتۆر ڤاندانا شیڤا بێت کە دەڵێت: شۆڕشی سەوز نە سەوز بوو نە شۆڕش بوو.
ئەم شۆڕشە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر شێوازەکانی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک دانا، لەهەمان کاتدا کاریگەریی لەسەر بارودۆخی ئابووری کۆمەڵایەتی لە سەر ناوچە جیاوازەکانی جیهان هەبوو. دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ئەو شۆڕشە لە سەرانسەری وڵاتان و کیشوەرەکاندا جیاوازییەکی بەرچاویان نەبوو، چونکە کۆمەڵێک قەیرانی هاوبەشی دروست کرد. لێرەدا تێڕوانینێکی گشتی لەسەر ئەزموونی شۆڕشی سەوز دەخەینە ڕوو:
یەکەم: لە هیندستان و مەکسیک شۆڕشی سەوز بووە هۆی زیادکردنی بەرهەمهێنانی خۆراک بۆ ماوەیەکی کورت؛ بەتایبەت گەنم و برنج، بەڵام نایەکسانی کۆمەڵایەتی سەری هەڵدا. بۆ نموونە ئەو جووتیارانەی خاوەنی زەوی ڕووبەر فروان و سامان بوون، توانای کڕینی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیای نوێیان هەبوو، هەروەها دەیانتوانی تۆو و مێرووکوژ و ئامێرەکانی سیستەمی ئاودێری دابین بکەن، بۆیە ئەوان زۆرترین قازانجیان کرد، لەکاتێکدا جووتیارە هەژارەکان و خاوەنی کێڵگە ڕووبەر بچوکەکەکان، کەمترین بەرهەمیان هەبوو؛ ئەمەش لە هەندێک حاڵەتدا دەبووە هۆی لەدەستدانی کار و نایەکسانی کۆمەڵایەتی زیاتر.
دووەم/ لە ڕووی ئیکۆلۆژییەوە، بەکارهێنانی چڕی پەیین و قڕکەری کیمیایی، بووە هۆی تێکچوونی ئەو خاکەی کە بە سیستەمی پاڵپشتی ژیان دادەنرێت، هەروەها کاریگەری زۆر خراپی لەسەر هەمەچەشنەیی زیندەوەرانیش هەبوو. قەیرانێکی دیکەی ئەم شۆڕشە بووە هۆی دروستکردنی کێشەی کەمئاوی لە زۆر ناوچەی هندستان بەتایبەت پەنجاب، چونکە ئەم کشتوکاڵە ئاوێکی زۆری دەوێت.
سێییەم/ لە ئاسیا، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەک چین و فلیپین و ئەندەنوسیا، شۆڕشی سەوز ئاستی سەرکەوتنی کورت خایەن و جیاوازی هەبوو، بەرهەمهێنانی خۆراکی زیاد کرد، بەڵام ئاستەنگی ژینگەیی و ئابووریشی دروست کرد؛ بەتایبەتی بۆ جووتیارانی هەژار و خاوەن کێڵگەی بچووک، هەر ئەم شۆڕشەش بوو کە بووە هۆی زیاتر پەراوێزخستنی جووتیارانی هەژار.
لە لایەکی دیکەوە چەندین توێژینەوە هەن ئاماژە بەوە دەدەن خۆراک وەک چەک بۆ داگیرکاری بەکار هاتووە بۆ نموونە لە سەردەمی جەنگی ڤێتنامدا، ئەمریکا بە شێوەیەکی ستراتیژی سیاسەتی خۆراک و کشتوکاڵی وەک بەشێک لە ستراتیژی سەربازی و سیاسی بەکارهێنا و بە چەندین شێوە خۆراکی وەک چەکێک بۆ لاوازکردنی ڤێتنام بەکار هێنا.
پێویستە زۆر بە گرنگییەوە لەوە بروانین کە تۆڕی ژیان تۆڕێکی خۆراکییە و ئێمەش بە سیستەمی سروشتی و هەموو گیانلەبەر و زیندەوەرانەوە گرێ دراوین. واتە سەروەریی خۆراک بە پلەی یەکەم پڕۆسەیەکی ئیکۆلۆژییە لە هاوئافراندن لەگەڵ فۆڕمەکانی تری ژیان. سەروەریی خۆراک بریتییە لە پاراستنی مافی هەموو و پێکهێنەر و زیندەوەرانی ناو سروشت؛ سەروەریی خۆراک واتە توانای پاراستنی هەمەچەشنەیی زیندەوەران و تۆوی “زیندوو”ت هەبێت و ئەو تۆووەی کە خاکەوە وەرگیراوە، بیدەیتەوە بە خاک؛ ئەو تۆوەی سروشتییانە گەشەی کردووە و بەدوورە لە هەموو ماددەیەکی کیمییایی.
سەروەریی خۆراک واتە هێشتنەوەی تۆو لە دەستی جووتیارەکاندا؛ ئەو تۆوەی دەتوانرێت پاشەکەوت بکرێت و لە نێوان جووتیاراندا بەبێ پارە/بەخۆڕایی ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت؛ ئەو تۆوەی *پاتێنت/مافی داهێنانی بۆ نەکراوە و دەستکاری بۆماوەیی/جیناتی نەکراوە؛ ئەو تۆوەی لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بازرگانی کشتوکاڵییەوە دەستی بەسەردا نەگیراوە و خاوەندارێتیی لێ نەکراوە.
کشتوکاڵی ژینگەیی واتە تێگەیشتن لەوەی چۆن خاک، ڕووەک/نەمام و هەمەچەشنەیی زیندەوەران بەیەکەوە گرێدراون؛ واتە پاراستنی هەسارەکەمان و دڵنیابوون لە دابینکردنی خۆراک بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی. بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی تەندروستی و تەمەنی هەسارەکەمان لە سیستەمی خۆراکدا، تۆو یەکەم بەستەرە لە نیوان ئێمە و زەوی و سروشتدا و بەبێ سەروەریی تۆو، سەروەریی خۆراک بوونی نییە.
ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و نیشاندانی لێکەوتەکانی کشتوکاڵی پیشەسازی لە جیهان و هەرێمی کوردستان و پێشنیازکردنی کۆمەڵێک ڕێگەی چارەسەر. ئەم کتێبە پرۆژەی تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوونە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هۆشیاری یەک مانگە بە ناونیشانی (ئەو خۆراکەى تۆ دەیخۆیت بەژەهر گەورە کراوە) کە ئامانج لێی دروستکردنی گفتوگۆی زیاتر و گۆرانکارییە لە شێوازی کشتوکاڵکردن لە هەرێمدا. کتێبەکە سەرەتا بابەتی لێکەوتەکانی کشتوکاڵی پیشەسازی و پاشان پێشنیاری رێگەچارەسەرییەکانی وەک بەکارهێنانی پەیینی سروشتی، گەرانەوە بۆ کشتوکاڵی نەریتی و ئۆرگانی، كاركردن بۆ بنیادنانهوهی كهلهپووری كشتوكاڵی سروشتی و پاراستنی تۆوی خۆماڵی دەکات.