کتێبی ئازادبوون ژمارە (١٧)
بەپێچەوانەی گرووپ و تایەفە و خێڵەوە، کۆمەڵگە ناچێتە ژێر باری ئەو هێزانەی کۆنترۆڵیان دەکات. لە هەمان سۆنگەوە و بەپێچەوانەی کۆمەڵگە و گرووپە تەقلیدییەکانەوە، کۆمەڵگەی مۆدێرن لەژێر کاریگەریی کاریزما و دابونەریت و خورافات و هێزە ئایینییەکاندا ژیان بەسەر نابات. بەڵکو لە ئەنجامی بیرکردنەوەی عەقڵانی و پشتبەستن بە زانست و داهێنان و ئازادی و یەکسانی تاکەکانی، خۆی خۆی بینا دەکات. مۆدێرنە پڕۆسەی گۆڕینی دەستە و تاقم و گرووپ و کۆمیونییەتەکانە بۆ کۆمەڵگە بە چەمکە مۆدێرنەکەی.
کۆمەڵگەی بەهێز کۆمەڵگەی تاکە ئازاد و یەکسانەکانە، بۆیە بێ بوونی ئازادی و یەکسانیی تاکەکان، مەحاڵە کۆمەڵگەیەکی بەهێز دابمەزرێت. ئاخر ئازادیی تاکەکان چاکەیەکی ڕەهایە کە دواجار دەچێتە خزمەتی چاکەی گشتی و بەرژەوەندی گشتیی کۆمەڵگەوە.
لە بنەڕەتدا مۆدێرنە لەسەر سێ پایە وەستاوە، ئەوانیش یەکەمیان عەقڵانییەت، دووەمیان ئازادیی تاک و سێیەمیشیان ئەو مۆدێلە باڵایەی خۆبەڕێوەبردنە کە خۆی لە دەوڵەت – نەتەوەدا دەبینێتەوە. ئەوەی وا دەکات بیرکردنەوەی عەقڵانی و ئازادیی تاکەکان کە لە بناغەدا دوو چەمک و دوو چالاکیی هەڵقوڵاوی تاکگەرایین، لێکەوتەی کۆمەڵایەتییان هەبێت، ئەو چوارچێوە قانوونی و سیاسییە چاودێریکارەیە کە دەوڵەتی مۆدێرن لەگەڵ خۆیدا دایدەمەزرێنێت. بەڵام ئەمە وا ناکات تاک ڕێگە بدات کۆمەڵگە وەکو سیستمێکی کۆمەڵایەتی بەسەریدا زاڵ ببێت، چونکە لە بنەڕەتدا خودی دەوڵەت و کۆمەڵگەی مۆێرن، مۆدێلی تاکە ئازاد و سەربەخۆکانە.
سەرەڕای لایەنە نەرێنییەکانی، بەڵام ئەم لێکترازانەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا فراژی دەبێت و خۆی لە کاڵبوونەوەی دابونەریت، تاککەوتنەوەی ئینسان تا ڕادەی هەندێک جار گۆشەگیری، نامۆبوون و … تددا دەبینێتەوە، پڕن لەو لایەنە ئەرێنییانەی کە تاک و پاشان کۆمەڵگەش لەو گرێ و کۆتوبەندانە ئازاد دەکەن کە ڕێگرن لە خۆنواندن، داهێنان، نوێبوونەوە، گۆڕان و پێشڤەچوونی بەردەوام.
ئازادبوونی تاکەکان هەر بەتەنها لە سنووری تاکەکاندا نامێنێتەوە، ئەم ئازادبوونە دواجار ئازادبوونی کۆمەڵگە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ئازادبوونەش کۆی ئەو دامەزراوانەی لێ دەکەوێتەوە کە لەسەر بنەمای ئیرادەی تاکەکان بینا دەکرێن نەک لەسەر ئیرادەی گرووپ و هێزە کۆمەڵایەتییە نەریتپارێزەکان. چونکە سەرەڕای بوونی داودەزگەکانی مۆدێرنە لە زۆرێک لە کۆمەڵگە تەقلیدییەکاندا؛ حکومەت، پەرلەمان، حیزب .. تد، بەڵام هەمیشە هێزە نەریتپارێزەکانی پشتەوەی ئەم داودەزگەیانە کاریگەرییان زۆرترە. بۆیە ئەوەی دواجار ڕووبەڕووی زەبروزەنگی ئەم گرووپ و هێزە کۆمەڵایەتییە تەقلیدیانە دەبێتەوە و سنوورێکیان بۆ دادەنێت، تەنها تاکی ئازاد و کۆمەڵگەی ئازاد و داودەزگەی سەربەخۆن.
***
هەموو تاکێک بە کۆمەڵێکی زۆر خەسڵەت و بۆچوون و ڕەفتاری بۆماوەیی بارکراوە کە بە حوکمی ژینگە و میراتی دابونەریتەوە پشتاوپشت بۆی ماوەتەوە. ئەرکی تاکی ئازاد خۆقوتارکردنە لە نەستی دەستەجەمعی و کارکردنە بۆ دامەزراندنی هۆشیارییەکی سەربەخۆ.
مۆدێرنە هیچ نییە جگە لە خستنە خزمەتی هەموو فۆرمەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە پێناوی یەک ئامانجی سەرەکیدا: ئەویش بەرهەمهێنانی ئەو تاکەکەسە کاریگەرانەن کە دواجار بیری عەقڵانی و ئازادییەکانی ئێستایان پێکەوە گرێ دەدەن و ئەو دامەزراوانەی کۆمەڵگەی پێ بینا دەکەن کە لەسەر بنەمای ئازادی و ویست و خواست بۆ یەکسانیی تاکەکان دامەزراوە.
تاک ئەو دەمە دەبێتە تاکێکی کاریگەر کە وەکو خودێک خۆی بکرێتە ئامانج. بێگومان لەو پێناوەدا پێویستە تاک خۆیشی بکەوێتە ململانێ لەگەڵ هێز و گرووپ و دەسەڵاتە خۆسەپێنەکاندا و خاوەنی ڕوئیایەکی ڕوون بێت لەسەر خودی خۆی؛ لەسەر تاک.
***
ئەگەر سەردەمی پێشوو سەردەمی خۆدانەدەست قەدەر و هۆشیاریی بەکۆمەڵ بووبێت، ئەوا سەردەمی ئێستامان سەردەمی تاکی ئازاد و خودهۆشیارییە. ڕاستییەکەی هۆشیاری لە خودی خۆیدا تاکگەراییە. تاکگەرایی بە دیوێکی تردا بەدامەزراوەییکردنی تاکە.
***
بەڵام چۆن وا بکرێت ئازادیی تاک سەر نەکێشێت بۆ تاکڕەویی و خۆپەرستی؟ ڕاستییەکەی ئەوەی وا دەکات ئازادیی تاک بەو دوو چەمکەی تر بەراورد نەکرێن ڕاگرتنی هاوسەنگییە لەنێوان ئازادی و ئەخلاق و ڕۆحی دەستەجەمعیدا وەکو یەکێک لە پایە گرنگەکانی کۆمەڵگە ئازاد و مەدەنییەکان. چونکە خودی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر هاوسەنگی نێوان دوو کۆڵەکەی سەرەکی وەستاوە؛ ئەوانیش: تاکی ئازاد و لە هەمان کاتدا گیانی هەرەوەزییە. ئازادیی تاک خودئەڤینی نییە، ئازادی لە دەرەوەی ڕۆحی سۆڵیدارێتی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، تاک بەرەو خۆپەرستی و دابڕان و ئەنارشیزم دەبات و ڕۆحی ئازادییش دەکوژێت.
ئەوە قسە هەڵناگرێت کە بەختەوەریی کۆمەڵگە لە کۆی بەختەوەریی تاکەکانەوە دێتە کایە، لە هەمان سۆنگەوە بەختەوەری وەکو خولیایەکی هەمیشەیی مرۆڤ تەنها ئەو کاتە دەگاتە ئامانجی خۆی کە بەشێک بێت لە بەختەوەریی ئەوانی دی. خودی دیموکراسی وەکو سیستم و کولتوری سیاسیی کۆمەڵگە مەدەنییەکان بریتییە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئازادی و یەکسانیدا، چونکە نە ئازادییە تاکەکەسییەکان چەمکێکی ڕەهان و نە یەکسانییش. پێڕەوکردنی ئازادی ڕەها لەلایەن تاکەکەسەوە بەرپرسیارێتی تاک بە کۆمەڵگەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەهەمان شێوە پێڕەوکردنی یەکسانی ڕەهاش دەبێتە هۆی کوشتنی جیاوازییەکان و کوشتنی ئازادییە تاکەکەسییەکان.
هەر بۆیەشە مەحاڵە لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا سیاسەت و ئاکار لەیەک جیابکرێنەوە، چونکە ناکرێت باس لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و حوکمڕانیی سەرکەوتوو بکرێت بێ بوونی ئاکار و ڕەفتاری وەک: هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، کاری هەرەوەزی، بەستنەوەی بەرژەوەندی تایبەت بە بەرژەوەندیی گشتییەوە، کارکردن بۆ خەمی گشتی … تد. تەنانەت بوونی بازاڕی ئازاد وەکو بەشێکی گرنگ لە دەستەبەرکردنی ئازادی لە بواری ئابوریدا بۆ تاک، پێویستە لەمیانەی پابەندبوون بێت بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەوانی دی، بەتایبەتیش ڕێگەگرتن لە هەژاری و نەهێشتنی قۆرخکاری و ڕەخساندنی هەلی یەکسان.
***
گرنگترین ئەو پرسیارانەی كه پێویسته تاکی کورد لە دەرەوەی حیزب و گرووپ و هێزە کۆمەڵایەتییە کلاسییەکانی دیکە بیانوروژێنێت و كاریان لهسهر بكات، ئازادی و مافی هاوڵاتیبوون و پرسی کوردبوونە. ئاخر ئهوهی ئهمڕۆ له كوردستان دهگوزهرێت هەر بەتەنها تهسككردنهوهی ئازادیی تاکەکەسی و مهوداكانی هاوڵاتیبوون نییە، بەڵکو لەوانە مەترسیدارتر وێرانکردنی پرسی کوردبوونە.
ئەگەر تاکگەرایی و ئازادیی تاکەکەس لە کۆمەڵگە ئازادەکاندا یەک جار کێشەئامێز بێت، لە کوردەواریدا چەندین جار کێشەیە. لە سایەی داگیرکاریدا کوردەواری کۆمەڵگەیەکی دابەش و دواخراو و کلاسیکیی دەرەوەی مۆدێرنەیە. لە هەمان سۆنگەوە تاکی کورد ناچار کراوە بە شوناسێکی کۆکەرەوە کە ئەویش کوردبوونە. کوردبوون بە مانای خودهۆشیاری و خەبات بۆ ڕزگاری و پێ خستنە ناو مێژووەوە.
هەرچەندە دەشێت ئازادی و ڕزگاری وەکو یەک چەمک و لە یەک کۆنتێکستدا لێی بڕوانرێت، بەڵام لە دۆخی کوردیدا کە دۆخێکی یەکجار ناوازەیە، ڕزگاری چەمکێکی گشتگیرتری هەیە، ئاخر ئازادیی تاکی کورد دواجار لە کۆیەکی ڕزگاربوو و خاوەن شکۆوە سەرچاوە دەگرێت. ڕزگاری ههر بهتهنها بههایهكی پهتی نییه، بهڵكو خۆی ئامانجه و پرسی ئازادی بۆ تاکی کورد پێش هەر شتێکی دیکە پرسی گهڕانه بهدوای ڕزگاربووندا.
ئەوە دروستە کە کوردبوون لە بنەڕەتدا شوناسێکی کۆگەرایە، بەڵام ناوەڕۆکێکی تاکگەرای هەیە. کوردبوون بە دیوێکی تردا پرسیاری (بوون)ە، بوون وەکو خود/کورد، لە هەمان سۆنگەوە کوردبوون هۆشیارییە، هۆشیارییەکی باڵا. هەر بۆیە تەنها تاکە ئازا و ئازاد و سەربەخۆکانی کوردەوارین کە دەتوانن هەڵگر و خاوەنی شوناسێکی لەو جۆرە بن.
ڕاستییەکەی کوردبوون پێش ئەوەی گوزارە بێت لە کۆیەکی کۆگەرا، گوزارەیە لە خودێکی هۆشیار. خودێک کە ئامادەیە بەتەنها لەگەڵ ئازارەکانیدا بژی و بە بیانووی ئازادیی تاکەوە، نەک هەر لەدەستی هەڵنایەت، بەڵکو دەشیکاتە پێشمەرجی ئازادبوون.