رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

دوای ڕەوینەوەی تەمەکە؛ لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆژیی شیکاریی

Facebook
Twitter
LinkedIn

کتێبی ئازادبوون ژمارە (٢٦)

نووسین: یاسین ئافتاو

کتێىی «دوای ڕەوینەوەی تەمەکە»؛ توێژینەوەیەکی کۆمەڵناسییانەی شیکارییە، سەرباری ناونیشانە شیعرییەکەی، بەڵام توێژینەوەیەکی کۆمەڵناسییە کە لە سەرەتاکانی دزەکردنی هۆشیاریی ڕەخنەیی مۆدێرن بۆ ناو ئاگایی و هزری کوردیی لە باشووری کوردستانی ساڵانی سەرەتای سەدەی بیست دەکۆڵێتەوە.

لە پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە: “هەتا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە، جیهانبینیی ئایینی بەسەر مێنتاڵیتی، خەیاڵ، ڕەفتاری زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردستاندا هەژموونی هەبوو، ئەوان بە ئایین بیریان دەکردەوە، لەڕێی ئایینەوە دەیانبینی، بە ئایین هەناسەیان دەدا و لەڕێی ئایینیشدا دەمردن، بەکورتییەکەی ئەوان لەگەڵ ئایینی خۆیاندا لە تەباییەکی بێ گرفتدا بوون، بەڵام لەگەڵ دزەکردنی هۆشیاریی مۆدێرن بۆ ناو ئەم کۆمەڵگەیە و بە دیاریکراویش بۆ ناو خەیاڵی ئیلیتە خوێندەوارەکەی، ئیدی ئەو تەباییە لەگەڵ ئایین و جیهانبینیی ئایینییدا گرفتی تێکەوت و بەشێكی کاریگەر لە کۆمەڵگەی کوردستانی باشوور بەو چاوەی ساڵانی ڕابردوو لە ئایینیان نەدەڕوانی”.

کەواتە ئەم کتێبە بە دوای ئەو تەڵەزگە فیکرییە «ئیشکال: Issue»ـەدا دەگەڕێت کە بۆچی کورد هەتا سەرەتای سەدەی بیست، (دەستەبژێرێکی زۆر کەمی لێ دەرچێت)؛ لەگەڵ هزری ئایینیی و مێتافیزیکییاندا لە تەباییەکی تەواودا بوون، بەڵام لەگەڵ هاتنی هۆشیاریی مۆدێرن بۆ ناو کۆمەڵی کوردەواریی سەرەتای سەدەی بیست و هاوتەریب بە هاتنی هێزە کۆلۆنیالەکانی ئەورووپا، بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەکە دەکەونە گومانەوە لە بیروباوەڕ و نەریت و هزرە ئایینییەکەیان؟

کتێبەکە؛ لە سێ کێڵگەی سۆسیۆلۆجییدا ئیشی کردووە: سۆسیۆلۆژیای گشتیی؛ وەک ئەوەی بایەخ بە گۆڕانی کۆمەڵایەتیی دەدات. سۆسیۆلۆژیای ئایین؛ چونکە بابەتی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکە وابەستەی ئایین دەکات. هەروەها سۆسیۆلۆژیای ئەدەب؛ بەوهۆیەوە کە ماتریاڵەکانی توێژینەوەکە بەرهەمی ئەدەبیی بوون. لەم توێژینەوەیەدا مێتۆد و تیۆریی و توێژەرەوەکانی هەر سێ کێڵگەکە بە تەنیشت یەکەوە کاریان کردووە.

«دوای ڕەوینەوەی تەمەکە»؛ لە چوار بەش پێکهاتووە، لە بەشی یەکەمدا ڕەگەزە سەرەکییەکانی توێژینەوەکە و چەمکە سێنتراڵەکانی توێژینەوەکە دەستنیشان کراون و بەو مانایانەی لە توێژینەوەکەدا بەکارهاتوون ڕوون کراونەتەوە. بەشی دووەم تەرخان کراوە بۆ ناساندنی مۆدێرنیتیی خۆرئاوایی و دەستنیشانکردنی هێڵە گشتییەکانی ئەو جیهانبینییە وەکو ئەوەی لە خۆرئاوادا توێژینەوەی لەبارەوە کراوە، هەروەها لەڕووی مێژووییەوە باسی ئەو ڕەوشە گشتییە کراوە کە پەیوەست بە تازەگەرییەوە لە ئێمپراتۆرییەتی عوسمانی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا هەبووە، ئەو ڕەوشە گشتییەشی خستۆتەڕوو کە لە کوردستانی هەمان قۆناغدا لەئارادا بووە.

بەشی سێیەمی توێژینەوەکە تایبەتە ڕەخنەکردنی ئایین لە شیعری کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، دیاریکردنی یەک بەشی تەواو بۆ شیعر لە سۆنگەی ئەوەوەیە کە هەتا کۆتاییەکانی سەدەی بیستیش، شیعر شاچالاکیی کولتووریی و ڕۆشنبیرانەی کورد بووە لە کوردستانی باشووردا و تاکی کورد لەڕێی شیعرەوە بیری کردۆتەوە و گوزارشتی لە خۆی کردووە. بەشی چوارەمیش تایبەتە بە هەمان بابەت «ڕەخنەکردنی کۆمەڵایەتییانەی ئایین«، بەڵام لە چیرۆک و پییەس و نووسینی ڕۆژنامەوانییدا، کە سێ ژانری نووسینی تازەڕسکاو بوون لەنێوان خوێندەوارانی کورددا.

گرنگترین دەرەنجامەکانی ئەو کۆڵینەوەیە بریتییە لەوەی “ڕەخنەکردنی ئایین پرۆسێسێکی ڕەسەن و ئۆرجیناڵی دەستەبژێری کۆمەڵگەی کوردیی نییە، بەڵکو بەرەنجامی کاریگەریی و سەرسامیی بووە بە ڕۆشنبیران و منەوەرانی عەرەب و تورک و فارس و دواتریش بە ڕۆشنگەران و فەیلەسووف و سیاسەتمەدارانی خۆرئاوا و بەتایبەتییش ئەوروپا”.

دەرەنجامێکی دیکەی ئەو شیکارییە سۆسیۆلۆژییە ئەوەیە: “ڕەخنەکردنی ئایین لە کوردستان ڕەخنەکردنێکی ڕادیکاڵ و ڕیشەیی و زانستیی نەبووە، بەرهەمی توێژینەوە و بیرکردنەوەی سەربەخۆیانە و دەرگیربوون نەبووە لەگەڵ گرفتێکی ڕاستەقینە، بەڵکو ڕەخنەکردنێکی ڕووکەش و سادە و شەرمن بووە، ئایین بە تەواوەتیی ڕەت نەکراوەتەوە، ڕەخنەسازەکان پێیان وا بووە کێشەکە لە ئاییندا نییە هێندەی لە ئاییندارەکاندایە”.

نووسەر لە کۆتایی کتێبەکەدا ئاماژە بە قۆناغبەندییەک دەدات کە زۆر گرنگە توێژینەوە لە هەر قۆناغێکیان بەجیا و دواتر هەموویان بەسەر یەکەوە بکرێت. “چوار قۆناغی نوێکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردیی هەن گرنگە توێژینەوەی سەربەخۆ لەبارەی هەر قۆناغێک و توێژینەوەی بەراوردکاریی لەنێوان هەر یەکێک لەو قۆناغانەدا بکرێن. قۆناغی یەکەم؛ ئەو قۆناغەیە ئێمە ئەم توێژینەوەیەمان لەبارەوە کردووە. قۆناغی دووەم؛ قۆناغی دامەزراندنی کۆماری عێراقە، قۆناغی سێیەم؛ قۆناغی گرتنەدەستی دەسەڵاتە لە لایەن حیزبی بەعسی عێراق و قۆناغی چوارەمیش؛ قۆناغی دوای بەعسە هەتا ئێستا. لەو چوار قۆناغەدا پەیوەندیی نێوان مۆدێرنیتی و ئایین، بە چەندین دۆخدا تێپەڕیوە، بۆیە بۆ بەرهەمهێنانی تێگەیشتنێکی سۆسیۆلۆژیی یەکانگیر لە ڕەوتی ڕەخنەکردنی ئایین لە کوردستاندا، گرنگە ئەم پرۆسێسە لە هەر چوار قۆناغەکەیدا وەربگیرێت”.

کتێبەکە بە پرسیارێکی زۆر گرنگ و بەجێش کۆتایی دێت: “ئێستا لە هەرێمی کوردستان، (بووژانەوە)یەکی ئایینیی بەرچاو هەیە، ئایین لە فۆرمە جیاوازەکاندا و بە شێوەیەکی بەرفراوان هاتۆتەوە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووریی، سیاسیی و هونەریی و ئەدەبییشەوە، ئەم فۆڕمە لە ئایین، کاتی خۆی پێش هاتنی مۆدێرنیتی بۆ کوردستان باڵادەست و فەرمانڕەوا بووە، بەڵام پاشتر پاشەکشەی کردووە و ئایین بووەتە بابەتێکی کەسیی و پەراوێزخراو، بەتایبەتیی لەگەڵ سەرهەڵدانی هەردوو ئاراستەی ناسیۆنالیزم و کۆمەنیزم لە تایپە توندەکانیاندا. پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی پاش تێپەڕینی نزیکەی سەد ساڵ بەسەر هاتنی مۆدێرنیتی بۆ کوردستان، کەچی ئایین لە فۆڕمە ترادسیۆنە سەلەفییەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە؟ فۆڕمێک لە زۆر باردا لەگەڵ مۆدێرنیتی و فەلسەفە و هزری مۆدێرندا دوژمنایەتیی هەیە و ئامادە نییە نوێکردنەوەی کۆمەڵگە قبوڵ بکات؟ ئایا ئەمە چ پەیوەندییەکی بەو ڕەخنەکردنەوە هەیە کە لەگەڵ هاتنی مۆدێرنیتی بۆ کوردستان ئاراستەی ئایین کراوە؟ ئەمەش شایەنی لێ توێژینەوە و دیراسەکردنە و بە ئومێدین توێژەرانی دیکە کاری لەبارەوە بکەن”. «دوای ڕەوینەوەی تەمەکە»؛ چاپی یەکەمیەتی، ناوەڕاستی ئەمساڵ «٢٠٢٥» چاپ کراوە، یەکێکە لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی «ڕێکخراوی ئازادبوون»، لە چاپخانەی «کارۆ» لە سلێمانی چاپ کراوە، قەبارەی مامناوەندە و نزیکەی «٢٤٠» لاپەڕە دەبێت.