رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کێشەى ژۆرنالیزم

Facebook
Twitter
LinkedIn

کتێبی ئازادبوون (٥)

کێشەی ژۆرناڵیزم

نووسینی: وەلید عومەر

کورتەیەکی کتێبەکە:

ژۆرنالیزم(journalism), کە لە نیگای یەکەمدا بە واتای ڕۆژنامەگەری دێت, وەک هەر دیاردەیەکی تری ناو مێژووی مرۆڤ ڕیشەکەی دەبرێتەوە بۆ سەردەمانی کۆن. واتە مەرج نیە مێژووی ڕۆژنامەگەری لە “ڕۆژنامە”دا قەتیسبکرێت و دەشێت ڕەچەڵەکێکی سادەتر و بگرە نامۆتریشی بۆ بدۆزرێتەوە. یەکەم ڕەچەڵەکی ڕۆژنامە, ڕەنگە پاش دۆزینەوەی چاپ بێت لای گۆتەنبەرگ, بەڵام دەبرێتەوە پێشتریش بۆ فۆرمێکی سادەتر لە سەردەمی ڕۆمەکاندا کە لە نزیکەی ٣٠ ساڵ زیاتر لە پێش زایینەوە تا ساڵی ٢٢٢ـی زایین, بڵاوکراوەی سادەیان هەبوو کە «لەسەر بەرد یان کانزا بە زمانی لاتینی دەنوسرا » و پێی دەوترا Acta Diurna کە دورینا و ژۆرنا(ڵیزم) هاوڕیشەن و تێیدا ئاگاداری و کاروباری ڕۆژانەی دەوڵەتی ڕۆم بڵاودەکرایەوە. ئەم بڵاوکراوەیە لەلایەن کارمەندانی دەوڵەتەوە دەخرایە بەردەم هاوڵاتیان و لەوێدا کاروباری یاسایی و وەرزشی و بەرواری گرنگی لەدایکبوون و مردن و فاڵ و پێشبڕکێکان و هتد بڵاودەکرایەوە. شتەکە پتر لە “نەشرە”ـی سەر دیواری ناو قوتابخانە کوردییەکان دەچوو تا قۆناغی پێش هاتنی ئەنتەرنێت و مانەوەشی بەشێوەی دەگمەن لەمڕۆدا. ژۆرنالیزم هەر لەسەرەتاوە کاری لەسەر فزووڵیی مرۆڤ کردووە, ئەویش ئەو فزووڵییەی کە بەگشتی هی خەڵکی سادە(نافەلسەفی)یە و فزووڵییەکەش دەرهەق بە پرسی ڕۆژانە بووە. ئەمە بەپێچەوانەی فزووڵیی فەلسەفییەوە کە هەم ڕووبەرێکی بەرتەسکی گرتووەتەوە و هەمیش بۆ پرسگەلێکە هەموودەم ڕۆژانەیی نین. ئەم فزووڵییەی ژۆرنالیزم, دەبرێتە دواوەوە تا ناو دەقێکی وەک “ئۆدیسە “ـی هۆمیرۆسی یۆنانی کە ٨٠٠ ساڵ پێش‌زایین نوسراوە و جۆرێک لە تینوێتی و فزووڵیی تیایە بۆ زانینی ڕووداوەکان. لە ئۆدیسەدا, کە ٢٤ سروودی درێژە, سەفەری ئۆدیسەی پاڵەوان دەگێڕێتەوە لە جەنگی تەروادەدا كە پاش بیست ساڵ کچ و هاوسەری وی دەیانەوێت هەواڵی باوک مێردی خۆیان بزانن. زانینی “هەواڵ”, ڕەچەڵەکی ئەمڕۆی ژۆرنالیزمیشە لە بیری خۆرئاوایی و پاشان دونیاشدا. لێرەدا ئەدەبیات ئەو میدیۆمە بووە کە دەبوو “هەواڵ” بگەیەنێت. لەپشت ئەم پشێوییەی ناو ژۆرنالیزمەوە لەمڕۆدا, دیسان فزووڵی بۆ “هەواڵ و زانینی خێرا” وننەبووە و بە زمانێکی دەروونشیکارانە دەتوانین بڵێین خەڵک بەتەنیا تامەزرۆی زانینی شتەکە نین, بەڵکو ئەوان تامەزرۆی “تامەزرۆیی”ن, واتە دەیانەوێت بەردەوام ئارەزووی هەواڵزانین و فزووڵیان تیا بخرێتەوەگەڕ و “هەواڵ” خۆی بەتەنیا ئەو ئۆبێکتە نیە بمانەوێت بیگەینێ. چاوەڕوانی بۆ هەواڵ, خۆی دۆخێکی پێشینی‌یە کە دەکەوێتە پێش هەواڵەوە وەک فاکت.

ئێستا ئەم کتێبە لە کتێبخانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستە