رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ داود ساڵح ئەحمەد

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدانی: پەیمانگەی واشنتن کوردی

وەرگێڕانی: ژیر دانا

داود ساڵح ئەحمەد ڕزگاربوویەکی جینۆسایدی ئێزیدییەکانە. ئەو چالاکوانە و سەرۆکی ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە کە کار بۆ خزمەتی ئێزیدییەکان دەکات. هەروەها نووسەرە و کتێبێکی هەیە بە ناوی ”بە تەنیا ڕۆیشتن”. ئەم دیمانەیە لە بەرواری ٢٢/٩/٢٠٢٠ لە لایەن پەیمانگەی واشنتن کوردیەوە ئەنجام دراوە.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: دەتوانیت خۆتمان پێ بناسیت؟

داود ساڵح ئەحمەد: من لە گوندێک لە دایک بووم بەناوی دوگوریە. هەر لەوێ گەورە بووم و هەتاوەکو دوو یان سێ ساڵ پێش جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەو گوندە مامەوە و دواتر ڕۆیشتم بۆ گوندێکی دیکە بە ناوی بارە. خێزانەکەم وەک زۆرینەی خێزانەکانی تری پارێزگای سنجار، ناچار بوون کارێکی زۆر بکەن تا ژیانێکی سەقامگیر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. هەر بۆیە من و خێزانەکەم کارێکی زۆرمان کرد تا توانیمان خانوویەک لە گوندی بارە دروست بکەین. بەڵام کە داعش دروست بوو و هێرشەکانی دەست پێ کرد بۆ سەر ناوچەکانمان، ئێمەیش وەک تەواوی خێزانەکانی تر ناچار بووین ئەو شوێنە جێ بهێڵین. دوای ڕۆیشتنیشمان چەند هەڵبژاردنێکمان لە بەردەستدا بوو. یەکێک لە هەڵبژاردنەکان مانەوە و خۆشاردنەوە بوو لە چیاکانی سنجار، یاخود چوون بەرەو هەرێمی کوردستان، یان ڕۆیشتن بەرەو سووریا. دوای بیرکردنەوە بڕیارمان دا کە بچین بەرەو هەرێمی کوردستان. لە سەرەتادا چووین بۆ پارێزگای دهۆک و دواتریش نزیک بووینەوە لە زاخۆ. لەوێ لە یەکێک لە کامپەکاندا جێگیر بووین و بۆ ماوەی دوو ساڵ، واتە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ ماینەوە. دوای دوو ساڵەکە، من دەرفەتی ئەوەم بۆ دروست بوو کە وەکو پەنابەر بێم بۆ ئەمەریکا.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: ڕات چییە لەسەر دۆخی ناهەمواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی؟

داود ساڵح ئەحمەد: هاوڕام لەوەی کە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناهەموارە و وەکو خاڵێکی ڕەش وایە بەسەر تەواوی جیهانەوە، بەڵام زۆرینەی کەس لەو دۆخە ناهەموارە بێئاگان. بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم کە مێژوویەک و کولتوورێکی ئێجگار زۆر بوونی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەموان دەزانن کە مێژووی شارستانیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستی پێ کردووە، کەچی هێشتا کوشتار و پێشێلکارییەکی بەردەوام ئەنجام دەدرێت لە بەرامبەر کەمینەکاندا، بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەکان. ئەوەی کە دەبێت بیزانین ئەوەیە کە خەڵکانی ئەوێ هەموو مرۆڤن و دەبێت خاوەنی مافەکانی خۆیان بن، هەروەها نابێت بە هیچ جۆرێک شەرم لە کەمینەبوونی خۆیان بکەن. ئەو کەمینانە بە زۆری لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا دەژین و تاکە ئاواتیان ئەوەیە کە بە زیندوویی بمێننەوە لەو وڵاتانە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە لایەنی بەرامبەر بەردەوام جینۆسایدی جۆربەجۆر لە دژی کەمینەکان ئەنجام دەدات و مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست دەکات. کەسێکی وەکو دایکی من بە درێژایی ژیانی لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە منداڵەکانی بە باشی گەورە و پەروەردە بکات، هەروەها دەرفەتی خوێندنیان بۆ بڕەخسێنێت و داهاتوویەکی باشیان هەبێت. بەڵام لەناکاو گرووپێکی ڕادیکاڵی ئیسلامی پەیدا دەبن و تەواوی هەوڵەکانی لەگۆ ڕدەنێن.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: ژیانی ئێزیدییەکان لەو ناوچانەی سووریا چۆنە کە لەژێر دەسەڵاتی تورکیادایە؟

داود ساڵح ئەحمەد: ژیانی ئیزیدییەکانی ئەو ناوچانە، زۆر نزیکە لە ژیانی ئێزیدییەکانی ژێردەستی داعش و جیاوازییەکی زۆریان نییە. چەندین ڕاپۆرتمان بە دەست گەیشتوون کە تێیاندا ئاماژە بە ڕووخان و تێکدانی ئەو شوێنانە کراوە کە ئێزیدییەکان پەرستشی خۆیانی تێدا ئەنجام دەدەن و لایان پیرۆزە. هەروەها ڕاپۆرت دەربارەی ئەوەیش کە چەندین ئێزیدی ون بوون یاخود بێسەروشوێن کراون. بێگومان هەموو ئەم کارانە، لە لایەن ئەو میلیشیا و چەکدارانەوە ئەنجام دەدرێن کە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ دەکرێن لە لایەن تورکیاوە. ئەمەیش کارەساتێکی گەورە و جێگەی داخە، کە کەمینەیەکی وەک ئێزیدییەکان لەژێر ئەم جۆرە مەترسی و هێرشانەدان، لە کاتێکدا کە ئێزیدییەکان لە ڕەسەنترین دانیشتوانەکانی میزۆپۆتامیان و خاوەنی مێژوویەکی نزیک ٦ هەزار ساڵەن. جیهان ئێزیدییەکانی پشتگوێ خستووە و چاوی خۆی کوێر کردووە بۆ ئەو تاوانانەی کە دەرحەقیان ئەنجام دەدرێت.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: دۆخی سیاسیی ئێستای سنجار چۆنە؟

داود ساڵح ئەحمەد: لە ئێستادا، چەندین میلیشیا و گرووپی چەکداری جیاواز لە سنجار هەن. هۆکاری بوونی ئەو چەکدارانەیش زۆرن. نامەوێت باسی لایانە سیاسییەکە بکەم، بەڵام بێگومان دەبێت ئەوە باس بکەم کە هەر لەگەڵ ڕوودانی جینۆسایدەکان و ئازاردانی ئێزیدییەکاندا، هێزە عێراقییەکان شوێنەکەیان چۆڵ کرد. ئەوەیش وای کرد کە ئێزیدییەکان خۆیان ناچار بن کە گرووپی چەکداری دروست بکەن تا بەرگری لە خۆیان بکەن، بە تایبەت بەرگری لەو ئێزیدییانەی کە لە چیاکانی سنجار گیریان خواردبوو. بێگومان هەموویشیان بە خۆبەخشی ئەو کارەیان کردووە. ئەو گرووپانە هەتاوەکو ئێستایش کە سنجار ئازاد کراوە، هێشتا هەر ماون و بەردەوام خۆیان ڕێک دەخەنەوە، چونکە دەیانەوێت بەردەوام ئامادەی دۆخێک بن کە تێیدا گرووپێکی تری داعش یاخود هاوشێوە هێرش بکەنەوە و مەترسی بۆ سەر ئێزیدییەکان دروست بکەن. دەمەوێت ئاماژەیش بەوە بکەم کە ئەو گرووپانە هەموویان یەکگرتوو نین و گرووپی جیاوازن. هەر بۆیە هەندێک کات ناکۆکی لە نێوان خۆیشیاندا ڕوو دەدات. ئەمەیش لە قازانجی ئەو ئێزیدییانە نییە کە دەیانەوێت بە تەواوەتی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و ژیانێکی ئاساییان هەبێت. من وەکو ئێزیدییەک بە هیوای ئەوەم کە ئەو گرووپە جیاوازانە هەموو یەک بگرن و بکەونە ڕێککەوتن، تا ئێزیدییەکان ببن بە خاوەنی هێزێکی یەکگرتوو کە بتوانێت بەردەوام پارێزگاری لە خەڵکەکان بکات، بە هاوکاریی هێزەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان.

پەیمانگەی واشنتن کوردی: چی دەڵێیت لەسەر دابەشبوونی ئێزیدییەکان لە ناو خۆیاندا؟

داود ساڵح ئەحمەد: بە ڕای من دابەشبوونی ئێزیدییەکان لە ناو خۆیاندا، هەمان دۆخە کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئێزیدییەکان ناوچەیەکی دیاریکراویان نییە کە تەواو لەژێر دەستی خۆیاندا بێت و بتوانن لێی بژین. هەروەها خاوەنی هێز و سوپایەکی دیاریکراو و یەکگرتوو نین تا پارێزگارییان لێ بکات. لە ڕووی سیاسییشەوە هیچ نوێنەرایەتییەکی بەهێزیان نییە، نە لە عێراق و نە لە کوردستانیش، تا لە ئاستی وڵاتەکەوە و بە شێوەیەکەی ڕاستەوخۆ، کار بۆ ئێزیدییەکان بکات. خەڵکە ئێزیدییەکان لە دوای ئەو هێرش و جینۆسایدانەی کە لەم دواییەدا بەسەریاندا هات، ناچار بوون کە بەرەو شوێنی جیاواز بڕۆن و لە یەکتری دوور بکەونەوە. دوای ئارامبوونی دۆخەکەیش، چەند هەوڵێک دراوە کە هەموان یەک بخرێنەوە. بەڵام هێشتا چەندین ئێزیدی دابڕاون لەوانی تر. ئەمەیش بێگومان لە قازانجی ئەواندا نییە. ساڵی پار هەوڵی ئەوەدرا کە پارتێکی سیاسی دروست بکرێت تایبەت بێت بۆ خەڵکی ئێزیدی و هەر ئەوانیش پارتەکە دروست بکەن. ئامانجی سەرەکییش ئەوە بوو کە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن. بەڵام هەر زوو هەوڵەکان شکستیان هێنا و پارتەکە دروست نەکرا. ئەوە دوایین هەوڵ بوو بۆ ئەوەی کە ئێزیدییەکانی تێدا یەک بخرێت و لە دوای ئەو هەوڵەوە، تەنها هیوا ماوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

سەرچاوە:

سەرچاوە (کلیک بکە)