رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ جیهاد محەمەد

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئەمەی خوارەوە، دیمانەی ماڵپەڕی ”بۆ پێشەوە”یە لەگەڵ جیهاد محەمەد، ئەندامی بۆردی ڕێکخراوی ئازادبوون سەبارەت بە ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ سیستمی ئۆنلاین.

بۆپێشەوە: بۆ ئەم ساڵ بەهۆی کۆڕۆنا ڤایرۆسەوە باسی خوێندنی ئۆنلاین دەکرێت، چۆن دەڕواننە ئەم هەنگاوە و تا چەندە لاتان وایە گونجاوە بۆ هەرێمی کوردستان؟

جیهاد محەمەد: خوێندنی ئۆنلاین دانراوە بۆ زۆربەی قۆناغەکانی خوێندن بە تایبەتی بۆ خوێندنی زانکۆکان، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەو خوێندنانەی کە تەنها خۆی نابینێتەوە لە خوێندنێکی تیۆرییدا، بەڵکو پێویستی بە پراکتیکەکردن هەیە ناویان لێناوە خوێندنی “ئاوێتە”. کەمتەرخەمیەکان، کەموکوڕیەکان، دواکەوتووییەکان، لە هەر بوارێکدا کەمتەرخەمی و کەموکورتیی و دواکەوتوویی زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت. لە ڕاستیدا دەستبردن بۆ هەر چاکسازییەک، بە تایبەتی لە کاتی قەیرانەکاندا، وەک ئەم قەیرانانەی کە بەڵای کۆرۆنا بەرۆکی هەموو جیهانی گرتووەتەوە، لەو وڵاتانەی کە خۆیان لە خۆیاندا دواکەوتوون، پڕۆسەی خوێندن تیایاندا پرۆسەیەکی کۆنەباوە، بیرکردنەوە لە چارەسەرییەکان هەروا ئاسان و سانا نییە، بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن پێویستە بە بڕیاری سەرپێیانە نەبێت، پێویستە بڕیارەکان لە ئەنجامی ڕاوێژکردن و گفتوگۆکردن لەگەڵ شارەزایانی خوێندن و پەروەردە بدرێت، پێویستە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەرگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا واقیعی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە بەرچاو بگیرێت. بەداخەوە ئەوەی تێبینی دەکرێت، ئەو بڕیارەی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوە لەسەر خوێندنی ئۆنلاین بریارێکی بە پەلە و سەرپێیە، بڕیارێکە لە ناچارییەوە دراوە کە هەرچۆنێکێک بێت وەزارەتی پەروەردە ئەبێت بڕیارێک بدات! بڕیارێکە شکستی زیاتر بە پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە دەهێنێت. ئەم بڕیارە گونجاو نییە لەگەڵ واقیعی ژیانی فێرخواز و خێزانەکانی فێرخوازاندا. جگە لە هەموو ئەمانە خوێندنی ئۆنلاین نوێیە لە کوردستاندا، ئەم خوێندنە بۆ مامۆستایان و بۆ فێرخوازانیش پێویستی بە ڕاهێنان و فێربوون هەیە. دابینکردنی پایەکانی خوێندنی ئۆنلاین، کۆمەڵێک پایە و پێویستین، کە بە داخەوە زۆر قورس دەکەوێت لەسەر فێرخوازان. هەموومان باش ئەوە دەزانین کە ژیان و گوزەرانی زۆربەی خێزانەکان و فێرخوازان لە ئاستێکی نزمدایە، فێرخوازان ناتوانن هەموو پێویستیەکانی خویندنی ئۆنلاین دابین بکەن، وەک کۆمپیوتەر، هێڵی ئینتەرنێت، کارەبای بەردەوام، تەلەفۆنی زیرەک بە ڤێرژنی بەرزەوە. جگە لەمانەش هەر لە بنەماوە خوێندن و پڕۆسەی فێربوون بە جۆرێک خۆشەویست نییە لای فێرخوازان کە بتوانن خۆیان زۆر ماندووبکەن بۆی، ئەمەش لە ئەنجامی خوێندن و پەروردەیەکی کۆنەباوەوە هاتووە. ئاخر خوێندنی ئۆنلاین پێویستی بە ڕاهێنان و فێربوونێک هەیە کە فێرخواز بتوانێت چەندین سەعات لە ژوورەکەی خۆیدا، ئەگەر ژووری هەبێت، بمێنێتەوە و خەریکی بە دواداچوون و پەیوەندیکردن بێت لەگەڵ مامۆستاکانی و هاوڕێکانیدا. بۆیە بەڕای من ئەم خوێندنی ئۆنلاینە نەگوجاوە بۆ ژینگە و پڕۆسەی خوێندنی کوردستان.

بۆپێشەوە: خوێندنی ئۆنلاین پێویستی بەدابین کردنی کۆمپیوتەر، ئایپاد، و هێڵی ئەنتەرنێتی بەخێرایی گونجاو ، کەشی ئارامی ماڵ… هەیە، وەزارەتی پەروەردە تا چەندە بەرپرسە لە زامنکردنی ئەو ئیمکانیەتانە؟

جیهاد محەمەد: هەموو پێویستیەکانی خوێندنی ئۆنلاین و ئاوێتەبوون، دەکەوێتە سەر دەوڵەت و حکوومەت و وەزارەتە تایبەتمەندەکانی وەک وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خویندنی باڵا بە هاوبەشیکردنی هەندێک لە وەزارەتەکانی تری وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی. هەموو ئەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارانە پێویستە لە حاڵەتی بڕیاردانێکی وادا جگە لە ڕاوێژکردن و گفتوگۆکردنی نێوان خۆیان بۆ دابینکردنی ئەو پێویستیانە، پێویستیشە لەگەڵ مامۆستایان و سەرۆکایەتی زانکۆکان و لیژنەی پەرلەمانی فێرخوازاندا ڕاوێژ و گفتوگۆ بکەن. لە ئەنجامی هەموو ئەو ڕاوێژ و گفتوگۆکردنانەدا، لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی باری ژیانی فێرخوازان و مامۆستایاندا ئەوسا بتوانن بڕیارێک دەربکەن کە ئەگەر زیانیشی هەبێت، کەمترین زیانی هەبێت، بەڵام بە داخەوە ئەوەی تێبینی دەکرێت هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە و لە پڕ بڕیارێکی سەرپێی دراوە.

بۆپێشەوە: گرانی، نەبوونی موچە بۆ مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، هەژاری زوربەی زۆری خەڵکی، چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دەبێت؟

جیهاد محەمەد: ناوە ناوە دەبینین لە شارەکانی کوردستاندا خۆپیشاندانی مامۆستایان بەردەوامە، هەڵبەت خۆپیشاندانەکان زیاتر لەسەر نەبوونی موچەیە، یان لەسەر ئەو بڕیارە خراپانەی حکوومەتە کە دەربارەی کەمکردنەوەی لە سەدا ٢١ی موچە بە گشتی، کە موچەی مامۆستایانیش دەگرێتەوە. لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە داهات و دەرامەتی گشتی وڵات لە ئاستێکی بەرزدایە، لەلای هەر حکوومەتێک لە جیهاندا کە هەڵگری جیهانبینیەکی سەردەمیانەیە بۆ گەشەی ئابووری، گەشەی توانای تاکەکان، زەوینەخۆشکردن بۆ دەرکەوتنی توانا شاراوەکانی فێرخوازان، هەر لە تەمەنێکی زووی منداڵیەوە، ساڵانە گەورەترین بودجە تەرخان دەکرێت بۆ وەزارەتی پەروەردە و پڕۆسەی خوێندن و فێربوون، بەداخەوە لە کوردستان و عێراقدا بودجەی وەزارەتی پەروەردە و خوێندن زۆر لە خوار بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپاوەیە، ئەمەش کاریگەریەکی خراپی لەسەر کەمدەستی و بێ دەرامەتی وەزارەتی پەروەردە دروست کردووە، جگە لەمەش نەبوونی موچە و کەمکردنەوەی موچەی مامۆستایان هێندەی دیکە ڕەوشی خوێندن و کەمدەستی خێزانەکان فراوان و گەورەتر دەکات، کە ناتوانن بە گوێرەی پێویست خەرجی پڕۆسەی خوێندنی منداڵەکانیان دابین بکەن. مامۆستایان لە حاڵەتێکی وادا پەیوەستییە پێویستییەکەیان بۆ خوماندووکردن و هەوڵدان بۆ خوێندن و فێربوون زۆر کەمدەبێتەوە، جۆرێک لە دابڕان لە نێوان مامۆستایان و فێرگەکاندا دروست دەبێت، خۆشەویستی نێوان مامۆستایان و فێرخوازان کەمدەبێتەوە، هەموو ئەمانە پڕۆسەی خوێندن و فێربوون شکست پێدێنن.

بۆپێشەوە: بەجیا لە کەم و کوڕی بیناو و پێداویستیەکانی خوێندن، مەنهەجی خوێندن چۆن دەبینن؟ لاتان وایە ئەو مەنهەجەی هەیە، جێگای پەسەندە یان مەنهەجی خوێندن و پەروەردەش پێویستی بە ئاڵوگۆڕە؟

جیهاد محەمەد: بەداخەوە، تا ئێستاش خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆگرامی خوێندن لە پڕۆسەی خوێندن و فێربوون لە کوردستاندا بەوجۆرەیە کە کتێب بە پڕۆگرام دادەنرێت، کە لە ڕاستیدا کتێب ئامڕازە وەک هەر ئامڕاز و کەرەسەیەکی تری خوێندن و فێربوون، بەڵام هەڵبەت ئامڕازێکی زۆر گرنگە، ئەم ئامڕازە بەردەوام پێویستە لە گۆڕانکاریدا بێت، پێویستە جگە لە شارەزایانی پەڕوەردە خودی فێرخوازانیش هاوبەشی بکەن لە گۆڕینی ئەم ئامڕازە گرنگەدا. خوێندن و فێربوون لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دیموکراتدا، فێرخوازان خۆیان دەتوانن کتێبی خوێندن هەڵبژێرن، بۆ نموونە چەند زانایەک بۆ فێربوونی بیرکاری هەریەکەیان بە شێوازێک کتێبێکی نووسیوە، فێرخوازان کام کتێبەیان بەلاوە پەسەند و ئاسان بێت ئەتوانن ئەو کتێبەیان دەستنیشان بکەن بۆ مامۆستاکەیان، کە بەو کتێبە و بەو شێوازە فێری بیرکاریان بکات. لە ڕاستیدا پڕۆگرام زیاتر لە خودی پەروەردەکردندا خۆی دەبینێتەوە، پڕۆگرامی ساڵانەی فێرگەکان و زانکۆکان پێویستە بە گوێرەی سەردەم و کێشەکانی سەردەمی مرۆڤایەتی بێت، گومانی تیا نییە واقیعی کۆمەڵگە و کێشەی کۆمەڵایەتی، سیاسیی، ئابووری و فەرهەنگی بەشێکی گەورەیە لە پڕۆگرامی خوێندن و فێربوون و پەروەردە. هەڵبەت کتێبەکان کە باس و خواس و شیکاری ئەم کێشانەیان لە خۆگرتووە، هەروەها چارەسەری کێشەکانیان لە خۆ گرتووە ئامڕاز گەلێکن بۆ فێربوون، فێرخوازن لە ڕێی گفتوگۆکردن لە نێوان خۆیان و لەگەڵ مامۆستاکانیاندا لە پۆلەکانیاندا هاوبەشی دەکەن بۆ گەشەی فێربوون و خوێندن و پەروەردە، ئیتر بەم جۆرە بەردەوام پەروەردە و فێربوون لە گەشەدا دەبێت. بۆیە پڕۆگرامی خوێندن لە کوردستاندا بە داخەوە گونجاو نییە لەگەڵ سەردەمدا، پڕۆگرامێکی کۆنەباو و نادیموکراتە.

بۆپێشەوە: سیستەمی پەروەردەیەکی تەندروست، بەندە بە سیستەمێکی سیاسی تەندروست، لاتان وایە سیستەمی سیاسی و حکومڕانی کوردستان دەتوانێ سیستەمێکی شیاوی پەروەردەیی جێ بخەن؟

جیهاد محەمەد: پەروەردە بێلایەن نییە، یان دۆگمایە یان پەروەردەیەکی فەلسەفیانەیە، پەروەردەی دۆگما و نادیموکرات پەروەردەیەکە کە پارێزەری کۆنەباوە، پارێزەری دابونەریەت باوەکانە، ئەم پەروەردەیە هەمیشە لە بەرژەوەندی ئەو ئایدۆلۆژیانەیە کە دەخوازن کۆمەڵگە وەک خۆی بمێنێتەوە و بیر و ئەندێشەی تاکەکانی کۆمەڵگە کراوە و ئازاد و سەربەخۆ نەبێت. پەروەردەی فەلسەفیانە پەروەردەیەکی سەردەمیانەیە، پەروەردەیەکی دیموکراتە، پەروەردەیەکە کە توانا شاراوەکانی فێرخوازان دەردەخات و هەمیشە فێرخوازان فێری پرسیارکردن و گومان دەکات، فێرخوازان فێری دیالۆگ دەبن و هەروا بە سانایی خۆیان ڕادەستی نووسینی ناو کتێبەکان ناکەن، یان دەتوانن لەگەڵ مامۆستاکانیاندا بە گوستاخانە پرسیاربکەن و گومان بخەنە سەر ڕاوبۆچوونی ناو کتێب و زانینی مامۆستاکان. پرۆسەی پەروەردە لە کوردستاندا پەروەردەیەکی تەندروستی سەردەمیانە نییە، بە پێچەوانەوە پەروەردەیەکی کۆنەباوی پارێزەری دابونەریتە کۆنەباو و سواوەکانە.

بۆپێشەوە: ئەو چاکسازیانەی پێویستن لە بواری پەروەردەدا، بەخێرایی بکرێن، کامانەن؟ وە تاچەند لاتان وایە ئەم کابینەیە دەتوانێت چاکسازی لە بواری پەروەردەدا بکات؟

جیهاد محەمەد: چاکسازیەکان دوو بەشن، بەشێکیان خۆیان لە چاکسازی ئامڕازەکان و کەرەسەکانی خوێدن و پەروەردەدا دەبیننەوە، وەک تەرخانکردنی بودجەی بەرز، دروستکردنی قوتابخانە، تا دوو دەوام و سێ دەوام لە یەک قوتابخانەدا نەکرێت، بە شێواز و ئەندازیاریەکی سەردەمیانە قوتابخانەکان دروست بکرێت، چاپکردنی کتێب و دابەشکردنی بە خۆڕایی بەسەر فێرخوازاندا، کردنەوەی خولی ڕاهێنانی بەردەوام بۆ مامۆستاکان، تا زیاتر قاڵبن لەسەر شێوازی نوێی وانە وتنەوە. بەڵام بەشێکی تری گرنگی چاکسازی لە ڕاستیدا خۆی لە هەڵتەکاندنی خوێندن و فێربوونە کۆنەباوەکەدا دەبینێتەوە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، چاکسازی لەم بەشەدا خۆی لە گۆڕینی خوێندنی دۆگمادا دەبینێتەوە بۆ خوێندنی سەردەمیانە و فەلسەفیانە.