رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ مەلالا یوسفزای

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدانی: ئیسحاق شۆتینەر

وەرگێڕانی: ژیر دانا

مەلالا یوسفزای کچێکی پاکستانییە، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا توانیی ببێت بە گەنجترین کەس کە خەڵاتی نۆبێڵ لە ئاشتیدا وەربگرێت. ئەو کچی چالاکوانێکی بواری پەروەردەیە لە پاکستان. بە بۆنەی ئاستی ڕۆشنبیریی خێزانەکەیەوە، هەر لە منداڵییەوە مەلالا دەنگی ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێن لە پاکستان، بە تایبەت لە بواری پەروەردەدا. بە هۆی ئەم چالاکییانەیەوە، ڕۆژێک لە لایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە کاتێک، لە ناو پاسدایە، فیشەکەک دەنرێت بە سەریەوە. ئەو ڕووداوە مەلالا دەخاتە دۆخێکی تەندروستیی ترسناکەوە.  بەڵام دوای ماوەیەک بێهۆشی، مەلالا دەتوانێت بەسەر برینەکەیدا زاڵ بێت و هۆشی دێتەوە. لەو کاتەوەت هۆشی هاتووەتەوە، بووەتە ئایکۆنێکی دیاری جیهانی. کەسانێکی زۆر دەیناسن و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی وڵاتە جیاوازەکان لە سەرانسەری جیهان، چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام دەدەن.

دوای ڕووداوەکە، خێزانی یوسفزای چوون بۆ شانشینی بەڕیتانیا و تا ئێستا لەوێ نیشتەجێن. مەلالایش خوێندکارە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد. ساڵی ٢٠١٨، دوای ڕووداوەکە بۆ یەکەم جار گەشتی کردەوە بۆ پاکستان. هەرچەندە گەشتەکەی زۆر کورت بوو، هەروەها تەواوی کاتەکە هێزێکی پۆلیسی زۆری لەگەڵدا بوو، بەڵام مەلالا ڕۆژانی ئەو گەشتە بە خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانی دەزانێت.

ئەم دیمانەیە لە لایەن ئیسحاق شۆتینەرەوە ئەنجام دراوە، کە نووسەرە لە گۆڤاری نیویۆرکەر. دیمانەکە کاتێک ئەنجام دراوە، کە مەلالا بە هۆی بڵاوبوونەوەی نوێترین کتێبی خۆیەوە سەردانی نیویۆرک دەکات.

ئیسحاق شۆتینەر: ژیانی ڕۆژانەی تۆ چۆن دەگوزەرێت؟

مەلالا یوسفزای: من ئێستا قوتابیم لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و لە دووەم ساڵی خوێندنمدام. ئەو بەشەی کە بۆی دەخوێنم بەشێکە تایبەتە بە بوارەکانی فەلسەفە، سیاسەت و ئابووری. بۆیە زۆربەی کاتی ڕۆژانەم بە خوێندن و نووسین و ئامادەکاری بۆ وانەکانم بەسەر دەبەم. ئەو کاتانەیش کە ئەرکێکی زۆری زانکۆم لەسەر نییە، گەشت بە وڵاتاندا دەکەم و کەمپین ئەنجام دەدەم، گەشتەکانم سەرانسەری جیهان دەگرێتەوە و هەر لە بەڕازیلەوە تا عێراق، من گەشتی بۆ دەکەم و کەمپینی تێدا ئەنجام دەدەم. کەمپینەکانیشم زیاتر پەیوەندییان بە داواکاری بۆ مافی ئافرەتان هەیە و بەردەوام پشتگیریی ئەو کچانە دەکەم کە لەپێناو مافەکانی خۆیاندا دەجەنگن.

ئیسحاق شۆتینەر: ئایا توانیوتە ژیانێکی ئاساییت هەبێت، وەک هەر قوتابییەکی دیکەی ناو زانکۆ؟ ئەو ڕاستیەی کە تۆ مرۆڤێکی ئاسایی نییت، هەرگیز کێشەی بۆ دروست کردوویت یاخود بێزاری کردوویت؟

مەلالا یوسفزای: لە سەرەتادا، ژینگە تازەکە زۆر قەلەقی دەکردم و نەمدەزانی چۆن دەتوانم خۆمی لەگەڵ بگونجێنم. بەڵام دواتر چەندین هاوڕێی باشم ناسی و ئەوان یارمەتییان دام کە بارودۆخەکەم ئاسایی ببێتەوە. ئێستا لەگەڵ هەموو شتێکدا ڕاهاتووم و وەک هەر خوێندکارێکی دیکەی زانکۆم.

ئیسحاق شۆتینەر: هەست دەکەیت کە خەڵکی وەک مرۆڤێکی ئاسایی مامەڵەت لەگەڵدا دەکەن؟

مەلالا یوسفزای: ئێستا کە زۆربەی کەسەکان هاوڕێمن و دەیانناسم، بەڵێ ئەو هەستە دەکەم. بەڵام ئەو کاتانەی کە دەچمە فڕۆکەخانە یان شوێنە گشتییەکان، خەڵکی دێن و دەموەستێنن و داوای وێنەم لێ دەکەن.

ئیسحاق شۆتینەر: ئایا هەرگیز گوێ بە لێدوانە نەرێنییەکانی تۆڕە میدیاییەکان دەدەیت، لەسەر تویتەر یان شوێنەکانی تر؟

مەلالا یوسفزای: نەخێر. من زۆر سەیری کۆمێنتی خەڵک ناکەم. دەزانم تۆڕە میدیاییەکان چۆن کار دەکەن و دەیشزانم هەمیشە بەشێک لە خەڵک دەبێت کە قسەی نەرێنی بکەن. بەڵام هەمیشە زۆرینە ئەوانەن کە قسە و لێدوانی باش دەدەن و هانت دەدەن لەسەر کاری باشە. بۆیە منیش زیاتر گوێ بەوان دەدەم. پێویستە بەردەوام سەرنجمان لەسەر ئەو بەشانەی ژیان بێت کە ئەرێنین و هانمان دەدەن بۆ کاری باشە.

ئیسحاق شۆتینەر: ئەی تێگەیشتنت چییە بۆ ئەو بەشە نەرێنییەی خەڵک؟

مەلالا یوسفزای: تێگەیشتن لەو بابەتە کەمێک قورسە. پێم وابێت زۆر جار پەیوەندیی بە لێکتێنەگەیشتنەوە هەیە. بۆ نموونە ئەگەر تۆ ئەندامی نەتەوەیەک یان ئایینێکی جیاواز یاخود کەمینەکەیەکی کۆمەڵگە بیت، خەڵک دژت دەبن. دوای ئەو هەواڵ و زانیارییانە دەکەون کە لایەنە زۆرینەکە لەسەر تۆ دەیڵێت و کەمینەبوونت بەهەند وەردەگرن. ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵک خۆیان پەروەردە بکەن، خۆیان نوێ بکەنەوە، تا زانیاریی ڕاست و دروستیان دەربارەی شتەکان هەبێت.

هەروەها پێم وایە کە تێکەڵنەبوون و ئەزمووننەکردنی پێکەوەبوون لەگەڵ کەمینەکان، هەڵەتێگەیشتنی بەردەوام دروست دەکات. بۆ نموونە کەسێک کە بە هەموو تەمەنی موسڵمانێکی نەبینیوە، یاخود قسەی لەگەڵ ڕەشپێستێکدا نەکردووە، پێی باشترە باوەڕ بەو هەواڵانە بکات کە لە تۆڕە میدیایی و هەواڵییەکان دەیبستیت، وەک لەوەی لە کەسەکە خۆیەوە بیبیستێت. بەڵام ئەگەر کەسەکان تێکەڵی کەمینەکان ببن، قسەیان لەگەڵ بکەن و هەوڵ بدەن لێیان تێبگەن، ئەوکات دەزانن ئەوانیش مرۆڤن، بە هەمان شێوەی خۆیان کار دەکەن و ژیانی ڕۆژانەیان بەسەر دەبەن. بۆیە دەبێت کەسەکان خۆیان لە ڕێگەی ئەزموونکردنەوە ئەو تێگەیشتنە بەرامبەر بە کەمینەکان دروست بکەن.

ئیسحاق شۆتینەر: دوای ئەوەی کە دەستت کرد بە گەشت بە جیهاندا، ڕەشبینییت زیادی کردووە یان کەم؟ ئێستا کە نزیکتر جیهان دەبینیت، چی دەگوزەرێت و چۆن کارە خراپەکان ڕوو دەدەن، قورسە ئەگەر ڕەشبین نەبیت…

مەلالا یوسفزای: ئەو کاتەی کە تەمەنم ١٥ ساڵبوو، قوتابخانەکەمان داخرا و ڕێگەیان نەداین بخوێنین. قوتابخانە بۆ من، خۆشیی هەموو دنیا بوو. بەڵام لێیان سەندمەوە. ئێستا کە بە جیهاندا دەگەڕێم، هەر لە بەڕازیلەوە تا عێراق، من کچ دەبینم کە بە هەمان شێوە و بگرە خراپتریشن. هەروەها قسەیان لەگەڵدا دەکەم و ئەوانیش باسی دۆخی خۆیانم بۆ دەکەن. بەشێکیان ئاوارەن، بەشێکیشیان بە هۆی خراپیی گوزەران و نەبوونی دەرفەتەوە ژیانیان ناتەواوە. لە ئێستادا ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە ٦٨ ملیۆن و نیو و لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ئەمە بەرزترین ڕێژەی ئاوارەیە کە لەسەر زەویدا هەبووبێت. ئەو کاتەی کە خۆم ناچار بووم ئاوارە بم، تەنها سێ مانگ وەک ئاوارە مامەوە، بەڵام ئەزموونی دۆخی قورسیی ئاوارەبوونم کرد. ئێستا دەزانم کە ئاوارەبوون کێشەیەکی جیهانی و بەردەوامە. زانینی ئەم ڕاستییە وای لێ کردم تێبگەم، ئەو کێشانەی خۆم هەمبوون، کێشەی بەشی زۆری مرۆڤایەتی و کچانە بە تایبەت، لەو نەهامەتییانەدا تەنیا نین.

کچان و ژنان قوربانیی سەرەکیی ئاوارەبوون بوون. سەیری هەر کەمپێک دەکەیت لە هەر شوێنێک، ڕاستەوخۆ ئەوە دەبینیت کە چۆن کچان و ژنان بوونەتە قوربانیی دەستدرێژیی بەردەوام و بەشوودان لە منداڵیدا و نەبوونی خوێندن و پەروەردە. لە کەمپەکانی لوبنان، لە ٪٤١ی کچەکان لە پێش تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە شوو دراون. ئەمە کارەساتێکی گەورەیە. بەڵام لای من گەورەترین کێشە خوێندن و پەروەردەیە. کاتێک لە کەمپەکان کچان دەبینم کە چۆن شەڕ لەپێناو خوێندندا دەکەن و دەزانن کە چەندێک گرنگە بۆیان، گەشبین دەبم.

ئیسحاق شۆتینەر: ئەوەندەی بیستوومە ئەو کەسانەی کە تۆ کاریگەر بوویت پێیان، ئەمانەن: ماهاتما گاندی، نێڵسن ماندێلا، مارتن لۆسەر کینگ و بێنازیر بوتۆ. کەس ماوە لە بیری بکەم؟

مەلالا یوسفزای: کەسێکی دیکەیش هەیە، ناوی عەبدولجەعفەر خان بوو. ئەویش هاوڕێی گاندی بوو، هەروەها لە سەردەمی ئازادکردنی هیندستاندا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو. بە گشتی دەتوانم بڵێم کە من لە هەموو کەس فێر دەبم.

ئیسحاق شۆتینەر: تۆ بە ئەزموونێکی ئەوەندە ناخۆشدا ڕۆیشتوویت، کە هیچ کەسێک نابێت پێیدا بڕواتەوە. بەڵام ئێستا ناوبانگێکی جیهانیت هەیە. لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرەکاندا دادەنیشیت و کات لەگەڵ ملیاردێرەکانی وەک بیڵ گەیتس و تیم کووک بەسەر دەبەیت. بە ڕای تۆ نزیکبوونەوەی ئەو کەسانەی لە چالاکوانن و خەریکی ئەنجامدانی کارێکی گرنگن بۆ مرۆڤایەتی لە هێز، مەترسیدار نییە؟

مەلالا یوسفزای: من خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە دەرفەتی ئەو کارانەم هەبووە. کاتێک کە کەسێکی گەورەی وەک سەرۆک یان سەرۆکوەزیری وڵاتێک دەبینم، ئامانجەکەم سێڵفیگرتن و پێکەنین نییە لەگەڵیاندا. من دەیانبینم تا باسی دۆخی وڵاتەکەیان لەگەڵدا بکەم. تا دەنگی ئەو کچانە بگەیەنمە لایان، کە خۆم بینیومن و قسەم لەگەڵ کردوون، بەڵام دەنگیان نەگەیشتووەتەوە سەرۆک و سەرۆکوەزیر. گرنگیش نییە لە کوێم و لەگەڵ کێم؛ ئەگەر لە نەیجیریا بم یان وڵاتێکی ئەورووپا، ئامانجەکەی من هەر هەمان ئامانجە.

ئەو کاتەی کە لە نەیجیریا بووم، ئەو کچانەم بینی کە پێشتر لە لایەن بۆکۆ حەرامەوە ڕفێنرابوون. باسی کێشەکانیان بۆ کردم و داوای ئەوەیان لێ دەکردم کە پێویستیان بە یارمەتییە بۆ تێگەیاندنی خێزانەکانیان لە بارودۆخەکە. دواتر من چووم و ئەم قسانەم بە سەرۆکی نەیجیریا وت. ئەویش بەڵێنی پێ دام قسە لەگەڵ خێزانی کچەکاندا بکات. ئەمە کارێکی گەورەیە. ئەرکی من تەنها وتنی ڕاستییەکان و قۆستنەوەی ئەو دەرفەتەیە کە بۆم دروست بووە. بۆیە زۆر سوپاسگوزارم لەو کارانەی کە بەردەوام خۆم و هاوکارەکانم دەیکەین و بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەین، کە سەرنج لەسەر کێشە جیاوازەکانی کچان و ژنان دروست بکەین.

ئیسحاق شۆتینەر: ئایا بینینی هیچ سەرۆکێک سەرسامی کردوویت؟

مەلالا یوسفزای: کەوتووەتەوە سەر ئەوەی کە مەبەستت لە سەرسامبوون بە چ مانایەکە؟

ئیسحاق شۆتینەر: هەر مانایەک؟

مەلالا یوسفزای: ئەوەی سەرسامم دەکات گەورەیی کێشەکانە. بۆ نموونە منداڵێکی یازدە ساڵان، لەوانەیە وا بزانێت کە سەرۆکی وڵات هەموو شتێکی لە دەست دێت. بەڵام ئەوەتا من بەردەوام سەرۆکەکان دەبینم و داوایان لێ دەکەم کە پارە بۆ پەروەردەی کچە بێبەشەکان تەرخان بکەن. کێشەکان ئەوەندە گەورەن کە بە ئاسانی چارە ناکرێن. بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە پەروەردەدا دروست بووە، بە تایبەت بە هۆی ئاوارەبوونەوە، لەوانەیە پێویست بکات کە ١.٨ تریلیۆن دۆلار خەرج بکرێت.

ئیسحاق شۆتینەر: پێشتر ئاماژەت داوە بەوەی کە دەتەوێت تێکەڵی سیاسەت ببیت لە داهاتوودا. ئێستا تەمەنت گەیشتووتە بیستەکان و لەوانەیە کاتی ئەوە بێت قسەیەکی دیکەت هەبێت لەسەر ئەو بابەتە. ڕات چییە لەسەر کاری سیاسی؟

مەلالا یوسفزای: پیشتر دەمویست ببم بە سەرۆکوەزیران، چونکە پێم وابوو ئەگەر ببم بە سەرۆکوەزیران، دەتوانم هەموو کێشەکان چارە بکەم. بەڵام ئێستا دەزانم کە چارەسەرکردنی کێشەکان، کارێکی قورسترە لەوەی کە بیرم لێ دەکردەوە. لە ئێستادا زیاتر سەرنجم لەسەر پڕۆژە خێرخوازییەکانمانە، کە بودجەی بۆ چالاکوانی ٦ وڵات دابین کردووە، تا لە خزمەتی مافەکانی ژناندا کار بکەن. هەروەها دەمەوێت گرنگیی تەواو بە خوێندنەکەم بدەم.

ئیسحاق شۆتینەر: بە بڕوای تۆ پاکستان پێویستی بە چیی ترە جگە لە دەستەبەرکردنی پەروەردە و خوێندنی باش بۆ ژنان؟

مەلالا یوسفزای: بە بڕوای من، پەروەردە و خوێندن کلیلی هەموو شتێکن. ئەو کاتەی کە وڵاتێک سیستەمی پەروەردەی باش بوو، ئەو کاتە تاکی باش دروست دەبن کە دواتر دەتوانن ببن بە سەرکردەی باش و وڵات بەرەو دۆخێکی باشتر ببەن. بە تایبەت پەروەردەی ژنان. ناکرێت تۆ بتەوێت وڵاتەکەت بەرەوپێش ببەیت، لە کاتێکدا کە ژنانی وڵاتەکەت چەوساوە و دەستەمۆن. هەروەها پێیشم وایە کە پێویستمان بە دیموکراسییەکی زۆر بەهێز هەیە. لەگەڵ سیستەمێکی دادپەروەری بە‌هێز و پەرلەمانێکی باشیش.

ئیسحاق شۆتینەر: بە بڕوای تۆ ئەم دۆخەی ئێستا کە پاکستانی تێدایە، پێی دەوترێت دیموکراسی؟

مەلالا یوسفزای: بە شێوەیەکی ڕووکەشی بەڵێ. هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و حکومەت لە ڕێگای ئەنجامی هەڵبژاردنەوە دروست دەکرێت. هەروەها ئەوە بۆ سێ حکومەت دەچێت، کە بەو شێوەیە دروست کرابێت، سەرەڕای ئەوەی کە هیچ سەرۆکوەزیرانێک تا ئێستا نەیتوانیوە پێنج ساڵەکەی خۆی تەواو بکات تا ماوەی حکومەتەکەی کۆتایی دێت.

لە ڕابردوودا دۆخەکە بەم جۆرە نەبووە، بۆیە ئێستا کە بە ڕووکەشییانەیش بەو جۆرەیە، دەبێت ئەرێنییانە لێی بڕوانین. ململانێیەکی بەردەوام هەبووە لە نێوان دیکتاتۆری و دیموکراسی. لەو ململانێیەدا هەڵەی زۆر ئەنجام دراوە. پێم وایە کە پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵەی زیاتر نییە و هەڵەکانی ڕابردوومان بەسن بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگرین.

ئیساق شۆتینەر: زۆرینەی ئەو پاکستانییانەی کە من قسەیان لەگەڵدا دەکەم پێیان وایە کە تۆ وێنەیەکی ناشیرینت بەخشیوە بە پاکستان. ڕات چییە لەسەر ئەو تێگەیشتنەیان؟

مەلالا یوسفزای: پێم وانییە وێنەی ناشیرینم بە پاکستان بەخشیبێت. من پاکستانیم و شانازی بە نەتەوەکەی خۆم دەکەم و وڵاتەکەیشم زۆر خۆش دەوێت. بەڵام ناتوانم چاوپۆشی لە کێشە گەورەکانی پاکستان بکەم و بەردەوام باسیان دەکەم. بۆ نموونە کێشەکانی پەروەردە و یەکسانی، هەروەها چۆنیەتیی پێشکەوتنی وڵات. ئەو کەسانە چاوی خۆیان دەبەستن لە ئاست ئەم کێشە گەورانە، ئەو تێگەیشتنەیان بەرامبەر بە من هەیە. بە بڕوای من بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسەر بکەین، پێویستە بەردەوام باسیان بکەین و دەریان بخەین، نەک بیانشارینەوە.

سەرچاوە (کرتە بکە)