رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئەزموون و پەروەردە

Facebook
Twitter
LinkedIn

کتێبی ئازادبوون ژمارە (١)

ئەزموون و پەروەردە

نووسینی: جۆن دیوی

وەرگێڕانی: پەرۆش محەمەد

وتەی وەرگێڕ:

            ”جۆن دیوی، فەیلەسووفی پراگماتی، دەروونناس و پەروەردەکارێكی ئەمەریکییەو وەکو دامەزرێنەری قوتابخانەی پێشکەوتنخوازی پەروەردە دادەنرێت. دیوی لە ساڵی ١٨٩٦ قوتابخانەی ئەزموونگەریی لە زانکۆی شیکاگۆ دامەزراندووە کە دواتر بە قوتابخانەی دیوی ناسرا. ئەم قوتابخانەیە شوێنێک بووە بۆ تاقیکاریی پەروەردەیی بە تەواوی مانای وشەی تاقیکاری، واتە تیۆری و پراکتیکی کاریان لەسەر دەکرا، تاقی دەکرانەوە، ڕەخنە دەکران و چاک دەکرانەوە و دووبارە هەوڵی بەکارهێنان و جێبەجێکردنیان دەدرا. لە ڕوانگەی دیوییەوە، ئەم تاقیکارییانە نەک هەر مایەی پووچەڵکردنەوەن، بەڵکو لەم دنیایەدا کە شتەکان ڕێکەوت کاریان لێ دەکات و گۆڕانکارییش خێرایە و گەشەکردن بەردەوامە، گشتاندنی ئەنجامی ئەم تاقیکارییانە شتێک بوو پێویستی بە پێداچوونەوەی بەردەوام هەبوو. لای جۆن دیوی کۆتاییەک نییە بۆ پرسیارکردن و گەڕان، ئەمەیشی بە باشترین ڕێگا دەزانی بۆ ئەوەی مرۆڤ ئەزموونێکی ماناداری هەبێت.

        فەلسەفەی پەروەردەیی دیوی بە شێوەیەکی سەیر گشتگیرە و تەنانەت دیوی پێی وایە ئەگەر پەروەردە وەکو پرۆسەی پێکهێنانی مەزاج، عەقڵ و عاتیفەی مرۆڤ بەرامبەر سروشت و مرۆڤەکانی تر سەیر بکرێت، ئەوا فەلسەفە بە گشتی دەکرێت وەکو تیۆرییەکی پەروەردەیی تەماشا بکرێر؛ مەگەر فەلسەفەیەک بیەوێت وەکو سەرگەرمییەکی عاتفیی کەمینە و نوخبەیەک بمێنێتەوە. ئەم بۆچوونە گشتگیر و سەرتاپاگیرەی دیوی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە پێی وایە کۆمەڵگە بە دوو ڕێگا خۆی نوێ دەکاتەوە: بایۆلۆژی و کولتووری. پەروەردە جێگای دروستکرنەوە کولتوورییەکەیە، ئەو شتانەی لە ڕووی کولتوورییەوە بەهادارن لە هەست و بیر و کرداردا، تیۆریی پەروەردەیی کاری ئەوەیە بیانگەیەنێت بە نەوەکانی دواتر.

        لە ڕووی پراکتیکییەوە، دیوی باوەڕی زۆری بە دیسپلینی ناوپۆل و دیسپلینی کۆمەڵایەتی هەبوو، هەرچەندە ئەو لەبەرکردنی زانیاری و هاوکێشە و ڕاهێنانی بە گرنگ نەدەزانی. هەر بۆیە زۆر کەس ئەم بایەخنەدانەی دیوییان وەکو ئەوە لێک دایەوە کە هەر چالاکییەکی خۆبەخۆ و عەفەوی، مرۆڤ دەبێتە جێگرەوەی ڕاهێنانی ئەو هێزە زیهنی و عەقڵییانەی پێویستن بۆ مرۆڤ. دیوی پێی وابوو لە دوو ڕووەکەی ئازادی، ئازادی لە شتێک و ئازادی  بۆ شتێک، دیسپلینی کەسی زۆر پێویستە بۆ ئازادی بۆ شتێک. دوای ئەو لادان و هەڵەتێگەیشتنانەی لە فەلسەفە پەورەردەییەکەی هەبوون، دیوی ساڵی ١٩٣٨ کتێبی ”ئەزموون و پەروەردە”ی نووسی، هەم بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانە و هەم بۆ دووبارە خستنەڕووی فەلسەفە ئەزموونییەکەی.”

کتێبی ”ئەزموون و پەروەردە” بە تیراژی ٥٠٠ دانە و لە دووتوێی ١٥٥ لاپەڕەدا چاپ کراوە و ئێستا لە زۆرینەی کتێبفرۆشییەکانی هەرێمی کوردستان دەست دەکەوێت.

پێڕستی کتێبەکە:

پێشەکیی نووسەر

پەروەردەی نەریتی بەرامبەر پێشکەوتنخواز

پێویستیی هەبوونی تیۆرییەکی پەروەردەیی

پێوەرەکانی ئەزموون

کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی

سروشتی ئازادی

واتای مەبەست

ڕێکخستنێکی بەردەوامی بابەتی خوێندن

ئەزموون – وەسیلە و ئامانجی پەروەردە

پەرەگرافێک لە کتێبەکەوە:

”کە منداڵێک فێری قسەکردن دەبێت، توانای نوێ و ئارەزووی نوێتری هەیە. لە هەمان کاتدا هەلومەرجی فێربوونی دواتری فراوانتر کردووە. بە هەمان شێوە دەرگای بە ڕووی ژینگەیەکی نوێدا کردووەتەوە. کاتێک کەسێک بڕیاری بوون بە مامۆستا، پارێزەر، یان پزیشک دەدات و کار بۆ ئامانجەکانی دەکات، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو ژینگەیە دیاری دەکات، کە لە ئایندەدا کاری تێدا دەکات.”