رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

یاداشتی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان لەسەر بڕیارێکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکان

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئاگاداركردنەوە و پێڕاگەیاندن لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی و سایت و پەیج و پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە هیچ شێوەیەك بە پێڕاگەیاندنی یاسایی دانانرێت و
هیچ بنەماو پاڵپشتییەكی یاسایی نییە.

 بۆ بەڕێزان :

– سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

– سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

– سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان

– سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان

– کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان

– رێکخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەکان

خوێندنەوەیەکی یاسایی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
بۆ بڕیارێکی نایاسایی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێڕاگەیاندنەوە (التبلیغ)
 

پاش رێز و سڵاو

سەبارەت بە بڕیاری ژمارە(5309)ی تایبەت بە پێڕاگەیاندن(التبلیغ)، کە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی (22-02-2023)دا، ئاڕاستەی رێكخراوە ناحکومییەكانی هەرێمی كوردستانى كردووە، ئەم چەند سەرنجەمان دەخەینەروو:

1- لە هیچ ماددەو بڕگەیەكی یاسای ژمارە(1)ی ساڵی 2011 یاسای رێكخراوە ناحكومیيەكانی هەرێمی كوردستان-عێراقدا بابەتی پێڕاگەیاندنی رێكنەخستووە و باسنەكراوە، هەربۆیە لە حاڵەتی نەبوونی بڕگەو ماددەی تایبەت لەناو یاساكەدا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەما گشتییەكانی پێڕاگەیاندن
لە هەردوو یاسای دادبینی شارستانی و یاسای داواكاری گشتی بۆ حاڵەتی ناردنی هۆشداری (الإنذار).

2- بابەتی پێڕاگەیاندنی دادوەری، بە شێوەیەکی ورد لە ماددەکانی (13 تا 29)ی یاسای دادبینی شارستانی یاسای ژمارە(83)ی ساڵی 1969ی بەركار لە هەرێمی كوردستاندا ڕێكخراوە، هەربۆیە
لە حاڵەتی بوونی داوای یاسایی لە دژی رێكخراوێکی ناحکومی لەلایەن فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانەوە پێویستە لەسەر فەرمانگە پەنابەرێتە بەر گرتنەبەری ئەو ڕێكارانەی لە یاسای دابینی شارستانیدا هاتوون، بەم پێیەش بە هیچ جۆرێك ناكرێت خودی فەرمانگە خۆی پێڕاگەیاندنی دادوەری ئەنجام بدات.

3- لە حاڵەتی ئاڕاستەكردنی هۆشداری (الإنذار) لەلایەن فەرمانگەی رێكخراوەكانەوە بۆ رێكخراوێكی دیاریكراو، پێویستە لە رێگای دادنوس(كاتب عدل)ەوە ئەو هۆشدارییە بنێردرێت بۆ رێكخراوەکە نەك راستەوخۆ لەلایەن فەرمانگەی رێكخراوەكان خۆیەوە بنێردرێت، حوكمەكانی ئەوەش بە گوێرەی یاسای دادنوسان ژمارە(27)ی ساڵی 1977ی بەركار لە هەرێمی كوردستاندا رێكخراوە، واتە لەم حاڵەتەشدا فەرمانگە ناتوانێت پێڕاگەیاندنی فەرمی ئەنجام بدات، چونکە هەر پێڕاگەیاندن و ئاگاداركردنەوەو هۆشدارییەك لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان بگیرێتەبەر ئەوە بە باتڵ و هەڵوەشاوە و نەبوو دادەنرێت و تەنانەت رێكارەكانی دوای خۆشی پوچەڵدەكاتەوە .

4- ئەگەر مەبەست لە پێڕاگەیاندنی نوسراوی فەرمانگە ئەو بریارە كارگێڕیانە بێت كە فەرمانگە بەرامبەر بە رێكخراوەكان یاخود رێكخراوێكی دیاریكراو دەری دەكات، لەو بارەدا پێویستە فەرمانگەی رێكخراوەكان فەرمانبەری تایبەتمەند بۆ بەجێگەیاندنی رێکاری پێڕاگەیاندن دابنێت، كە كار و ئەرکی تەنها پێڕاگەیاندن بێت، ئەویش بەو رێكارە دەبێت كە ئەو فەرمانبەرە تایبەتمەندە سەردانی ئۆفیسی رێكخراوەکە بكات و واژۆی كەسی مەبەستدار بە پێڕاگەیاندن وەربگرێت، ئەوکات ئەو رێكخراوە
بە پێڕاگەیەندراوی ئەو بریارەی فەرمانگە دادەنرێت. تەنانەت ئەگەر لەبارێكدا رێكخراوێک ئۆفیسی نەبوو پێویستە ئەو فەرمانبەرە سەردانی شوێنی كاری كەسەكە بكات، خۆ ئەگەر كەسی مەبەستدار
بە پێڕاگەیاندنەکە ئامادەنەبوو واژۆ لەسەر پێڕاگەیاندنەكە بكات ئەوا دەبێت فەرمانبەرەكە شەرح و روونکردنەوەیەك بنوسێت و ئاماژە بەوە بكات كە ئەو كەسە ئامادە نەبووە واژۆ بكات، لەو حاڵەتەدا رێکخراوەکە بە پێڕاگەیەندراو دادەنرێت و رێكارەكە یاسایی دەبێت.

5- سەبارەت بە ئاگاداركردنەوەی فەرمانگە بۆ رێكخراوەكان لە رێگاكانی(سایتی فەرمی فەرمانگە، پێگەی كۆمەڵایەتی فەرمانگە لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیس بووك، تۆڕی پەیوەندی واتس ئەپ)، وەک
لە بڕیارەکەی فەرمانگەدا هاتووە، کە گوایە رێكخراوەکە لەم حاڵەتانەدا بە ئاگاداركراو یاخود پێڕاگەیەندراو دادەنرێت، یاسا بەرکارەکان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە ئەم شێوازە لە تەبلیغ نایاساییە چونكە ئاگاداركردنەوە لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی و سایت و پەیج و پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە هیچ شێوەیەك بە پێڕاگەیاندنی یاسایی دانانرێت و هیچ بنەماو پاڵپشتییەكی یاسایی نییە.

6- سەبارەت بە ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی پێڕاگەیاندن، دروست وەهایە فەرمانگە رەخنە لە خۆی بگرێت بەوەی لە سەرەتای دروستبوونی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان تا ئێستا نەیتوانیوە سەرجەم زانیارییەکانی ڕێکخراوە تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی (داتا بەیس)ێکدا کۆبکاتەوە، کە سەرجەم زانیارییەکانی ڕێکخراوە تۆمارکراوەکان لە خۆبگرێت و لە حاڵەتی پێویستدا بە ئاسانی بەردەست بخرێت.

ئێمە وەک فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەرچواندنی ئەم بڕیارە و هاوشێوەکانی لەلایەن فەرمانگەوە بە مایەی نیگەرانی خۆمان و خەمخۆران و هەوادارانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەزانین و دەچێتە خانەی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەوە و بە هەوڵێكی مەترسیداری دەزانین بۆ لاوازكردن و بەرتەسکكردنەوەی مەودای كاری رێكخراوەیی لە هەرێمی كوردستاندا، هاوکات دژ و پێچەوانەشە بەو بەرنامە چاکسازییەی کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکات.

هاوکات هیواخوازین فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بەزوترین كات بریاربدەن بە راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نایاساییە، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی فەرمانگە لەسەر ئەم پێودانگە نەخوازراوە، ناچاردەبین سەرجەم رێكارە پەیڕەویی و یاسایی و مەدەنی و دیبلۆماسییەكان بگرینەبەر.

                                          فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی

                                     5/3/2023 

هاوپێچ:
– دەقی بڕیارەکەی فەرمانگە لە بارەی پێڕاگەیاندن