رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گردبوونەوەیەک لە هەڵەبجە رێکدەخرێت لە دژی تێکدانی ژینگەی کوردستان بە چەکی کیمیایی

Facebook
Twitter
LinkedIn

رۆژی سێ شەممە رێککەوتی (٢٥/١٠/٢٠٢٢) رێکخراوی ئازادبوون هاوشانی دەیان چالاکوانان و بەشێک لە ڕێکخراوەکان و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، لە شاری هەڵبجەی شەهید و لەبەردەم مۆنۆمێنتی شارەکە بە خوێندنەوەی بەیانێک بەشداریکردن لە گردوونەوەیەک دژی بەکار هێنانی چەکی کیمیایی و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە.

چالاکوانان لە گردبوونەوەکەدا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد گوشارەکان بۆ رێگرییکردن لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر توركیا زیادبکەن و ڕێگریی لێبکرێت.

دەقی بەیاننامەی رێکخراوی ئازدبوون کە لەلایەن بەرێز (جیهاد محەمەد) رێکخەری دەستەی گشتی رێکخراوی ئازادبوون خوێندرایەوە:

ئامادەبوونی بەرێز

بەناوی ڕێکخراوی ئازادبوونەوە پشتیوانی خۆمان لەم هەوڵە مەدەنییە رادەگەیەنین و بەدەنگێکی بڵند دەڵێین: بۆیە لێرەین بۆئەوەی بە دەوڵەتی تورکیا و هەموو دەوڵەتە شەڕەنگێز و دژەمرۆیانە بڵێن نا بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی و زەبروزەنگ و تاوانى کۆکوژیی.

 ئەم کۆبوونەوەیە لە هەڵەبجەدا پەیامێکی گرنگی هەیە، چونکە هەڵەبجە شوناسی مانەوەى قوربانیی و شەرمەزاریی دکتاتۆرەکانە، هەڵەبجە بەچەکی کیمیایی بۆمبارانکراوە و جگەلە مەزارگەی شەهیدان و ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی دەوروبەری شارەکە، بە هەزاران مرۆڤی برینداری گازی خەردەل وسیانیدیش لەم شارەدا بەدەم ئازارەکانیانەوە رۆژگار بەرێدەکەن. بەڵام تاوانبارانی ریسوابوون و هەڵەبجەییەکان و کوردەکان هەرماون و دەمێنن. ئەم گردبوونەوەیە بەتەنیا شەرمەزارکردنى دەوڵەتی تورکیا نیە بەڵکو پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی دژی چەکی کیمیایی. داوایەکی هەڵەبجەو خەڵکی کوردستانە هەتا رێگربن لەم تاوانکارییەو چیدی رێگەنەدەن مرۆڤایەتی بەتاوانی دیکتاتۆرەکان ئابروشکاوبێت.

بەپێی ئەو راپۆرت و بەڵگە ڤیدیۆیانەی بڵاو بوونەتەوە سوپای تورکیا دەستی بردووە بۆ بەکارهێنانی گازی کیمیایی و هەتا ئێستا چەندین جار چەکی کیمیایی لە پەلامارە بەربەرییەکانى لەدژی گەریلا لە کوردستان بەکارهێناوە. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دووجار تاوانە جارێک بەوەی لەسەرئاستی نێودەوڵەتی تاوانەو جارێکی تریش بەوەی سنوری وڵاتی عێراقی بەزاندووەو لەوڵاتێکی تر چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.

 ڕاپۆرتی یەکێتی نێونەتەوەیی پزیشکانی دژ بەجەنگی ئەتۆمی (IPPNW) ، کە لەم مانگەدا بڵاویانکردەوە بەو ڤیدیۆ و دیمەنانەى گەریلاکاندا، کە بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بوون سەلمێندراوە.

لێرەوە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە چیدی ڕێگەنەدات دەوڵەتی تورکیا، عێراق و بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان بکاتە شوێنی تاوانی نێودەوڵەتیی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، چونکە جگەلەوەی تاوانەکە مرۆڤ و گیانلەبەران قڕدەکات، ئەوا ئیکۆسیستمی ناوچەکەش خاپوردەکات. ئەرکی دەوڵەتی عێراقە وەک ئەندامێکى ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ بەرلێگرتن و قەدەغەکردنى چەکى کیمیایی (OPCW) رێکاری یاسایی و سیاسی بگرێتە بەر و داوا لەو ڕێکخراوە بکات کۆمیتەى گەڕان و ئاشکراکردنى ڕاستییەکان بۆ ئەم تاوانە دابمەزرێنێت.

ئێستا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەکوردستاندا لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەگومان و تەمومژ تێپەڕیوە، بەڵکو بەچەندین بەڵگەی ڤیدیۆیی ئەو هێرشە کیمیاییانەی سوپای تورکیاى سەلماندووە، شێوازی گیان لەدەستدانی گەریلایانى ئازادیخواز دەریدەخەن کە چۆن بە چەکى کیمیایی تێکدەچن و دواتر بەشێوەیەکی تراژیدی گیان دەبەخشن.

ئەم تاوانانەی دەوڵەتی تورکیا هەتا سەر بۆی ناچنەسەر، بەڵکو هەرئیستا چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی سەرقاڵی ئاشکراکردنین و دواجار بەراپۆرت دەیدەن بەپەرلەمانی ئەوروپا، سەرئەنجام ئەم تاوانانە، هەر بەرۆکی تورکیا ناگرنەوە بەڵکو ڕێکخراوی ناتۆو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەخاتە ژێرپرسیارەوە.

لێرەوە داوا لەدەوڵەتی عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بەئەرکی یاسایی و ئەخلاقى خۆیان هەستن و چیدی رێگە نەدەن، کە کوردستان ببێتە تاقیگەی چەکە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەپێچەوانەوە بەرپرسیارێتی مێژووییان دەکەوێتە ئەستۆ.

رێکخراوی ئازادبوون

٢٥/١٠/٢٠٢