رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەرپرسانی شاری بریستڵ دادگایی شکێنەرانی پەیکەری ئێدوارد کۆڵستن دەکەن

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

بەرپرسانی شاری بریستڵی وڵاتی ئینگلتەرا، داوای فەرمییان لە دژی ئەو کەسانە تۆمار کردووە، کە پەیکەری ئێدوارد کۆڵستنی گەورە بازرگانی کۆیلەیان شکاندبوو. لە دوای تۆمارکردنی داواکارییەکەیشەوە، هێزەکانی پۆلیس ڕاستەوخۆ دەستیان کردووە بە بەدواداچوون و وێنەی چەند کەسێکیان وەک تاوانباری ڕووداوەکە بڵاو کردووەتەوە. داوایشیان لەو کەسانە کردووە کە سەردانی دەزگای پۆلیس بکەن، تا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەم ڕووداوە درێژەپێدەری ئەو زنجیرە ڕووداوانەیە، کە لە دوای کوشتنی جۆرج فلۆیدی ڕەشپێست لە لایەن پۆلیسێکەوە لە ئەمەریکا دروست بوون؛ دانیشتوانی شاری بریستڵ  دوای ڕووداوەکە، دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و شکاندنی پەیکەرەکەی ئێدوارد کۆڵستنیش کە لە نزیک کەناری شارەکە بوو، چالاکییەکی خۆپیشاندەران بوو.

شایەنی باسە شکاندنی ئەم پەیکەرە، بابەتێکی تازە نییە. دانیشتوانی شارەکە چەندین ساڵە داوای لابردنی پەیکەرەکە دەکەن و کەمپینی بۆ ڕێک دەخەن. ئێدوارد کۆڵستن، بازرگانێکی گەورەی کۆیلە بووە، کە بەرپرس بووە لە گواستنەوە و بە زۆر ڕاپێچکردنی نزیکەی ٨٤٠٠٠ کۆیلەی ژن، منداڵ و پیاو لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە، بۆ وڵاتانی کاریبی و ئەمەریکا، کە  نزیکی ٢٠٠٠٠ کەس لەو ئەفریقییانە، لە کاتی ڕاپێچکردنیاندا گیانیان لە دەست داوە.

ئاشکرایە کە ئەو داواکارییەی لە لایەن دەزگای پۆلیسی ئەیڤن و سەمەرسێتەوە ئاڕاستەی ئەو کەسانە کراوە کە وێنەکانیان بڵاو بووەتەوە، هیچ نیازی ئەوەی لە پشت نییە کە دوای بانگکردنیان ئازاد بکرێن و نەگیرێن. ڕاستەوخۆ دوای لێدوانەکەی پۆلیس، ڕێکخراوی خاچی ڕەشی ئەنارشیستەکانی بریستڵ نامەیەکیان بۆ پەیکەرشکێنەکان بڵاو کردووەتەوە:

”چەند ئامۆژگارییەک بۆ ئەوانەی کە پەیکەرەکەی کۆڵستنیان شکاندووە:

هەر بژین! کارێکی باشتان کردووە.

مەترسن، سەرچاوەکانی پۆلیس سنووردارن و مەهێڵن بتانترسێنن و لە یەکتر دوورتان بخەنەوە.

لە کۆکردنەوەی زانیاریدا یارمەتییان مەدەن؛ ئیتر لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بێت، یان بە تەلەفۆن و تەنانەت نزیک تەلەفۆنیش زانیاری مەدرکێنن.

هەموو کەلوپەلەکانی ئەو ڕۆژە بفەوتێنن (جلوبەرگ، مۆبایل).

ئەگەر گیران، هیچ قسەیەک لەگەڵ هیچ پۆلیسێکدا مەکەن و ئەوان هەموو شتێک لە دژی تۆ بە کار دەهێنن. هەروەها دەتوانیت لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە مافەکانی خۆت بپارێزیت.

چەند ئامۆژگارییەک بۆ هەموو ئەوانی تر:

هیچ زانیارییەک بە دەستەوە مەدەن.

ناوی هیچ کەسێک مەدرکێنن کە وێنەکەیتان بینی. وێنەی نوێ بڵاو مەکەنەوە و هەوڵ بدەن ئەم ماوەیە لە ئینتەرنێت دوور بن.

هانی خەڵکی تریش بدە کە هەمان ئەم شتانە بکەن.

ئامادە بە بۆ هاوکاریکردنی هەر کەسێک کە پیویستی پێت بوو.

شکادنی پەیکەرەکەی کۆڵستن، باشترین چالاکییە، کە ماوەیەکی زۆر زۆرە هیچ چالاکییەک وەک ئەم باش و کاریگەر نەبووە. با هەموان پێکەوە بین تا بەسەر لێکۆڵینەوەکاندا سەر دەکەوین”.

زانیاریی زایاتر لەسەر ئێدوارد کۆڵستن و پەیکەرەکەی:

https://www.brh.org.uk/site/articles/myths-within-myths/

سەرچاوە:

http://freedomnews.org.uk/bristol-city-council-seeks-prosecution-of-slave-traders-statue-topplers