503
“لەبەردەم دادوەردا وتویانە بە كارەبا ئەشكەنجە دراون”
(درەو)
ئەشكەنجەدان و دانپێدانانی زۆرە ملێ!
كامەران عوسمان- نوێنەری (CPT)
ئەمڕۆ ٢٠ هەمین دانیشتنی دادگاییكردنی زیندانی بادینان بەڕێوەچوو. هەریەكە لە مەحمود ناجی، ئەمجەد یوسف، یوسف شەریف، كۆڤان تاریقو نێچیر بەدیع ڕوبەڕووی دادگا كرانەوەو بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ دروستكردنی گروپی چەكداری، یارمەتیدانی پەكەكەو ڕێكخستنی خۆپێشاندانی توندوتیژانە. هەر پێنج زیندانییەكەی شیلادزێ بە ماددەی ١ لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی كوردستان، بە دوو ساڵ زیندانیكردن حكومدران.
هەر پێنج زیندانییەكە، لەبەردەم دادوەردا ئاماژەیان بەوە كرد كە هەڕەشەیان لێكراوەو ئەشكەنجەدراون.
بەپێی گوتەی زیندانیانییەكان، ئەشكەنجەكان بریتی بوون لە:
- كارەبا لێدان.
- لێدان بە بۆری.
- پێداكردنی ئاوی سارد.
- لێدان بە مشتەكۆڵە.
- فشارخستنەسەر نینۆكی پەنجەی پێ.
ئیفادەی سەرجەم زیندانیەكان بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەكانیانو بەزمانی عەرەبی وەرگیراوەو زیندانیەكان ئیمزایان پێكراوە لەسەر پەڕاوی ئیفادەكانیان بەبێ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت ئیفادەكانیان بخوێننەوە. هەروەها هیچ یەك لە زیندانییەكان زمانی عەرەبی نازانن.
سیستەمی دادوەری لە كوردستاندا پێویستی بە چاكسازی سەرتاسەری هەیەو مامەڵەی ئاسایشو هێزە ئەمنییەكان لە كوردستاندا پێچەوانەی هەموو مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤو زیندانیانە.
سەرچاوە:
درەو میدیا