رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

راگەیاندراوی ڕۆژنامەوانی تیمی كوردستانی عێراقی CPT، پەیوەند بە دۆسیەی زیندانیانی بادینان

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئێمە لە تیمی کوردستانی عێراقی CPT، سەرباری پێشوازی کردن لە بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی حوکمی سزادانی هەر یەکە لە ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی سەربەخۆی بادینان”شێروان ئەمین نەعۆ (شێروان شێروانی)، گوهدار محەمەد ئەمین (گوهدار زێباری)، ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید” لە شەش ساڵ زیندانیکردنەوە بۆ دوو ساڵ و چوار مانگ، لەڕێگەی ئەم ڕاگەیاندراوە ڕژنامەوانییەوە چەند نیگەرانی و سەرنجێک لەسەر دۆسیەی زیندانیانی بادینان بەگشتی و بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بە تایبەتی ڕادەگەیەنین.

ئێمە چاوەڕوان بووین بڕیارەکەی ٢٢ی شوباتی سەرۆکایەتی هەرێم، کە لە ٢٣ی شوباتدا بڵاوکرایەوە، تۆمەتەکانی سەر ڕۆژنامەوان و چالاکوانە زیندانیکراوەکانی بادینان هەڵبگرێت و دەستبەجێ بڕیاری ئازادکردن و قەرەبوکرنەوەیان بۆ دەربکات. لە هەمانکاتدا، دەبوایە ئەو بڕیارە بۆسەرجەم ڕۆژانامەوان و چالاکوانە زیندانییەکانی بادینان دەربکرایە، چونکە دۆسیەی زیندانیانی بادینان یەک دۆسیەیە و هەموو کەیسەکان پەیوەستن بە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕێکخستنی خۆپێشاندان و چالاکی مەدەنیانە لە دەڤەری بادینان و سەرجەمی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەوانانە لە ماوەی ٦ مانگدا دەستگیرکراون. وە بە پشت بەستن بە چاودێریکردنی ١٧ دانیشتنی دادگاییکردنی دۆسیەی زیندانیانی بادینان، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، جەخت لە نەبوونی بەڵگەی پێویست لەدژی ئەو زیندانیانە و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و مامەڵەی ناشایستە بەرامبەریان دەکاتەوە.

لێرەوە ناوی ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکوانانەی بادینان ڕاگەیەنین، کە بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەریاندا جێبەجێ نابێت:

١- قارەمان شوکری، ڕۆژنامەوان-شیلادزێ. لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە دەستگیرکراوە و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی، بە ٧ ساڵ زیندانیکردن حوکمدراوە.

٢- نەزیر میکائیل ئەحمەد، چالاکوانی سیاسی- زاخۆ. لە ١١ی شوباتی ٢٠٢١ەوە دەستگیرکراوە. بە ٧ ساڵ زیندانیکردن حکومدراوە.

٣- مەسعود عەلی، چالاکوان و مامۆستا- دهۆک. لە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە. بە ٣ ساڵ و نیو زیندانیکردن حکومدراوە.

٤- شێروان تەها ئەمین، چالاکوان و مامۆستای زانکۆ- دهۆک. لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە. بە ٢ ساڵ و نیو زیندانیکردن حوکمدراوە.

سەرباری حکومدانی ١٩ چالاکوان و ڕۆژنامەوانی بادینان، و سەلماندنی بێتاوانی چالاکوانێک لەدوای ساڵێک و دوو مانگ دەستگیرکردن و بەڕێوەچوون پێنج پڕۆسەی دادگاییکردن بە ناوی “عامر خالید عەگید” و ئازادکردنی ٢٦ چالاکوانی تری بادینان لە دوای ساڵێک لە دەستبەسەرکردن بەبێ بەڕێوەچوونی هیچ پڕۆسەیەکی دادگاییکردن، لە ئێستادا پێنج چالاکوانی تری بادینان کە خەڵکی شیلادزێن و ماوەی ساڵیک و دوو مانگە لە زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێردا ڕاگیراون بەبێ ئەوەی دادگایی کرابن و یاخود ڕۆژی دادگاییکردنیان دیاریکرابێت. ئەو چالاکوانانەش بریتین لە:

١- مەحموود ناجی ئەحمەد، چالاکوانی مەدەنی- شیلادزێ. لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە.

٢- کۆڤان تاریق جوبرائیل، چالاکوانی مەدەنی- شیلادزێ. لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە.

٣- یوسف شەریف ئیبراهیم، چالاکوانی مەدەنی- شیلادزێ. لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە.

٤- ئەمجەد ڕێکانی، چالاکوانی مەدەنی- شیلادزێ. لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢ەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە.

٥- نێچیرڤان بەدیع، چالاکوانی مەدەنی- شیلادزێ. لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢ەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە.

یەکێکی تر لەو چالاکوانانەی بادینان کە لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە و بڕیار وابوو لە ڕۆژی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا دادگایی بکرێت، بەڵام دادگاییکردنەکەی بۆڕۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢ دواخرا، بێریڤان ئەیوب حەسەن’ە کە دایکی پێنج منداڵەوە ١٦ مانگە لە زینداندایە بەبێ ئەوەی دادگایی کرابێت.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، داوای هەڵگرتنی تەواوی تۆمەتەکانی سەر زیندانیانی بادینان و دەستبەجێ ئازادکردنی هەموو ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکوانانەی بادینان دەکات لە ٨ی ئابی ٢٠٢٠ەوە تاوەکو ١١ی شوباتی ٢٠٢١ دەستگیرکراون. سەربەخۆیی دادگاکان و دادپەروەری دادوەران بنەمای سەرەکی بنیاتنانی هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی خوازە. ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری میدیایی ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتدارانە.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT

٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢