رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سەراب (وەهم لە فەلسەفە و ئەدەبیاتدا)

Facebook
Twitter
LinkedIn

کتێبی ئازادبوون ژمارە (١٥)

سەراب (وەهم لە فەلسەفە و ئەدەبیاتدا)

نووسین: هاوار محەمەد

لە پێشەکیی نووسەرەوە:

     ئەم كتێبە لە پێنج وتارى مامناوەند و درێژ پێكهاتووە، لە یەكەمیاندا ڕەخنەى ئایدیاى ئەسڵ كراوە، بە تایبەت لە تیۆرى ئەفلاتوونیدا، كە چەمكى زڕەوێنە لە سەردەمى مۆدێرنەدا هەڵى دەوەشێنێتەوە. دووەمیان ڕەخنەى ئایدیاى نێرینەییـە لە فەلسەفەدا وەك هەژموونى حەقیقەت و فالووس لەسەر سێبەر و مێینە، سەراب هەڵى دەوەشێنێتەوە. سێیەمیان تەرخانكراوە بۆ ڕەخنەى ئایدیاى حەقیقەت كە لە نەهیلیزمدا دەكەوێتە هەلاكەت. چوارەمیان ڕەخنەى مانایە وەك پێگەیەكى سەروو-جیهانى و گێڕانەوەیەتى بۆ نێو جیهانێكى پاش-نیهیلیستى، پێنجەم ڕەخنەى باوكـە لە دەروونشیكاریدا كە كوڕ لەسەر هێڵى هەڵهاتن لێى جیا دەبێتەوە. بە گشتیش سەرجەمى كارەكان ڕەخنەن لە “ئەسڵخوازى” [هاوماناكانى وەکوو بنەڕەتخوازى، بناژۆخوازى، سەلەفییەت، یەكایەتى، باوكایەتى] لە ئاستە فەلسەفییەكەیدا. واتە پێش هەموو شتێك هەڵوەشاندنەوەى فەندەمێنتاڵیزمە لەنێو فەلسەفەدا و ئینجا لە كایەكانى تردا، لەوانە: ئەدەبیات.

     گرنگى باسەكانى ئەم كتێبە و كتێبەكانى تر بۆ دنیاى ئێمە چین؟ نووسەر ناتوانێت خۆى ئەمە دیارى بكات. كتێب پەیوەستە بە شێوازى بەركەوتنى دنیا ڕۆشنبیرییەكە و بەرهەمەكانەوە؛ هەروەها بە شێوازى بەركەوتنى خوێنەرەوە لەگەڵیاندا. بە گشتی لە دنیاى ئێمەدا هیچ شتێكى گرنگ لەم بەركەوتنانەوە ڕوو نادات، لەبەر ئەوە نا كە كتێبەكان پەیوەندییان بە دنیاى ئێمەوە نییە، ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت دنیاى ئێمە پەیوەندییەكى پتەوى بە كتێبـەوە، واتە بە میراتى “نووسراو”ەوە نییە. نووسین گەرچى بۆ یەكەمجار لە شارستانیى سۆمەر و ناوچەكانى ژیانى ئێمەدا سەرهەڵدەدات، بەڵام لە دواى ئەوەى ئەو شارستانێتییە دێرینە ئاوا دەبێت، كولتوورى نووسینیش لەگەڵیدا پاشەكشە دەكات. لەو كاتەیشەوە كە كورد وەك كۆمەڵە خەڵكێكى شوناسدار [نەتەوە] ناسراوەتەوە، پەیوەندیى ژیاریى خۆى لەسەر كتێب دانەڕشتووە. زۆربەى حیكایەت، داستان، بیركردنەوە، زانست، دنیابینى، ڕێسا، نەزمى بەڕێوەبردنەكانى تۆمار نەكراون. بۆ نموونە ئەردەڵانییەكان نزیكەى حەوتسەد ساڵ لە ناوچەیەكى بەرفراوانى كوردستاندا حكومیان كردووە، بەڵام شوێنەوارى هونەرى، ئەدەبى، فەلسەفى، زانستى، بیناسازى، فەلەكناسى، تەكنۆلۆژییان بەراورد بە ماوەى حوكم و دەسەڵاتدارییان كەم و ناچیزە.