رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کێشەى فۆرم و ناوەڕۆک

Facebook
Twitter
LinkedIn

کتێبی ئازادبوون (٨)

کێشەى فۆرم و ناوەڕۆک

نووسینی: وەلید عومەر

کورتەیەک لە کتێبەکەوە:

کێشەى فۆرم و ناوەڕۆک, لاى ئێمە پتر کێشەیەکى ڕاگوزەرى ئەدەبى-هونەرى بووە و کەمتر وەک کێشەیەکى فیکرى و فەلسەفى وەرگیراوە. واتە تەنیا شیعر و هەندێجار تابلۆ و بەتایبەتییش شیعرى کلاسیک(و ڕۆمانتیک و هتد) خراوەتە بەردەم پۆڵێنى فۆرم و ناوەڕۆک. ئەمە لەکاتێکدا کە فۆرم و ناوەڕۆک دوو کاتیگۆریى گەورەترن و دەتوانین بیانبەستینەوە بە واقیع و تەنانەت بوون و جیهانیشەوە. کێشەکە ئاڵۆزە و لە تواناى نوسینێکى بچوک و سەرەتایى و پەرتەوازەى وەک ئەم نوسینە بەدەرە, بەڵام ڕەنگە جووڵاندنیشى هەندێک بەرچاوڕوونیى تیا بێت بۆ پیاچوونەوە بە کۆمەڵێک پرسى ئەمڕۆدا. واتە دەتوانین لە دوو چەمکى گشتییەوە بەرەو کۆمەڵێک باسوخواسى بەشەکى بڕۆین کە لەمڕۆدا جێى ئاوڕدانەوەن وەک: کێشەى واقیع و فەنتازیا, هەڵبەزودابەزى ئەدەب و هونەر و فەلسەفە, شوناس و شار و فەزاى مەجازى, دیاردەى سینەما, پەیوەندیى نێوان مرۆڤ و مرۆڤ, مرۆڤى کورد و چواردەور, کێشەى خێرایى و چەندین باسى تر. کێشەى فۆرم و ناوەڕۆک, زۆر کایە دەبڕێت, ئیدى لە ئەدەب و فەلسەفەوە بیگرە تا هونەر و سینەما و ئابورى و گیانەوەنارسى و زانست(بیرکارى) و کۆمپیوتەر و هتد.

کە باسى فۆرم و ناوەڕۆک دەکرێت, یەکسەر وێنەیەک لە زەینماندا بێداردەبێتەوە: دوو شت لە یەکتر پێچراون, گوایە ڕووى دەرەوەى بریتییە لە فۆرمەکە و ئەوەى پشتیشى بریتییە لە ناوەڕۆک. واتە فۆرم ڕووى دەرەوەیە و ناوەوەش ناوەڕۆکەکەیەتى(لە وشە کوردییەکەدا بە وشەى ناو+ ـەڕۆک ڕاستەوخۆ گوزارشت لە دووەمیان کراوە). ئێمە ناتوانین لە یەک جێگادا پێنایەسەکى ناو فەرهەنگ بۆ فۆرم و ناوەڕۆک دانێین, بۆیە تەنیا خۆمان لە هەندێ دیوى کێشەکە دەخشێنین تا پێناسەکە بەشێوەیەکى پاشەوپاش و ڕیترۆئەکتیڤ خۆى بخولقێت. یان لانیکەم وێنایەک لەسەر کێشەکە درووستکات و شتانێک بخەینە سەر نوسینەکە کە دەکەوێتە دەرەوەیەوە. فۆرم و ناوەڕۆک, هەردووکیان سەر بە جیهانى مرۆڤ و چواردەورەکەین, جیهان خۆى ئەو ماتەوزەیەیە کە ببێتە ناوەڕۆک و فۆرمیش ئەو زمانەیە .کە بەشێکى مرۆڤ خۆى دایدەهێنێت بۆ گەیاندن و دەرخستن و مانیفێستبوونى ئەو ناوەڕۆکانە