رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کێشەی تەکنەلۆژیا

Facebook
Twitter
LinkedIn

کتێبی ئازادبوون ژمارە (٦)

کێشەی تەکنەلۆژیا

نووسینی: وەلید عومەر

کورتەیەک لە کتێبەکەوە:

بەرکەوتنى ئێمە بە تەکنۆلۆژیا, دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى پێشوو: ئەویش لەڕێگەى قەوان و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و تەلەفۆنى ئاساییەوە. هەریەک لەو ئامێرانەش, لە کات و ساتى خۆیدا شۆکى خۆى درووستکردووە و ئەم شۆکانە لەڕێگەى نوکتەوە دەگەنە ئێمە. یان لە قۆناغى دواتردا, بەرکەوتنى ئێمە بە مۆبایل, دونیایەک کێشەى کۆمەڵایەتى دەخولقێنێت و لە هەندێ باریشدا کۆمیدیایەکى کۆمەڵایەتیى گەورە درووستدەکات. تەکنۆلۆژیا وەک ئامراز لەسەرەتاوە نە ئەرێنییە و نە نەرێنییش, بەڵکو بەشێوەى پاشەوپاش و ڕیترۆئەکتیڤ بوار بۆ خۆى دەکاتەوە و هەندێک دیاردە هەڵدەگرێت و هەندێکى تریش دادەهێنێت و شتانێکیش لە دۆخێکى بەرزەخى و هەڵپەسێراودا ڕادەگرێت. ئامرازەکان سەرەتا کە دادەبەزنە ناو پانتایى ڕەمزى و کۆمەڵایەتى, ئەوا دەبێت وەک ڕەهەندى ماشێنى جێى خۆیان لە کەلتوردا بکەنەوە. کە جێى خۆیشیان دەکەنەوە, ئیدى بەجۆرێک لەگەڵ دیاردە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا تێهەڵکێشدەبن کە ڕووى مرۆیى وەردەگرن. ژاک لاکان خۆى پانتایى ڕەمزیى مرۆڤەکانى وەک «ماشێن»ێک پێناسەدەکرد کە نا-کەسی‌(im-personal)یە و کەسەکانیش مانا و وەڵام و ئارەزووى خۆیانى لێوە درووستدەکەن. تەکنۆلۆژیا گەرچى لەسەرەتادا ڕوویەکى ناڕەمزى و نامرۆیى و نەڕەمزێنراوى هەیە, بەڵام کە دێتە ناو پانتاییە کۆمەڵایەتییەکانەوە, دەڕەمزێنرێت و بەر دابەشکارى و ناونان و پۆڵێنە مرۆییەکان دەکەوێت و پاشان مێژووى خۆى درووستدەکات. بەم پێیە, و پاش هاتنى ئامرازەکان, ئیدى تەکنۆلۆژیا چەندە کاریگەریى نەرێنییشى هەبێت کەچى پاش تێپەڕینى کات وەڵامێکى ئەرێنیى وەرگرتووە و خۆیشى جۆرێک لە ئەرێنیبوونى تێدایە. هەر ئەوەى کە پانتایى کۆمەڵایەتى, جێیەک بۆ ئامرازەکان دەکاتەوە خۆى دەلالەتە لە قبوڵکردنى پانتاییەکە بە ڕووى ماشێندا. بەم پێیە, ماشێنەکان نامۆى ڕەها نین و بە پرۆسەیەکى ئاشنابوونەوەدا تێدەپەڕن. ئەم ئاشنابوونە لانیکەم لە دوو ئاستدایە: یەکیان پێگەى خۆڕسکاى ماشێن خۆیەتى کە دێت و بەر پانتایى کۆمەڵگاکان دەکەوێت. دووەمیش, دەکرێت تۆ داهێنەر و درووستکەرى ئەو ئامرازانە نەبیت بەڵام دیسان دەچیتە پەیوەندییەکى ئاشنابوونەوە لەگەڵیدا. پێموایە یەکەمین هەنگاوى بەڕەمزیبوونەوە و دەستەمۆبوونى ئامرازەکان لە کۆمەڵگادا لەوێوە دێت کە مرۆڤەکان وەک ئامراز وەریاندەگرن. واتە سەرەتا بە نیەتى ئامرازبوون تەکنۆلۆژیا وەردەگرن و ئەم نیەتەش خۆى دەروازەیەکە تا تەکنۆلۆژیا بێتە ناو کەلتورى مرۆییەوە.