رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کێشەى تاک

Facebook
Twitter
LinkedIn

کتێبی ئازادبوون (٤)

کێشەى تاک

نووسینی: وەلید عومەر

کورتەیەک لە کتێبەکەوە:

تاکێتى و تاکگەرایی, پێشوەخت مشتومڕێکى بنەڕەتیى تیۆرییە نەک ئەو وێنا کورتکەرەوەیەى دونیاى ئێمە وا تاکێتى بە یەک هەڵهاتن لە یەک دادەنێت. ئاشکرایە لەو ڕووەوە مرۆڤ بەتەنیا لەدایکدەبێت, بەتەنیا نان دەخوات, بەتەنیا خەون دەبینێت و فەنتازیا لێدەدات, بەتەنیاش دەمرێت. ئەگەرى هەیە ئەم زەینیەتە بشڵێت: مرۆڤ هەیە بە جمک لەدایکدەبێت, بەکۆمەڵ ناندەخوات, لە خەوندا ئەوانیترى لەگەڵە و جاریش هەیە بەکۆمەڵ دەمرێت. بەڵام لەڕاستییدا ئەم ڕاکێشانە, بەرەنجامى هەمان زەینى چەندایەتییە لە ئاستە ساکارەکەیدا (نەک چەندایەتى بە مانا مۆدێرنە زانستگەراییەکەى). ڕەنگە جۆرە تاکگەراییەک وابکات هەندێک لەم کردارە ڕۆژانەییە بەشێوەى تاکبوونەوەیەکى فیزیکى ڕووبدات, بەڵام کێشەى تاک لەبنەڕەتدا تێڕامانە لە پەیوەندیى تیۆریى نێوان تاک و تاک, یان تاک و کۆ, یان تێپەڕین بۆ ئەودیوى تاک و کۆ, یاخود سیاسییتر: تاک و دەوڵەت چ جۆرە پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە؟ كە باسى تاک و تاکگەرایى دەکەین, یەکسەر وێنەیەک لە زەینماندا ئامادەدەبێت: هەڵهاتن لەوانیتر, خۆخزاندنە نێو گۆشەیەکەوە, دەرهێنانى کەسێک لە قەرەباڵغییەک و قرتاندنى دەزووە کۆمەڵایەتییەکانى بەو قەرەباڵغییەوە. بەڵام ئاخۆ گەر کەسێک لە قەرەباڵغى دەرچێت و لە سووچێکدا بەتەنیا بژى, دەبێتە تاک؟ یاخود تاکبوون و تاکایەتى لەم وێنەیە ئاڵۆزترە؟ دەکرێت ئێمە تەنهاش بین و هاوکات تاک-یش نەبین؟ یاخود دەکرێت لە قەرەباڵغییدا بین و هەمان کات تاکێکیش بین؟ لە وێنە فیزیکییەکەیدا, ئەمڕۆ مرۆڤەکان بەتەنها دەبینرێن, بەتەنیا ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن, بەسەر شەقامەکاندا بەتەنیا ڕێدەکەن و هێدفۆنێکیان لەگوێیە, لە ماڵەوە بەزۆرى لە ژوورێکدان, لەپشت شاشەکانەوە هەرکەسە و سەرى بەسەر تەنیایى خۆیدا شۆڕکردووەتەوە. ئاخۆ ئەم وێنە فیزیکی و بینراوانە, بەرەنجامى تاکگەراییەکن کە دونیاى گرتووەتەوە یان پرسى تاکگەرایى و تاکێتى لەم وێنانە ئاڵۆزترن؟ ئەم نامیلکە بەرایی و تیۆرییە, تۆمارکردنى کۆمەڵێک ئایدیا و خاڵى جیاجیایە لەسەر کێشەى تاک. نامیلکەکە, توێژینەوەیەکى باوى ئەکادیمى نیە کە لەسەرەتاوە تا کۆتایى بگاتە یەک ئەنجامى یەکانگیر, یان تێزێک بکاتە دەسمایەى خۆى و بڕێک کڵێشە داڕێژێت و دیسپلینەکانى زانکۆ بەرهەمبێنێتەوە. بەپێچەوانەوە, هەڵڕژاندنى کۆمەڵێک بیرۆکەى تیۆرى و خاڵى جیاجیایە کە چەشنى کێشەى تاک لەمڕۆدا پەرتەوازەیە.

ئێستا ئەم کتێبە لە کتێبخانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستە