رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان لە گۆڕینی مۆزەخانەی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت نیگەرانن

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا لە مۆزەخانەی ئایاسۆفیای دێرینی کردە مزگەوت و بانگی ئیسلامی تێدا درا، زۆر لایەنی نێودەوڵەتی و هەرێمی نیگەرانیی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە دەربڕی و بە ڕەفتارێکی نابەجێی تری ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان دانا.

ئەم بابەتە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی پاری تورکیاوە دروست بوو (٢٠١٩). ئەندامانی ئەکەپە و بە تایبەت ڕەجەیب تەیب ئەردۆگان، گۆڕینی ئایاسۆفیایان کردبوو بە بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان. ئەکەپە حیزبێکی پارێزگارە و ئامانجیشی لە گۆڕینی ئایاسۆفیا، ئامانجێکی تاکلایەنانەیە کە تەنها لە بەرژەوەندیی بیروباوەڕی خۆی و دەنگدەرانی خۆیدا هەیە، نەک بەرژەوەندیی گشتی. هەر بۆیە لایەنە سێکۆلارەکانی تورکیا لەو کاتەوە، بەردەوام هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارەی دەسەڵات دەدەن و نایانەوێت شوێنەوارێکی بەو شێوەیە گرنگ و تەمەن ١٥٠٠ ساڵ، بۆ مەرامێکی تاک لایەنە بە کار بهێنرێت.

ئایاسۆفیا نزیکەی شەش سەدە لەمەوبەر، سەرەتا وەک کڵێسەیەک لە سەردەمی بێزەنتییەکاندا دروست کرا، دواتر کە عوسمانییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست و گۆڕیان بە مزگەوت. بەڵام دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، لە ساڵی ١٩٣٤دا ئایاسۆفیا بە فەرمی لە مزگەوتەوە گۆڕا بۆ شوێنەوارێکی مێژوویی و دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی تورکیا، پێیان وابوو کە گۆڕینی ئایاسۆفیا لە مزگەوتەوە بۆ شوێنەوارێکی مێژوویی، زیانگەیاندنە بە پاشماوەیەکی گرنگی عوسمانییەکان.

بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا، بە تایبەت ئەکەپە، ڕایەکی پێچەوانەیان هەیە و پێیان وایە کە ئایاسۆفیا پێویستە مزگەوت بێت و لە خزمەتی ئایینی ئیسلامدا بێت. ئەم سیاسەتەی ئەکەپەیش ناڕەزایەتییەکی زۆری لە دوای خۆی دروست کردووە و تەنانەت لە ئاستێکی بەرزدا مەترسیی بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا دروست کردووە لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و دراوسێیدا، بە تایبەت یۆنان و ئەمەریکا. ئەمەیش یەکەم جار نییە کە بە هۆی تێڕوانینی ئایینییەوە، تورکیا کێشە و ناکۆکیی بۆ دروست دەبێت.

وەزیری کولتووری یۆنان لێدوانێکی توندی لە دژی ئەکەپە، بە هۆی ئەم بڕیارەوە دا. ئاماژە بەوە دەدا کە دەسەڵاتدارانی تورکیا، کەسانێکی نەتەوەپەرست و ئایینیی توندڕەون. ڕێکخراوی یونسکۆیش هاتووەتە دەنگ و داوای کردووە هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن و نابێت هیچ بڕیارێکی تاکلایەنە بدرێت. دوای ئەم لێدوانانەیش، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان قسەی خۆی کرد و بە خەڵکی ڕاگەیاند کە ئەو بابەتە تایبەتە بە تورکیا و نابێت هیچ لایەنێکی دەرەکی پەیوەندیی پێوەی هەبێت. لە بەشێکی لێدوانەکەیدا دەڵێت: ”ئەوان دەوێرین پێمان بڵێن کە چی لە ئایاسۆفیا بکەین و چیی لێ نەکەین! باشە ئەوان حوکمی تورکیا دەکەن، یان ئێمە؟”

هەندێک لە ئامارەکان ئەوە دەردەخەن، کە ڕێژەی شوێنکەوتوانی ئەکەپە لە دابەزیندایە، هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی ئەو حیزبە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئایاسۆفیاوە بەشێک لە خەڵک بگەڕێننەوە لای خۆیان. ئەمەیش لە کاتێکدا کە لە سەرژمێرییەکدا دەرکەوتووە لە ٪٤٤ی خەڵک، پێیان وایە بابەتی ئایاسۆفیا تەنها بۆ دوورخستنەوەی سەرنجی خەڵکە لە دۆخی ئابووری و سیاسیی وڵاتەکە.

سەرچاوە:

https://www.arabnews.com/node/1698651/middle-east