کتێبی ئازادبوون ژمارە (٢٢)
نووسین: ژان پۆل سارتەر
وەرگــێــــڕان: شــوان ئــەحمەد
لە جیاتی پێشەکی بەشی یەکەم لە کتێبەکە
گەنجان و سیاسەت
* فەرەنسا ئەو بایەخ و گرنگیەی جاران بە سیاسەت نادات. ڕۆژنامەكان باس لەم پرسە دەكەن و بەڵگەی لە سەر دێننەوە و بەدواداچونیشی بۆدەكەن.. هاوكات دەسەڵاتداران و بەرپرسانی قۆناغەكەش (كە قۆناغی دیگۆلییە)، جەختی لێدەكەنەوە. بە بۆچوونی ئەوان ئەم پرسی (نا سیاسی بوون)ە، هەر تەنها لەوەدا بەدیناكرێت كە گەنجانی فەرەنسا لە حیزب و ئایدیۆلۆژیاكان دووردەكەنەوە، بەڵكو لەوەشدایە كە تەنانەت خۆ لە قەرەی ئایدیاكانیش نادەن. هەر بە بۆچوونی ئەوان گەنجان لە ئێستادا تەنها یەك خواوەندیان هەیە، ئەویش تەكنۆلۆژیایە و جگە لە خۆشگوزەرانیش، بیر لە هیچی دی ناكەنەوە؟
– بەر لە هەرشتێك پێویستە بزانین قسە لە بارەی كێوە دەكەین. گەر مەبەست ئەوانەبن كە لە چل ساڵی تەمەندان، ئەوا پرسێكی ئاڵۆزە. بەڵام گەر مەبەستمان گەنجان بێت، ئەوا پێویستە جیاكاری و وردبینی بكەین.
گومانی تێدا نییە شتێك لە (نا سیاسی بوون) هەیە، وەلێ نابێت دیاری بكەین ئەو نا سیاسیبوونە بۆ چ قۆناغێكە. بەدرێژایی پانزە ساڵی دوای ئازادكردنی فەرەنسا و كۆتاییهاتنی دووەم جەنگی جیهانی، هەرگیز مشتومڕ و بێنەوبەرەی سیاسی لە كزی نەداوە و خاونەبۆتەوە. سەرەتا كاردانەوە هەبوو دژ بە چوار ساڵ داگیركاریی نازیستەكان بۆ فەرەنساو هەروەها دەستێكەڵكرنی كەسانێك لەگەڵ هێزی داگیركەردا. پاشان ئەو دوو جەنگە كۆلۆنیالیستیەی لە ڤێتنام و لە جەزائیر، ئەنجامماندان. بارودۆخێكی لەوجۆرە كە ململانێیەكی كراوەو كێشەیەكی زەقوزۆپ لە خۆدەگرێت، خەڵكوخوا ناچاردەكات بەوەی هۆشیاریی سیاسیان هەبێت.
هەرچەندە وا بۆ ماوەی دوو ساڵێك دەچێت (واتە لە ساتەوەختی سەربەخۆبوونی جەزائیرەوە)، هیچ قەیرانێكی نەتەوەیی وەها لە گۆڕێدانییە كە داهاتووی وڵات بەشێوەیەكی راستەوخۆ بخاتە بەر مەترسی و ڕیسكی پێوەبكات، هەر بۆیە بە فیعلی سەرنج دەدەین لاوان وەك جاران گرنگی بە سیاسەت نادەن. بەڵام ئەمە ڕاست نییە، گەر بێتو بەراوردێك لەنێوان هەلومەرجی ئێستا و بارودۆخی پێش دووەم جەنگی جیهانی ئەنجام بدەین. زۆرێكی زۆر لەو گەنجانەی لە مڕۆدا دەیانبینم، هۆشیاری سیاسییان هەیەو ئاگاداری بارودۆخی سیاسین، هەرچەندە ئەوانە سەر بە هیچ حیزبێكیش نین، وەك ئەوەی نەوەی ئێمە وابووین. سیاسەت بۆ ئێمەومانان شتێكی دیكەبوو.
لەلایەك بۆ نموونە خەڵكانێك وەك من و وەك سیمۆن دی بۆفوار هەبوون كە لە دوورەوە بایەخیان بە سیاسەت دەدا، بەبێ ئەوەی زۆر تێیدا قوڵ ببنەوەو بیكەنە بابەتی سەرەكی ژیانیان. بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە كەسانێكی دیكە هەبوون كە حیزبی بوون (وەك كۆمۆنیستەكان و گەنجانی نیشتمانی)، یان هەوادار و لایەنگربوون. هاوكات كوڕوكاڵێكی دیكەش هەبوون (سۆسیالیست بوون)، لەبەرئەوەی باوكانیان سۆسیالیست بوون.
ئێمە هەریەكەمان سەر بە گروپێك بووین و لەنێو خۆماندا گفتوگۆ و قسە و باسمان دەكرد، بەڵام هیچ یەكێكمان _ جگە لە كۆمۆنیستەكان _، بەشێوەیەكی راست و دروست پەیمان بە كێشە سیاسیە راستەقینەكان نەبردبوو. ئەوەشی پێی دەوترا دەروەستی سیاسی، زۆرجار جگە لە دەروەستی مۆراڵی شتێكی دیكە نەبوو. تەنانەت لەسەر ئاستی رۆژنامەوانیش، گۆڕان و پێشكەوتنێكی ناوازە رویداوە. ئەوەتا رۆژنامە و هەفتەنامەكان لە مڕۆدا، خۆیان لە قەرەی كێشە ڕۆژانەییەكان دەدەن، زیاتر لەوەی كە لەڕابردوودا ڕۆژنامەكان دەیانكرد. ئێوە ڕووداوەكەی (فیۆلیت نۆزبیر)تان بیردێتەوە كە باوكی خۆی كوشت.. لە مڕۆدا زەحمەتە نكوڵی لەو ڕاستیە بكرێت كە باوكی لاقەیدەكرد.
چەند مانگێك لەمەوبەر تەلەفزیۆنێكی حكومی رێگەی بە پزیشكێكی دەروونیدا، لەبەر رۆشنایی خوشكانی (پاپان)دا، لە كێشەی ئەو خانمانە بكۆڵێتەوە كە وەك خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی لە ماڵەكاندا كاردەكەن. لەبواری سیاسیشدا دۆخەكە بەوجۆرەیە. ئەو زانیاریانەی لەمڕۆدا پێشكەش بە هاوڵاتیان دەكرێت، زۆر لەوە زیاترە كە لەرابردوودا هەبوو. تەنانەت رۆژنامە فەرمیەكانیش، لانی كەمی روونكردنەوە و شرۆڤەكارییان بەردەست دەخەن، دەربارەی كێشە سیاسی و ئابوورییە گەورەكان. بۆ نموونە ئێستا هەمووان دەزانن، بازاڕی هاوبەش چییە و چ گرنگییەكی بۆ ئابووری فەرەنسا هەیە. لە كاتێكدا بەر لە جەنگ، شتێكی وا لەگۆڕێدانەبوو.
بێئاگایی لە پرسە ئابوورییەكان لەناو خەڵكانێكی بێشوماردا، لەوپەڕیدابوو. دوای 1918 و بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە كۆرس ئەمەمان دەوتەوە: (ئەڵمانیا دەبێت زەرەر و زیانەكان بژمێرێت)، بەبێ ئەوەی هەرگیز پرسیاری ئەوەبكەین كە داخۆ توانای ئەوەی دەبێت؟ یاخود داواكاریەكانمان رێگە لەبەردەم دروستبوون و هاتنەئارای، حزبی نازیزم لەو وڵاتەدا خۆش ناكات؟
پێڕست
گەنجان و سیاسەت……………………….
((باستێل))ی ڕیمۆن ئارۆن……………………………….
ئایدیای نوێی ٦٨…………………………………..
کۆمۆنیستەکان لە شۆڕش دەترسن………………………….