رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ستایشکردنی خۆرهەڵاتناسی

Facebook
Twitter
LinkedIn

کتێبی ئازادبوون ژمارە (٢١)

نووسین: د. هــــــــاشــــــــــم ســاڵح

وەرگــێـــڕان: شــــــوان ئــــــەحـــــمــــــــــــــــــەد

دەربارەى خۆرهەڵاتناسی

بیرۆکەى ئەم نوسینە دەگەڕێتەوە بۆ خەم و خولیایەکى دێرین. خەم و خولیایەک کە دەچێتەوە نێو کۆنتێکستى عەرەبى، بە هەموو کێشە و پرسوباسەکانیەوە. ئەو مشتومڕە فیکری – ئایدیۆلۆژیەى هەر لە شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ دەرهەق بە خۆرهەڵاتناسی لە ئارەدایە، بەبەردەوامى لاى من وەها کەوتۆتەوە وەک ئەوەى گوزارشت بێت لە بەدحاڵیبوونێکى گەورە. بەشێوەیەکى تەلیسماوى و نا ڕوون لەو باوەڕەدابووم، بابەتەکە لەوە ئاڵۆزترەو کەموکورتیەک لە دید و تێڕوانینەکانیدا هەیە.

لەو بڕوایەدابووم و ئەمێستاش هەر پێموایە، بابەتەکە بە دروستى دەستى بۆ نەبراوەو پشت ئەستور نەبووە بەو بنەمایەى، پێویستوابووە پشتیان پێببەستێت. هەر بۆیە نەمانتوانیووە لەوبارەیەوە، بە دەرەنجامى بەکەڵک و یەکلاکەرەوە ڕابگەین. ئەڵبەتە مەبەستم لەم قسانەشم بەرەى عەرەبى – ئیسلامیە. ئاخر چ زیانێک بە خۆرهەڵاتناسی و (خۆرئاوا بە گشتى) ڕادەگات، گەر بێتو تاهەتایە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ، کێشمەکێشى لەگەڵدا بکەیت. بێگومان دەتدا بە زەویداو هەموو جارێک بەسەرتدا زاڵ دەبێت.

من پێموابوو ڕێگەیەکى دیکە هەیە کە زۆر بە سودترە بۆمان. تەنانەت گەر بشمانەوێت بە جۆرێکى ململانێخوازى و دووبەرەکى سەیرى دونیا بکەین، ئەوا پێویستە لەسەر لایەنى لاواز و بێهێز بۆ ئەوەى بەسەر بەهێزەکەدا سەربکەوێت، یاخود هاوشانى بێت و پێ بەپێی ئەو بڕوات، یان لانى کەم بۆئەوەى لە ڕووبەروبونەوەیدا پێگەیەکى هەبێت و شوێنگەیەک بۆخۆى بگرێت، لەسەرەتاوە پەى بەهۆکارى بەهێزی و دەسەڵاتى بەهێزەکە بەرێت و لە نهێنى سەرکەوتویی و باڵادەستێتى تێبگات.

سەرزەمینى کێبڕکێکردن ڕێکوڕاست لێرەدایە، نەک لەو ژاوەژاو و چێوخومەدابێت کە دەستبەجێ تراویلکە و نائومێدیەکى تاڵوتفتمان بۆ دەردەخات. ئەم شەڕە بەو سنگ دەڕپەڕاندنە بێمانایانە نابێت کە هەمیشە لە بەرامبەریدا، باجى قورس و گرانمان داوەو هەموو جارێکیش بەرەو ماڵوێرانى بردووین.

ڕێگەى چوونە نێو مێژوو زۆر لەوە بە پێچ و پەناترە، وەک ئەوەى مەزەندەى دەکەین. مێژوو هەروا سوک و ئاسان خۆى نادات بەدەستەوە. زۆر جاران دەبێت لە دەرگاکانى پشتەوەى، خۆمان بەژووردا بکەین و ڕەنگە بەبەردەوامیش ئەوە ڕاستبێت.

بێگومان خۆگیڤکردنەوە و شەڕى ئاشکرا لە ساوپەناى نا بەرابەرى هێزو نەبوونى هاوسەنگیدا، ڕەنگە دوایین شتبێت بەرەو چوونە نێوکایەى مێژوو بەکەڵکمان بێت و دەستگیرۆیمان بکات. پێدەچێت دوژمنانى ئێمە (عەرەب و غەیرى عەرەب)، هانمان بدەن (بە ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ)، تا ئەو شێوازە پەیڕەوبکەین بۆ بەگژداچوونەوەى مۆدێرنەو سەردەمەکەو لە هەموو جارێکیشدا بە تێکشکاوى و مایەپوچى بێینەدەر.

هەر بۆیە بۆ خاترى ئەوەى وێنەکە ڕوونتربێت، بە پێویستم زانى مافى قسەکردن بە بەرەکەى دیکە (واتە بە خۆرهەڵاتناسانیش)بدەین. بەوپێیەى پەلاماردانیان لەلایەن ئێمەوە و ڕەخنەلێگرتنمان بۆیان لە کایەى ڕۆشنبیرى عەرەبیدا بۆتە شتێکى باو و پێی ئاشناین، کەواتە بۆچى هەوڵنەدەین ڕاوبۆچونى ئەوان لەسەر بابەتەکە بزانین. بابزانین وەڵامیان بۆ ئێمە چییە و ئاستى بەرگریکردنیان لە خۆیان تاکوێیە؟

پێڕست

دەربارەی خۆرهەڵاتناسی…………………………..

ئێمە ‌و خۆرهەڵاتناسی…………………………………..

بۆچی خۆرهەڵاتناسیم خۆشدەوێت؟……………………………

خۆرهەڵاتناسی ‌و بەمێژوویكردنی كەلەپوور………………………

ستایشکردنی خۆرهەڵاتناسی………………………………………

ئایا ئێدوارد سەعید داوای لێبوردنی کرد؟………………………..

خۆرهەڵاتناسی فەرەنسی لە سەدەی بیستەمدا…………………..

كولتووری ئیسلامی قەرزارباری خۆرهەڵاتناسی ئەكادیمییە……

محەمەد ئەركۆن ‌و هەڵوێستی لە خۆرهەڵاتناسی……….

خۆرهەڵاتناسی/ خۆرئاواناسی…………………………..

مەكسیم ڕۆدنسۆن لە پاش خۆی چی جێدێڵێت؟ ……………

كێ‌ مەكسیم ڕۆدنسۆنی بیرماوە؟………………..

هێنری لۆرنس.. چاوتان لەسەر ئەم خۆرهەڵاتناسە بێت!! …..