کتێبی ئازادبوون ژمارە (١٧)
نووسین: هاوار محەمەد
لە پێشەکیی نووسەرەوە:
لە وتاری یەکەمی ئەم کتێبەدا، زەمینەسازییەکی چڕ بۆ تیۆری ئەخلاقی لای فەیلەسوفی فەرەنسیی بە ڕەگەز لیتوانی “ئیمانوێل لێڤیناس” دەکرێت. پاشخانی فەلسەفیی تیۆری ئەخلاق لای ئەرستۆ و ناوکۆییە کولتوورییە عیبری-مەسیحیەکەی لە قەشە ئاگۆستین و تۆماس ئەکواینەس و ئینجا ئەو گۆڕانەی کە لێڤیناس بەسەر ئەم ناوکۆییە مێتافیزیکییەدا دەیهێنێت، پیشان دەدرێن. پاشان تێزەکانی لێڤیناس دەخرێنە مشتومڕەوە لەگەڵ ڕوانگەکانی فرۆید، هایدێگەر، دێریدا، ئاگامبێن و ژیژەک.
ئەمەش لەبەرئەوەی بتوانم لە وتاری دواتردا ئەنفال لە ڕوانگەی تیۆری ئەخلاقییەوە شرۆڤە بکەم، کە هێندەی بزانم تا ئێستا لابەلاو ساکار نەبێت، لەم تیۆرەدا نەمانپشکنیووە.
بەڵام دواجار تیۆری ئەخلاق ناتوانێت هەموو شتێک دەربارەی ئەنفال بڵێت، بۆیە چەمکی “دەبەنگیی خراپە”ی لێڤیناس دەگەیەنم بە چەمکی “پووچێتیی خراپە”ی هانا ئارێنت و هەردوکیان لە “کالفامیی خراپە”دا کۆدەکەمەوە کە تێیدا ئەخلاق بە سنووری سیاسەت دەگات؛ ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات لە وتاری سێیەمدا ئەنفال بە تیۆری بایۆپۆلەتیکی فۆکۆ-ئاگامبێن بخوێنینەوە، بەڵام ئێمە نە دەقیق “زیندان”ی فۆکۆ و نە “کەمپ”ی ئاگامبێن ناکەین بە پارادایمی خوێندنەوەی دەسەڵاتی بەعس، بەڵکو زیندان و کەمپیش لە پەیوەندیدا بە “ئۆردوگا زۆرەملێکان”ەوە دەخوێنینەوە، هەمان ئەو موجەمەعانەی کە دەرکەوتەی پێرفێکتی “سیاسەتی دانیشتوان”ی بەعس بوون لە ناوچە کوردنشینەکاندا بۆ بەرهەمهێنانی ژیانی ڕووت یان “هۆمۆساکەر“.
وتاری کۆتاییش مشتومرێکی لێڤیناس-ئاگامبێنە دەربارەی مەرگی هوجام سوورچی و دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق وسوریا.
پێڕستی کتێبەکە:
پێشەكى
۱ـ دراوسێیەتى و عەدالەت
• فەزیڵەتێكى كامڵ
• چاكەكارى و بەخشندەیى
• ڕق لە دراوسێ
• هێى.. من لێرەم
• وەحشناسیى دراوسێ
• کەمتر لە هیچ
۲ـ ئەنفال؛ كاڵفامیى خراپە
(دەربارەى نائەخلاقیەتى بەعسیزم)
• توندوتیژى و ترانسێندنتاڵ
• نەفى وەك زەبروزەنگ
• تۆرانیەت و بەعسیزم
• کوردبێزى: ئەنفال وەك چارەسەرى یەكجارى
• بەرەنگاریى ئەخلاقى
• کاڵفامیى خراپە
۳ـ لە كەمپەوە بۆ ئۆردوگا؛
(ئەنفال وەك پیادەكردنى بایۆ-پۆلەتیكى بەعس)
• حاكمییەت و بایۆ-پۆلەتیك
• دەوڵەتخوازى و جەنگ
• ژیانى ڕووت لە دۆخى ئاوارتەدا
• زیندان و كەمپ
• هەرێمى خۆڵەمێشی:
لە ناوچەى موحەڕرەمەوە بۆ ئۆردوگا
٤ـ ژیانى ڕووت و ڕوخسارى ڕووت
(هـوجـام لـە بـــەردەم جـــــــەللاددا)
• جەللاد و كەرنەڤاڵ
• فتوا وەك یاسا
• ژیانى ڕووتى دیل
• ڕوخسارى ڕووت
•ڕوخسار لە شاشەدا