رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سێ ئەندامی حیزبولڵا دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵێکی ئاوارەی سووری

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە چەند سەرچاوەیەکی میدیای عەرەبیەوە، ڤیدیۆیەکی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵە ئاوارەیەکی سووری بڵاو کرواتەوە؛ سێ گەنجی لوبنانی، لە ناویشیاندا کوڕی یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبولڵا، پێکەوە دەستدرێژییان کردووەتە سەر منداڵێکی ١٣ ساڵی سووری و دواتریش ڤیدیۆکەیان بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کراونەتەوە لەسەر ئەم بابەتە، سێ گەنجەکە ناویان هادی قەمەر و مستەفا شەشوا و حەسەن شەشوایە. لە ناو ڤیدیۆکەدا هەر سێ گەنجەکە، دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر منداڵە ١٣ ساڵەکە. ڕاستەوخۆ لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە، چەندین هاووڵاتیی سووری و لوبنانی ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی و داوایان لە لایانە پەیوەندیدارەکان کرد کە بە زووترین کات بە دوای ئەم بابەتەدا بچن و ڕێکاری یاسایی تەواو بگرنە بەر.

خەڵکی بە چەندین جۆری جیاواز ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دەردەبڕی. زۆرترین ناڕەزایەتییەکانیش لە ناو تویتەرەوە بوون و تویتەکانی خەڵکیش بەم شێوەیە بوون: ”هەتا ئەو دڕندانە نەگیرێن، ئێمە لە بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان ناوەستین.” ”خودا لاشەی ئەوانە لە دۆزەخدا بسووتێنێت، کە ڕۆحی ئەو منداڵەیان سووتاند.” ”ئەم دەستدرێژیکەرانە پێویستە لە سێدارە بدرێن.”

دوای ئەوەی ڤیدیۆکە بڵاو دەبێتەوە، دایکی کوڕەکە ڤیدیۆکە دەبینێت و دەیەوێت داوای یاسایی لەسەر تاوانباران تۆمار بکات، بەڵام حیزبولڵا هەڕەشەی بەردەوامی لێ دەکەن کە بە هیچ جۆرێک، بە دوای ئەم بابەتەدا نەچێت. شایەنی باسە منداڵەکە دوای ئاشکرابوونی دەستدرێژییەکە بە دایکی وتووە کە ئەوە یەکەم جار نەبووە و چەندین جاری دیکەیش هەمان ڕووداوی بەسەردا هاتووە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا. تەنانەت جارێکیش لە ناو دوکانێکی گشتیدا لە لایەن حەوت پیاوەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر.

جگە لە خەڵکی ئاسایی، چەندین کەسایەتیی دیار کاردانەوەیان بۆ ئەم بابەتە هەبووە. خانمە ئەکتەری بەناوبانگی سووری، کیندا عەلوش، لە تویتێکدا دەڵێت: ”کاتێک کە قوربانییەکە منداڵە، گرنگ نابێت کە کێیە و خەڵکی کوێیە. دەبێت تاوانباران سزا بدرێن. مامەڵەکردنیش لەگەڵ تاوانباراندا، دەبێت بەپێی یاسا ئەنجام بدرێت. بە تایبەت دوای ئەوەی کە ناویان ئاشکرا بووە.”

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی گەڵف، ئەمیرە سوکەری، بەڕێوەبەری یەکێتیی چاودێریکردنی نەوجەوانان ڕای گەیاندووە، کە ڕێکاری یاسایی گیراوەتە بەر بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە و سزادانی تاوانباران. هەروەها هێزەکانی پۆلیشیش دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە. ئەمیرە ئەوەیشی ڕاگەیاندووە کە منداڵەکە لە بارێکی دەروونیی ئێجگار خراپدایە و لەجیاتیی ئەوەی کە تێبگات لەو تاوانەی بەرامبەری کراوە، وا دەزانێت کە خۆی تاوانێکی ئەنجام داوە.

لە ئەنجامی دواین لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسیشدا، ئەوە ڕاگەیەنراوە کە ٨ کەس لەو کەسانەی کە لە کاتی جیاوازدا دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئەو منداڵە، ناسراونەتەوە و یەکێکیشیان دەستگیر کراوە. ئەوانی دیکە دوای ئاشکرابوونیان خۆیان لە هێزەکانی پۆلیس شاردووەتەوە، بەڵام پۆلیس لە گەڕانی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەیان.

سەرچاوە:

https://www.jpost.com/middle-east/son-of-hezbollah-official-films-rape-torture-of-syrian-boy-633805