رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی ئیستەنبووڵ حوکم دران

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

کۆمەڵێک چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی لێبوردنی نێدەوڵەتی لە ئیستەنبووڵ، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە زینداندا مانەوە، لە دادگای ئیستەنبووڵ حوکم دراون. تۆمەتی ئەم کەسانەی بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا، ”پەیوەندیی بە ئاکتی تیرۆرستییەوە هەیە کە لە کەمپەین و چالاکییەکانیاندا ئەنجامیان داوە”.

بەشێک لەو حوکمدراوانە ئەندام و بەڕێوبەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتین. حوکمەکان بۆ هەر یەکێکیان جیاوازە و لە ساڵێکەوە تا شەش ساڵ زیندانی لە حوکمەکانیاندا هەیە. پارێزەرەکانی ئەم چالاکوانانە ڕایان گەیاندووە کە تەواوی کەیسەکە مەرامێکی سیاسیی گەورەی لە پشتەوەیە و دەسەڵاتی تورکی ویستوویەتی بە هۆی دەستگیرکردنی ئەم کەسانەوە، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بێدەنگ بکات لە وڵاتەکەیدا. هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییش ڕای گەیاندووە کە ئەمەی دادگای ئیستەنبووڵ کردوویەتی، سووکایەتی و بێڕێزیکردنە بە دادپەروەری.

چالاکوانەکان سێ ساڵ لەمەوبەر، لە ناو هۆتێلێکی دوورگەی بۆیوکەدای نزیک ئیستەنبووڵ دەستگیر کرابوون. لەو کاتەدا خەریکی ئەنجامدانی وۆرکشۆپێک بوون. پۆلیس لە سەرەتادا کۆنتڕۆڵی مۆبایل و کۆمپیتەرەکانیان دەکەن، دواتریش دەستگیریان دەکەن بە تۆمەتی ئەوەی کە خەریکی ئەنجامدانی ئاکتی تیرۆرستین. بە جۆرێک کە ئامانجی کۆبوونەوەکەیان پلاندانان و ڕێکخستنی ئامانجی تیرۆستییانەیە، کۆمەڵێک ئامانج کە ئارامی وڵات دەشێوێنێت و مەترسی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی و سەقامگیریی گشتی دروست دەکات. بەڵام چالاکوانەکان بە توندی ئەم تۆمەتەیان ڕەت کردووەتەوە. جیا لەوانیش، کۆمەڵێک زۆر لە چالاکوانی تر هاتوونەتە دەنگ و تەواوی تۆمەتەکانیان بە جۆرێک وەسف کرد، کە تەنها لەپێناو مەرامی سیاسیی دەسەڵاتی تورکیادایە.

سێرگێی لاگۆدینسکی، کە پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپایە و ئەندامی دەستەی بەرپرسە لە کەیسی هاتنەناوەوەی تورکیا بۆ یەکێتیی ئەورووپا، دوای دادگاییەکە لە تویتێکدا بەم جۆرە هاتە دەنگ: ”ئەم بڕیارە تەواو بێهیواکەرە، کە تورکیا لە دژی دەنگی ئازاد و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ سەپاندوویەتی. هەروەها زیانێکی زۆریشی دەبێت بۆ سەر تێڕوانینی ئێمە لە تورکیا و هاتنەناوەوەی بۆ یەکێتییەکەمان. لە ئێستادا من هاوخەمیی خۆم بۆ حوکمدراوەکان و خێزانەکانیان ڕادەگەیەنم.”

ئیدیل ئیسەر، کە یەکێکە لە چالاکوانە حوکمدراوەکان، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاندووە: ”ئەم کارەی دەسەڵاتی تورکیا، بێهیواکەر و ترسناکیشە لە هەمان کاتدا. سزادانی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و تۆمەتهەڵبەستن بۆیان، بە تایبەتییش حوکمدانیان وەک تاوانبارێک، کارەساتێکی گەورەیە. داواکردنی ماف تاوان نییە. هیوادارین کە ئەم تۆمەتە بێبنەمایانە، بە زووترین کات ڕەت بکرێنەوە و حوکمەکانیشمان جێبەجێ نەکرێن، چونکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە هیچ تاوانێک ئەنجام نەدراوە و هیچ تاوانبارێکیش لە ناو ئێمەدا بوونی نییە.”

ئەرداڵ دۆگان، کە پارێزەری ئیدیل ئیسەرە، لە لێدوانێکدا بۆ عەرەب نیوز ڕای گەیاند: ”بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە تورکیادا، هەرگیز ئاسان نەبووە. بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئەوانەی کە چالاک بوون لە بوارەکەدا و بەرگرییان لە مافەکانی مرۆڤ کردووە، لەژێر مەترسی و چاودێریی بەردەوامدا بوون. ئەم سیاسەتەی تورکیا بەرامبەر بە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، دژی هەموو ئەو بانگەوازە نێودەوڵەتییانەیە کە لە جیهاندا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکرێت. هەروەها ئەگەر تورکیا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە دەست دەردەچێت و هیچ ئازادییەکی تاک و کۆمەڵ لە وڵاتەکەدا بوونی نامێنێت.”

سەرچاوە:

https://www.arabnews.com/node/1700036/middle-east