رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕاوەستان بە ڕووی خراپ بەکارهێنانی یاسا بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و هاوڕێکانیان).

Facebook
Twitter
LinkedIn

ڕاگەیاندنێک بۆ ڕای گشتی

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، سەرەڕای بەڵێنەکانی چاکسازی و فراوانکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربڕین، دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا و ڕۆژنامەوانی و کاری ڕێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستاندا کە کۆڵەکەی هەر سیستەمێکی دیموکراسین، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە پاشەکشەی یەکجار گەورە کردووە و چیتر قبووڵ ناکرێت.
سزادانی شێروان شێروانی و ئازادنەکردنی گوهدار زێباری، نوێترین زنجیرەی خراپ بەکارهێنانی یاسایە دژی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان، بە جۆرێک، دەستوەردانی سیاسی بە ڕوونی لەم کەیسە دیارە و ئامانج لێی هێشتنەوەی شێروان و گوهدارە بۆ ماوەیەکی زیاتر.

ئێمە لێرە بەناوی خۆمان و سەرجەم ئازادیخوازان
پەیام ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە دەکەین، کە ئەو پێشێلکارییە یاساییە ڕاست بکەنەوە، بۆ ئەوەی بێ متمانەیی خەڵک بە دادگاکان قووڵتر نەبێتەوە و سیمای کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشیرینتر نەبێت، بەهۆی دەستوەردانی سیاسی لە کاری دەسەڵاتی دادوەری.

هەموو ئاماژەکان ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە پیشان دەدەن کە هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار لە زەوتکردنی ئازادییەکان و، بە ئەندازەیەکی بەرچاو دۆخەکە بەرەو سیستەمێکی دیکتاتۆری ئەمنی هەنگاو دەنێت، کە بووەتە هۆی ئەوەی کوردستان وەک ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ کاری ڕۆژنامەوانی لە لایەن ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان سەیر بکرێت.
هەروەها هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو هەموو پێشێلکارییانەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، وامان لێ دەکات بەردەوام ببین لە کارکردن بۆ فراوانکردنی ناڕەزایەتییەکان و گرتنە بەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ گەیاندی دەنگمان و کۆتایی هێنان بەم دۆخە.

ئازادی بۆ شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و هاوڕێکانیان

دەستەی بەرگری لە ئازادی
٢١ی ئابی,٢٠٢٣