رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پاشەڕۆ مەترسییدارەکان لە ژینگەی سلێمانییدا چین و چۆن چارەسەر ئەکرێن؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

راپۆرت و بەدواداچوون: ئاسۆ جەوهەر

پسپۆڕێکی ژینگە رایدەگەیەنێت، شاری سلێمانیی لە رووی ژینگەیی و تەندروستییەوە لە ژێر کاریگەری نەرێنی  پاشەڕۆدایە، لایەنی دەسەڵاتیش بەپلەی یەک کەمتەرخەمە، چونکە کێشە و پرسەکانی ژینگە بە شێوەیەکی زانستیی و تەندروست هەنگاوی بەڕێوەبردنی بۆ نەنراوە. جەختیش ئەکاتەوە: ئەو ماددە کیمیاوییانەی لە پاشەڕۆکان کۆبووەتەوە، سەلمێنراوە هۆکارن بۆ چەندەها نەخۆشیی مرۆیی کوشندە.

د.صالح نەجیب مەجید، پسپۆڕی زانستە ژینگەییەکان، لەبارەی فڕێدانی پاشەڕۆمەترسییدارەکان لە ژینگەی شاری سلێمانیی-دا رایگەیاند: ئەوانەی پاشەڕۆی مەترسییدار تێکەڵ بە رەگەزەکانی ژینگەی شاری سلێمانی ئەکەن، هەموو لایەکە، بەڵام بەرپرسەکان و بەتایبەتییش ئەوانەی لە کایەی حوکمڕانیی و دەسەڵات و بڕیاردان زیاتر بەرپرسن. ئێمە ئەگەر بەشێوەیەکی زانستیی بۆ کرۆک و راستیی بابەتەکە بچین،  پاشەڕۆکانی تێڕژاو بۆ ژینگە خۆی لە چەند جۆرێکی ماددەو وزەی دۆخ جیاواز ئە بینێتەوە  ئەوانیش بریتین  لە:  یەکەم: پاشەڕۆ بە دۆخی رەقیی کە بریتین لە تەواوی ئەو ماددە رەقانەی کە لە کارکەوتوون و مرۆڤ کاری پێان نەماوە و مەبەستێتی خۆیانی لێ رزگار بکات. ئەو مادانەن لە گەڵ کەرەستە و پێویستیی تردا هاتوون بۆ پارستنیان، دوایی ئەبنە پاشەڕۆ و زیادن ئەبن لە پێویستیی مرۆڤ. لە نموونەی ئەو پاشەڕۆ رەقانە وەک: کارتۆن و فلین، پاشەڕۆی کەرەسەی خانوو وەک چیمەنتۆ و گەچ و بۆڕی مەوادی تر. هەروەها نموونەی ئەو ماددە پلاستیک و فلینانەی  کە  پێدوایستیی تری پێ پێچراوەوەتەوە، یان پاشەڕۆی  رەقی داودەرەمان و ماددە قڕکەرەکان و ماددە پاککەرەوەەکانی ناو ماڵ،  سەرباری پاشەڕۆی کەرەسەی ئۆتۆمبێل و ئامرازە جیاواەکانی وەک مۆبایل و تەلفزێون و پاشەڕۆ جیاوازەکانی نەخۆشخانەکان و تا دوایی… هەموو ئەو پاشەڕۆ رەقانە پێکهاتەی کیمیاویی جیاوازیان هەیە، بە شێوە و رێگای جیاواز کار لە ژینگە و ژیان و تەندروستیی مرۆڤ و هەموو زیندەروەرەکانی تر ئەکەن. بەداخەوە لایەنی دەسەڵات تاوەکو ئێستا بەڕێوەبردن و چارەسەری پێویستیی بۆ نەکردوون، هەروەها بۆ لێ رزگار بوونیان و کەم کردنەوەیان، رۆژانە بە هەزاران تەن لە جۆری ئەو پاشەڕۆ رەقانە فڕێ ئەدرێنە ناو ژینگە پارێزگای سلێمانیی و هەرێمی کوردستان و بگرە جیهانیش بەگشتیی.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرئەوە لەگەڵ شیتەڵ بوونەوەی ئەو مادانە بە هۆکاری کاریگەریی رەگەزەکانی کەش هەوا (وەک پلەی گەرما، بەفروبارن، پەستان و با) بەشێکی پێکهاتە کیمیاوییەکانیان دەربازئەبن و تێکەڵ بە رەگەزە جیاوازەکانی ئاو و هەواو خاک و خۆراک و جەستەی مرۆڤ و تەنانەت بە جەستەی تەواوی زیندەررەکانی تر ئەبن. هەروەها کاریگەریی نەرێنیی گەوەرە لەسەرلایەنی تەندروستیی و تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی و بەردەوامیی تەمەنی ژیانیان ئەبێت.

ئەم مامۆستایەکی زانکۆ، لەبارەی پاشەڕۆکانی ترەوە ئەدوێت کە ئەخرێنە ژینگەی شارەکەوە، وتیشی: جۆرێکی تر لە پاشەڕۆکان بریتییە لە پاشەڕۆکانی  کە بە دۆخی شلی سەرچاوەی گرتووە وەک ئاوی رەش، قورسی (زێرابی) ماڵان، پاشەڕۆی  ماددە هیدرۆ کاربۆنییەکانی سەرچاوە نەوتییەکانی  پەیوەست بە هەموو پرۆسەکانی بەرهەم هێنانی، پاشەڕۆی شلی چالاکییە پیشە سازیی، کشتوکاڵیی  و سەڕچاوەکانی تر کە ژمارەیەکی زۆر لە ماددەی کیمیاویی ئۆرگانیی و نائۆرگانیی و کانزا قورەسە ژەهراوییەکان  لە خۆ ئەگرێت. سەرباری پاشەڕۆ زیندەکییە مایکرۆبیەکان. بەشی زۆری ئەو مادە کیمیاوییانەی کە لە پاشەڕۆکانە کۆبووەتەوە و بوونی هەیە، سەلمێنراوە لە لایەن دەزگا زانستیی و ئەکادیمییە جیهانییەکان کە هۆکارن بۆ چەندەها نەخۆشیی مرۆیی کوشندە و سەخت. سەرباری  ئەوەش،  ئەبنە هۆکاری کارتێکردنی واتایی و قڕکردنی هەندێ زیندەوەر، لە ناو  ئیکۆسیستمی ئاویی وەک ماسی و هەروەها لەسەر زەوی وشکانیی. بە نموونەش بۆ لە ناوچوونی ماسی، بە هۆکاری تێڕژانی ئاوی پاشەڕۆ بۆ ناو سەرچاوە ئاوییەکان، لە ناوچەی ئاوی تانجەڕۆ و بەندوای دەربەندیخان رووی داوە. سەبارەت بەم کێشە گەورەیەش، لایەنی دەسەڵات و حوکمڕانیی بەتایبەتییش ئەوانەی کە خاوەن پرۆژەی گەوەرەو زەبەلاحان و هەموو مافێکیان بە خۆ ڕەوا بینیوە، بۆ تێڕژانی ئەو پاشەڕۆ شلانە راستەوخۆ بێ چارەسەرکردن و ریسایکڵ کردنیان، بۆ ناو سەڕچاوە ئاوییە سازگار و پاکەکان وەک بۆ نموونە بەنداوی دوکان و دەربەندیخان.

دەشڵێت: بەدەر لەوەش هەر لە نموونەی سەرچاوەی ئاوی  پاشەڕۆ تێڕژاو، بەکاردەهێنریت بۆ ئاودێریی سەرچاوە بەرهەمە کشتوکاڵییە جیاوازەکان، بەو هۆیەوە چەندەها ماددەی پیس و ژەهراویی تێکەڵ بە بەرهەمی ئەو ماددە کشتوکاڵییە خۆراکییەکان ئەبێت. هەرچەندە رێکخراوە نێودەوڵیتییە پەیوەستەکانی سەر  بە “UNEP” لە ئەجندای بەرنامە و پێشکەوتنی بەردەوام و یان درێژەپێدراو بۆ ساڵی ٢٠١٥   Sustainable Development Goals    جەخت لە سەرئەنجامدانی کاری ریسکاڵ و چارەسەری ئاوی پاشەڕۆ ئەکەن، پێش بەکارهێنانی بۆ ئاودێریی کشتوکاڵ، چونکە ساڵ بە ساڵ داواکاریی و بەکاربردنی سامانی ئاو زۆر ئەبێت. هەروەها بۆ هەندێ ناوچەی وەک عێراق و هەرێم، قەیرانی ئاو زیاد ئەبێت بە هۆکاری کەم بوونەوەی داهاتی ئاو، لەبەر گۆڕانی کەش وهەواو سیاسەتی حوکمەتانی وڵاتانی درواسێ  لە کەمکردنەوەی، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم  تا ئێستا هیچ هەنگاوی کرداریی واتایی بۆ ئەم ئامانجە نە نەناوە، هەتا ریسایکڵی ئاو بچێتە بواری جێبەجێکردن،  سەرباری ئەوەش نا وشیاریی و بێ سەلیقەیی  هاووڵاتییانیش لە بەکاربردنی سامانی ئاو بێ سنورە.

ئەو، باس  پاشەڕۆی گازیی و دەنکۆڵە و  تەنۆچەکە وردەکان ئەکات کە تێکەڵ بە بەرگی هەوای سلێمانیی ئەکرێن و دەڵێت: جۆرێکی تر لە پاشەرڕۆی کارتێکەر، لەسەر ژینگە و تەندروستی و گۆڕینی کەش و هەوا، بریتییە لە پاشەڕۆی گازیی و دەنکۆڵە و  تەنۆچەکە وردەکان کە تێکەڵ بە بەرگی هەوا ئەکرێن،  دەرئەنجامی چالاکییە مرۆییە جیاوازەکان بە پلەی یەکەم، دوایش لە سەرچاوەی سروشتیی وەک سووتانی دارستانەکان. لە نموونەی سەرچاوە مرۆییەکان  بۆ تێڕژانی  پاشەڕۆی گازیی و دەنکۆڵە و تەنۆچەکە وردەکان،  بریتین لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل و مولیدە و ئامرەزەکانی گەرمکردنەوە لە ماڵان لە وەرزی  زستاندا، ئەم تێڕژان و کاریگەرییە زیاتر ئەبێت بە تایبەتیی  ئەگەر کوالێتیی سووتەمنییە نەوتییەکان بە پێی ستاندارد و کوالێتیی تەندروست و شیاو نەبێت، هەروەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ئەگوزەرێت، ئاشکرایە کە سەدان پاڵاوگەی نەوتیی نا یاسایی هەیە  کە کەسانی باڵادەست لە پشتیەوەن. هەروەها هەرچی پێكهاتەی هایدرۆکاربۆنی ناتەندروست و نەشیاوە  لەگەڵ تێکەڵەی ماددەی کیمیاویی زیان بەخش تێ ئەکرێت تاوەکو  پرۆسەی سوتان بەدی بێت لە ناو مەکێنەی ئۆتۆمبێل و مولیدەی بەرهەمی کارەبا و ئامرەزەکانی  گەرمکردنەوە، لە ماڵان بۆ وەرزی زستان، بەبێ ئەوەی  بایەخ بدرێت بەوەی کە ئاست و بڕی گازە زیان بەخشەکان زیاتر ئەبێت. هەر بەو هۆیەوە لەگەڵ هەوای هەڵمژراو تێکەڵ بە جەستەی مرۆڤەکان و هە موو زیندەوەرەکانی تر ئەبن، ئەبنە مایەی چەندین گرفتی تەندروستیی، نەخۆشیی وەک شێرپەنجە و سەکتە، جەڵتەی دڵ و مێشک و هەوکردنی کۆئەدامی هەناسە و تادوایی لە نەخۆشیی تر.

ئەو پسپۆڕەی زانستە ژینگەییەکان، لە بارەی ئەو گازەی لە ئۆتۆمبێلەکانی شاری سلێمانییەوە ئەخرێتە هەواوە، وتی: ئەمڕۆ سەرچاوە زانستییەکان جەخت لەسەر ئەوە ئەکانەوە، بە تەنیا  لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل و مولیدە و ئامرازەکانی گەرمکردنەوە، سەدان جۆر گاز و تەنۆچکەی پێکیهاتەی  کیمیاویی ئۆرگانیی و نا ئۆرگانیی دەرئەچن، بەشێکی زۆریان ژەهراویی و شێرپەنجەیین= carcinogenic  یەکێک لە هۆکارەکانی زیاد بوونی سووتەمەنیی بێ کوالێتیی تەندروست، بریتییە لەزیاد بوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل و مولیدە بە شێوەیەکی بێ سنور کە ئەمەش لەبەر نەبوونی پلانی تەندروست، چونکە حکومەتی هەرێم هیچ پلان و سیاسەتێکی تەندروستی نەبووە بۆ سنورکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت و بایەخدان بە ئامارزەکانی هاتووچۆی گشتیی. خودی هاووڵاتییش بەرپرسە بەتایبەتیی بۆ ئەو خانەوادە و کەسانەی کە توانادرن  ئۆتۆمبێلی مەکینە گەورە ئەکڕن وزەی سووتەمەنیی زۆر بەکار ئەبن، بەرامبەر ئەوەش پاشەڕۆی زیاتری گازە زیان بەخشەکان ئەڕژێنە بەرگە هەواوە، بەشێک لەتونادارەکان لە رووی داراییە و بەقەدەر ئەندامی خێزانی سەرو هەژدە ساڵیانەوە ئۆتۆمبێلیان هەیە، سەرباری بەرپرەسە باڵاکان.

درێژەی پێداو وتیشی: جۆرێکی تر لە پاشەڕۆی تێکراو بۆ رەگەزەکانی  ژینگەی سلێمانیی، بریتییە لە پاشەڕۆی وزەی گەرمیی کە لەمەکینەی ئۆتۆمبێل و مولیدەکان دەرئەچن لە کاتی کارکردنیان. سەباری ئەوەش ماددە تیشکەوەرە ناوکییەکانی Radiant Nuclear  هەندێ لەئەتۆمەکان تیشک و تەنۆچەکەی وزە بەرزی وەک ئەلفا و بێتاو گاما دەرباز ئەکەن. ئەمەیش بۆ ناو ژینگە کە مرۆڤیش بەرکەتە و کارتێکراو ئەبێت، لە رووی تەندروستییەوە.

باس لەوەشئەکات، وزەی  شەپۆلەکانی مایکرۆ وەیڤی پەیوەست بە ئینتەر نێت بۆ  مۆبایل و کۆمپیتەر و بورجەکان، سەلمێنراوە  کە کاریگریی نەرێنی و زیان بەخشیان هەیە، لە سەر ژینگە و لایەنی تەندروستیی. هەروەها ئەمڕۆکە لە شاری سلێمانیی هەروەک شارەکانی تری هەرێم تەنراوە، بە ژمارەیەکی زۆر لە بورجی کۆمپانیەکانی مۆبایل و پەیوەندییە جیاوازەکان.

ئەو مامۆستایەی ژینگە ئەوەش ئەڵێت، دەرئەنجامی ئەم باسە سەلمێنەرە کە شاری سلێمانیی  هەروەک شارەکانی تری هەرێم  لە رووی ژینگەیی و تەندروستییەوە لە ژێر کاریگەریی نەرێنی  پاشە رۆی دۆخ و سەرچاوە جیاوازە، کەم تەرخەمیی  لایەنی دەسەڵات و حوکمڕان پلەی یەکەمە چونکە کێشەو پرسەکانی ژینگە بە شیوەکی زانستی و تەندروست هەنگاوی بەڕێوەبردنی بۆ نەنراوە  وە بەتایبەتیش بۆ ڕووپۆشی سەوزایی.  زیاتر لەوەش خودی هاووڵاتیی بە هۆکاری نەبوونی وشیاریی ژینگەیی بەرجەستەکراو لەلای،  گرنگیی و بایەخی نییە بۆ کەمکردنەوی  بڕی پاشەڕۆکان بە گشتیی، بۆیە ڕەوش و کوالێتیی ژینگە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر رێچکە ئەگرێت.

رێکخراوی ئازادبوون لەکۆنفراسنێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: رۆژانە ١٣٠٠ تەن پاشەڕۆ لە سلێمانیی کۆ دەکرێتەوە، لە ناوچەی تانجەڕۆ فڕێئەدرێت، خەرجی کۆکردنەوەی ساڵانە ٢٥ ملیارد دینارە، لە ٪٦٠ خاشاکەکان خۆراکە، لە ٪ ٢٠ی پلاستیکە، لە ٪١٠ی پاشماوەکانی دیکە یان پاشەڕۆی ئەوانەی دیکەیە، لە ٪١٠ دیکە پاشماوە تەندروستییەکانە، کە دەکرێت بە دوو بەشەوە، پاشماوەی ڕەق و پاشماوەی شل.

هاوکات، رۆژانە بە تەنها لە نەخۆشانە حکومییەکان زیاتر لە ٥٠ تەن پاشماوە تەندروستییەکان فڕێ دەدرێت، پاشماوە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان ١٥ تەنە، پاشماوە تەندروسییەکان زۆرن و ئامێرە سوتێنەرەکان توانای سوتاندنی ئەو بڕەیان نییە، بەو هۆیەوە ڕۆژانە سەدان تەن، لە نەخۆشخانە تایبەت و حکومیەکان، دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەی تانجەرۆ،  هەندێجار دوای مانگێک دەخرێنەوە ژێر گڵەوە، هەندێجاریش بە ئاواڵایی دەمێنێتەوە، بەشێکی دیکەش لە پاشماوە شلەکان دەخرێنە ئاوڕۆکانەوە، نەخۆشخانەکانیش یەکەی چارەسەر و مەسفییە ئاوڕۆیان نییە.

د. رێزان عومەر، پسپۆڕی ژینگە و پیسبوون – زانکۆی سلێمانیی رایگەیاند: هەوای سلێمانیی بە پاشەڕۆی کارگەکان و پاڵاوگەکان و هەروەها سوتانی سوتەمەنیی، وەک کارگەی چیمەنتۆ، هەروها موەلیدەکان، هەروەها هۆکارەکانی هاتووچۆ بە تایبەتیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی مۆدێلیان کۆنە سیانە نەکراون کە رێژەیەکی زۆر لە دوکەڵ و گاز و دەنکۆڵە رەشەکان ئەکەنە هەواوە پیس ئەبێت. هەروەها ئەمانە چەند نموونەیەکن لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا. چارەسەریش ئەوەیە کە بەپێی یاسا و رێنماییەکان ئەو کارگە و پاڵاوگانە، پێویستە پارێزگاریی لە ژینگە بکەن و فلتەر دابنێن و هەر چارەسەرێکی تریش کە هەبێت هەوای ئەو ناوچانە بە پاکی بمێنێتەوە و دوربن لە پیسبوون.

وتیشی: ئەو شوێنانەش کە پاشەڕۆی رەقیان لێ فڕێ ئەدرێت، ئاوی پیسی پیادا ئەڕوات، هەروەها ئاوی پیس هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و بەکتریا و سپۆری کەڕوو  لە هەوای ئەو ناوچانەدا . هەروەها روودانی هەندێک کارلێکی کیمیایی کە هەوای ئەو ناوچانە پیس ئەکەن؛ پیسبوونی هەواش لە هەندێک شوێندا ناوچەییە.

ئەوەشی خستەڕوو کە “لە شاری سلێمانییدا، پاشەڕۆی ماڵان بەشێوەی گشتیی ماددەی ئۆرگانیی زۆرە، هەروها نائۆرگانییشی تێدایە. هەوروەها لەگەڵیدا پاشەڕۆی نەخۆشخانەکان، زانکۆکان، کارگەکان هەموو ئەکرێنەوە ناو ئاوەڕۆکان، بۆ نموونە هەندێ مەوادی کيمیاییش بە راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ ئەکرێنەوە ناو سەرچاوە ئاويیەکانی سلێمانیی لە رێی کشتوکاڵ کردن، بە بەکارهێنانی پەينی کيمياویی وەک بەپيتکەر لەگەڵ بەکارهێنانی قرکەرەکان. باشریین چارەسەریش ئەوەیە کە پێویستە هەموو ئەمانە یەکەی چارەسەرکردنی ئاوی پاشەڕۆ(ئاوی قورس)ی هەبێت، ئەو ئاوەی پیسبووە پێویستە چارەسەری تایبەتیی بۆ بکرێت، ئینجا بکرێنە ناو رووبارەکانەوە وەک تانجەڕۆ. پێویستە یەکەی پاککردنەوەی ئاوهەبێت، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لەسەرچاوە ئاوییەکان بکرێت و وەک وڵاتانی جیهان دووبارە و سێ بارە ئەو ئاوانە بەکار بهێندرێنەوە.

شارەزایەکی یاسا باس لە رێکارە یاساییەکانی ئەکات، هەتا بۆ ئەوەی کە سەرپێچی ژینگەیی کرا و پابەند بوون نەبوو، بە چی شێوازێک ئەو لایەنە سزابدرێت.

د. دارا محەمەدئەمین سەعید، دکتۆرا لە بواری یاساکانی ژینگە هەیە و وەزیری پێشوتری ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: یاساکان و رێنماییەکان یەکەمجار بۆ وشیارکردنەوەی خەڵکە بۆ کەمکردنەوەی پسبوون، یاساکان و رێنماییەکان باس لەوە ئەکات بۆ چارەسەری ئەو پیسبوونانە بەنموونە پۆلیسی هاتووچۆ بەرپرسیارە لەوەی ئۆتۆمبێلی باش هەبێت و ئۆتۆمبێلەکان دوکەڵ نەکەن، هەروەها یاساکان و رێنماییەکان ئاماژە بەوەئەکەن، بە نموونە موەلیدەکان چۆن کاریان پێبکرێت و ژینگە پیس نەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا یاساکان و رێنمایەکانی تایبەت بەژینگە بۆ هەموو وەزارەتەکان دابەزیوە.

جەختیکردەوە: لە رووی یاساییەوە رێگەدراوە سکاڵا تۆمار بکرێت لەسەر ئەو لایەنەی کە پسیکەری ژینگەکەیە، سزای بۆ داندراوە. هەندێکی سزای ماددییە و هەندێکی سزای قورستترە، ئەوانەش بە پێی رێژە و جۆری پیسبوونەکە دیاری ئەکرێت. هەر لەسەر بنەمای ئەو یاسایانە بۆ کارگەکان رێنمایی زۆر هەیە، ئەبێت کارگەکان دوربن لە ناوچەی نیشتەجێبوونەوە، بە مەتریش دیاری کراوە، هەروەها ئەبێت فلتەریان هەبێت و لە ژێر چاودێرییدا بن و هەر پڕۆژەیەک کە ئەکرێت لە رووی یاساییەوە هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی بۆ بکرێت، ئینجا ئەو پڕۆژەیە دەست بەکار بێت. پاشان کارگەکان  هەر لە ژێر چاودێریی تیمەکانی ژینگە بێت، هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە کۆنترۆڵی ئەو پیسبوونە بکرێت، ئەگەر روشیدا لە دادگا سکاڵایان لێبکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یاساکە سەرەتا بۆ ناساندنی مەترسییەکانی پیسبونی ژینگەیە، دووەم بۆ هوسیارکردنەوەی خەڵک، سێیەم بۆ رێگرییکردن لە پسیبونەکە و چوارەم بۆ ئەوانەی پیسیان ئەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە کارگەکان پابەندن و بەشێکی دیکەش پابەند نیین، لە راستییدا کەمتەرخەمییەک هەیە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، هەروەها کەمترەخەمییەکیش هەیە لەوەی حکومەت رێگەی داوە بە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز، ئەمانە گرنگترین و مەترسییدارتریینن لە پسیبونی ژینگەدا، حکومەت رێگەی داوە بەبێ چاودێریی ژینگە ئیشەکانی خۆیان بکەن، ئەمە خۆی کارێکی مەترسییدارە و پێشلکردنی یاسایە کە حکومەت رێگەی پێداوە. بەشیکی تریش لە کارگەکان دەرئەنجامی گەندەڵیی و رێککەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکان یان دامودەزگا چاودێرەکان پێشلکاریی ژینگە ئەکەن، کەسیش نییە سزایان بدات و جاری واش هەیە ئەم سەرپێچیانە بە بەپارە و یەکترناسین چاوپۆشیی لێئەکرێت.

 سەروەر قەرەداغیی بەڕێوەبەری رێکخراوی سروشتی کوردستان، رایگەیاند: پاشەڕۆئاساییەکان هیی ماڵ و شوێنە گشتییەکان لە شاری سلێمانیی لە لایەن چەند کۆمپانیایەکەوە کۆئەکرێنە و ئەبرێن بۆ تانجەڕۆ، هەروەها لە ناوچەی تانجەڕۆش بەشێکی دیکەی ئەم پاشەڕۆیانە جیا ئەکرێنەوە و ئەبرێن بۆ کارگەی چارەسەری پاشەڕۆ رەقەکانی شاری سلێمانیی.

وتیشی: بەشێک لە پاشەڕۆی نەخۆشخانە گشتیی، تایبەتەکان و ناوەندە تەندروستییەکانی شاری سلێمانیی هەمووی کۆئەکرێتەوە، لە تانجەڕۆ فڕێئەدرێت، لەبەرئەوەی ئەسوتوتێدرێت کاریگەریی هەیە. بە نموونە بۆ چارەسەرکردنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان، یەکێک لە رێگە پێشکەوتووەکان بەکارهێنەری سوتێنەری هەڵمییە، ئێستا دوو ئامێر لە ناوەندی شاری سلێمانیی هەیە کە ئەم دوو ئامێرە لە کارکەوتوون.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پاشەرۆی بیناسازیی کۆمپانیا و هاووڵاتیییان، هەروەها بەشێکی تر لە پاشەڕۆی کارگەکانیش لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە تانجەڕۆ فڕێئەدرێن. چارەسەری ئەمەش ئەوەیە پاشەڕۆی کارگە پشەسازییەکان، ئەبێت کارگەیان بۆ دروست بکرێت و چارەسەر بکرێن.

بەڕێوەبەری رێکخراوی سروشتی کوردستان، لەبارەی چارەسەرکردنی فڕێدانی پاشەڕۆ مەترسییدارەکان ئەدوێت: هەتا ئێستا پاشەڕۆکان بەشێوەی زانستیی لە سلێمانیی چارەسەر ناکرێن، لە تەواوی دونیادا هەر پاشەڕۆیەک کە هەبێت، ئەوا بۆخۆیان سەرچاوەی داهاتن، ئەکرێت ئەمانە دووبارە بەکار بهێندرێنەوە و سودیان لێ ببیندرێت و بگەڕێندرێنەوە، نابێت پاشەڕۆکان بە هیچ شێوەیەک فڕێبدرێتە ژینگەوە، لەبەرئەوەی کاریگەریی خراپ لەسەر رەگەزە ژینگەییەکانی ئاو، هەوا و خاک دروستدەکات و کاریگەریی خراپ لەسەر مرۆڤ و زیندەوران دروست ئەکات کە نابێت ئەمە رووبدات، بەڵکو ئەبێت دووبارە بەکار بهێندرێنەوە.

وتیشی: بۆ چارەسەرکردنی پاشەڕۆکانی دیکە کە، لە تەواوی دونیادا کارگەی ریسایکڵین هەیە، لە شاری سلێمانیی کارگەی چارەسەرکردنی پاشەڕۆ رەقەکان هەیە، کارگەیەکی زۆر باش و پێشکەوتووە، بەڵام کۆمەڵێک رەخنە و گلەیی لە شێوازی کارکردنی هەیە، رەخنە لە گرێبەستەکەشی هەیە و ئەبێت حکومەت هەندێک رێکاری ئیداریی هەیە بۆ کارگەکەی بکات، هەتا کارەکانی بەباشی بکات.

سەروەری قەرەغیی، ئاماژەی بەشێوازێکی تری هۆشیاریی و چارەسەرکرد و وتی: میدیاکان، رێکخراوەکان ئەبێت بەتایبەت کار لەسەر هۆشیاریی ژینگەیی بکەن، کاتێک کار لەسەر ئەمە کرا هاووڵاتییان وشیار ئەبن. هاووڵاتییان ئەبێت لەگەڵ رێکخراوەکان فشار لەسەر حکومەت و کەرتی تایبەت دروست بکەن، هەتا بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم کێشانە بکرێن.

بەهاشتاگی

#پێکەوە_دەتوانین_ژینگە_و_ژیانمان_بپارێزین

#ژینگە_ژیانە

لە چوارچێوەی پڕۆژەی(چاودێڕی و خستنەڕووی ڕەوشی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بنیادنانی تواناکان) کەمپینێکی میدیای پرۆژەکە، کۆمەڵێک کار بە پاڵپشتی رۆژنامەنووسان و ژینگە پارێزان و ناوەندەکانی راگەیاندن بەرهەم دەهێنیت، ژینگە پارێز (ئاسۆ جەوهەر) ئەم راپۆرتەی بۆ کەمپینەکە ئامادەکردووە.

ئەم پرۆژەیە، لەلایەن رێکخراوی پردێک بۆ- UPP جێبەجێ دەکرێت، بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئازادبوون، بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی UNDP و پرۆژەی .“HIWAR”,