رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دۆخی کرێکارانی ئەمەریکا و ئەورووپا لە خراپیدایە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە ئێستادا ئەو زیانە ئابوورییانەی کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە (کۆڤید ١٩) دروست بوون، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەون. لە ناو هەموو چین و توێژەکانیشدا، کرێکار زەرەرمەندی یەکەمە. لە ڕاپۆرتێکی نوێدا هاتووە کە لە ٪١٨ی کرێکارانی ئەمەریکا، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە کاتی کارکردنیان کەمتر و کەمتر بووەتەوە؛ بە جۆرێک کە زۆربەیان کارەکەیان بە تەواوەتی لە دەست داوە. زۆرترین زەرەرمەندیش هەژارترینەکانن، بە تایبەت ئەو کەسانەی کە داهاتی ساڵانەیان لە خوار ٥٠,٠٠٠ دۆلارەوەیە.

لە هەمان ڕاپۆرتدا ئەوە دەرخراوە کە زیانەکان بەپێی کات لای هەموو لایەنەکانی کار و ژیان بەرزتر دەبێتەوە. بەوپێیەی کە بازاڕەکانی دراو لە ئەمەریکا، بەردەوام کورت دەهێنن و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیش تەواو گۆڕاوە. دوای ئەوەی کە قوتابخانە، پەرستگەکان، هۆڵی کۆنسێرت و هۆڵە وەرزشییەکان داخراون. ئەم گۆڕانکارییە گەورانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە خەڵک، دژی هەر ڕێکارێک بن کە لەپێناو خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە ئەنجام دەدرێت. لە ڕاپرسییەکدا دەرکەوتووە کە تەنها لە ٪٥٦ی خەڵک ئەو ڤایرۆسە نوێیە بە مەترسییەکی گەورە دەزانن و لە ٪٣٨ی خەڵک، بە مەترسیی نازانن و ڕێکارەکانی خۆپاراستنیش بە زیادەڕۆییەکی مەترسیدار دەزانن. هەموو ئەمانەیش بە هۆی ئەو قەیرانانەیە کە نەخۆشییەکە دروستی کردوون. قەیرانەکان بە جۆرێک ژیانی خەڵک بە گشتی و کرێکار بە تایبەتییان قورس کردووە، کە گومان لە مەترسییەکی تەواو ڕاستەقینەی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بکەن.

دۆخی کرێکاران لە وڵاتانی ئەورووپایش لە خراپییەکی زۆردایە. لە بەشێکی وڵاتە ئەورووپییەکاندا، سنوورەکان کراوەن بۆ چین وتوێژە دەوڵەمەند و ساماندارەکان. هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە ساماندارن، یاخود مووچەی بەرزیان هەیە، دەتوانن هاتوچۆ بە نێو وڵاتە ئەورووپییەکاندا بکەن و خۆیان لە قەیرانە جۆربەجۆرەکان بە دوور بگرن. ئەمەیش لە کاتێکدا کە کرێکار و هەژارەکان ناتوانن لە قەیرانەکان ڕابکەن و مەترسیی لەدەستدانی کارەکانیشیان بۆ دروست بووە.

لە وڵاتانی وەک ڕۆمانیا، ئۆکرانیا و سڕبیا قەیرانێکی زۆری کارکردن دروست بووە و زۆرینەی کرێکارەکانی ئەو وڵاتانە مەترسیی لەدەستدانی کارەکانیان هەیە. هەروەها گەڕانەوەی پەنابەرەکان کێشەیەکی ترە و لە وڵاتێکی وەک ڕۆمانیا، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە نزیکەی ٤ ملیۆن دانیشتووی وەک پەنابەر وڵاتەکەیان جێ هێشتووە، ئێستا سێ بەشی ئەو ڕێژەیە گەڕاونەتەوە ناو وڵاتەکەیان و بەشێکی زۆریان بێکارن و بە دوای کاردا دەگەڕێن. لە کاتێکدا کە کۆرۆنای نوێ قەیرانی کاری بۆ زۆربەی دانیشتوان دروست کردووە.

لە سڕبیا سەرۆک ئەلیکزاندەر ڤوچیک لە لێدوانێکیدا ڕای گەیاند، کە نزیکەی ٤٠٠,٠٠٠ کەس بە هۆی کۆرۆناوە ئێستا لە ماڵەکانی خۆیانن. بەشێکی زۆریان، تەنانەت تەئمینی تەندروستییشیان نەماوە و لە ئێستادا هیچ دڵنیاییەک نییە بۆ تەئمینکردنیان، کاتێک کە پێویستیشیان بە چارەسەر بێت. ئەوەیش لە ٪٦ی هەموو دانیشتوانی وڵاتەکەیە.

هەرچەندە زیان و مەترسییەکانی کۆرۆنای نوێ لە هەموو شوێنێک و بۆ هەر کەسێک بوونیان هەیە، بەڵام لە هەندێک وڵاتی دەوڵەمەندی ئەورووپا، قەیرانەکان بەو جۆرە مەترسیدار نین کە لە وڵاتە هەژارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا هەیە. وڵاتانی وەک بەڕیتانیا و ئەڵمانیا، ڤایرۆسەکە وەک دەرفەتێک سەیر دەکەن کە دانیشتوانی خۆیانی لە ڕێگەوە ڕێک بخەنەوە. بە تایبەت کە بەشێکی زۆری دانیشتوانیان کەسانی تەمەن گەورەن. بۆیە کۆرۆنا لەو ڕووەوە قازانج بەو وڵاتانە دەگەیەنێت و ڕێژەی کەسانی تەمەن گەورە لە دانیشتوانی وڵات، دادەبەزێنێت.

سەرچاوە:

https://www.latimes.com/business/story/2020-03-17/coronavirus-layoffs-work-hours-jobs

https://www.straitstimes.com/world/europe/the-coronavirus-sent-millions-of-european-workers-home-some-forever