رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

زۆری تێچوەكەی بڕیاری بەکارهێنانی زەرفی کاغەزی هەڵوەشاندەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

مۆڵەتی ١٠ رۆژی بۆ نانەوا و سەمونخانەکان دانرابوو تاکو ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن

خاوەن نانەواخانەیەک: خواستی خەڵک بەشێوەیەکی گشتی لەسەر زەرفە نایلۆنەکانە چونکە لەسەری راهاتووە

راپۆرت و بەدواداچوون: شەنای فاتح

سەرەڕای ئەوەی لەلایەن قایمقامییەتی سلێمانییەوە بڕیاری بەکارهێنانی زەرفی کاغەز و قەدەغەکردنی زەرفی نایلۆن دەرکرا، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم جێبەجێکرا و خاوەن نانەواخانەکانیش زۆری تێچووەکەی بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەو بڕیارە دەزانن.

لە ٣٠ی تەموزی ٢٠١٩ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا قایمقامی سلێمانی قەدەغەکردنی زەرفی نایلۆن و بەکارهێنانی زەرفی کاغەزی راگەیاند و مۆڵەتی ١٠ رۆژی بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان دانابوو تاکو ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن و لە ئەگەری سەرپێچیکردنی ئەو بڕیارەشدا رێکاری یاسایی دژی دەگیرێتە بەر.

سەرۆکی پێشووی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی: تا ئەو کاتەی ئێمە لەلیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلیمانیدا بووین جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ناچاری بوو کە ماوەکەی نزیکەی ساڵیک بوو.

گۆران قادر، سەرۆکی پێشووی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی کە لەکاتی دەرچوونی ئەو بڕیارەدا سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان بووە رایگەیاند: ئەو بڕیارە هەڵمەتێکی ژینگەیی بوو کە لەو کاتەدا لەلایەن قایمقامییەتی سلێمانییەوە راگەیەندرابوو و زۆر بواری لەخۆ دەگرت و  مەبەست لێی پاک راگرتنی ژینگەی شاری سلێمانی و پاراستنی هاوڵاتیان بوو لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی نایلۆن و پلاستیک.

وتیشی: یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەو هەڵمەتە بەکارهێنانی زەرفی کاغەز بوو لەبری زەرفی نایلۆن و ئەو عەلاگانەی لەنانەواخانە و سەمونخانەکاندا بەکاردەهێندرێن لەگەڵ خواردنە گەرمەکاندا بەتایبەت لە رێستۆرانتەکاندا و تارادەیەکی زۆریش پابەندییەک هەبوو لەوەی کەدەبیندرا لە نانەواخانە و سەمونخانەکاندا ئەو بڕیارە جێبەجێدەکرا و بەدەر لەوانیش لەهەندێ شوێن دیکەش بەتایبەت ئەو شوێنانەی کەخواردنی گەرم پێشکەش دەکەن وەکو رێستۆرانتەکان و فاستفودەکان ئەو رێنماییەیان جێبەجێدەکرد.

گۆران قادر باسی لەوەشکرد کە تا ئەو کاتەی ئەوان  لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلیمانیدا بوون جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ناچاری بووە کە ماوەکەی نزیکەی ساڵیک بووە و هەر نانەواخانەیەک پێوەی پابەند نەبووایە سزدەدرا و چەندین نانەواخانە و سەموونخانە بەو هۆیەوە سزادراون و مەوادەکانیشیان دەستیان بەسەردا گیراوە و سەبارەت بە نرخەکانیش وتی: ” لەو کاتەدا ئێمە وامان کردبوو کە رێژەیەکی زۆر کەم جیاوازی لەنرخەکانیاندا هەبێت و لەلایەکی دیکەوە هاوکاری دەکران کە وەک قەرەبووکردنەوەیەک وابوو”.

سەرۆکی پێشووی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە بەشێکی دیکەی هەڵمەتەکە بریتی بوو لەوەی کە لەناو قایمقامییەت و زانکۆ و بەشێکی زۆری شوێنە گشتییەکانی پارێزگای سلێمانی جۆری خاشاکەکان بە پێی رەنگی سەلەی خۆڵەکان جیابکرێنەوە و سەلەی تایبەت بۆ کاغەز و سەلەی تایبەت بۆ شووشە و سەلەی تایبەت بۆ ئاسن و تەنەکە و بابەتە کانزایییەکان و سەلەی تایبەتیش بۆ پاشماوە خۆراکییەکان و ماددە ئەندامییەکان دابینبکرێت.

جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە کەمتر لەساڵێکی خایاند و لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەشدا بەشیکی زۆری نانەواخانەکان هەردوو جۆری زەرفی نایلۆن و کاغەزیشیان بەکاردەهێنا و باسیش لەوەدەکەن کە بەشێکی زۆری هاوڵاتیان زیاتر خواستیان لەسەر زەرفە نایلۆنەکە بووە بەتایبەت لە وەرزی زستاندا چونکە لە وەرزی زستاندا بەتایبەت لەکاتی باران باریندا زەرفە کاغەزەکە تەڕدەبێت و لەو کاتەدا زیان بە نانەکەش دەگات.

ئیسماعیل عەلی، خاوەن نانەواخانەیەکی شاری سلێمانییە و ماوەی ٣٥ ساڵە بەو پیشەیەوە سەرقاڵە دەڵێت: بەشێکی کەمی نانەواخانەکان ئەو بڕیارەیان جێبەجێدەکرد و ئەگەر زەرفی کاغەز لەنانەواخانەکاندا دانەنرایە غەرامە دەکرا، ئێمە هەردوو جۆری زەرفەکەمان دادەنا دەنا و هیچ غەرامەیەکمان بۆ نەکراوە.

وتیشی: خواستی خەڵک بەشێوەیەکی گشتی لەسەر زەرفە نایلۆنەکانە چونکە لەسەری راهاتووە و لەماڵەوەش دووبارە دەتوانێت بۆ مەبەستی دیکە بەکاریبهێنێتەوە، سەبارەت بە تێچووەکەی ئیسماعیل عەلی وتی: زەرفی نایلۆن باشترە بۆ ئێمە وجیاوازی نرخیشیان زۆرە و نرخی زەرفی نایلۆن نیوەی نرخی زەرفی کاغەزە،” لەئێستاشدا نرخی زەرفی نایلۆنیش گران بووە و فەردەیەک زەرفی نایلۆن کە کێشی ٢٥ کیلۆگرامە بە ٤٨ هەزار دینارە  کەپێشتر بە ٣٣ هەزار دینار بوو.”

ماددەی نایلۆن و پلاستیک بەشێوەیەکی گشتی زیانێکی زۆر بە ژینگە بەگشتی و خاک بەتایبەتی دەگەیەنن و دەیان و سەدان ساڵی پێویستە کە شی ببنەوە، زەرفی نایلۆن یەکێکە لەو کەرەستانەی کە رۆژانە لە جیهاندا لایەن هاوڵاتیانەوە بەکاردەهێندرێت بۆ نموونە: بە پێی گۆڤاری (ژینگە و پەرەپێدان)ی لوبنانی لە ژمارە ١١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧دا، هاتووە کە ساڵانە لە وڵاتە عەرەبیەکاندا نزیکەی ٢٥ ملیار کیسەی نایلۆن بەکار دەهێنرێت.

سەرچاوەی بنەڕەتی پلاستیک نەوتی خاو و سوتەمەنیە و هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ پیسبوونی ژینگە لەبەر ئەوەی نەوتی خاو بڕێکی زۆر لە ماددە پیسکەرەکان دەردەدات کە زۆربەیان ناتوانرێت بە شێوەیەکی سرووشتی شی بکرێتەوە لە لایەن بەکتریا و زیندەوەرە وردەکانی دیکەوە، هەر بەو هۆیەوە ساڵانە بڕێکی زۆر لە کیسەڵ و زیندەوەرە ئاویەکانی تر دەمرن کاتێک بڕێکی زۆر لە پلاستیک فڕێ دەدرێتە دەریاوە.

پسپۆڕێکی ژینگە: گرنگترین شت ئەوەیە هەر کەسێک لەجێی خۆیەوە هەوڵ بدات.

د.رێزان محەمەد پسپۆڕی ژینگە و پیسبوون و مامۆستا لەبەشی بایەلۆجی لەکۆلێژی زانست لە زانکۆی سلێمانی رایگەیاند: زەرفی نایلۆن زیانێکی زۆری بۆ ژینگە هەیە و پێویستە بەکارنەیەت لەبەرئەوەی بەسەدان ساڵ لەخاکدا دەمێنێتەوە و شی نابێتەوە.

وتیشی: زەرفی کاغەز باشترە لەرووی تەندروسییەوە بەڵام ئەویش زیان بەژینگە دەگەیەنێت چونکە لە ئەنجامی بڕینەوەی دارەکان دروستدەکرێت و گرنگترین شت ئەوەیە هەر کەسێک لە جێی خۆیە.وە هەوڵ بدات و کیسی تایبەت لەقوماش ئامادەکرابێت بەکاربهێنێت لەبری هەموو جۆرە زەرفێک وەک ئەوەی کە لە ساڵانی رابردوودا زەمبیلە بەکاردەهات.

بەپێی توێژینەوەیەك، زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە پاراستنی سەوزەکانی وەکو کاھوو چەندانی دیکە لەناو کیسە پلاستیکییەکان، وادەکات گەشەی بەکتریای “سالمۆنێلا” زیاد بکات لەسەر گەڵای سەوزەکان.

بۆ ئەم مەبەستەش زانایان سەوزەی کاھوویان وەکو نموونە وەرگرتووە، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لەناو کیسەی پلاستیکی لەساردکەرەوە ھەڵیانگرت، پاشان دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوت زیاتر لە ١٠٠ جۆری جیاوازی بەکتریای “سالمۆنێلا” لەسەر سەوزەکان ھەبووە.

زانایان ئەوەشیان ڕوون کردووەتەوە کەوا بەکتریای “سالمۆنێلا” یەکێکە لەو جۆرانەی بەرگرییەکی زۆر دەکات لەکاریگەری دەرمانە پزیشکییەکان، ھەروەھا ئەو بەکتریاییە لەڕێگەی خاک یان ئاو دەگوازرێتەوە بۆ سەر گەڵای سەوزەکان، بەتایبەتی سەوزەی کاھوو ئەو بەکتریایە دەچێتە ناو کەناڵەکانی گەڵاکە بۆیە کاتێک لەناو کیسەی پلاستیکی ھەڵدەگیرێت، گەشەی بەکتریایەکە زیاد دەبێت بەھۆی زۆری ڕادەی شێداری، لەئەنجامدا زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

پلاستیک بە گشتی لە “هایردۆکاربۆنەکان” دروست دەکرێن لە ماددەی پۆلیمەری کە لە زنجیرەیەکی درێژی گەردیلەی کاربۆن پێکهاتووە لەگەڵ چەند گەردیلەیەکی تری وەک (ئۆکسجین، گۆگرد، نایترۆجین و کلۆر) هەر زنجیرەیەکیش دەگەڕێتەوە بۆ چەند یەکەیەکی دووبارەوە بوو کە لە مۆنۆمەرەکان پێکهاتوون و هەر زنجیرەیەکیش لە پۆلیمەر لە هەزارەها یەکەی دووبارەوەبوو پێک هاتوون، پلاستیکەکان بە ئاسانی لە قاڵب دەدرێن و شێوەیان دەگۆڕدرێ بە بەکارهێنانی گەرمی، پەستان، لەگەڵ ماددە پۆلیمەریەکان و چەندین ماددەی تر لە درووستکردنیدا بەکاردێت زیاتر لە سەرچاوەکانی نەوت و گازی سرووشتیەوە وەردەگیرێن بە جۆرێک ٤٪ ی کۆی سوتەمەنی ساڵانەی جیهان بۆ پیشەسازی پلاستیک بەکار دەهێنرێت.

پلاستیکەکان بە شێوەیەکی گشتی دابەش دەکرێن بۆ دوو کۆمەڵە:

‏ ١- ثێرمۆسێت: ئەوانەن کە گەرمی کاریان تێناکات دوای ڕەقبوونیان شێوەیان ناگۆڕێت وەک: (ئیپۆکسی، سلیکۆن، پۆلی-یۆرسەین، فینۆلیک).

٢- ثێرمۆپلاستیک: ئەوانەن بە گەرمی کاریان تێدەکرێت و دوای ڕەقبوونیان بە گەرمکردن دووبارە دەتواندرێت شێوەیان بگۆڕدرێت، ئەم جۆرە لە پلاستیک زیاتر بەرگەی پیاکێشان دەگرێت و لەبەرئەوەی بە گەرمی کارتێکراون، دەتوانرێت بە ئاسانی دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، چەندین جۆری جیاوازی هەیە کە بەکارهێنانێکی زۆری هەیە لە ژیانی ڕۆژانەماندا وەک؛ (پۆلیڤینایڵ-کلۆراید، پۆلیڤینایڵ-ئەسیتەیت، پۆلیستایرین).

پلاستیکەکان بە پشتبەستن بە توانای دووبارە بەکارهێنانەوەیان بۆ حەوت جۆر پۆلێن کراون:

١- پۆلیئسیلین-تێرێفسالەیت (PETE): ئەم جۆرە زیاتر بۆ درووستکردنی دەبەی ئاو بەکار دەهێنرێت.

٢- پۆلیئسیلین (چڕی زۆر) (HDPE): زیاتر لە درووستکردنی دەبەی شیر، شەربەت، دەبەی تایت و شامپۆ دا بەکاردەهێنرێت.

٣- پۆلیڤینایڵ کلۆراید (PVC): بەرگریەکی باشی هەیە بەرامبەر بە ماددە کیمیایەکان بۆ درووستکردنی پەنجەرە، بۆری ماڵان و یاری منداڵان بەکاردەهێنرێت.

٤- پۆلیئسیلین (چڕی کەم)(LDPE): پلەیەکی شلبوونەوەی نزمی هەیە بۆ درووستکردنی وایەر، زەرفی خۆڵ و عەلاگەی جل هەڵواسین بەکاردەهێنرێتت.

٥- پۆلیپرۆپلین  (PP): جیڕ و ڕەقە و بۆ درووستکردنی کوپ، دەبەی شەربەت، دەفری ماست بەکاردەهێنرێت.

٦- پۆلیستایرین (PS): لە درووستکردنی یاری، کەیسی سی دی و کەوچک و چەتاڵی سەفەریدا بەکاردەهێنرێت.

٧- بەشێکی دیکە لە پلاستیک؛ هەموو جۆرەکانی تری پلاستیک دەگرێتەوە، وەکو (بس فینۆڵ ، نایلۆن و پۆلی کاربۆنەیت کە لە درووستکردنی “سی دی” دا بەکار دەهێنرێت) بە شێوەیەکی گشتی ئەوانەن کە توانای دووبارە بەکارهێنانەوەیان کەمە

پلاستیکی جۆری (٢،٤،٥) ژەهری کەمترە وەک لە جۆرەکانی (١،٣،٦،٧) هەروەها جۆری (١،٢،٦) باوترین جۆری پلاستیکن کە لە پڕۆسەی دووبارە بەکارهێنانەوەدا بەکاردەهێنرێن، بە پێچەوانەوە چوار جۆرەکەی تر زۆر بە کەمی بە پڕۆسەی دووبارە بەکارهێنانەوەدا دەڕۆن

ماوەی شیبوونەوەی پلاستیک:

جۆری یەکەم : پێنج بۆ دە ساڵ

جۆری دووم : سەد ساڵ

جۆری سێیەم: هەرگیز شی نابێتەوە

جۆری چوارەم: پێنجسەد بۆ هەزار ساڵ

جۆری پێنجەم: بیست بۆ سی ساڵ

جۆری شەسەم: پەنجا ساڵ

جۆری حەوتەم: زۆربەیان هەرگیز شی نابنەوە جگە لە پۆلی-لاکتیک-ئەسید کە شەش مانگی پێویستە بۆ شیبوونەوە

لە چوارچێوەی پڕۆژەی(چاودێڕی و خستنەڕووی ڕەوشی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بنیادنانی تواناکان) کەمپینێکی میدیای پرۆژەکە، کۆمەڵێک کار بە پاڵپشتی رۆژنامەنووسان و ژینگە پارێزان و ناوەندەکانی راگەیاندن بەرهەم دەهێنیت، ژینگە پارێز (شەنای فاتح) ئەم وتارەی بۆ کەمپینەکە ئامادەکردووە.

ئەم پرۆژەیە، لەلایەن رێکخراوی پردێک بۆ- UPP جێبەجێ دەکرێت، بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئازادبوون، بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی UNDP و پرۆژەی .“HIWAR”,