رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دزی لە منداڵە ئاوارە سوورییەکان دەکرێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ڕۆژی ٣٠ی حوزەیران، گرنگترین ڕۆژی ٢٠٢٠ بووە بۆ منداڵە ئاوارە سوورییەکان، چونکە لەو ڕۆژەدا و لە کۆنفرانسێکی تایبەتدا بە ناوی ”داهاتووی سووریا و ناوچەکە”، چەندین وڵاتی جیا ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی منداڵە ئاوارەکانی سووریا و بەخشینی بڕی ٧ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا.

بەڵام ئایا بڕی چەند لەو پارەیە، هەر بە ڕاستی دەچێتە خزمەتی پەروەردەی منداڵە سوورییەکانەوە؟ ئەو منداڵانەی کە لە زمانی مارک لۆوکۆکی کادری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ”بەردەوام بە ناوی پەروەردەوە دزییان لێ کراوە”. لە هەمان کاتدا مارک ئاماژەی داوە بەوەی کە ”زۆربەی ئەو لایەنانەی پارەکەیان بەخشیوە، هیچ ئاماژەیەکیان بە وشەی ‘پەروەردە’ نەکردووە و ئامانجی تریان هەبووە”.

ئامانجی سەرەکی لە پشت هەموو یارمەتییەکان، بە گشتی ئاوەرەکانن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ئاوارەکانیان گرتووەتە خۆ، نەک بە تەنها منداڵ و پەروەردە. لە کۆنفرانسەکەی ساڵی پاردا توانرا نزیکی ٩ ملیار و٤٠٠ ملیۆن دۆلاری کۆ بکرێتەوە، بەڵام هێشتا ئەو لایەنەی پێویستتر و لەپیشتترە وەک لە هەر لایەنێکی تر، لایەنی پەروەردەی منداڵەکانە.

ساڵی ٢٠١٦، لە شاری مەفرەقی وڵاتی ئوردن، منداڵێکمان بە ناوی ئەمەلەوە ناسی. کچێک بوو کە لە ڕێگەی یارمەتیوەرگرتن لە شێخێک، توانیبووی لە یەکێک لە سەنتەرە پەروەردەییەکان خەریکی خوێندن بێت. لەو ساڵەدا دەبوو کۆنفرانسی هاوکاریکردنەکەی سووریا، خاڵی وەرچەرخان بوایە بۆ هەر منداڵێکی ئاوارەی سووری، چونکە وڵاتانی پشتگیریکار بەڵێنی ئەوەیان دابوو کە ”هەموو منداڵێکی سووری مافی خۆیەتی و دەبێت خوێندنێکی تەواوی بۆ دەستەبەر بکرێت”، تا ساڵی ٢٠١٧.

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا، ئەو داهاتەی کە بۆ خوێندنی ئەمەل تەرخان کرابوو، کۆتایی هات. دواتر شێخێک بە ناوی نوور وەقفی، خەرجییەکانی خستە سەر ئەستۆی خۆی، تا ئەمەل بتوانێت خوێندنەکەی تەواو بکات. شایەنی باسە شێخ نوور وەقفی هەتا ئێستا لەژێر قەرزدایە بە هۆی ئەو کارەیەوە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە ئەمەل دواتر ناچار بووە دەست بکات بە ئیش و واز لە خوێندن بهێنێت، لەسەر داوای باوکی. ئەم دۆخە تەنها دۆخی ئەمەل نییە، بەڵکو لە ٪٨٠ی ئاوارە سوورییەکانی ئوردن، لە هەژاریدا دەژین.

حەنانی دایکی ئەمەل ڕێگریی لە کارکردنی کچەکەی دەگرت، داوای لە هاوسەرەکەی کرد کە ئەمەل بنێرنەوە بۆ خوێندن و چیتر لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان کار نەکات، کە لە دەرەوەی توانای منداڵێكدایە. ئەو دەڵێت: ”من دەمەوێت منداڵەکانم پەروەردە بکرێن.” دواتر لە مانگی ٣ی ئەمساڵدا حەنانمان بینییەوە، دەیگوت: ”ئاواتەخوازم منداڵەکانم لەوە زیاتریان هەبێت کە من هەمبوو.” ئێستا ئەمەل بەردەوامە لە خوێندن و دەیەوێت ئاستی خوێندنی ناوەندییش تەواو بکات.

دۆخی ئەمەل، دۆخێکی تایبەتە و منداڵەکانی تر هەمان دۆخی ئەویان نییە. نزیکەی سێ لەسەر چواری منداڵەکان بە هۆی هەژارییانەوە پێش ئەوەی ئاستی ناوەندی تەواو بکەن، قوتابخانەیان جێ هێشتووە و دەستیان کردووە بە کار، کە ئەمە شتێکی قبووڵنەکراوە بۆ هەر منداڵێک کە لەم سەردەمەدا بژیی. ئەو بەڵێنەی ٢٠١٦ درا، کە گوایە خوێندنی تەواو بۆ منداڵە سوورییەکان دابین دەکرێت، ئێستا شکێنراوە، دوای ئەوەی کە نزیکە ١٠ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تێکچوونی دۆخی سووریادا.

ئەوە ئەرکی بەخشەرەکانە کە گرەنتیی ڕۆیشتنی پارەکانیان بدەن بۆ پەروەردەی منداڵەکان. حەنانی دایکی ئەمەل کە لە ١٤ ساڵییەوە شووی کردووە و هەرگیز فێری نووسین و خوێندنەوە نەبووە، لە کۆتاییدا پێی گوتین: ”تاکە ئاواتم لە ژیان ئەوەیە کە منداڵەکانم بخوێنن و دەستکەوتی بەنرخیان هەبێت لە ژیانیاندا.”

سەرچاوە:

https://www.hrw.org/news/2020/07/01/syrian-refugee-children-are-still-being-robbed-education