رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە ئێران سێ خۆپیشاندەر لە سێدارە دەدرێن

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

سێ گەنجی خۆپیشاندەر دوای دەربڕینی ناڕەزایی و گرتنیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە، بڕیاری لەسێدارەدانیان لە دادگای شۆڕشی تاران بۆ دەرچوو.

سەعید تەمجیدی، ئەمیرحسێن مورادی و محەمەد ڕەجەبی، سێ گەنجەکەن، کە خۆیان و چەندین خۆپیشاندەری تریش دەستگیر کرابوون و دواتریش حوکم دران، بە بیانووی ئەوەی ”لە زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و دروستکردنی هاندان بۆ چالاکی لە دژی حکومەتی ئیسلامیی ئێران”. حوکمی سێ گەنجەکە لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە قبووڵ کراوە و ئێستایش هەرسێکیان چاوەڕوانی وادەی لەسێدارەدانیانن.

ناڕەزایەتییەکانی ئەم سێ گەنجە، بۆ ڕووداوەکان و ئەو زنجیرە خۆپیشاندانانە دەگەڕێتەوە کە لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٩ دەستیان پێ کرد. ئەو ناڕازایەتییانە لە سەرەتادا بە هۆی خراپیی باری دارایی خەڵک و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەستی پێ کرد. بەڵام دوایی ناڕازەیەتییەکان گەورەتر بوون و درێژەیان کێشا. تا گەیشت بەوەی لە نزیکی ١٥٠ شار و شارۆچکەی ئێران خۆپیشاندان بکرێت و دروشمەکانیش تا ئاستێک ڕۆیشتن کە داوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حکومەتی ئێستا بکرێت.

ئەم زنجیرە خۆپیشاندانانەی کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بەردەوامن، بە کاریگەرترین چالاکیی خەڵک لە دژی حکومەت دادەنرێت، کە لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام درابێت. خۆپیشاندەران هێرشیان کردووەتە سەر سەدان بانکی حکومی و لە ناویشیاندا بانکی ناوەندی و بانکی ئیسلامی، ئەمە جگە لە ٥٠ یەکەی سەربازی لە شوێنە جیاوازەکاندا.

حکومەتی ئێران بۆ ڕێگەگرتن لە خۆپیشاندانەکان، پەنای بردووەتە بەر چەندین ڕێگە و ئامڕازی دڕندانە، وەک داری کارەبایی، گازی فرمێسکڕێژ، بۆمبی ئاوی، سەیارەی گوللەبەند، تانک و کۆپتەر. هێڵی ئینتەرنێتیش ماوە ماوە ڕادەگیرێت، تا خەڵک پەیوەندییان لەگەڵ یەکتری نەمێنێت و دەرفەتی دروستبوونی چالاکیی گەورە کەمتر ببێتەوە. شایەنی باسە لە سەرەتای ڕووداوەکانەوە، نزیکەی ١٥٠٠٠٠ کەس دەستبەسەر کراون و بە هەزارانیش کوژران یان بێسەروشوێن کراون.

سەرچاوە:https://freedomnews.org.uk/iran-three-protesters-sentenced-to-death/