رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

یاداشتی دەستەی داکۆکیکاران لە نەخۆشخانەی هیوا

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەبەردەم چادرگەی دەستەکە خوێندرایەوە لە ناو گۆڕەپانی نەخۆشخانەی هیوا بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی. هەروەها چەند کەناڵی ئاسمانی عێراقی ڕۆمالێ کۆنگرەکەیان کرد. هاوکات دکتۆر یاد نەقشبەندی دەستخۆشی لە کاری دەستەکەکرد و بە ووردی جارێکیتر جەختی لە کێشەو گرفتەکان نەخۆشخانەی هیوا کردەوە.

فەرموون لەگەل دەقی یاداشتنامەکە :

کەموکورتی و کێشەکانی “نەخۆشخانەی هیوا” لە سلێمانی

بابەت: یاداشت

بۆ بەڕێزان:

پەرلەمانی کوردستان

لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی تەندروستی – حکومەتی هەریمی کوردستان

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە نەتەوە یەکگرتوەکان

دەستەی داکۆکیکاران لە نەخۆشخانەی هیوا پێکھاتووە لە :کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ،ڕێکخراوی ژنان،  چالاکوان، پارێزەر، مامۆستای زانکۆ، نووسەر، ھونەرمەند، پزیشک و کارمەندی تەندروستی. ئامانجی ئەم دەستەیە پشتگیریکردنە لە نەخۆشخانەی ھیوا بۆ باشکردنی باری تەندرووستی و گوزەرانی نەخۆشەکانی. لە ئەنجامی بەدواداچوونمان بۆ ئەو کێشانەی ڕووبەڕوی نەخۆشخانەی هیوا دەبنەوە، ھەندێک زانیاریمان سەبارەت بە کێشەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا کۆکردۆتەوە  لەم یاداشتەدا سەرەتا کێشەکان دەخەینە ڕوو و دواتر چارەسەرەکان پێشنیار دەکەین:

کێشەکانی نەخۆشخانەی ھیوا کە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە:

یەکەم، نەبوونی بڕی پارەی پێویست: ماوەی پێنج مانگە، بڕی داهاتی سندوقی کۆمەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە خەرجنەکراوە. ئەمەش بۆتە ھۆکاری ڕێگریکردن لە کڕینی دەرمان، کڕینی ئامێری پشکنین و. ئەم کەموکورتیانە دەبنە ھۆکاری مردنی ھەندێک نەخۆش کە دەکرێت ڕێگریی لە مردنیان بکرێت.

دووەم، نەبوونی دەرمان: نەبوونی دەرمانی چارەسەر، ژیانی نەخۆشەکان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.. ئەمە لە کاتێکدا لە ٪٩٥ نەخۆشەکان توانای داراییان لاوازە وتوانای کڕینی دەرمانی شێرپەنجەیان لە دەرەوە نیە و گەر دەرمانەکان لە کاتی خۆیدا وەرنەگرن ژیانیان لە مەترسیدا دەبێت. جگە لەوەی کە دەرمانی شێرپەنجە نرخی گرانە و هەموو دەرمانەکان لە ناو سلێمانیدا دەستەبەر نین. جاری واهەیە نەخۆش ناچار دەبێت بە نرخێکی گران، دەرمان یان لە بەغداد یان لە وڵاتانی دراوسێ پەیدا بکات. ھەروەھا رێگریکردن لە نەخۆشخانەی هیوا بۆ کڕینی دەرمانی ئازارشکێن بۆتە ھۆی ئەوەی نەخۆشەکان بەدەست ئازارەوە بناڵێنن

سێیەم، کێشەی ئامێرەکانی سی تی سکان و ئێم ئاڕ ئای: زۆرجار لۆد و زۆر بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەی بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چارەسەری نەخۆشەکە بەکاردەهێنرێن دەبنە هۆکاری وەستاندن و لە کار کەووتنیان. ئەمە جگە لە دەستەبەرنەبوونی ئامێری چارەسەری تیشک لە سەنتەری ژیانەوە کە سەر بە نەخۆشخانەی هیوایە و ڕۆڵێکی گرنگی لە چارەسەریی نەخۆشیی شێرپەنجەدا هەیە. لە ئێستادا تەنیا دوو ئامێر لە نەخۆشخانەکەدا هەیە و زۆرینەی کات لەبەر لۆدی زۆر یەکێکیان لە کاردەکەوێت، تەنانەت دوای چاککردنەوەشی، هەر لەبەر زۆری بەکارهێنانی دوبارە لە کار دەکەوێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆکاری درێژبوونەوەی سەرەی چارەسەرکردنی نەخۆشەکان کە زۆربەی جار دوای شەش مانگ سەرەی پشکنین و چارەسەریان بەردەکەوێت. لە ئەنجامدا یان نەخۆشییەکە تەشەنە دەسێنێت و چارەسەری قورستر و دەرفەتی چاکبوونەوەیان زۆر کەمتردەبێت یان هەندێکیان گیان لەدەستدەدەن بێ ئەوەی چارەسەریان وەرگرتبێت.

چوارەم،پێویستی هەموارکردنی یاسای ژمارەی ١١ ی ساڵی ٢٠١٢: ئەم یاسایە لە سەردەمێکدا دەرچووە کە تەنھا پەنجا (٥٠) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوای دەکرد! لە ئێستادا کە نەخۆشی شێرپەنجە زیادی کردوە و نەخۆش لەسەرتاسەری عێراقەوە ڕوودەکاتە نەخۆشخانەکە، چیتر ئەو یاسایە لەگەڵ باروودۆخی هەنوکەیی نەخۆشخانەکەدا ناگونجێت. (لەگەڵ ئەم یاداشتەدا زانیاری سەبارەت بە نەخۆش لە شارەکانی دیکەی عێراق ھاوپێچ دەکەین)

پێنجەم، ھۆکارەکانی زیادبوونی شێرپەنجە: بەپێی لێکۆڵینەوەکان یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە لە جیھاندا، پیسبوونی ژینگە و کەمی وەرزش و خواردنی ناتەندرووستە. شاری سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی کە زۆرترین ژمارەی نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە. بە بۆچوونی پزیشکانی پسپۆڕی شێرپەنجە، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکان پیسبوونی ژینگەی شارە بەهۆی ئەو کارگانەوە کە چاودێری پاراستنی ژینگە و بەکارھێنانی فییلتەر ناکەن، ئەمە جگە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە و خواردنی ناتەندرووست و کەمیی جووڵە، کەمبونەوەی سەوزایی، فڕیدانی خاشاکێكی زۆر لە شوێنی نەگونجاو.

شەشەم، نەبوونی دەرماڵەی پێویست بۆ دکتۆرەکان و کارمەندەکان: بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووری بۆتە ھۆکاری نەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا و نەدانی پارەی “بدل عیادات” لە مانگی یەکی هەموو ساڵیکەوە بە هۆی بوونی ڕۆتینیکی زۆرەوە لە نێوان وەزارەتی دارایی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەر بۆ نموونە تاساتی نووسینی ئەم یاداشتە ١١ مانگە وەریان نەگرتوە . ئەمەش هۆکاری کەمبوونەوەی سەرچاوەی مرۆیی نەخۆشخانەکەیە و گەر وا بڕوات زیانێکی زۆر بەر نەخۆشەکان دەکەوێت

حەوتەم: خۆبەخشەکانی نەخۆشخانەی هیوا لەسەدا چلی توانا مرۆیەکانی نەخۆشخانەی هیوا پێك دەهینین، کە ئەمەش هێزیكێ کاری گرنگە بۆ نەخۆشخانەکە، کە پێویستە ئەم خۆبەخشانە لە لایەن حکومەتەوە دابمەزرێندرین.هەموو ئەو ساڵانەی کە کاریان کردوە بە خزمەت بۆیان ئەژمار بکرێت.

هەشتەم ، نەبوونی شوێن بۆ نەخۆش و بچوکیی بینای نەخۆشخانەکە: بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا، ساڵانە ٣٠٠٠ (سێ هەزار) نەخۆشی/ کەیسی نوێ تۆماردەکرێت. بۆ نمونە لە ڕێکەوتی ١٢-٤-٢٠٢٢- ەوە جێگە بۆ نەخۆشی فریاکەوتن نەبووە تا چارەسەر وەربگرێت. بێشوێنیی و بچوکیی نەخۆشخانەکەش بۆتە ھۆکاری مەرگی ھەندێک لە نەخۆشەکان، ئیمە لێرە کار بۆ ئەوە دەکەین کە فشار دروستبکەین بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە. کە بەشەکانی چارەسەر بە تیشك، سەنتەری شانەزای، سەنتەری سالاسیما، سەنتەری چاندنی مۆخی سوری ئێسک لە خۆ بگرێت. .

پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان:

یەکەم، پێویستە بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان، بە پێی ڕەشنوسێک کە نەخۆشخانەی هیوا ئامادەی کردووە، میکانیزم و ڕێنمای خەرجکردنی داهاتی سندوقی کۆمەک پەسەندبکات و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و رێگەنەدرێت پارەی سندوق بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە بەکاربهێنرێت. لەڕێگەی خەرجکردنی بڕی ٣ -٥ ملیار دینار مانگانە لە پارەی سندوقی شێرپەنجە ، لە ڕیگەی ئەم بڕە پارەیەوە زۆربەی کێشەکانی هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە چارەسەر دەبێت.

دووەم، بە پێویستی دەزانین بە زووترین کات سەنتەری دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شیرپەنجە لە سلێمانی بکرێتەوە، چونکە ئامارەکان نیشانماندەدات کە زۆرترین ڕێژەی توشبووان لەم شارەدایە. ئەمە جگە لەوەی نەخۆشانی شێرپەنجە لە سەرتاسەری عێراقەوە ڕوو لەم پارێزگایە و ئەم نەخۆشخانەیە دەکەن.

سێیەم، پێوسیتە بەپێی یاسا فشاربخرێتە سەر خاوەن کارگەکان تاکو گرنگی بە دانانی سیاسەتی ڕەچاوکردنی ژینگەپارێزی بدەن. پێویستە سیاسەتی ڕوون و تۆکمە بۆ ڕێگرکردن لە پیسبوونی ژینگە و ئاوهەوای کوردستان دابڕێژرێت ئەوەش بە ڕاوێژکردن لەگەڵ کەسانی شارەزا و پسپۆڕی ئەو بوارە. جەخت لە بەکارهێنانی فیڵتە  وئامێری پێویست بکرێت تا ڕێگریبکرێت لە تێکەڵبوونی پاشەڕۆی ئەم کارگانە بە ئاو وھەوا و خاکی ناوچەکە.

چوارەم، پێوستیە لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی و میدیاکانەوە بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی هۆشداری و هۆشیاری تەندروستی لەسەر زیانەکانی نێرگەلە و جگەرە بۆ دایکان و باوکان و گەنجان  بلاوبکرێتەوە.

پێنجەم، پشکنینی ساڵانە بۆ ژنانی سەرو تەمەنی٤٠ ساڵ: میکانیزمی گونجاو دیاری بکرێت تا بە زووترین کات نەخۆشیەکە بدۆزریتەوە.  ئاشکرایە کە ئەگەر نەخۆشی شێرپەنجە لەسەرەتادا بێت و تەشەنەی نەسەندبێت ، ئەوا چارەسەرکردنی ئاسانترە وە دەتوانرێت نەخۆشیەکە بنەبڕ بکرێت..

کەموکورتی و کێشەکانی “نەخۆشخانەی هیوا” لە سلێمانی

بابەت: یاداشت

بۆ بەڕێزان:

-ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

– لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق( لە ئێستادا تەشکیل نەبوە)

-وەزارەتی تەندروستی عێراق

– ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە شاری بەغداد

دەستەی داکۆکیکاران لە نەخۆشخانەی هیوا پێکھاتووە لە کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی ژنان، چالاکوان، پارێزەر، مامۆستای زانکۆ، نووسەر، ھونەرمەند، پزیشک و کارمەندی تەندروستی. ئامانجی ئەم دەستەیە پشتگیریکردنە لە نەخۆشخانەی ھیوا بۆ باشکردنی باری تەندرووستی و گوزەرانی نەخۆشەکانی. لە ئەنجامی بەدواداچوونمان بۆ ئەو کێشانەی ڕووبەروی نەخۆشخانەی هیوا دەبنەوە، ھەندێک زانیاریمان سەبارەت بە کێشەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا کەڵەکەکردووە. لەم نووسراوەدا سەرەتا کێشەکان دەخەینە ڕوو و دواتر چارەسەرەکان پێشنیار دەکەین

یەکەم، نەبوونی بڕی پارەی پێویست: نەناردن و سەرفنەکردنی هیچ بڕە پارەیەک بۆ سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆتە ھۆی کێشەی گەورە بۆ نەخۆشەکان. ئەمە لەکاتێکدا زیاتر لە ٢٠-٣٠٪ لە  نەخۆشەکان لە خواروو و ناوەراستی عێراقەوە سەردانی سەنتەرەکە و نەخۆشخانەی هیوا دەکەن. بۆزانیاری بەڕێزتان، سەنتەرەکە تا ئێستا لەسەر ئەرکی خۆی ٦٧ نەخۆشی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کردووە.

دووەم، دابیننەکردنی دەرمان بەپێی پێویستی: داواکارین حکومەتی عێراق ڕەچاوی “تقدير الحاجة” بکات و بەپێی پێویستی جۆری دەرمانی نەخۆشخانەکە، دەرمانیان بۆ بنێرێت، نەک ڕێژەی لە ١١٪ ی ھەر دەرمانێک وەک تا ئێستا باوە. چونکە وەک ئاماژەمان پێدا لە سەدا بیست بۆ سی نەخۆشەکان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ چارەسەر ڕوو لەنەخۆشخانەکە دەکەن و بە پێویستی دەزانیین بە زووترین کات ڕێژەی دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا زیادبکرێت.

سێیەم، خەمساردی حکوومەت لە ئاست تووشبووانی شێرپەنجەدا: تا ئێستا ھیچ ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون بە شیرپەنجە نەگیراوەتە بەر، ئەویش بۆنمونە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ھوشیاری تەندرووستی، کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمان و خواردن و کارگەکان. جگە لە نەبوونی سەنتەری پێویست بۆ پشکنینی پێشوەخت. بەرزبونەوەی رێژەی توشبوان بە شێرپەنجە و و بێباکی حکومەت لەم کێشە گەورەیەدا زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان و وابڕوات مەترسی کارەساتی گەورەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. .

چوارهەم، گرفتی گواستنەوەی دەرمان (مناقەلە)لەکاتی زیادبونی بڕی ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەکاردێن و لەلایەن بەغدادەوە دێن بۆ نەخۆشخانەی هیوا لەکاتێکدا لە پارێزگایەکی تر ئەو دەرمانانەیان پێویست بێت و لە نەخۆشخانەی هیوا دەیانەویت نەهێڵین بەسەر بچێت  باشتر وایە بۆیان بگوازرێتەوە  (مناقەلە) یان پێبکریت،

پێنجهەم، گرفتی نەبوونی دەرمانی ئازارشکێن لە گروپی (opioid).

 لە ساڵی ۲۰۱۷ وە نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەی هیوا گیرۆدەی ئەو گرفتەن ، چەند جارێک هەوڵدراوە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەمەبەستی دابینکردنی ئەو دەرمانانە، بەڵام ئەوان پێیان ڕاگەیاندراوە کە لەدەسەڵاتی ئەواندا نیە ئەو جۆرە دەرمانە دابین بکەن.

 دواجار لەمانگی  ۲/٢٠٢١ داوا لە سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە کراوە دەرمانەکان دابین بکرێت کە بەڕێز وەزیری تەندروستی سەرپەرشتیاری بوو،  بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا دابین نەکراون.

١٧/٥/٢٠١٢٢

دەستەی داکۆکیکاران لە نەخۆشخانەی هیوا

ڕێکخراو و کەسایەتیەکان :

١/ ڕێکخراوی خەڵک بەۆ گەشەپێدان (PDO)

٢/ ڕێکخراوی ڕاگەیاندنی و ڕوناکبیری ژنان

 ٣/ ڕێکخراوی ئازادبوون

٤/ تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی

٥/ ێکخراوی ئاسودە

٦/ پرۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە

٧/ سەنتەری پەرەپێدانی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ

٨/ سەنتەری جێندەرو گەشەپیدانی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق-سلێمانی (CGDS)

٩/ ڕێکخراوی گەشەپیدانی مەدەنیەت(CDO)

١٠/ ڕیکخراوی هاریکاری یاساییژنان(WOLA)                                            

ناوی کەسایەتیەکان :

نیگار توفیق (کارمەندی تەندروستی و چالاکوانی مەدەنی )

ئاڤان سدیق(شیوەکار)

بەهار شوکریە موونزیر(چالاکوانی مەدەنی)

ڕازاو گوڵێ محمود (مافناس و چالاکوانی مەدەنی )

 شەدە بەشیر (چالاکوانی مەدەنی)

کەژاڵ عبدول قادر (کارمەندی تەندروستی، چالاکوانی مەدەنی)

شاخەوان ناسح(چالاکوانی مەدەنی)

نازە شیروان (تویژەری کۆمەڵایەتی)

ئاسۆ فازل (چالاکوانی تەندروستی، خوێندکار)

د.چۆمان هەردی (م. زانکۆ ، نوسەر)

شاسوار سدیق (کۆمەڵناس)

گەشەدارا حەفید(مافناس، چالاکوانی مەدەنی )

کارزان فازل (پارێزەر ، چالاکوانی مەدەنی )

جوان ڕەحیم (چالاکوانی مەدەنی )

گمۆ محمد (ڕاگەیانکار)

کۆژین عثمان (چالاکوانی مەدەنی)

عەقید بەختیار محمد (وتەبێژی هاتوجۆی سلێمانی)

لەنجە ئازاد (تویژەری دەروونی)

پێشەنگ محمد (پاریزەر)

کلارا هێمن (چالاکوانی مەدەنی)

شەنیار توفیق حەمە سەعید (چالاکوانی مەیدانی گەنجان)

لارا سامان محمد(چالاکوانی مەیدانی)

شۆخان ئەحمد ڕەشید

هانا شوان

داستان دولبەر 

تەلار کەمال (توێژەری دەروونی)

نەوزاد محمد (کارمەندی مەیدانی)

کەوسەر عیرفان (كارمەندی ڕێکخراو) 

ئەندامانی دەستەی داکۆکیکاران لە نەخۆشخانەی هیوا  ١٧/٥/٢٠٢٢

ڕێکخراوە پشتیوانەکان لە دەستەی داکۆکیکاران لە نەخۆشخانەی هیوا :

دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ

ڕێکخراوی ئیمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی لە شاری هەولێر

ڕێکخراوی فریاکەوتنی میللی ( پاو) لە هەولێر

ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ

ڕێکخراوی مەسەلە بۆ پەرەپیدانی توانا مرۆییەکان

پلاتفۆرمی نا بۆ توندوتیژی و کوشتنی ژنان

ئینستوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

فدراسیۆنی ڕیکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی