رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ناكرێت لەژێر هیچ پاساوێكدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت‌

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئەمڕۆ چوارشەممە رێککەوتی (٢٠٢٢/٢/١٦)نوێنەری (٣٧) رێکخراوى ناحکومی، لەبەردەم پەرلەمان یاداشتێکیان ئاراستەی چەند لایەنێک کرد و داوایانکرد هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

ناكرێت لەژێر هیچ پاساوێكدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت‌و پێویستە رێكارەكانی ئامادەكاری دەستپێبكرێت
بۆ هەریەكە لەبەڕێزان…

  • سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
  • سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان.
  • سەرجەم فراكسیۆنەكان لە پەرلەمانی كوردستان.
  • ئۆفیسی نێردەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عێراق – هەرێمی كوردستان (یونامی)
  • رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن.
    پرسی هەڵبژاردن تائێستاش وەك شا رێ گۆرانكاری‌و بنەمایەكی دیموكراسی ناوزەندەكرێت ‌و چاویلێدەكرێت، هەربۆیە زۆرێك لەوڵاتان ‌و هەرێمەكان لەپاڵ ماوەی یاسای ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان بەردەوام وەك یەكێك لە رێگە چارەسەرەكان لە هەر بارودۆخێكی نەخوزراو و نارەزایەتی پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبەن، تا بتوانێت جارێكی تر نوێنەرانی خەڵك بخرێتەوە بەردەم سەنگی مەحكی دەنگدەران ‌و چارەسەری ئاڵنگارییەكانی پێبكەن، خۆشبەختانە لەعێراقیش یەكەم ئەزموونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خولی پێنجەم بە سەركەوتوانە بەرێوەچوو ئێستا دەبینین هاوڵاتیان چاوەڕی دەستبەكاربوونی كابینەیەكی نوێ حكومەتن، بۆیە گرنگە لە هەرێمی كوردستانیش پرسی هەڵبژاردن وەكخۆی ‌و بەپێی یاسا و دەستوری بەركار كاری پێبكرێت كەبەداخەوە لەرابردوودا بەوشێوەیە نەبووە.
    لەئێستادا هەرێمی كوردستان پەرلەمانەكەی تاكە دامەزراوەیە هەڵبژاردنی بۆ بەرێوەبچێت، تا ئێستاش پێنج خولی هەڵبژاردنی بۆ ئەنجامداوەو، بەداخەوە لەهیچ كامیان لەخولەكان، دەسەڵات پابەندی ماوەی كاركردنی یاسای خولەكان نەبووە، بەڵكو هەرجارە و بەپاساوێك هەڵبژاردنی دواخستوە و ماوەی كاركردنی خولەكانی درێژكردۆتەوە، ئەمەش وایكردوە هەرێم نەك هەڵبژاردنی پێشوەختە بەخۆوە نەبینێت بەڵكو لەماوەی سی ساڵی تەمەنی حكومڕانی، تەنها پێنچ خول هەڵبژاردنی بۆ ئەنجامداوە لەكاتێكدا بەپێی یاسا دەبوو ئێستا نزیك بێنەوە لەخولی هەشتەم نەك شەشەم.
    ماوەی كاركردنی پەرلەمانی كوردستان بەپێی ماددەی (51) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو چوار ساڵە و لەیەكەم دانیشتن دەستپێدەكات ‌و بەكۆتا دانیشتن لە ساڵی چوارەم كۆتایی دێت”. هەروەها هەر لەسەر بنەمای هەمان یاسا پێویستە (60) رۆژ پێش كۆتایی هاتنی ماوەی پەرلەمان هەڵبژاردن بۆ خولێكی نوێ ئەنجامبدرێت، ئەمەش لەرێگەی فەرمانێكی هەرێمی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن، لەپاڵ ئەم رۆژ ژمێرە یاساییانەدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی كەبەپێی ژمارەی (4) ساڵی (2014) دامەزراوە و لایەنی جێبەجێكارە بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان، بەپێی لێدوانە فەرمی ‌و نافەرمییەكانی ئەم دامەزراوەیە پێویستیان بە (180)رۆژە بۆ ئەنجامدانی ئامادەكاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
    سەرئەنجام بەپێی ئەو رێكارە یاساییانەی لەدەقی یاساكاندا هاتوون، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە(30/9/2018) هەڵبژاردنی بۆ بەڕێوەچوو، پاشان لەبەرواری (6/11/2018) یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان ئەنجامدراوە و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، بەمپێیە بەرواری (6/11/2022) ماوەی یاسای پەرلەمانی كوردستان بەسەردەچێت ‌و لەو بەروارە بەدوا شەرعیەتی یاسایی نامێنێت، واتە دەبێت تا بەرواری (6/3/2022) فەرمانی هەرێمی بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن دەربچێت ‌و كۆمسیۆن دەستبكات بەئامادەكاری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەرنا ئەوا رێكارەكانی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان تێكدەچێت ‌و كاریگەری لەسەر رۆژی هەڵبژاردن دەبێت.
    ئێمە وەك بەشێك لەرێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ترسی جدیمان هەیە بەناوی رێگری ‌و كۆمەڵێك پاساوی دووبارە و بیستراوی وەك (گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، تەواوبوونی ماوەی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ‌و چووڵبونی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ‌و راپرسی) جارێكی تر هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت ‌و دوابخرێت، هەرچەندە ئێمە پێموایە ئەم گرفتانەی باسدەكرێت ‌و تائێستا بەچارەسەر نەكراوی ماونەتەوە هۆكاری سەرەكی نەبوونی ئیرادەیەكی سیاسی بەهێزە بۆیە لەماوەی رابردوو چارەسەر نەكراوە، ئەگەرنا كارێكی ئەوەندە ئەستەم نییە، سەرباری ئەوەش لەئێستادا چارەسەری بەشێك لەم كێشانەی باسدەكرێت كارێكی هێندە قورس نییە ئەگەر ئیرادەیەكی سیاسی ‌و خواستێك هەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكات ‌و ساتی خۆیدا.
    ئێمە وەك بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەهەرێمی كوردستان، لە سۆنگەی خەمخۆریمان بۆ پرسی دیموكراسی‌و بوونی شەرعییەتی یاساو دەستور داوا لەهەریەكە لە سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین:ـ
  1. بڕیاردان لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەكات ‌و ساتی یاسایی خۆیدا، كەبەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، لەرێگەی فەرمانێكی هەرێمی رۆژی هەڵبژاردن دیاریدەكرێت ‌و پێویستە لەسەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ‌و راپرسی دەست بە ئامادەكارییەكان بكات.
  2. داڕشتنەوەی پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ‌و راپرسی بەپێی رێكارەكانی یاسای ژمارەی (4) ساڵی (2014) تایبەت بەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ‌و راپرسی.
  3. هەمواركردنەوەی یاسای ژمارەی (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‌و داڕشتنەوەی بە لەبەرچاوگرتنی بۆچۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی.
  4. دانانی كارنامەی هەماهەنگی لەنێوان كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لەعێراق ‌و هەرێم، تابتوانرێت سوود لەتوانایان وەربگیرێت ‌و كار بەسیستەمی بایۆمەتری دەنگدان بكرێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی (10)ی ئۆكتۆبەری (2021).
  5. بەنووسراوی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەی یەكگرتووەكان ‌و تەواوی كۆنسوڵخانەی ووڵاتان ‌و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بكرێت بۆ چاودێری وردی پرۆسەی هەڵبژاردن ‌و هاوكاری ‌و پشتیوانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك ‌و بێگەرد.
  6. ئلیزامكردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ‌و راپرسی لەبەشداریپێكردنی كارای رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، هەر لەدەستپێكی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن تا راگەیاندنی ئەنجامەكان ‌و پەسەندكردنی.
  7. شەفافیەتی تەواو لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن ‌و كردنەوەی سەرجەم دەرگاكان بەرووی رێكخراو كەسایەتی ‌و چالاكوانان، لەپێناو گیڕاندنەوەی متمانە بۆ دەنگدەران ‌و زیاتر بەشداریكردنیان لەپرۆسەی هەڵبژاردن پەرلەمانی كوردستان.
    لەكۆتاییدا دەمانەوێت جارێكی تر ئەوە بخەینە بەردەم سەرجەم لایەنە هاوبەشەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن ‌و بەتایبەت لایەنە سیاسییەكان ‌و دامەزراوەكانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن، ئێمە لەرێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی پشتگیری ‌و پشتیوانی جدی كۆمسیۆن دەبین بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیداو دژی هەموو جۆرە دواخستنێكی پرۆسەكەین لەژێر هەرناوێكدا بێت، هەر هەنگاو نییەتێك بۆ ئەو پرسە هەبێت ئەوا ئێمە وەك بەشێك لەرێكخراوەكانی تەواوی رێكارە مەدەنی ‌و یاساییەكان دەگرینەبەر.
    ناوی رێكخراوەكان:ـ
  • رێكخراوی هەڵوێست
  • رێكخراوی ستیپ بۆ دیموكراسی ‌و هەڵبژاردن.
  • تۆڕی جاف بۆ چاودێری هەڵبژاردن لە عێراق ‌و هەرێمی كوردستان.
  • ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان.
  • رێكخراوی ئازادبوون (Being free)
  • رێكخراوی ستۆپ
  • تیمی ئاشتی مەسیحی (CPT)
  • ئینستتیوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان(RID).
  • تۆڕی سەكۆی بەشداری گشتی
  • سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ (DHRD)
  • رێكخراوی ئەلەند بۆ دیموكراسنا گەنجان
  • رێكخراوی چاودێری میدیای كوردی (چمك).
  • رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان.
  • رێكخراوی ئەزموون.
  • رێكخراوی بەدیل بۆ دیبەیت.
  • رێكخراوی ئاشتی‌و ئازادی.
  • رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كلتوری مەدەنی.
  • رێكخراوی نوێ.
  • رێكخراوی فۆكەس بۆ پەرەپێدانی مەدەنییەت.
  • رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO).
  • رێكخراوی شار بۆ گەشەپێدانی مرۆیی.
  • تۆڕی رێكخراوەكانی هەڵەبجە.
  • ناوەندی نیشتمانی بۆ مافی مرۆڤ.
  • رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان (WOLA)
  • هاوبەندی راهێنەرانی مافی مرۆڤ.
  • رێكخراوی سەوزی ئەوروپی ـ كوردستانی.
  • رێكخراوی رۆشنگەری بۆ پیادەكرنا دیموكراسیەتێ.
  • سەنتەری دیاكۆ بۆ هەڵبژاردن‌و راپرسی.
  • رێكخراوی ئانیا بۆ گەشەپێدانی تواناكانی تاك.
  • رێكخراوی SEYO.
  • رێكخراوی برەودانی گەنجان (YADO).
  • رێكخراوی دەنگی پیران.
  • رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە.
  • تۆڕی رێكخراوەكانی سلێمانی.
  • رێكخراوی خۆری ئاشتی.
  • رێكخراوی قەرەداغ بۆ گەشەپێدان.
  • رێكخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ.