رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

“یادی نادادی”.. پەیامی سزادراوانی بادینان لەزیندانەوە بۆ رای گشتی

Facebook
Twitter
LinkedIn

زیندانیان‌و سزادراوانی بادینان لەیەکەم ساڵیادی دەستگیرکردنیاندا پەیامێکیان لەژێر ناونیشانی “یادی نادادی” بڵاوکردووەتەوەو دەڵێن، “کۆی پرۆسەی (دەستگیرکردن‌و شێوازی لێکۆڵینەوەو هەڵسوکەوت‌و دادگاییکردنمان) لەلایەن دەزگا ئەمنی‌و حکومی‌و دادوەرییەکانی هەولێر، دەرخەری نادادییەکی قوڵ‌و غەدرێکی مێژویی‌و بێویژدانییەکی لەڕادە بەدەربون.”


ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌:

یادی نادادی 
پەیامێکی گرنگ لە سزادراوانی بادینان لە زیندانەوە بۆ ڕای گشتی 
بەیان ب بادینی د کومێنتێ دایە
(لەساڵیادی دەستگیرکردنی زیندانیانی بادیناندا)
کۆی پرۆسەی (دەستگیرکردن و شێوازی لێکۆڵینەوە و هەڵسوکەوت و دادگاییکردنمان) لەلایەن دەزگا ئەمنی و حکومی و دادوەرییەکانی هەولێر ، دەرخەری  نادادییەکی قووڵ و غەدرێکی مێژوویی و بێ ویژدانییەکی لەڕادەبەدەربوون .
تەنانەت ئەو نادادییە دژبە ڕەچاوکردنی سادەترین بڕگەکانی یاسایی و بەندەکانی دەستوری عێراق و بگرە دژبە (١٣)ماددەی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بوون ئەوانیش هەریەک لەماددەکانی(١،٢،٣،٥،٧،١٠،١١،١٢،١٥،١٨،١٩،٢١،٢٧)بوون.

لەیەکەم ماددە کەباس لەیەکسان بوون لەمافدا دەکات ، لەسایەی ئەو حوکمڕانییە عەسکەرتاریەتەدا دەیان مافی سەرەتاییمان لێ زەوتکرا ، لەوانە: مافی ئازادی بیرو ڕا ، مافی گردبوونەوەی مەدەنی بگرە تا جیاکاری بیری سیاسی و قەدەغەی بینینی پارێزەرەکانمان و جۆرەها شێوە توندوتیژی بەرامبەرمانکرا ، وەک ئەشکەنجە و هەڕەشە و سەرتاشین و ژووری تاکەکەسی ، و بڕیاری تاوانبارکردنی پێشوەختەی ئێمە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ، و بێ بەشکردنمان لەچەندین مافی سەرەتایی و پێشێلکاریی دژمان.

نیگرانی ڕای گشتی ھەرێم و میدیاو لایەنەکان و گەواهی ڕاپۆرتەکانی هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و CPT و هیومان ڕایتس وۆچ و CPJ و پەیامنێرانی بێ سنور و کۆلف سەنتەر چەندین ناوەند و ڕێکخراو و کونسوڵخانەکانی وڵاتان و لایەنی ناوخۆو دەرەوەیی ، بەرچاوترین بەڵگەی بێ تاوانی ئێمە و زۆرداری دەزگاکانی ئیدارەی هەولێرن.

ئەمەو لەکاتێکدا حکایەتی یاسا سەروەری شا دروشمی بڕیار بەدەستانی ئەم هەرێمە و سەرۆکی حکومەتەکەیەتی، … ئێمە گرەو دەکەین کە ئەگەر یاسا کەمێک ڕێز و سەروەری هەبوایە ، دەبوایە هەزارەها فیگوری حزبی و حکومی خرابانە زیندان و حوکمی سێدارەیان بۆ بڕابوایەوە بەرامبەر ئەو کارە تیرۆر و نۆکەرایەتی نێودەوڵەتی و جاشایەتی بێگانە و زلە سیخوڕی هەرێمی و تاڵانکردنی سەروەتی میللەت و نسکۆ و شکستە مێژوویەکانیان .

هەر بەپێی کۆمەڵێک یاسا کە خۆیان ئیمزایان بۆ کردووە ، تاوانبار دەردەچن و تەنانەت دەزگا بەناو ئەمنییەکانیشیان تێوە دەگلێن دەبێ بەبیانوی تێکدان و تیرۆر قەدەغە بکرێن ! بەڵام ئەمە لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی دادوەری لەپاشکۆیەتی حزبی و حکومی خۆی ڕزگار بکات.

وەلێ چاک دەزانین کەدادگا و یاسا لەم مەملەکەتدا میزاجی نوخبەیەکی خۆسەپێن بووە کە دەسەڵاتیان بەوەرەسە بۆ ماوەتەوە و پێوەری بەرژەوەندی بنەماڵەیی و بەرەبابی فیوداڵی وابەستەی مەگاتیەت (ڕاکشان و داکشانی) یاسا و دادگاوە.

ڕێگاکانی (گۆڕینی ئیفادە ، هەڕەشەی خێزانی ، ئەشکەنجەدان ، ڤیدیۆکردنی ناچاری ، هتد..) بەپێی چ بەندێکی یاسایی سەروەری تیادایە؟!

بەپێی کامە دەستور نوێنەرایەنی جەنابی سەرۆکی حکومەت (کەنوێنەری دەزگایەکی ئەمنی حزبێکی دیاریکراون) لەهەمان کاتدا پێنج ڕۆڵ دژبە ئێمە بگرنە بەر لەوانە:  

١ـ هەڵکوتانەسەر ماڵەکانمان ولەناو خێزانەکانمان قۆڵبەستمان بکەن و بەرەو شوێنی نادیار بمانبەن؟!
٢ـ هەر خۆیان تیمی لێکۆڵینەوە و دادوەری سەرەتایبن بەبێ ڕێگەپێدانی پارێزەرەکانمان.
٣ـ هەر خۆیان ڕۆڵی جەللاد بگێڕن و هەڕەشەو ئەشکەنجەمان بدەن . 
٤ـ هەر خۆیان خاوەن زیندان بن و کلیلی زیندانیان بەدەست بێت .
٥ـ هەر خۆیان لایەنی سکاڵاکار بن و لایەنی دژبن لەدادگا .   

بەدەر لەوەی کۆی پرۆسەی مامەڵەی دەزگاکانی سەربە سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ئێمە سیاسی ڕووت بوو ،  پەیوەندی بە فۆبیای ناوبراوەوە هەبوو بەرامبەر بە ڕانەهاتن و هەزمنەکردنی خەباتی مەدەنی چالاکوانان و ڕووە ڕۆژنامەوانیەکانی ئەو نوخبەیەی کە وەک خۆی بیرناکەنەوە و بەپێی دڵخوازی ئەو سیستەمە بەرەبابییە حوکمڕانە کە ئەستەمە قبوڵی بکات لەسەرتاسەری بادینان لەماوەی سێ مانگی ٢٠٢٠دا شەش خۆپیشاندان و گردبونەوە ڕووبدەن …

لێکۆڵینەوەی میدیایی لەبارەی تیرۆری سیاسی و زیندانی نایاسایی و مونوپولی داهاتی میللەت لەڕێگای چەند گروپ و کۆمپانیایەکی بەرەبابەکان و مژینی داهاتی گشتی وڵات بەناوی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان جەوهەری ئەو فۆبیایەی جەنابی سەرۆکی حکومەت کە لەدونیای پلورالیزم و هەمەجۆری تێنەگەیشتووە .

تەنانەت نوقمی سیاسی کۆمەڵێک گەنج و هۆنینەوەی خەونەکانیان و پارادایمیکی سیاسی و تەرزە حوکمڕانییەکی تازە ، بەتاوانی تێکدانی باری ئەمنی نەتەوەیی هەژمارکراوە !

لەجیاتی ئەوەی هەزمی جیاوازی بکرێت و پەرە بە دیموکراسی و ڕەخنە و میدیای ئازاد و ڕێز لە پلورالیزم بگیرێت داتاشینی تۆمەت و درووستکردنی کۆمەڵێک سیناریۆ بۆ کۆمەڵێک گەنجی وڵاتپارێز ، فۆڕمی ئەم کابینەیەیە و ئەزمونی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقاری دیکتاتۆری و مانشێتێک لە پێشێلکاری و مەملەکەتێک لەستەم بردووە .

ئەم فۆڕمە هیچ نەبێ ، هەڵگری دەلالەتی کورتبینی و شکاندنی شکۆی دادوەری و خنکاندنی گەشەی دیموکراسی و ناشیرینکردنی ئەزمونی حوکمڕان و لێڕانەهاتنە لەگەڵ سونەتی ژیان و جیاوازی مەترسی دەرهاویشتەکانی ئەم زهنیەتە و زمانی زاڵگەرایی تەنها لەوستەمەی لە ئێمەکراوە وێنا ناکرێت بەڵکو گیانبەخشینی رۆحی سەدان گەنجی نیشتمانە لەڕێگەی گەیشتن بەهەندەران ڕاکردن لەدەست ئەم توخمە ژیانەی کەئەم دەسەڵاتە ئۆلیگارشیە بەرهەمی هێناوە و کەڵەکەبوونی سەدان کێشەو قەیرانی ڕۆژانە ، هەمووی ڕەنگدانەوەی ئەم تەرزە شکستخواردووەی حوکمڕانەیە.

کێشەی ئێمە لەوێ کۆتایی دێت کە ئەم سیستەمە حوکمڕانییە کە بەزهنیەتی خێڵگەریی و بەرەبابی رەدبکەین کە بەدرێژایی ٧٦ ساڵە توشی ئەم میللەتە بووە و ڕێگرە لەبەردەم ژیانێکی شایستە و دەستاودەستی دەسەڵاتەکان بکەین .
باهەموو لایەنێک و ڕای گشتی دڵنیابێت کە ئەو سزاو زیندانیکردنەی ئێمە ئەوان ناگەیەنێت بەهیچ و ئیرادەمان ناشکێنێ ، چونکە سەربە دوو دونیا بینین و زهنیەتی جیاوازین.

چالاکوان و رۆژنامەنوسە سزادراوەکانی بادینان.
١٥ی شوباتی ٢٠٢٢