رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بانگەوازی هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان

Facebook
Twitter
LinkedIn


جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان
وەک ئاشکرایە، ئەوە زیاتر لەساڵیکە ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی خەمخۆر و دڵسۆزی چاکەی گشتی، بەتۆمەتی ناڕەوا و دوور لە سەرەتایترین بنەمای یاسایی لەزیندانەکان توندکراون و بەشێکیشیان مانیانگرتوە، بەڵام دەسەڵات و دادگاکانی نەک هەر بێدەربەستن بگرە مامەڵەیان لەتوندبوونی بەردەوامدایە و بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن وەک ئەوەی ئەم کەسانە نەک هاوڵاتی ئەم نیشتمانە نین، بگرە وەک تاوانبارانێک سزایان دەدەن، کە لەپرۆسەی وێرانکردن و کاری تیرۆریستی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەستگیرکرابن!!
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان
زیندانیانی بادینان ئەو کەسانەن کەبەهۆی بەرگری لەماف و داواو چاکەی گشتی کۆمەڵگەوە ئازار دەکێشن، غەدرێکی کەم وێنەیان بەرامبەر دەکرێت، هەربۆیە ناکرێت و شیاو نیە نەک بەتەنها جێیان بهێڵین، بگرە ئەبێت ئەوەش لەبیری خۆمان دەرکەین کەپێمانوابێت کۆمەڵێک خەڵکی چالاکی سیاسی و مەدەنیی و ڕۆشنبیران وەک فەرمانبەری بەدەمەوە چوونی کێشەی زیندانیان کاردەکەن و ئەو ئەرکەیان لەئەستۆ گرتوە، بەو پێیەی ئەم کەسانە لەپێناوی ئێمەو چاکەی گشتی لەزیندانەکاندان، ئەرکی هەموومانە کە لەدەرەوەی زیندان ببینە خاوەنی کێشەکەیان، بەتایبەتیش مامۆستایانی کوردستان و موچەخۆران، کە ژمارەیەک لە زیندانیەکان بەهۆی گەیاندنی دەنگی ئەوان و چارەسەری کێشەی مووچەکانیان لەزیندان توندکراون.
هەر لێرەشەوە ڕوو دەکەینە تەواوی حیزبەکان و پێیان ڕادەگەیەنین، کە زیندانیانی بادینان لەزیندانی کەسێک و بنەماڵەیەک و حیزبێکدا نین، بەڵکو ئەوە دامودەزگاکانی ئەو حکومەتەیە، کە لەدەسگیرکردنیانەوە تا ئەشکەنجە و دادگا پرۆسەکەیان بەڕێوەدەبات.
بەمپێیە ڕوومان لەتەواوی حیزبەکانی ناو حکومەتە بێ جیاوازی و بێ دیاریکردنی پشکی کەم و زۆر لەم بابەتە و تەنانەت حیزب و ڕێکخراوە مەدەنی و هەموو دەزگاکانی بانگەشەکاری ئۆپۆزسیۆن بوون و بەرپرس بەرامبەر بە ماف و ژیانی خەڵک، کەبەگشتی و بەزووترین کات بێنە سەر خەت و هەڵوێستی کردەیی وەرگرن بۆ کۆتایهێنان بە دۆسیەی زیندانیانی بادینان و ئازادکردنیان.
سەرباری ئەمەش ڕوودەکەینە سەرۆک کۆماری عێراق و بەرپرسیاری دەکەین و پێویستەهەڵوێستی ڕاشکاو و کردەیی هەبێت، بەوپێەی کە سەرۆکی عێراقی فیدراڵە وەکو پۆستی ئیداری و هاوکاتیش لەگەڵ بەشێکی دەستگیرکراوان لە پەیوەندییەکی سیاسی و ڕێکخراوەییدا بووە.
جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان
ئێمە وەک کەمپەینی هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ( ڕەوەندی کوردی ) و هەموو ئەوکەسانەی خۆیان بەخاوەنی ئەم کەیسە دەزانن ، ڕایدەگەیەنین لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیەدا کەمپینێکی سیاسی و و جەماوەری مەیدانی دەستپێدەکات لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان و دەرەوەی هەرێم، بەمەبەستی چارەسەری ئەم کەیسە و لە درێژەی کاروچالاکیەکانیشدا ڕۆژی 4/ 10 کەنزیکترین بەرواری دادگایی کۆمەڵێکی تر لەو گیراوانەیە، وەک ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانی و هاودەنگی لەگەڵ کەسوکاری زیندانیان ، ئەو ڕۆژە دەکەینە” ڕۆژی هاودەنگی زیندانیان”.
لەم سۆنگەیەوە داواکارین لەئێستاوە هەموان وەک تاک و حیزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و … بکەوینە کاری چڕ و جدی و بەبەشداری فراوان، ئەو بەروارە بکەینە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ گەیاندنی پەیامی ئازادی و مافە سیاسی و مەدەنییەکان و بەردەوامبوونی کاروانی بەرگرتن بەپێشێلکردنی ماف و کەرامەتی ئینسانی خەڵکی کوردستان.
بێگومان، بەدەنگەوە هاتنی فراوانی هاووڵاتیان دەسەڵات و سەرجەم حیزبەکان ناچار دەکات ئاوڕی جدی لەو کەیسە بدەنەوە.
تێبینی : ڕۆژی ٤ / ١٠ کاتژمێر ١٠ی بەیانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بەڕێوەدەچێت لەبەردەم دادگاکانی شاروشارۆچکەکان یان هەر شوێنێک کە ڕێکخەرانی چالاکییەکە پەسەندیدەکەن .
کەمپینی هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان.
۲۹ ی ئەیلوولی ٢٠٢١