رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆی بەڕیتانیا لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

مانگی شەشی ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی بەڕیتانیا ڕاپۆرتێکی ٦٤ پەڕەیی بە ناونیشانی “عێراق: بەرهەڵستییەکان لە دژی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا چاوێک بە ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی هەرێمی کورستاندا خشێنراوە و سەرنج خراوەتە سەر مامەڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەی کە بەرهەڵستی و دژایەتییان دژی حکومەتەکە کردووە. ئامانجی سەرەکی ڕاپۆرتەکە ئەوەیە کە بڕیار بەدەستانی وەزارەتی ناوخۆ کە کار لەسەر پرسی کوردەکان دەکەن، بەتایبەت ئەو کوردانەی کە کە وەک پەنابەر سەردانی بەڕیتانیا دەکەن و داوای مانەوە دەکەن، ئاگاداری بارودۆخی ئەم دواییانەی هەرێم بن. ڕاپۆرتەکە لە ١١ بەش پێکهاتووە و تیایدا بەشێکی ئەو ڕووداوانە خراونەتە ڕوو کە لە هەرێمەکەدا ڕوویانداوە و کاریگەرییان بەسەر دۆخی دانیشتووانەوە هەبووە. تەواوی ١١ بەشەکەیش بەسەر دوو بەشی تردا دابەشبوون کە یەکەمیان باسکردنی ڕووداو و خستنە ڕووی چەند بەڵگەیەکە. دووەمیشیان باسکردنێکی گشتی کوردە لە ڕووە مێژوویەکەیەوە تا دەگات بە هەرێمی کوردستان و دۆخی ئێستای.

سەرەتای ڕاپۆرتەکە بە باسکردن لە پێکهاتەی ئەم حکومەتەی ئێستا دەست پێدەکات کە چۆن لە بەشێکی زۆری لایەنەکان پێکهاتووە بەڵام حکومەتێکی بێبەش نییە لە ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی. هەرچەندە دامەزراندنی حکومەتەکە و ڕێککەتنی لایەنەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا ماوەیەکی زۆری خایاند و کاتێکی زۆر هەبوو بۆ ئەوەی کە حکومەتێک دابمەزرێت لەسەر ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان، کەچی قەیرانی بەردەوام و ناوکۆکی نێوان لایەنە جیاوازەکانی حکومەت وایان کردووە کە دانیشتووانی هەرێم ناڕەزایەتی بەردەوامیان لە حکومەتەکە هەبێت. ناڕەزایەتییەکان زۆربەیان بۆ خراپی قەیرانی دارایی هەرێمەکە دەگەڕێنەوە کە چەند ساڵێکە بەردەوامی هەیە و بووەتە هۆی ئەوەی کە مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی دابەش نەکرێت و لە ئەنجامدا دۆخی گشتی دانیشتووان بەرەو خراپی بچێت. ئەوەیش لەپاڵ چەندین کێشەی دیکە وەکو کێشەی خزمەتگوزاری، نەبوونی هەلی کار، تەنانەت کەمی ئاو و کارەبایش. ئەم ناڕەزایەتییانەیش بوونەتە هۆی ئەوەی کە دانیشتووان لە هەندێک کاتدا ناچاربن خۆپیشاندان و چالاکی ئەنجام بدەن کە گەورەرین و کاریگەرترینیان دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرە خۆپیشاندانێک کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئەنجام دران.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە کراوە بە هەڵوێستی حکومەت بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و بە وردیش باسی ئەو ڕێکارە کراوە کە حکومەت گرتوویەتییە بەر بەرامبەر بە خۆپیشاندەرەکان و دواتریش ئەو میدیاکار و ڕۆژنامەنووسانەی کە کاریان لەسەر پرسەکە کردووە. گرتن، ئازاردان، هەڕەشەکردن و دواتریش ئەشکەنجەدان لەلایەن حکومەتەوە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراون. هۆکار و بیانووی سەرەکی حکومەتیش دروستکردنی پشێوی یاخود بە خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بووە کە چەند بڕگەیەکی یاسایان بۆ تەرخان کراوە. بەڵام ئاماژە بەوەیش کراوە لەناو ڕاپۆرتەکە کە بەشێکی زۆری ئەو هۆکارانەی کە حکومەت بەهۆیانەوە مامەڵەی توندی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان پێکردووە، هۆکارگەلێکی باش و گونجاو نین و ناتوانن ئەوە بشارنەوە کە لە زۆرینەی زۆری کەیسەکاندا حکومەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ئەو کارانەی ئەنجامداوە نەک ئەوەی کە پشتی بە بنەڕەتێکی یاسایی و دادپەروەرانە بەستبێت. ئەوەیش دوای ئەوەی کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران هەردوو سەر بە یەک پارتن و هەر هەمان پارتیش پشکی زۆرینەی دەسەڵاتی بەرکەوتووە لەلایەن حکومەتەکەوە و بەشێکی زۆر لە ڕێکارەکان بە ئاشكرا پێیانەوە دیارە کە لە بەرژەوەندی ئەو پارتەن. لەگەڵ ئەوەی کە لە سەرەتادا ڕێکارەکانی حکومەت تەنها ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانەوە هەبوو و لە کاتی ئەنجامدانی ئەو خۆپیشاندانەنەدا دەستگیرکردنەکانی ئەنجام دەدا، بەڵام کارەکانی حکومەت گەیشتە ئاستێک کە هێز بنێرێتە سەر ماڵی چالاکوانان و لەناو ماڵەکانی خۆیاندا دەستگیریان بکات. تەنانەت بەهۆی پۆستی سۆشیال میدیایش دەبوو بە هۆکارێک کە چالاکوانان بەهۆیەوە دەستگیر بکرێن.

بەشێکی ڕاپۆرتەکە بە تەواوەتی تەرخان کراوە بە ئاماژەدان بەو یاسا و بڕگە دەستووریانەی کە لەنو هەرێمدا کاری پێدەکرێت. سەرەتا ئاماژە بەو بڕگانە دەکرێت کە بە ڕوونی و ئاشکرا ئاماژە بە ئازادی مافی ڕۆژنامەوانی دەکەن و ئازادی ڕادەربڕین وەک مافێکی بنەڕەتی دەناسێین. ئەوەیش لەپاڵ ئەو بڕگانەی کە باس لەوە دەکەن چۆن ڕۆژنامەوان ئازادە لەوەی کە سەرچاوەکانی خۆی بپارێزێت و ناکرێت سەرچاوەکانی خۆی بە ویستی کەسانی تر ئاشکرا بکات. ئەوەیش لە کاتێکدا کە بەشێکی زۆری دەستگیرکراوان بە زەبری هێز و ئەشکەنجە ناچار بەوە دەکرێن کە سەرچاوە هەواڵییەکانی خۆیان ئاشكرا بکەن. وە ئاماژەیش بە بڕگەیە کراوە کە ڕێگری دەکات لە داخستنی بەزۆری هەر دەزگایەکی میدیایی و هەوڵی، لە کاتێکدا کە هەر لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەزگایەکی میدیایی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە داخرا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەموو جووڵەکانی حکومەت بە جۆرێک پشتیان بە یاسا بەستووە، بەڵام ئەو بڕگانەی کە بەکارهاتوون بڕگەی لاوازن و کێشە دروست دەکەن. بۆ نموونە ئەو بڕگەیەی کە باس لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەکات کە بەهۆیەوە حکومەتی هەرێم چەندین کەسی دەستگیر کردووە. ئەو بڕگەیە مانایەکی ڕێک و تەواوی نییە و چەندین مانا لەخۆی دەگرێت و لە هەموویشی گرنگتر، چەند دژی چەند بڕگەیەکی ترە.

بەشەکانی دواتری ڕاپۆرتەکە دەربارەی مێژووی کوردە لە ناوچەکە و دروستبوونی هەرێمی کوردستانە. وە باسێک لەو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازانە دەکرێت کە لە هەرێمدا دەژین و سەرنجی زۆریش لەسەر گرنگترین ڕووداواکانە کە لە هەرێم ڕوویانداوە. بۆ نموونە دروستبوونی حکومەتە جیاوازەکان، پارتەکان و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتری، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆبوونی هەرێمەکە.

لە کۆتا بەشەکانی ڕاپۆرتەکەیشدا باسێکی ورد لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ دەکرێتەوە هەر لە ڕووی هۆکاری دروستبوونی، چۆنیەتی و چییەتی چالاکییەکان و دواتریش هەڵوێستی حکومەت.

سەرچاوە کلیک بکە