رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینانی پەسەندكرد

Facebook
Twitter
LinkedIn

دوای ئەوەی پارێزەرانی چالاکوانانی بادینان تانەیان لەبڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستاندا بۆ سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان، رۆژی (٢٠٢١/٦/٢٧) دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە بڕیاری سزای زیندانیكردنی چالاكوانانی وەک خۆی پەسەندكرد و بڕیارەکەش دواپلەی وەرگرت.

محەمەد عەبدوڵا، ئەندامی تیمی پارێزەرانی سزاراوانی بادینان لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، “دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان داوای پارێزەرانی سزادراوانی بادینانی رەتکردەوە کە داوای راستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچونەوە ( تصحيح القرار تميز ) یان کردبوو، بەوەش دادگای پێداچوونەوە بریاری دادگای تاوانی دووی هەولێر پەسەندکرد بە سزادانی هەریەک لەو پێنج چالاکوانە بۆ ماوەی شەش ساڵ”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە رووی یاساییەوە هیچ قۆناغێكی راستكردنەوەی بریاری دادگا نەماوە تەنها لێخۆشبوونی سەرۆكی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە”.

رۆژی 16ی شوبات دادگای تاوانه‌كانی دوی هه‌ولێر بڕیاریدا به‌شه‌ش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسی سنوری بادینان بەتۆمەتی (کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو، کارکردن بۆ گروپی چەکداری و پێدانی زانیاری بە لایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان).

بڕیارەکەی دادگای هەولێر بەگوێرەی مادەی 21ی سزادانی عێراقی بو کەتایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی هەرێم و کارکردنی بۆ لایەنی دەرەکی، بڕیارەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ناڕەزایی لێکەوتوەتەوە.

ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانەی بڕیارەکەیان بۆ دەرچووە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عید و هاریوان عیسا)، بەوتەی ئاسۆ ئاشم پارێزەری دەستگیرکراوەکان و ئەو پەرلەمانتار و چالاکوانانەی ئامادەی دانیشتنەگەی دادگا بون راگیراوەکان سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردوەتەوە و “دانیان بەهیچ شتێکدا نەناوە کە تاوان بێت و ھیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر نەبووە تاوانباریان بکات، لەئەنجامیشدا دادوەر شەش ساڵ حوکمیداون”.