بۆ رای گشتی خەڵكی كوردستان
رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی
دەزگاکانی راگەیاندن
بڵاوبوونه‌وه‌ی پەتای جیھانی ڤایرۆسی كۆرۆنا (کۆڤید ١٩) له هه‌رێمی كوردستان، ژیانی هاووڵاتییانی له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه خستۆته مه‌ترسییه‌وه، رۆژبەرۆژیش مەترسییەکە زیاد دەبێت، بۆیه پێویسته هاووڵاتییان به‌باشترین شێوه پابه‌ندی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن و رۆڵ ببینن له‌هاوكاریكردنی ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان و یارمه‌تیدانی ھەمەجۆری یه‌كتری، تا بەکەمترین زیان ئەم دۆخە خراپەی تەندروستی و ژیان و گوزەران تێپەڕێنین, هه‌رچه‌نده حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەی کردۆته‌وه ئامرازێك تا به‌هۆیه‌وه خۆی بدزێته‌وه له‌جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌ی له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی.
له‌بڕگه‌ی (1)ی مادده‌ی (25)ی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ دا هاتووه “هه‌موو که‌سێك مافی هه‌یه ئاستی ژیانێكی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت كه پێداویستی ته‌ندروستی و خۆشگوزه‌رانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی دابین بكات، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی خوارده‌مه‌نی، جلوبه‌رگ، خانوو، چاودێری پزیشکی و خزمه‌ت گوزارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه پێویسته‌كان. هه‌روه‌ها مافی هه‌یه زامنی پێداویستییه‌كانی بكرێت له‌کاتی بێكاری، نه‌خۆشی، په‌ككه‌وته‌یی، بێوه‌ژن یان بێوه‌پیاوی، پیری یان هه‌ر دۆخێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئه‌و بێت كه به‌هۆیه‌وه هۆكاره‌كانی بژێوی له‌ده‌ست ده‌دات.”
ئێمه له رێكخراوی ئازادبوون، حكومه‌تی هه‌رێم بەبەرپرس دەزانین لەدروستنەکردنی ژێرخانی ئابوری و دارایی، تەندروستی و پەروەردە و ھەموو کایەکانی تر، کە لەئەنجامدا خەڵکی کوردستان بێبەشبوون لەپێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان و گوزەران، وەک مووچه، قەرەبووی بێ‌کاری و نه‌بوونی هۆكاره‌كانی چارەسەری پزیشکی لە نه‌خۆشخانه‌كاندا. ئەم رەفتارانەی حکومەت بەپێشێلكاری ئاشكرا و تا ئاستی ستەم و چه‌وساندنه‌وه ناوزه‌د ده‌كه‌ین، له‌كاتێكدا ئه‌ركی سه‌ره‌كی حكومه‌ته ئه‌و پێداویستیانه هاوشانی رێكاره‌كانی خۆپارێزی دابین بكات و پابه‌ندبێت به‌جێبه‌جێ كردنی یاسا به‌ركاره‌كان.
بۆیه بە پێچەوانەی ده‌قی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، حكومه‌تی هه‌رێم دۆخی دارایی و پەتاکەی وه‌ك هۆكارێكی چه‌وساندنه‌وه و سه‌ركوتكردنی ئازادی راده‌ربڕین به‌رامبه‌ر خه‌ڵك به‌كارهێناوه له‌كاتێكدا خه‌ڵك له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌سه‌ختی خراونه‌ته ژێر شێوه ئابلوقه‌یه‌كی دارایی و مافی كرێی كار و بیمەی بێکاربوونیان پێ‌نادرێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێشتا ئاسۆی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا روون نییه و هاووڵاتییانی كوردستان باری ژیان و گوزه‌رانیان سه‌خته و ناڕازین، به‌ڵام هوشیاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵك به گیانێكی نیشتیمانی و مرۆیی رۆڵی گرنگ ده‌بینن له‌هاریكاری یه‌كتر و پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و مانه‌وه‌ی یه‌كانگیری مرۆییمان، ئێمه له رێكخراوی ئازادبوون هانی ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌بوون و له‌گه‌ڵ یه‌كتر وه‌ستانه ده‌ده‌ین بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه به‌كه‌مترین زیان.
ناڕه‌زایه‌تییه مه‌ده‌نییه‌كانی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌ت وه‌ك مافێكی ده‌ستووری و یاسایی، له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ناڕازییه‌وه كراوه‌ته هه‌نگاوێك بۆ داواكاری گێڕانه‌وه‌ی مافه خوراوه‌كان و داوای چاكسازی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای پێشینه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان هێشتا حكومه‌تی هه‌رێم ناخوازێت بچێته ژێرباری جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان.
ئێمە پشتگیری لەداخوازییە رەواکانی خەڵکی کوردستان دەکەین، بەوەش خۆشبەختین کە خۆپیشاندانەکان هاواری خەڵکی زه‌حمه‌تكێشه لەسەرتاسەری کوردستان و ھیچ ھێزێک توانای کۆنترۆڵ کردنی ئەم ناڕەزایه‌تیانەی نابێت.
رێكخراوی ئازادبوون وەک چۆن داکۆکی لەتاکی ئازاد دەکات، ئاواش بەرگری و پشتیوانی لەخۆپیشاندانی ئازاد دەکات، بەو هیوایەی ئەم ناڕەزایه‌تییانە بەهوشیارییەکی تاکەکەسی ئازاد و دوور لەئاراستەی هێزە سیاسیەکان به‌رده‌وام بێت، تا هیچ لایه‌نێكی حیزبی شه‌پۆلی ناڕەزاییە خۆڕسكه‌كان خراپ به‌كارنه‌هێنێت.
رێكخراوی ئازادبوون به پێویستی ده‌زانێت:
- دابینکردنی هەموو پێداویستیەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو ئامێره‌كانی هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد، ئۆکسجین، رێکخستنەوەی نەخۆشخانەکان بەسیستەمی کۆنترۆڵی نەخۆشییە درمییەکان. هەروەها دابینکردنی کەلوپەلی تەواوی خۆپاراستنی پزیشکی بۆ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی بەبێ جیاوازی لەسەرانسەری کوردستاندا.
- دابینكردنی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و گەڕاندنەوەی مافه‌كانیان کە مووچە سەرەتاییترینییانە.
- کارکردن به‌یاسای ژماره (1)ی ساڵی 2011ی رێكخراوه ناحكومییه‌كان و جێبه‌جێكردنی وه‌ك خۆی؛ به‌كارنه‌هێنانی ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی رێكخراوه ناحكومییه حیزبییه‌كان و سانسۆر‌كردنی رێكخراوه ناحكومییه سه‌ربه‌خۆكان.
- له‌كاتی دەربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا پێویسته رەچاوی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت. ھەروەھا پارێزگاری له‌ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێت، به‌و ئامانجەی قۆناغی راگوزه‌ری سیاسی له‌به‌رژه‌وه‌ندی بونیاد و پایه‌كانی دیموكراسی بێت.
- زامنكردنی ئازادی راده‌ربڕین و خەباتی مەدەنی بۆ هاووڵاتییان و رۆژنامه‌نووسان و رێکخراوەکان؛ به‌كارنه‌هێنانی داواكاری گشتی و دادگاكان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی سیاسی.
ڕێکخراوی ئازادبوون
بۆ تواناسازی، تاكگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
١٥\٦\٢٠٢٠